گۆڕەپانی هەر قوتابخانەیەکە، یان مزگەوت و شوێنێكی گشتیی شار، ئەگەر دار و درەختی تیا نەبوو، بەزویی دەستی گروپە خۆبەخشییەكەی سەوزكردنی كەركوكی پێدەگات.
ئەو گروپە بە بەرهەمی كارەكانیاندا بێت، وادەردەكەوێت چەند ساڵێكە دەستیانپێكردووە نەك چەند مانگێك، زۆر بە چڕی تەركیزیان خستۆتە سەر ناوەندەكانی خوێندن، شوێنەكانی پەرستش و تەندروستی، تا لەوێوە لانیكەم بەشێك لە شار سەوزبكەن و لە كۆتاییشدا هەزاران ژینگەدۆست لە كۆمەڵگەدا دروستبكەن.
عەباس مەجید، خاوەنی دەستپێشخەرییەكە و سەرپەرشتیاری گروپەكە، خۆی دەرچووی پەیمانگەی نەوتە و باشتر لە كاریگەرییە كارەستبارەكانی بەرهەمێھنانی نەوتی رەش لە سەر شارەكەی تێدەگات، "دەبینیم كاریگەری گۆڕانی ئاووهەوا و نەمانی سەوزایی ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبێت، بۆیە بڕیارمدا بەشێك بم لە سەوزكردنی شار".
لەو گروپەدا، هەموو نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك هەن، لە عەرەب، كورد، توركمان و ئەوانیتر، بە چین و توێژە جیاوازەكانیشەوە، تەنیا غەمی سەوزكردنی شار و بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون كۆیكردوونەتەوە.
رێژەی سەوزایی لە پارێزگای كەركوك سەدا 2 تێناپەڕێنێت، بەپێی ئاماری فەرمانگە حكومییەكان كە پێشتر (كەركوك ناو) بڵاویكردۆتەوە، لە كاتێكدا ستانداردی جیهانی بۆ رێژەی سەوزایی سەدا 30ــە. مەترسییەكەش لەوەدایە پارێزگاكە پێنج كێڵگەی سەرەكی بەرهەمهێنانی نەوتی هەیە و رۆژانە بەهۆی بەرهەمهێنانی نەوت و سوتانی غاز، زیاتر روبەڕوی پیسبوونی هەواو و ژینگە بە گشتیی، دەبێتەوە.
لە بیابانبوونەوە بۆ سەوزایی
گروپی خۆبەخشی سەوزی كەركوك، ئابی ئەمساڵ دامەزراوە، عەباس مەجید دەستپێشخەری كردووە و گەنجانی دیكەش بەردەوامییان پێداوە، ئێستا 46 كەس لە كەركوك، لە هەردوو رەگەز، لە چوارچێوەی گروپەكەدا خزمەتی شارەكەیان دەكەن.
"رۆژانە تادەهات هاوڕێ و خەڵكێكی زۆر لە ژن و پیاو پەیوەندیان بە گروپە ژینگەییەكەوە دەكرد" عەباس مەجید وای وت.
گەڕەكەكەی خۆمان و ناو قوتابخانەكانیشمان گۆڕیووە بۆ سەوزایی و دار
هەر گەنجان نین، لەگەڵ هەر چالاكییەك و بانگەوازێكدا، لە سۆشیال میدیاوە خەڵكی دیكە پەیوەندییان پێوەدەكەن و دەیانەوێت لە رواندنی دار و سەوزكردندا، رۆڵیان هەبێت؛ مامۆستای تیادایە، پۆلیس، ئەندازیار، جوتیار، خاوەنی شەتڵگە، كارمەندی شارەوانی و كاسبكار.
محەمەد ئەحمەد، خۆبەخشێكی گروپەكەیە، لەڕێی هاوڕێیەكیەوە پەیوەندی پێیانەوە كردووە و لەو چەند مانگەدا، "گەڕەكەكەی خۆمان و ناو قوتابخانەكانیشمان گۆڕیووە بۆ سەوزایی و دار"، هەمووی ئەوەی دەیكەن، لەسەر گیرفانی خۆیان و هەندێك خێرخواز یان كەس و دراوسێی بووە، بەڵام گروپەكە هەمیشە چاوی لەسەر ئەوەیە هەر هەڵمەتێکی رواندنی دار بەشێوەی زانستی و هەروەها ئەندازیاری بكرێت.
دار و سەوزایی، لە پێكهێنەرە سەرەكییەكانی ژینگە و پاراستنی زەوی و هەوان لە پیسبوون، هاوكات لێكەوتەكانی گۆڕانكاریی ئاووهەوا كەمدەكاتەوە، بەپێی رونكردنەوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، بێ دار و درەخت ژیانی مرۆڤایەتی بەردەوام نابێت، بۆیە دار رواندن توانای كەمكردنەوە یان نەهێشتنی دەردانی گازی كاربۆن زیاتر دەكات، چونكە گازە ژەهراوییەكانی هەوا هەڵدەمژن و ئۆكسجین دەداتەوە.
هەر دارێكی تەمەن مامناوەند، رۆژانە 1.7 كیلۆگرام لە دووەم ئۆكسیدی كاربۆن هەڵدەمژێت و 120 لیتر ئۆكسجین بەرهەمدەهێنێت، بۆ نەهێشتنی كاریگەری خراپ و ئەو پیسبوونەی تەنیا یەك ئۆتۆمبێل دروستی دەكات، پێویستە لانیكەم حەوت دار بڕوێنرێت.
مونا نوسەیف، ئەندازیاری شارەوانی و خۆبەخشی گروپەكەیە، دوای ئەوەی لە فەیسبووكەوە چالاكییەكانیانی بینیووە، "دەمزانی مەترسی گۆڕانی ئاووهەوا هەیە، بۆیە هەمیشە كۆدەبوینەوە بۆ دانانی پلان، رێنمایی و دیاریكردنی ئەو شوێنانەی پێویستی بە دار هەیە".
ئەوان لە هەموو شوێنێكدا هەن؛ تەنیا مەرج ئەوەیە پێویستی بە دار بێت و خزمەت بكرێت، لەوانە قوتابخانە، مزگەوت، شۆستە و شەقامە گشتییەكان، كە هێندە بێ سەوزاییە، لە بیایانێكی وشك دەچن، "ئەو شوێنانە وشكترین ناوچەی كەركوكن، پەراوێزخراون، بۆیە بڕیارماندا دار بڕوێنین، پارەمان كۆكردەوە و نەماممان كڕی"، مونا دەڵێت ئامانجی ئەوان رزگاركردنی كەركوكە لە بیابانبوون و پاكڕاگرتنی هەواو و ئاوە.
گروپەكە جگە لە سەوزكردن؛ چەند ئامانجێكی دیكە دەپێكن، ژینگەدۆست دروستدەكەن، بە تایبەت منداڵان لە قوتابخانەكانەوە لەسەر خزمەتی دار و سەوزایی رادەهێنن، هانی خەڵكی گەڕەكە جیاوازەكان دەدەن داری زۆر بڕوێنن و رێگەنەدەن وشك بن، واتە بەردەوام ئاوی بدەن و خزمەتی بكەن.
مونا هەم شارەزایی لە لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەوادا هەیە، هەمیش وەكو ئەندازیارێكی شارەوانی، رێنمایی بە گروپەكە دەدات لەسەر شوێنی رواندنی رووەك و جۆرەكانی دار.
زۆربەی باخچەی قوتابخانەكان وشك بوون، لە بیابان دەچوون
هەموو شت لە پەروەردەدایە
قوتابخانەكانی كەركوك، یەكەم وێستگەی چالاكییەكانی گروپە خۆبەخشییەكەی عەباس و هاوڕێیەكانی بوو، چونكە لە یەككاتدا دار دەڕوێنن و كارەكانیان دەبنە وانەیەكی گرنگ بۆ منداڵان و خوێندكاران.
"زۆربەی باخچەی قوتابخانەكان وشك بوون، لە بیابان دەچوون، بۆیە سەرەتا لە 21 قوتابخانەی سەرەتایی تا ئامادەیی دارمان رواند، ئەوەش بە هاوكاریی مامۆستا و قوتابیان، تا ببێتە پەروەردەیی ژینگە و سود بە داهاتووی منداڵەكان بگەیەنێت" عەباس مەجید وادەڵێت.
هەرزوو كارەكانی بەرەو فراوانی زیاتر رۆیشتن، لە بەشێكی دیكەی قۆناغی یەكەمدا دەستی گروپ گەیشتە فەرمانگە و باڵەخانەكانی تاقیگەی كەركوك، كۆلێژی تەكنیكی، گەڕەكی باجوان، گوند و كۆمپانیای گواستنەوەی گەشتیاران و چەند شوێنێكی تر.
تەنیا رواندنی دار و بەجێهێشتنی نییە، بەڵێنی خزمەتكردنیشی لە قوتابخانەكان و شوێنەكان وەردەگرن، هەروەها گروپەكە لەسەر خەرجی خۆیان، هەر شوێنێك دار و سەوزاییەكان ترسی شكاندنەوە و هەڵكەندنی هەبێت، بە شەبەكە و كەرەستەی دیكە هاوشێوەی وچوارچێوە یان پەرژینی بۆ دروستدەكەن.
سەركەوت عومەر، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی (راز)ـی كچانە لە كەركوك، لە ستایشی كاری ئەو گروپەدا دەڵێت "40 داریان بۆ باخچە بێ نەمام و وشكەكەی قوتابخانە هێنا، لەگەڵ مامۆستا،خوێندكار و خۆبەخشەكاندا، پێكەوە دارەكانمان رواند، بڕیارمانداوە ئاویان بدەن و نەهێڵین بێ خزمەت بن".
ئەو قوتابخانە، دوو دەوامی تێدایە، بە هەردوكیانەوە هەزار و 600 خوێندكاریان هەیە، بەڵام هەمویان دەبێت لە حەوشە و شوێنێكی بێ سەوزاییدا بخوێنن و دانیشن، "سێبەر و سەوزاییەك نەبوو خوێندكارەکانیان لە سایەیدا كات بەسەرببەن، لە توانای ئێمەی مامۆستادا نییە هەموو باخچەكان سەوز بكەین، باخچەی قوتابخانەكانیش پەراوێزخراوە"، سەركەوت دەڵێت پێشتریش پلانیان هەبوو لەگەڵ تۆماركردنی هەر منداڵێكی تازەدا، دایباب ناچاربكرێن بە چاندنی دارێك لە قوتابخانەكەدا، بەڵام سەركەوتوونەبوون.
هێشتا گروپی خۆبەخشی سەوزكردنی كەركوك لە سەرەتای كارەكانیدایە، بەڵام بەو ماوە كەمە زیاتر لە 530 داریان چاندووە لە شوێنە جیاوازەكاندا، دارەكانیش هەر لە جۆری جیاواز بوون لەوانە زەیتوون، ئەلبیزا، لبخ، كالبتۆز و ئەكاسیا.
"هەڵسەنگاندنمان كردووە ئەو جۆرە دارانە لەگەڵ ئاو و هەوای كەركوكدا دەگونجێن، هاوڵاتیان لە ناوچەكانی كەركوكەوە پەیوەندی دەكەن تا داریان بۆ بڕوێنین" بەوتەی محەمەد ئەحمەد، كە دەڵێت بەردەوام بەدواداچوون و سەردانیی ئەو شوێنانە دەكەن داریان تیادا رواندووە، تا لە خزمەتكردنیان دڵنیاببنەوە.
پارێزگای كەركوك لە چوار قەزا پێكهاتووە؛ روبەری نۆ هەزار و 600 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە، ژمارەی دانیشتوانی بە زیاتر لە ملیۆنێك و 700 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت، لەو پارێزگایە 730 بیری نەوت هەن و بەوهۆیەوە دەردانی غازی زۆرە، كە ئەوەش مەترسییە لەسەر تەندروستی مرۆڤ، دواجار بە زیانی تەندروستی و بۆری هەناسەدان و زیادبونی حاڵەتەكانی شێرپەنجە كۆتاییدێت.
تەنیا ساڵی رابردوو نزیكەی دوو هەزار حاڵەتی شێرپەنجە لە كەركوك تۆماركراوە، لە كۆی 35 هەزار حاڵەت لە عیراقدا.
پشوویەك لە سێبەری دارەکاندا
رەنگە یەك دوو ساڵی دیكە نەبات كە خوێندكارانی قوتابخانەی سابات، بتوانن لەژێر سێبەری دار نوێیەكاندا پشوویەك بدەن، گروپی خۆبەخشی سەوزایی فریایان كەوتن و بە 15 دار، یەكەم هەنگاویان نا تا لە خۆڵ، تەپوتۆز و نەبونی سەوزایی، رزگاریان بێت.
"چەندین ساڵە باخچەكەمان وشك و بێ سەوزاییە، پەروەردە هیچ دار و نەمامێكی پێنەداوین كە پێویستییەكی گرنگی پەروەردە و قوتابخانەیە" سۆران عزەدین، بەڕێوەبەری قوتابخانەكە وای وت، لەوێ بە دوو دەوام 260 خوێندكاریان هەیە، داواكارە گروپەكە ئاوڕ لە هەموو ناوەندە پەروەردەییەكانی دیكە بدەنەوە، چونكە بە تەواوی پشتگوێخراون و یەكەمجاریشە دەستیی خۆبەخشی بۆ خزمەتی ژینگە، بەوان دەگات.
مامۆستا سۆران دەڵێت پلانیان داناوە، لەڕێی لیژنەیەكی قوتابخانەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ گروپەكەدا خزمەتی دارەكان بكەن و هاوكات بەردەوام هۆشیاری ژینگەیی بڵاوبكەنەوە، "بە مامۆستا و خوێندكارەوە زۆر بەو هەڵمەتە دڵخۆش بوین، هەرزوو سیستمی قەترەمان بۆ ئاودانی دارەكان دانا".
نەتەوە یەكگرتووەكان دار و سەوزایی جگە لە جوانكاری، بە سییەكان، جگەر و لێدانەكانی دڵی شار وەسفدەكات، لەپێناو شارستانیەتی تەندروست و ژیانێكی سەلامەت و بەردەوام، بەوپێیەی کواڵیتی هەوا باش دەكات، ئەگەر بەشێوەیەكی ستراتیژی لە شارەكاندا دابەشبكرێت ئەوا دەبێتە هۆی فێنككردنەوەی هەوا لە نێوان دوو تا هەشت پلەی سیللزیدا.
دار وەكو فلتەری هەوا كاردەكات، لە غازی ژەهراوی و هەروەها خۆڵ و تۆز و دوكەڵ دەیپاڵێوێت، لە پاڵ ئەو سودە ژینگەییانەیدا، بەپێی توێژینەوەكان كە رێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاویكردۆتەوە، ژیانكردن لە نزیك شوێنی سەوز و دار، تەندروستی جەستەیی و دەروونی مرۆڤ باشتر دەكات لەڕێی كەمكردنەوەی فشاری خوێن و فشاری دەروونییەوە.
ئەگەر ساڵانە ملیۆنێك دار بڕوێنرێت ئەوا بە 15 ساڵ ئینجا رێژەی سەوزایی دەگات بە ئاستی ستانداردی جیهانی
سونگوڵ عەلی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی سۆمەرییەی كچان دەڵێت باخچەیەكی گەورە و گۆڕەپانێكی هەیە، لەڕێی خۆبەخشەكانەوە 12 داری ئەلبیزا و نینیایان تیایدا رواندووە، "ئەوەش هاوكارییە بۆ تەندروستی قوتابی و مامۆستا، چونكە چارەسەری وشكی و نەبونی سەوزایی دەكات و ژینگەیەكی باشترمان بۆ دەڕەخسێنێت".
گەرموگوڕی گروپە خۆبەخشییەكەی كەركوك بۆ خزمەتی ژینگە، هانی مامۆستا سونگوڵ-ـیش دەدات لە گیرفانی خۆی ژمارەیەك دار بۆ قوتابخانەكە بكرێت، "كاری ئەوان زۆر زانستی و رێكخراوە، هەفتەیەك پیشتر مەودای نێوان دارەكان، جۆرەكانی دار و رێكخستنی باخچەكە و جۆری خاكەكەیان لەبەرچاوگرت".
لەو قوتابخانەیە بە هەرەوەزی خزمەتی باخچەكە دەكەن، هەموو بەیانییەکیش، بەڕێوەبەر وەكو وانەیەكی جێگیر، كورتە باسێكی ژینگە و هۆشیاریی لەوبارەیەوە بە خوێندكارەكانی دەڵێت.
ئەحمەد عومەر، بەڕێوبەری شارەوانی كەركوك داوای هەماهەنگی گروپە خۆبەخشییەكان دەكات بۆ كاری ژینگەیی، ستایشی كارەكانیان دەكات لە سەوزكردن تا بڵاوكردنەوەی هۆشیاری، "داوامانكردووە هۆشیاری ژینگەیی لەگەڵ شارەوانی بەهەماهەنگی بڵاو بكەینەوە، بۆیە چەند چالاكییەكمان پێكەوە ئەنجاممانداوە و پێكەوە دەتوانین هۆشیاری ژینگەیی و سەوزایی زیاتر بكەین، كێشەكانی ژینگە و گۆڕانی ئاووهەوا كەمبكەینەوە".
شارەوانی ئامادەیە دار لە شەتڵەگەكان بۆ گروپی خۆبەخشی دابینبكات، تا پێكەوە لەگەڵ تیمەكانیان بیڕوێنن، "ئەگەر پێویستیان بە ئالیەتیش هەبوو پێیاندەدەین"، ئەحمەد عومەر وای وت.
لە كەركوك دەوروبەری 200 باخچەی حكومی هەن و ژمارەیەك كەمیان روبەرەكەی لە چەند دۆنمێك پێكدێت، ئەوانیتر بچوكن، جگەلەوەش 81 بلواری سەوزایی ناوەڕاستی شەقامە سەرەكییەكان هەیە بەدرێژایی یەك تا پێنج كیلۆمەتر.
"كەركوك پڕە لە كارگە و كۆمپانیای نەوت، رێژەی سەوزایی زۆر كەمە و ئەگەر لە ساڵێكدا یەك ملیۆن دار بڕوێنرێت، ئەوا دوای 15 ساڵ ئینجا رێژەی سەوزایی دەگات بە ئاستی ستانداردی جیهانی" بەوتەی شكۆفە محەمەد، چالاكوانی ژینگەیی لە كەركوك، ئەو دەڵێت كەركوك پێویستی بە توانای ئەو گەنجانەیە تا چارەسەری كێشە ژینگەییەكانی بكات.
شكۆفە باسی لەوەكرد، گروپەكە سەرەتا قوتابخانەكانیان كردۆتە ئامانج، كە بەهۆی نەبونی خزمەت و دار و سەوزاییەوە، "زۆر وشك بوون و زیاتر لە بیابان دەچوون".
وردبینیی و شارەزایی پێویستە
هەڵمەتی سەوزكردنی شار؛ شارەزایی، وردبینی و هۆشیاری پێویستە، كە لە هەندێكیاندا بووە بە بەربەست و بە ماوەیەكی كەم، نەك سودی نابێت، بەڵكو بە زیان بۆ ژینگەش دەشكێتەوە.
شكۆفە كە خۆی ساڵانێكە سەرقاڵی هەڵمەتی سەوزكردنی چەند ناوچەیەكی كەركوك و گرنگیدانە بە ژینگە، دەڵێت كێشەی گەورەی بەشێك لە گروپە خۆبەخشەكان ئەوەیە؛ هەندێكجار كارەكانیان هەڵە بووە، چونكە شارەزایەكی باشیان نییە چ جۆرە نەمامێك لەگەڵ ئاو و هەوای ناوچەكە دەگونجێت و تەنانەت نەیانزانیوە چۆن و چەنێك چاڵ بۆ ڕواندنی دارەكان هەڵبكەنن و دارەكانیش ناتوانن ئاو هەڵمژن، بۆیە گەشە ناكات و وشكبوونەتەوە.
" دەبێت بەینی دار و نەمامەكان بەلای كەمەوە سێ مەتر دوور بن لەیەكتری و مەودا هەبێت، پێویستە گروپە خۆبەخشەكان هەماهەنگیان هەبێت لەگەڵ شارەوانی و ئەو لایەنانەی كە پەیوەستن بەژینگەوە، چونكە خۆبەخشەكان بەزۆری نازانن ماستەر پلانی شارەكە چییە و نازانن شارەوانی چ پرۆژەیەكیان هەیە و لەچ شوێنێك دار دەڕوێنن و سەوزایی لەچ شوێنێك كەمە".
جگە لە شكستی بەڵێن و هەوڵەكانی حكومەتی خۆجێبی بۆ سەوزكردنی شار، لانیكەم لە دوو دەیەی رابردوودا، بەڵام چەندین هەڵمەتی خۆبەخشی و رێكخراوەییش لە رابردوودا هەبوون و سەرباری ئەوەش داریان رواند، بێ ئەوەی سودی هەبێت و هیچ لە رێژەی سەوزایی شار بگۆڕێت.
بەڕێوەبەری شارەوانی جارێكیتر داوای هەماهەنگی دەكاتەوە، چونكە هەندێكیان بێ هەماهەنگی كاریانكردووە، "ئەمانە كێشەیان بۆ ئێمە دروستكردوە لەبەرئەوەی دار و نەمامیان لەو شوێنانە ڕواندوە، كە ئاوی نییە یا شوێنی دار نییە و ناتوانن بەردەوام دارەكان بپارێزن و ئاویان بدەن، جگە لەوەی دار و نەمامەكان بەشێوەیەكی ئەندازیاری و زانستی ناڕوێنن پێویستە ئەو دارانە لەكەركوك بڕوێنرێت كە لەگەڵ ئاووهەوای ناوچەكە بگونجێت" ئەحمەد عومەر دەڵێت شارەوانی ئەندازیاریی كشتوكاڵی هەیە بۆ پێدانی رێنمایی.
گروپی خۆبەخشی سەوزی كەركوك، هەوڵیانداوە بەردەوام رێنمایی و شێوازە زانستییەكانی رواندنی دار فێرببن، هەروەها شوێنی گونجاو هەڵبژێرن، چونكە هەر لە ناو تیمەكەدا شارەزا و ئەندازیاری كشتوكاڵی و جوتیاریش هەن.
عەباس مەجید وتی "بەردەوامیمان لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری ژینگەییدایە، چونكە گرفتی گەورەمان ئەوەیە زۆرجار هاوڵاتیان هاوكارنین، بڕوایان بە ژینگە و سەوزایی نییە"، جگە لەوەی پێشیوایە نەبونی رێکا، پارە و نەبونی رێكاری توند بۆ بڕینەوەی دار، لە كێشەكانی دیكەن.
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ـەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.