لە ژینگەوە

گەرمیانییەکان خاوەندارێتی سەوزکردنی ناوچەکەیان دەکەن

  • 2024-11-14
گەرمیانییەکان خاوەندارێتی سەوزکردنی ناوچەکەیان دەکەن
تابلۆ دەرباز (17ساڵ) سەرپەرشتیاری پڕۆژەی بەرەو سەوزكردنی گەرمیان. فۆتۆ: زریان محەمەد
زریان محەمەد

لەته‌نیشت ئەو تابلۆیەوە دانیشتووه‌ كه‌ ناوی گروپه‌كه‌ی و دەستپێشخەرییەكەی له‌سه‌ره،‌ بەوردی ته‌ماشای نوسینی سه‌ر تابلۆكه‌ ده‌كات و شانازی بەوەوە دەكات كە دەستیان بۆ بابەتێك بردووە كە پێشبینی دەكات لە چەند ساڵی داهاتودا بەرهەمەكەی كاریگەریی فراوانی لەسەر ژینگەی گەرمیان هەبێت.

تابلۆ دەرباز (17ساڵ) سەرپەرشتیاری پڕۆژەی بەرەو سەوزكردنی گەرمیان و نیشتەجێی قەزای كفری، دەستپێشخەرییەكەی بریتییە لە دروستكردنی بەرپرسیارێتی تاك بەرامبەر بە ژینگە، ئەوەش لە رێگای چاندنی نەمامەوە.

پرۆسەكە بەشێوەیەكە هەر نەمامێك كە دەیچێنن لە تەنیشتییەوە تابلۆیەك دانراوە كە ناوی كەسێكی لەسەرە، ئەو كەسە بەرپرسیارێتی چاندن و بەخێوكردنی نەمامەكەی لە ئەستۆ گرتووە و رەزامەندی بۆ ئەو كارە نیشانداوە.

تابلۆ زوو زوو بۆ چاودێریكردن دەچێتە پاركی ئیمام محەمەد لە قەزای كفری، لەو پاركە دەستپێشخەریییەكەیان لە چاندنی نەمامەوە دەستپێكردووە، نەمامەكان ژمارەی تایبەتیان لەسەرە.

لە بەکلتورکردنی خوێندنەوە بۆ بەکلتورکردنی ژینگە

پڕۆژەی بەرەو سەوزكردنی گەرمیان، بەشێكە لە كارەكانی گروپی بەکلتورکردنی خوێندنەوە كە دوو ساڵه‌ له‌ قه‌زای كفری ئیداره‌ی گه‌رمیان چالاكییان هەیە.

ئه‌ندامه‌كانی گروپەكە 15 كەسی خۆبەخشن، لە ئێستادا چالاكییەكانیان پەلیكێشاوە بۆ چالاكیی ژینگەیی و رۆشنبیری، ئەوەش دوای ئەوە هات دوو مانگ لەمەوبەر پڕۆژەی بەرەو سەوزكردنی گەرمیانیان دەستپێكرد، ئەوەش وەک بەشێک لە هەڵمەتی (ژینگه‌ چاوی ژیانه‌ به ‌پیسكردنی مه‌یكوژێنه‌وه‌).

پڕۆژەكە هاوكاتە لەگەڵ واقیعی كەمی رێژەی سەوزایی لە ئیدارەی گەرمیان سەر بە پارێزگای سلێمانی، چونكە بەپێی داتاكانی ساڵی 2023 لە كۆی 16 شارەوانی سەر بەو ئیدارەیە رێژەی سەوزایی تەنیا لەسەدا 5.7 بووە، ئەوەش كەمترە لە رێژەی ستانداردی جیهانی كە نابێت كەمتر بێت لەسەدا  30 بێت.

Tablo1
تابلۆ دەرباز (17ساڵ) سەرپەرشتیاری پڕۆژەی بەرەو سەوزكردنی گەرمیان. فۆتۆ: زریان محەمەد

هەڵمەتی "ژینگە چاوی ژیانە" سەرەتا بە پاككردنەوەی شوێنە گشتییەكان لە قەزای كفری دەستیپێكرد، بە ئامادەبونی چین و توێژە جیاوازەكان، وەك دەستپێكی دەستپێشخەرییەكەش 30 نەمامیان لە كفری و ناحیەی سەرقەڵا چاند و ژمارە و ناوی ئەو كەسانەی بەرپرسیارێتی گەورەكردنی نەمامەكەیان لە ئەستۆگرتووە لەسەرە.

تابلۆ وتی "بەگشتی پڕۆژەكەمان لەسەر ژینگە  كۆمەڵێك چالاكی لەخۆدەگرێت، جگە لە چاندنی نەمام و هەڵمەتی پاككردنەوە، سیمیناری هۆشیاریی ژینگەییشمان هەیە، ئامانجەكە ئەوەیە باخچه‌ و پارك و شوێنه‌ گشتییه‌كان ببوژێنینەوە و هۆشیاریی تاك و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر ژینگە بەرزبكەینەوە".

مه‌جید قادر (74ساڵ)، یەكێكە لەو كەسانەی بەرپرسیارێتی خزمەتكردنی نەمامێكی لە ئەستۆگرتووە و لە تابلۆی تەنیشت نەمامەكە ناوی سیانی هەڵواسراوە، وتی "هه‌ستێكی زۆر خۆش و تایبه‌تم هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م نه‌مامه‌م به‌ناوه‌وه‌ كراوه‌، ئه‌مە دەستپێشخەرییە‌كی ئێجگار گرنگه‌ له‌ روانگه‌یی ژینگه‌وه‌، به‌هیوام به‌رده‌وامی هه‌بێت".

هه‌ستێكی زۆر خۆش و تایبه‌تم هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م نه‌مامه‌م به‌ناوه‌وه‌ كراوه‌

رێكخەرانی پڕۆژەكە خۆیان داوا لە خەڵك دەكەن رەزامەندی نیشانبدەن بە لە ئەستۆگرتنی بەخێوكردنی نەمامێك، بەڵام دەیانەوێت بیر لە پلانی تر بكەنەوە.

مەجید كە لە پاركی ئیمام محەمەد نەمامەكەی خۆی چاندووە، وتی "چاندنی ئه‌م نه‌مامە‌ هۆكارێك ده‌بێت بۆ زیاتر سه‌وزكردن و جوانكردنی باخچه‌ و پاركه‌كان".

دەستپێشخەرییەكە لە ئێستادا لە قۆناغی سەرەتادایە، تابلۆ دەرباز كەمی چاندنی نەمامەكانی لەو دوو مانگەدا بۆ ئەوە گەڕاندەوە "ده‌مانه‌وێت هه‌موو پێداویستییه‌ك بۆ نەمامەكە دابین بكه‌ین و گه‌شه‌ بكات و به‌رهه‌می هه‌بێت، نه‌وه‌ك بیچێنین و دواتر ئەو كەسە نەتوانێت خزمەتی بكات و بەجێیبهێڵێت".

لە هەنگاوی یەكەمیاندا ئەو ناوچانە بۆ چاندنی نەمام دیاریدەكەن كە لە بنەڕەتدا پاركن و سیستمی ئاودانی قەترەیان هەیە، یان له‌ نێو قوتابخانه‌كاندا كە توانای دەستڕاگەیشتن بە ئاو هەیە.

ئامانج فراوانكردنە و پێشوازی لێدەكرێت

پڕۆژەكە لە ئێستادا قەزای كفری تێنەپەڕاندووە، كە یەكێكە لە قەزاكانی سەر بە ئیدارەی گەرمیان، بەڵام ئامانجەكە ئەوەیە بۆ تەواوی گەرمیان لەوانەش كەلار و دەربەندیخان بگوازرێتەوە.

"ئەمه‌ پڕۆژه‌یه‌كی درێژخایه‌نه‌ و به‌رده‌وامی ده‌بێت، ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر ئاستی گه‌رمیان و كوردستانیش پڕۆژه‌كه‌مان فراوانبكه‌ین، نامانەوێت پڕۆژه‌یه‌كی كرچوكاڵ بێت"، تابلۆ وایوت.

ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر ئاستی گه‌رمیان و كوردستانیش پڕۆژه‌كه‌مان فراوانبكه‌ین

محه‌مه‌د عادل (34ساڵ)، كە ئەویش بەرپرسیارێتی بەخێوكردنی نەمامێكی لە ئەستۆگرتووە، دەڵێت "بیرۆكه‌كەم زۆر پێ جوان و نایابه، هەستێكی خۆشە كە بەرپرسیارێتی نەمامێكت لە ئەستۆیە، واتلێدەكات بزانیت ژینگە چییە".

"كە شه‌وان‌ له‌ كار ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانم سه‌ردانكردنی نه‌مامه‌كه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بزانم ئاوی پێویستە یاخود نا، ئایا هیچ گرفتێكی هەیە "، محەمەد وایوت.

ئەم هەستەی محەمەد ئەو كارەیە كە دەستپێخەرییەكە دەیەوێت بەدیبهێنێت، ئەویش دروستكردنی پەیوەندی و بەرپرسیارێتییە لە نێوان تاك و ژینگە.

محەمەد زیاتر وتی "ئەگەر ئەو نەمامە لەناوبچێت، ئاماده‌م نه‌ك نه‌مامێك به‌ڵكو 10 نه‌مام بهێنمه‌ شوێنه‌كه‌ی، ته‌نانه‌ت هەموو هاوكارییه‌كی ئه‌ندامانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر فراوان بێت".

halmati pakkirdnawa
كفری/2024/ هەڵمەتی پاككردنەوەی شوێنە گشتییەكان لە چوارچێوەی با گەرمیان سەوز بكەین. فۆتۆ: راگەیاندنی پڕۆژەكە

نیهاد وه‌لی، به‌ڕێوبه‌ری به‌شی باخچه‌كان له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی شاره‌وانییه‌كانی گه‌رمیان، پێشوازی لەو دەستپێشخەرییە دەكەن و هاوكارییان دەكەن، تەنانەت ئەگەر یەك دار-یش لە گەرمیان زیاد بكات، بەڵام وتی "باشترە هه‌ماهه‌نگی هه‌بێت له‌ نێوان ئه‌و جۆره‌ گروپانه‌ له‌گه‌ڵ شاره‌وانییه‌كان، بۆ ئەوەی بیروڕا بگۆڕینەوە لەڕوی ئەوەی چ جۆرە دارێك بڕوێنن و شوێنی چاندنی داره‌كان لە كوێ بن"، زیاتر وتی "نامانەوێت درەختەكان دواتر ببڕدرێنەوە و بكەونە بەر پڕۆژە و پلانەكانی شارەوانی".

پێشەنگی بۆ درەختی ئه‌لبیزیا و ئه‌كاسیا-یە

درەختی ئه‌لبیزیا و ئه‌كاسیا ئەو دوو جۆرە درەختەن لە دەستپێشخەرییەكاندا پشتیان پێدەبەستن، چونكە تابلۆ دەڵێت لە گەرمیان تاقیكراونەتەوە و بەرگەی ئاوهەواو ژینگەی گەرمیان دەگرن و گونجاون.

تابلۆ وتی "لەڕاستیدا هەڵبژاردنی ئەم دوو جۆرە درەختە دوای گفتوگۆكردن بووە لەگەڵ شارەوانی، ئەوان پێشنیاریان بۆ كردوین". هەر ئەوانیش درختەكانیان پێدەبەخشن لەڕێی نەمامگەی تایبەت بەخۆیانەوە.

لە چەند ساڵی رابردودا لێپرسراوانی قەزای كەلار لە گەرمیان لەڕێی دوو جۆرە درەختەوە رێژەی سەوزاییان زیاد كرد.

بەڵام لەگەڵئەوەشدا، رێژه‌ی سه‌وزایی به‌لای فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی گەرمیانەوە جێی نیگەرانییە، بۆیە دەستپێشخەرییەكە بەگشتی بە گرنگ دەبینن.

دوره‌ید سه‌لیم، به‌ڕێوەبه‌ری فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی گه‌رمیان وتی "له‌ گه‌رمیان گه‌نجی چالاك و باشمان هه‌یه كە‌ له‌سه‌ر ژینگه‌ كارده‌كه‌ن، به‌شێوه‌ی تاك یان گروپ، ئەوانە جێگەی دڵخۆشین".

وتیشی "رێژەی سەوزایی گرفتی هەرە گەورەی ئێمەیە، بۆیه‌ چاندنی هه‌ر نه‌مامێك ئه‌گه‌ر رێژه‌كه‌شی كه‌م بێت گرنگه،‌ بۆ خزمەتكردنی ژینگە و هۆشیاركردنەوە و بە كەلتوركردنی ژینگە... پێموایە لە ئایندەدا بتوانین لەگەڵ ئەو گروپە و دەستپێشخەرییەكەیان پێكەوە كاربكەین".

ئیدارەی گەرمیان 343 هەزار و 594 كەس دانیشتووانەكەیەتی، ئەوەش بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی ئاماری گەرمیان. ئەندامانی دەستپێشخەرییەكە چاویان لەوەیە لە چەند ساڵی داهاتوودا قەناعەت بە زۆرێك لە دانیشتووان بهێنن بەرپرسیارێتی بەخێوكردنی نەمامێك لە ئەستۆبگرن.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان، 243 باخچە و پاركی گەورە لە گەرمیان هەن، تەنیا 83 پاركیان دەكەونە قەزای كفرییەوە.

ئازاد ئه‌حمه‌د، چالاكوانی بواری ژینگەیە له‌ گه‌رمیان، وتی "لە گەرمیان زۆر هەڵمەتی سەوزكردن و چاندنی نەمام هەبووە، بەڵام هەر ئەوەندە چێنراوە و كه‌سێك نه‌بووه‌ به‌رپرسیارێتی خزمه‌تكردنی بگرێته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌م جۆره‌ دەستپێشخەرییە جیاوازە".

لە گەرمیان زۆر هەڵمەتی سەوزكردن و چاندنی نەمام هەبووە، بەڵام كه‌سێك نه‌بووه‌ به‌رپرسیارێتی خزمه‌تكردنی بگرێته‌ ئه‌ستۆ

كردنەوەی خولی شێوەكاری تایبەت بە سروشت و ژینگە، یەكێكی ترە لە كارەكانی پڕۆژەی "با گەرمیان سەوز بكەین"، تا لەو رێیەوە هۆشیاریی ژینگەیی بڵاوبكەنەوە. تابلۆ وتی "لە تەمەنی 5 تا 18 ساڵی سودمەند بون، به‌شداربووان فێردەكرێن چۆن وێنه‌ی سروشت و ئاژه‌ڵه‌كێوییه‌كان و بابه‌ته‌ ژینگه‌ییه‌كان بكێشن".

بەڵام ئەوەی بەربەستە لەبەردەم پڕۆژەكە ئەوەیە هێشتا پلانی رون نییە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوچانەدا دەكەن كە لە بنەڕەتدا پارك یان قوتابخانە و فەرمانگە نین، یان چۆن لە داهاتودا دەتوانن ئاوی ئەو نەمامانە پەیدابكەن كە لە بنەڕەتدا ئەو شوێنە وەكو پاركەكان ئاوی نییە.

تابلۆ وتی "دۆخی دارایی گروپه‌كه‌ ده‌سته‌وه‌ستانی كردوین كه‌ نه‌توانین وه‌ك پێویست چالاكییه‌كان و دەستپێشخەرییەكە بەرەو پێشەوە ببەین"، زیاتر وتی "له‌هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كدا بابه‌تی دارایی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌ت ببه‌یته‌ پێشه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتوبیت، به‌هه‌مان شێوه‌ی گروپ و رێكخراوه‌كانی دیكه‌ ئێمه‌ش گرفتی بودجه‌مان هه‌یه‌، داواش له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین له‌ ساڵانی ئاینده‌دا هاوكارمان بن بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی فراوانتر كاره‌كانمان ئه‌نجامبده‌ین".

بەلای نیهاد وه‌لی، به‌ڕێوەبه‌ری به‌شی باخچه‌كان له‌ به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی گشتی شاره‌وانییه‌كانی گه‌رمیان، گفتوگۆكردن گرنگە بۆ ئەوەی بزانن ئەوان چییان پێدەكرێت تا هاوكارییان بكەن، چ لە ڕوی دابینكردنی نەمام، یان هاوكاریی تر.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT