لە ژینگەوە

پەڕاڤ ڕیسایکڵ؛ هەوڵێکی ئەرێنی بۆ بەرهەمهێنانەوەی کاغەز

  • 2024-11-18
پەڕاڤ ڕیسایکڵ؛ هەوڵێکی ئەرێنی بۆ بەرهەمهێنانەوەی کاغەز
سلێمانی/ تشرینی یەكەمی 2024/ بەسۆز محەمەد لەكاتی كاركردن بۆ بەرهەمهێنانەوەی كاغەز. فۆتۆ: لاڤە حسام
لاڤە حسام

تەشتێكی بچوك و هەندێك پەڕۆی خام، لەگەڵ ئامێرێك بۆ وردكردنی كاغەز، چیرۆكی لەدایكبونی پڕۆژەیەكی زیرەک لە سلێمانی دەگێڕێتەوە كە کچێک سەرپەرشتی دەكات، مانگانە لەو رێیەوە لانیكەم 100 كیلۆ كاغەزی فڕێدراو دوبارە بەرهەمدەهێنرێتەوە.

پڕۆژەی پەڕاف، بریتییە لە ریسایكیلنی كاغەزی فڕێدراو، بە ئامانجی پاراستنی ژینگە و كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی پیشەسازی كاغەز، چونكە بەپێی وتەی بەسۆز محەمەد كە خاوەندارێتی پەڕاف دەكات "بەرهەمهێنانی یەک تۆن کاغەز پێویستی بە بڕینی 24 درەخت هەیە لەگەڵ وزە و ئاوێکی زۆر".

پیشەسازی کاغەز پەیوەندی راستەوخۆی بە پیسبوونی ژینگەوە هەیە، بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی سندوقی سەرتاسەری جیهانی بۆ سروشت (WWF) زیاتر لەسەدا 80ی دیمەنی ئێستای دارستانەكانی جیهان مەترسی لەناوچونیان لەسەرە، ئەوەش بەهۆی چالاكییەكانی مرۆڤ و لەو نێوەندەشدا پیشەسازی كاغەز بزوێنەری سەرەكی ئەم لەناوچونەیە.

(WWF)  رێكخراوێكی نێودەوڵەتی ناحومییە، كاردەكات بۆ پاراستنی ژیانی كێوی و كەمكردنەوەی ئەو چالاكییانەی كە كار لەسەر ژینگە دەكەن.

زانكۆ سەرچاوەی بیرۆكەكە

بەسۆز محەمەد، دەڵێت كاتێك لە كۆلێژی هونەر لە زانكۆی سلێمانی خوێندكار بووە، دیمەنی سەتڵی خۆڵەكان كە پڕدەكران لە كاغەزی فڕێدراو نیگەرانی كردووە.

"لەوێ بەهۆی سروشتی كۆلێژەكەوە كاغەزێكی زۆر بەكاردەهات، لەگەڵ هاوڕێیەكەم بەناوی سەهەند بیرمان لەوە دەكردەوە چۆن دەتوانرێت ئەمە چارەسەر بكرێت"، بەسۆز زیاتر وتی "سەرەتا بیرمان لەوە كردەوە ئەگەر كاغەزەكە بەشێكی كەمیشی بەكەڵك بێت سودی لێببینین، بەڵام هەستمانكرد ئەوە چارەسەرێكی باش نییە بۆ ئەو هەموو كاغەزەی فڕێدەدرێت". بۆیە بیریان لەوە كردەوە كە دوبارە بەكارهێنانەوەی كاغەز باشترین چارەسەرە بۆ ئەو دۆخە.

paraf
سلێمانی/ تشرینی یەكەمی 2024/ چەند بەرهەمێكی پەڕاف. فۆتۆ: لاڤە حسام

گفتوگۆی ئەوان بەردەوامبوو، تاوەكو لە ساڵی 2021 پەڕاڤ ریسایکڵ لە دایكبوو، بەسۆز دەڵێت "یەکەم سەنتەری ریسایکڵکردنی کاغەزە لە هەرێمی کوردستان".

پڕۆژەكە کار بۆ کەمکردنەوەی پاشەڕۆی کاغەز دەکات لەڕێی کۆکردنەوەی پاشماوەی کاغەز لە دام و دەزگا حكومییەكان، کۆمپانیا و شوێنە تایبەتەکان و دوبارە بەرهەمهێنانەوەیان، لەگەڵ هاندانی خەڵك بۆ دۆستایەتیكردنی ژینگە و پاراستنی، هەروەها بڵاوکردنەوەی هۆشیارییەوە لەڕێی رێکخستنی سیمینارەوە.

بەسۆز محەمەد خەڵکی قەڵادزێیە و نیشتەجێی سلێمانییە، پڕۆژەكەی بە تەواوی دۆستی ژینگەیە، زۆربەی هەنگاوەكانی هەر بەدەست دەكرێت، جگە لە وردكردنی كاغەز كە ئامێرێكی بچوكە و كارەبایەكی كەمی پێویستە.

لە دوای وردكردنی كاغەزەكە، تەشت، پەڕۆیەكی خام و قاڵبێك هەنگاو بەهەنگاو پڕۆژەكە تەواودەكەن، لەنێو تەشتەكەدا كاغەزە وردكراوەكە تێكەڵ بە ئاو دەكرێت و وەكو هەویر ئامادەدەكرێت بۆ ناو قاڵبێك كە قەبارەی كاغەزەكە دیاریدەكات، دوای قاڵبەكە دەخرێتەسەر پەڕۆیەكی خام بۆ هەڵمژینی ئاوەكە و دوای وشكبونەوە كاغەزەكەی لێ دروستدەكرێتەوە.

هەموو ئەم پرۆسەیە لە ژورێكی بچوكدا ئەنجامدەدرێت، دەتوانرێت رەنگ بەكاربهێنرێت بۆ گۆڕینی رەنگی كاغەز.

پیشەسازی کاغەز پێنجەم گەورەترین بەکارهێنەری وزەیە لە سەرتاسەری جیهان و بەرپرسە لە نزیکەی 5%ی دەردانی کاربۆنی جیهان.

كاغەزی فڕێدراو ببە و داشكاندن وەربگرە

پەڕاف، كاغەزی بەكارهاتوو  وەردەگرن، زۆرینەی كات خۆیان كاغەز كۆدەكەنەوە، هەندێك كات خەڵك بۆیان دەبەن.

ئەگەر رێكخراو، كۆمپانیا و دامودەزگاكان خۆیان كاغەزەكە بۆ پەڕاف ببەن، ئەوا كۆدێكی داشكاندیان پێدەدەن، بۆ هەر كاتێك بیانەوێت بەرهەمێكی پەڕاف بكڕن. داشكاندنەكە لەسەدا 15 بۆ لەسەدا 20ە.

پەڕاف بەرهەمێكی نوێی ژینگەدۆستی تریان هەیە، ئەویش بەرهەمهێنانی كاغەزی تۆودارە، بەسۆز وتی "لەناو کاغەزەکەدا تۆوی گوڵ بەکاردەهێنین تا لەهەر ئەگەرێکی فڕێدانی ئەو کاغەزە دوای بەكارهێنان، ئەو كاغەزە فڕێدراوە بەرهەمێكی رووەكی لێ بەرهەمبێت، ئەوەش بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزایی".

بەگشتی بەرهەمەكانی پەڕاف پێكهاتووە لە دەفتەری تێبینی، بزنس كارت، كاغەزی كانسن كە دەتوانرێت بۆیەی ئاوی و زەیتی ئیشی لەسەر بكرێت.

paraff
سلێمانی/ تشرینی یەكەمی 2024/ بەسۆز محەمەد لەكاتی كاركردن بۆ بەرهەمهێنانەوەی كاغەز. فۆتۆ: لاڤە حسام

لە ئێستادا مانگانە بەگشتی پەڕاف توانای بەكارهێنانەوەی 100 كیلۆ كاغەزی هەیە.

تیمی پەڕاڤ ریسایکڵ، لەڕێی سیمینار و خولی جۆراجۆرەوە هانی خەڵك دەدەن ژینگە بپارێزن و ئاشنایان دەكەن بە دوبارە بەكارهێنانەوەی پاشماوە جۆراوجۆرەكان.

"دەمانەوێت هەڵوێستەیەکی گشتی هەبێت بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو گۆڕانەی ئاووهەوا کە جیهانەی گرتۆتەوە"، بەسۆز وایوت.

یەکێک لە سیمینارەکانیان لەگەڵ منداڵەکانی ماڵی هونەر و یۆگا بوو، لەبارەی بەکارهێنانەوەی کاغەز، منداڵەکان ئاشناکران بە چۆنییەتی بەکارهێنانەوەی کاغەز.

لاونا كوردین یەکێک لە منداڵانی ماڵی هونەر و یۆگا، وتی "پێشتر نەمدەزانی ئەو كاغەزەی فڕێی دەدەین جارێكی تر دەكرێتەوە بە كاغەز... بڕیارمدا لەمەودوا لە دوای بەکارهێنان کاغەزەکان فڕێنەدەم و بیهێنم بۆ پەڕاڤ ڕیسایکڵ".

ماڵی هونەری یۆگا؛ پڕۆژەیەكی فێركاریی جیاوازە بۆ منداڵان، تێكەڵەیەكە لە وەرزش و گرنگیدان بە سەوزایی، ئامانجیان بەخشینی دەرون و جەستەیەکی بەهێز و رۆحی ئارامە بو بەشداربوان لەگەڵ ئەنجامدانی چەندین چالاکی ژینگەیی.

سلێمانی رۆژانە زیاتر لە هەزار تۆن خۆڵ و خاشاكی هەیە، كە رێژەیەك لەو پاشماوەیە كاغەزە، بەڵام بە وردی جیانەكراوەتەوە رێژەكە چەندە. ئەوەش بەشێكە لە قەیرانی مامەڵەكردن و چارەسەری پاشماوە لە هەرێمی كوردستان و عیراق، بەوپێیەی بە تێكەڵی زۆرێكی دەسوتێنرێت.

ئەوە لەكاتێكدایە بەگوێرەی (ئا کیو ئێر) کە کۆمپانیاییەکی سویسری تەکنۆلۆژیی کواڵیتی هەوایە، هەوای عیراق یەکێکە لە "هەرە پیسترینی" وڵاتانی جیهان.

بەسۆز كە خۆی هونەرمەند و شێوەکارە، هەندێك كات لەڕێی هونەر لەوانەش پەیكەرسازی كێشە ژینگەییەكان پیشانی خەڵك دەدات. بۆ نمونە، کاریگەری پیسبونی هەوا لەسەر ئاو و ئاژەڵەکان.

هەروەها لە كارەكانیدا پاراستنی کلتوری کوردی بە تەواوی رەنگی داوەتەوە، بەرگی پەرتوکەکان بە قوماشی هەوری و جامانە دیزاین دەكات.

parafff
سلێمانی/ تشرینی یەكەمی 2024/ بەسۆز محەمەد لەكاتی سیمینارێكیدا لەسەر بەركارهێنانەوەی كاغەز بۆ منداڵان. فۆتۆ: لاڤە حسام

خالید سلێمان، توێژەر لە بواری ژینگە، جەختدەكاتەوە لەوەی كاغەزی فڕێدراو زیانی بۆ ژینگە نییە، وەك ئەو زیانانەی لە پلاستیكدا هەیە، "لەدار دروستدەكرێت و شی دەبێتەوە لەناو خاكدا"، بەڵام وتی "زیانی کاغەز بۆ ژینگە لە  بەرهەمهێنان و پیشەسازییەکەیدا خۆی دەبینێتەوە، بەهۆی بڕینەوەی دار لە دارستانە سروشتییەکان سەرەڕای بونی دارستانی دەستکردی تایبەت بە دروستکردنی کاغەز".

زیاتر وتی "هەروەها لە کاتی بەرهەمهێنانیدا پێویستی بە بونی وزەیەکی زۆر و کەرەستە و سەرچاوەی سروشتی و هێزی مرۆی زۆر هەیە و دەردانی گازە گەرمکەرەوەکانی وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی لێدەکەوێتەوە، واتە بەکۆی گشتی پیشەسازییەکە کاریگەری دەکاتە سەر سیستمی ژینگەیی و گەرمبون و گۆڕانکاریی ئاوو هەوا".

گەشاو فازیڵ، مامۆستای راهێنەر لە چەند قوتابخانەیەکی سلێمانی، دەڵێت رۆژانە رێژەیەكی زۆر كاغەزی دەفتەر و كتێبی قوتابخانەكان فڕێدەدرێن، "دەڵێن كاغەز زیانی نییە، بێئاگا لەو زیانە زۆرەی لە پیشەسازی كاغەزدا هەیە".

دەستپێشخەریی پەڕاف سودبەخشە، بەڵام سەرەتای رێگەکەیە

مانگانە بەكارهێنانەوەی 100 كیلۆ كاغەز دەستپێشخەرییەكی نوێی سودبەخشە، بەڵام هێشتا بەڕای هەندێك چارەسەری تەواو نییە بۆ ئەو بڕە زۆرە لە كاغەز كە رۆژانە فڕێدەدرێت، لەوانە كتێبی ساڵانەی خوێندنگەكان، كاغەزی ساڵانەی تاقیكردنەوەكان، نوسراوی فەرمانگە و كۆمپانیا و مقەبای بازاڕ.

بۆ نمونە پڕۆژەكەی بەسۆز محەمەد لەتوانایدا نییە مقەبا وەربگرێت و وردی بكات، چونكە رەقترە، تەنیا كاغەز وەردەگرێت ئەوەش بڕێكی دیاریكراوە.

هەروەها توانای ئەوەی نییە دەفتەری گەورە دروستبكات، وەك ئەوەی خوێندكاران لە خوێندنگەكان سودی لێدەبینن.

خالید سلێمان وتی "بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی بەرهەمی کاغەز لە جیهاندا پشتدەبەسترێت بە سیستمە ئەلکترۆنییەکان، تەنانەت بۆ کتێبەکانیش و پرۆسەی خوێندنیش بە ئەلکترۆنی کراوە، بەڵام دوبارە بەكارهێنانەوەی كاغەز-یش چارەسەرێکی گرنگ و سودبەخشە بۆ کەمکردنەوەی ئەو قورسایی و زیانەی لەسەر سیستمی ژینگەیی و دارستانەکان هەیە لە بەرهەمهێنانی کاغەزدا".

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT