لە ژینگەوە

چۆن گەڕەکمان سەوزکردەوە
دەستپێشخەریی کۆمەڵگەیی لە غیابی حکومەتدا

  • 2024-11-07
چۆن گەڕەکمان سەوزکردەوە<br>دەستپێشخەریی کۆمەڵگەیی لە غیابی حکومەتدا
سلێمانی/ تشرینی یەكەمی 2024/ باخچەیەك لە یەكێك لە گەڕەكەكان. فۆتۆ: بوار قادر
بوار قادر – سلێمانی

زبڵدانێك بە روبەری 800 مەتر زەوی لەبەردەم ماڵی شیرین كەمال قوتبۆتەوە، هەم ژینگەی ناوچەكەی تێکداوە، هەم بۆن و هەوای گەڕەكەكە. شیرین هەم لەو ژینگەیە بێزاربوو، هەم ترسی  گۆڕینی رەگەزی زەوییەكە بۆ نیشتەجێبون، بۆیە هەنگاوێكی پێویستی نا.

ئەو زەوییە دەكەوێتە سەر شەقامێكی گشتی لە گەڕەكی مەجید بەگ لە سلێمانی، لە بنەڕەتدا بەپێی پلانی شارەوانی بۆ باخچە دانرابوو. هەرچەندە مێژوی  بونیادنانی خانووەكانی ئەو گەڕەکە بۆ هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، بەڵام هێشتا ئەو روبەرە زەوییە نەكرابووە باخچە.

ساڵی 2019 شیرین كەمال، كە خۆی پارێزەرە و  لە منداڵییەوە تەمەنێكی لەگەڵ سەیركردنی ئەو پارچە زەوییە پڕ لە خۆڵ و خاشاكە بەڕێكردووە، داواكارییەكی پێشكەشی شارەوانی كرد بۆ ئەوەی زەوییەكە مادام بۆ باخچە دانراوە، رێگەی بدەن لەسەر ئەركی خۆی باخچەیەكی تیا دروستبكات.

"دەمویست لەو خۆڵ و خاشاك و پاشماوەی ماڵانە رزگارمان ببێت، تەنانەت ئاژەڵیان سەردەبڕی و لەوێ ناوسك و لاشەكەیان فڕێدەدا، بۆنێكی ئێجگار ناخۆش و ژینگەیەكی ئێجگار ناشیرینی هەبوو، من لە منداڵییەوە لەگەڵ ئەو دیمەنەدا دەژیام"، شیرین وایوت.

خاڵێ دەستپێک

ئەوەی كارەكەی شیرینی خێراتركرد، ئەوە بوو، رۆژێك كۆمپانیایەكی بواری ئامادەكردنی چیمەنتۆ، بەشێك لە چیمەنتۆكەی (كۆنكرێتەكەی) لە زەوییەكەی بەردەم ماڵی شیرین فڕێدا و هەر لەوێ ئۆتۆمبێلەكەی پاككردەوە، شیرین ئەوكات ڤیدیۆی ئۆتۆمبێلەكەی گرت و بۆ بەیانی كۆمپانیاكەی ئاگاداركردەوە لەوەی "داوای یاسایی لەسەر تۆماردەكات، ئەگەر چیمەنتۆ فڕێدراوەكە هەڵنەگرنەوە".

شیرین زیاتر وتی "كۆمپانیاكە داوای لێبوردنیان كرد و بەڵێنیاندا بەزوترین كات تەواوی زەوییەكە پاكبكەنەوە، ئەوە بوو شۆفڵ و گەڵابەیانی هێنا، لەبری چیمەنتۆكە تەواوی خاشاكی زەوییەكەیان كۆكردەوە و فڕێیاندا، 10 گەڵابە خۆڵ و خاشاك بوو".

هەنگاوی دووەمی شیرین بەدواداچون بوو بۆ ئەو داوكارییەی پێشكەشی شارەوانی كردبوو، شیرین وتی "خۆشبەختانە ئەوانیش داواكەیان قبوڵكرد و هەنگاوەكەم دەستپێكرد".

باخێكی زەیتون لە زبڵدانێكی 40 ساڵە

دوای پاككردنەوەی زەوییەكە شیرین چوار رۆژ كرێكاری تایبەتی لەسەر حسابی خۆی بۆ گرت بۆ ئەوەی چاڵی چاندنی نەمام لێبدەن، بۆ ئەوەش نزیكەی 200 هەزار دیناری خەرج كردووە.

لەگەڵئەوەشدا، 100 نەمامی زەیتونی بە بڕی 100 دۆلار كڕی و خۆی و دایكی و هاوڕێیەكانی بەشدارییان كرد لە رواندنی.

دوای تێپەڕبونی پێنج ساڵ بەسەر ئەو داواكارییە بۆ شارەوانی، ئێستا ئەو زبڵدانەی بەردەم ماڵی شیرین باخێكی زەیتونە، رۆژانە شیرین و دایكی خزمەتی دەكەن، لەوەشدا شارەوانی هاوكارییان دەكات، بەتایبەت لە دابینكردنی ئاودا.

ئەو هەنگاوە دوای ئەوە هات كە شارەوانی سلێمانی چەند ساڵێكە دروستكردنی باخچەی لەناو شار راگرتووە و ئەوانەشی هەن ناتوانێت بەپێی پێویست خزمەتیان بكات.

baxakann
سلێمانی/ تشرینی یەكەمی 2024/ باخچەیەك لە یەكێك لە گەڕەكەكان. فۆتۆ: بوار قادر

بە وتەی بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی، كەمی باخەوان و نەبونی بودجە هۆكار بووە بۆ ئەوەی دروستكردنی باخچە زیاتر بدرێتە دەست وەبەرهێنەران، ئەوەش لەڕێی پێدانی زەوی بۆ یەكەی نیشتەجێبون، بەو مەرجەی لەسەدا 25ی بكاتە باخچە.

"دروستكردنی باخچە بەردەوامی دەوێت، من ساڵانە 15 كارمەندم خانەنشین دەبێت بێئەوەی كارمەندی نوێ لەجێگەیاندا دابنرێت"، ئەوەش یەكێكی ترە لە هۆکارەکانی كەمبونەوەی دروستكردنی باخچە لەناو شاری سلێمانی.

هێشتا بەڕونی دیار نییە رێژەی روبەری سەوزایی لە سلێمانی چەندە، بەڵام بەپێی پێشبینی و ئەوەی حكومەتی خۆجێی بانگەشەی بۆ دەكات، نزیكە لە سەدا 15، ئەوەش كەمترە لە رێژەی ستانداردی جیهانی كە نابێت كەمتر بێت لەسەدا 30.

بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی، دەڵێت ئەوان سوپاسی ئەو هاوڵاتییانە دەكەن، كە زەوی بەردەم ماڵەكانیان دەكەنە باخچە و سەوزی دەكەن، بەو مەرجەی بە رێنماییەكانیانەوە پابەندبن.

بەپێی رێنماییەكانی شارەوانی و بەشی باخچەكان، شارەوانی رێگریی ناكات لەو هاوڵاتییانەی زەویی بەردەم ماڵ و نزیك ماڵەكانیان دەكەن بە باخ و سەوزایی، بەو مەرجەی باخەكە پەرژین نەكرێت، خانوو و ژوری تیا دروستنەكرێت، هەروەها بۆ مەبەستی تایبەت بەكارنەهێنرێت.

شیرین كەمال وتی "سەرەتا شارەوانی كێشەیان لەگەڵ درەختەكاندا هەبوو، كە نابێت درەختی بەر بن، چونكە بەپێی رێنماییەكانیان داری بەر رێپێنەدراوە و خەڵك بۆ بەرهەمەكەی دەیشكێننەوە، بەڵام پێداگیریم كرد لەوەی دەبێت دارەكان هی بەر بن و جگە لە سودی ژینگەیی، بەرهەمەکانیان بخورێن، ئەوانیش دواجار قبوڵیان كرد".

ئەمساڵ بۆ یەكەمجار زەیتونەكان پێگەیشتن، پەیامنێری (كەركوك ناو) ئەوەی بە چاوی خۆی بینی، دووان لە دارتووەكانیش دوو ساڵە منداڵانی گەڕەك لەبەرەكەی دەخۆن.

"زەیتونەكە ئەمساڵ یەكەم ساڵ بوو بەرهەمی هەبوو، نزیكەی 10 كیلۆ زەیتون بوو"، شیرین وای وت.

شیرین لە باخچە 800 مەترییەكەدا نزیكەی 100 داری زەیتونی چاندووە، لە چواردەوری باخەكەش دارتووی بەر و ژمارەیەكی كەم دار هەنجیر هەن.

حکومەت: کەی ویستمان تێکیدەدەین

شیرین نمونەیەكە لە دەیان هاوڵاتی تری سلێمانی، كە دەستپێشخەریی زیادكردنی رێژەی سەوزاییان لەڕێی دروستكردنی باخچەی بچوك و  سەوزكردنی بەردەم ماڵەكانیان دەستپێكردووە، بەتایبەت لەو شوێنانەی كە لە بنەڕەتدا بەپێی نەخشەی شارەوانی بۆ باخچە دانراون.

شۆخان عەبدوڵا (38ساڵ)، لە گەڕەكێكی میللی سلێمانی دادەنیشێت، دەڵێت سەرەتا زەوی خانوەكەیان كڕیوە و پرسیاری ئەوەیان كردووە ئایا زەوی بەردەمیان بەپێی نەخشەی شارەوانی باخچەیە یاخود خزمەتگوزاریی، چونكە تەنیا زەوییەكی روتەن بووە.

"لەگەڵ دروستكردنی خانووەكە، دەستمان بە دروستكردنی باخچەكەش كرد، دوای ئەوەی زانیمان زەوییەكە لە نەخشەی شارەوانی باخچەیە"، شۆخان عەبدوڵا زیاتر وتی كە بۆیە خۆیان ئەو كارەیان دەستپێكرد چونكە شارەوانی ئامادەنەبوو بیكاتە باخچە، بەڵام لەگەڵئەوەشدا رێگری لە هەوڵەكانیان نەكردووە.

روبەری ئەو باخچەیەی شۆخان و هاوژینەكەی خزمەتی دەكەن، تەنیا 100 مەتر چوارگۆشەیە، بەڵام كۆی ئەو روبەرەی لە بەرامبەر خانووەكەی ئەوان بۆ باخچە دانراوە، زیاترە، ئەوانی تر دراوسێیەكانیان كردویانە بە باخچە.

"بەڕاستی ئەركی بەخێوكردنی ئەو باخچەیە ئاسان نییە، چونكە ئەركی بەخێوكردنی چوار منداڵیشم هەیە، ناچار جار بەجار باخەوانێكی بۆ دەگرم، بەگشتی خەرجییەكی زۆری دەوێت".

بەڕاستی ئەركی بەخێوكردنی ئەو باخچەیە ئاسان نییە

لێپرسراوانی شارەوانی سلێمانی، وتیان كە هیچ ئامارێكیان لا نییە كۆی بڕی ئەو روبەرە چەندە كە هاوڵاتیان لەسەر ئەركی خۆیان كردویانەتە باخچە، بەڵام بەگشتی روبەرەكان لە گەڕەكە جیاوازەكان كەم نین.

شۆخان ناچارە لە هاویناندا ناوبەناو بەتانكەر ئاو بۆ باخەكە بكڕن، چونكە ئاوی ماڵان تەنیا بەشی خۆیان دەكات، بۆ هەر تانكەرێك لە نێوان 15 بۆ 20 هەزار دینار دەدەن. "بەڵام كە سەیری دەكەین، زۆر دڵخۆشمان دەكات، ئێستا بەردەممان سەوزاییە".

دۆخەكە بۆ شیرین كەمال تاڕادەیەك جیاوازترە، چونكە هەفتانە حكومەت بە تانكەر ئاویان بۆ دەبات و مانگی جارێكیش شارەوانی هەر خۆیان لەڕێی باخەوانەكانییەوە پاكی دەكەنەوە، بەڵام هێشتا كێشەی ئاودانی باخچەكان لە سلێمانی یەكێكە لە گرفتەكانی بەردەم زیادكردنی رێژەی سەوزایی.

لە سلێمانی 506 باخ و پارك تا ساڵی 2024 دروستكراون،كە حەوت دانەیان پاركی گەورەن و 85یان بلوارن – ئەو باخانەی لەنێو شەقامە سەرەكییەكاندا دروستكراون-، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان.

شیرین نەیشاردەوە، جگە لە خەمی ژینگە، "ترسی ئەوەشم هەبوو رەگەزی زەوییەكە بگۆڕن بۆ نیشتەجێبون".

وتیشی "یەكێك لە هەڵەكانمان لەسەرەتادا ئەوە بوو، ئەو نەمامانەی هێنامانن زۆر بچوك بون، تەنیا 20 بۆ 30 سانتیمەتر بوون، كە چاندمان تەنیا 10 سانتیمێكی دیاربوو، ئەركی زۆر بوو و كاتی زۆری ویست تا گەورە بون".

ئەو ئێستا بەگشتی هەر خۆی سەرپەرشتی ئاودانیی باخچەكەوە خەریک دەكات، لەڕێی دانانی دوو تانكی و دانانی سیستمی قەترەوە، ئەو خەرجییانەش هەر خۆی لە ئەستۆی گرتووە. بەڵام دەڵێت دراوسێیەكان وتویانە هەركات پێویستت بە هاوكاریی بۆ بۆ خزمەتكردنی باخچەكە هاوكاریت دەكەین.

یەكێكی تر لە تەحەدییەكانی بەردەم ئەو دەستپێشخەرییانە ئەوەیە، سەرەڕای پێدانی شارەوانی، بەڵام هەر بە نایاسایی هەژماردەكرێن، بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەكانی شاری سلێمانی وتی "لەبەرئەوەی شارەوانی خۆی دروستینەكردووە".

ئەوەش بەمانای ئەوە دێت هەركات بیانەوێت شارەوانی دەتوانێت بیانڕوخێنێت، تەنانەت ئەگەر تەمەنی دارەكان لە سەروی 10 ساڵیشەوە بن، وەك عەلی حامد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایتی باخچەكان جەختیلێكردەوە.

"ئێمە رێگریی لەكەس ناكەین بەردەمی ماڵەكانیان بكەن بە باخچە ئەگەر لە بنەڕەتدا و بەپێی نەخشە باخچە بن، بەڵام پێشمانوتون هەركات بمانەوێت ئەو باخچانە تێكدەدەین و ئەوكات مافی ئەوایان نییە رێگریی لێبكەن"، عەلی حامد وتی "دوایی نابێت بڵێن ئەمان ژینگە سەوز دەكەن، كەچی حكومەت دارەكان لەناودەبات".

ئێمە رێگریی لەكەس ناكەین بەردەمی ماڵەكانیان بكەن بە باخچە ئەگەر لە بنەڕەتدا و بەپێی نەخشە باخچە بن

ئەو دەستپێشخەرییانە لەكاتێكدایە، بەگشتی حكومەتی خۆجێیی سلێمانی، جەختدەكاتەوە لەوەی لەئێستادا ناتوانن باخچەی زیاتر دروستبكەن بەهۆی نەبونی بودجەی پێویست، عەلی وتی "هەر باخچەیەك ئەگەر دۆنمێك بەرەو سەرەوە بێت ئێمە توانامان نییە بیكەین بە باخچە".

بەڵام وتی "ئەگەر هەر كەسێك بەردەم ماڵەكەی لە بنەڕەتدا بۆ باخچەیە بێت و بیەوێت بیکات بە دارستان و پێویستی بە 200 تا 500 دار بێت، ئێمە نەمامەكانیان بۆ دابین دەكەین، لەگەڵ هاوكاریكردنیان بۆ ئاودان و پاككردنەوە".

وەك بەدیل بۆ زیادكردنی رێژەیی سەوزایی، شارەوانی سلێمانی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی ناچاركردووە بۆ هەر پڕۆژەیەك كە زەوییان پێدەدرێت دەبێت لەسەدا 25ی بكەنە سەوزایی، بەتایبەت ئەو كۆمپانیایانەی لە بواری یەكەی نیشتەجێبون و دروستكردنی بەرزەپرد لەناو شاردا كاردەكەن، ئەوەش بەشێكە لە یاسا و رێنماییە بەركارەكانی هەرێمی كوردستان.

مەعروف مەجید، سەرۆكی رێكخراوی ژینگەدۆستی، ئەو جۆرە لە دەستپێشخەریی بەلاوە گرنگە کە بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزاییە، بەڵام پێیوایە هەندێك گرفتی هەیە.

"كاتێك حكومەت خۆی باخچە دروستناكات لانیكەم دەبێت خۆی ماستەر پلانێكی هەبێت بۆ دیزاینكردنی ئەو شوێنانە، چونكە ناكرێت دواتر كە خۆی باخچەی دروستكرد ئەو درەختانەی هاوڵاتیان لا ببات كە چەند ساڵێك تەمەنیان هەیە".

مەعروف زیاتر وتی "دەبێت لەوە تێبگەین درەختێك چەند ئەرك و زەحمەتی دەوێت تا دەگاتە 10 ساڵ و گەشە دەكات، ناكرێت ئەوكات لەناوببرێت".

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT