كاتێك هاوینی ئەمساڵ پلەی گەرمی لە دەرەوەی خانوەكەی عەدنان عەبدولڕەحمان دەگەیشتە 47 پلەی سیلیزی، لەناوەوە تەنیا 25 پلە بوو، خێزانەكەی عەدنان تەنیا بە بەكارهێنانی وزەیەكی كەم بۆ فێنككردنەوە دەیانتوانی ژیان بگوزەرێنن.
عەدنان كە پڕۆفیسۆری زمانی فارسییە لە زانكۆی سلێمانی، لەسەدا 65ی خانووەكەی بە سیستمی پاسیڤ هاوس دروستكردووە، سیستمێك تێچوی زۆرترە، بەڵام دۆستی ژینگەیە و دژی بەكارهێنانی وزەی زۆرە بۆ گەرمككردنەوە و ساردكردنەوە.
پاسیڤ هاوس، ستانداردێکی نیودەوڵەتییە بۆ دروستکردن و بونیادنانی خانو و باڵەخانەكان بەکاردێت، بەپێی كۆمپانیاكان و شارەزایان بڕی بەکارهێنانی وزە تێیدا لەسەدا 90 كەمترە بەراورد بە خانوی ئاسایی.
لە عیراق بەكارهێنانی سوتەمەنی لەوانەش نەوت سەرچاوەی سەرەكییە بۆ گەرمكردنەوەی خانو و بیناكان، بەشێوەیەكی گشتی، هەر خێزانێك لە وەرزی سەرمادا لە نێوان دوو بۆ هەشت بەرمیل نەوت بەكاردەهێنن، ئەوەش تێچوی لە نێوان 300 هەزار بۆ میلۆنێك دینارە، جگەلەوەی سەرچاوەی سەرەكی پیسكردنی هەوایە.
هاوڵاتیانی عیراق لەپاڵ نەوت و غازدا، وزەیەكی زۆرتری كارەبا هەر بۆ هەمان مەبەستی گەرمكردنەوە یان فێنككردنەوە بەكاردەهێنن.
عەدنان عەبدولڕەحمان، كە تەنیا سەقفی خانووەكەی و رووی دەرەوەی بە سیستمی پاسیڤ هاوس دروستكردووە، وتی "لە بەكارهێنانی حەوت بەرمیل نەوتەوە هاتومەتە سەر بەرمیلێک".
"پارێزەری وزە و دۆستی ژینگە"
پاسیڤ هاوس، تەنیا بریتی نییە لە بابەتی سەرما و گەرما، بەڵكو رێگریی دەكات لە پیسكردن بە ژاوەژاو لەناو ماڵدا، هەروەها هەوای ناو خانووەكەش دەپاڵێوێت لەڕێی دانانی فیلتەرەوە، واشدەكات بیناكە بەشێك نەبێت لە گەرمكردنی سیستمی ژینگە، بە پێچەوانەی خانووە باوەکانەوە، بەپێی وتەی ئەندازیار موسلیم محەمەد.
موسلیم گەنجێکی شاری هەڵەبجەیە، لە ساڵی 2018دا، بڕوانامەی لە سیستمی پاسیڤ هاوس لە ئەڵمانیا بەدەستهێناوە و ئێستا لە هەرێمی كوردستان لەو چوارچێوەیەدا كاردەكات، وتی "سیستمەكە پارێزەری وزە و دۆستی ژینگەیە".
سیستمەكە پارێزەری وزە و دۆستی ژینگەیە
ئەو ئەندازیارە دەڵێت بە زانستی سەلمێنراوە پاسیڤ هاوس لەسەدا 90ی بڕی بەکارهێنانی وزە کەمدەكاتەوە، "چونكە نە هاوینان ساردكەرەوەت پێویست دەبێت، نە زستان... هەوایەكی سروشتی لە خانوەکاندا هەیە لە هەوای پیس دورە".
"ئەگەر لە زستاندا پلەی گەرمی 10 پلەی سیلیزیی ژێر سفر بێت، ئەوا هەوای ناو خانووەکە 25 پلەی سیلیزیی دەبێت و پێویستت بە هیتەر، سۆپا و نەوت نابێت"، موسلیم محەمەد زیاتر وتی "هەر بینایەکی پاسیڤ هاوس تەمەنی لە خانوی ئاسایی زیاترە".
بەگشتی هاوڵاتیانی عیراق و هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2019وە ئاشنابون بە سیستمی پاسیڤ هاوس، بەڵام بەگشتی هێشتا تەنیا چینی دەوڵەمەند روو لەو سیستمە دەكەن.
سیستمەكە بریتییە لە بەكارهێنانی هەندێك ماددەی تایبەت كە بەشێوەی عەزل و بەپێی وەرز كاریگەریی لەسەر راگرتنی پلەی گەرمیی ناوەوەی خانووەكە هەیە.
"پاسیڤ هاوس لە بنەڕەتدا بۆ خزمەتکردنی ژینگەیە، چونكە پێش بونی خانوی پاسیڤ هاوس باڵەخانەکان وزەیەکی زۆر زۆریان بەکاردەهێنا و گازی زیانبەخش دەچونە بەرگەهەوای زەوییەوە، ئەوەش هۆکار بوو بۆ گەرمبونی زەوی و كاریگەریی لەسەر ئاووهەوا"، موسلیم محەمەد زیاتر وتی "ئەم سیستمە ئەو گازە زیانبەخشانەی وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و گازەکانی تر کە لە رێی بیناکانەوە دەچنە بەرگە هەوای زەوییەوە، كەمدەكاتەوە".
ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەمریکا - کە زۆرێک لە وڵاتان ستاندارد و یاساکانی پیسبوونی هەوای وڵاتەکانیان لەسەر ئەوان دادەنێن -، پێوانەیان بۆ شەش پیسکەرە سەرەکییەکەی هەوا داناوە ئەگەر لەو رێژەیە تێپەڕی ئەوا کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت.
پیسکەرەکان بریتین لە گراوند ئۆزۆن، تەنۆلکەی هەڵواسراوی هەوا، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و قوڕقوشم.
بەپێی راپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش، کەرتی بیناسازی بەشدارییەکی بەرچاوی لە گۆڕانی ئاووهەوای جیهاندا هەیە و نزیکەی لەسەدا 21ی دەردانی گازە گەرمخایەنەكانی جیهان پێکدەهێنێت.
سان ساراڤان، ئەندامێکى دەستەی داکۆکی لە سروشت و موڵكی سلێمانی، دەڵێت "گرنگی ئەو جۆرە دەستپێشخەرییانە (پاسیڤ هاوس)، لەوەدایە هەسارەکەمان روبەڕوی گازە گەرمەکان بۆتەوە، کە بونەتە هۆکاری گەرمبونی گۆی زەوی... ئێمە ئاگادارین شارەکان روبەڕوی فراوانبونێکی هەڕەمەکی بونەتەوە، کە هیچ پێوەرێکی ژینگەدۆستی و ژینگەپارێزییان تێدانییە".
ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بۆچونی یەریڤان شاسوار، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە کواڵیتیی هەوا کە دەڵێت "كواڵیتی هەوای هەرێمی کوردستان ئەگەر لە 10 ساڵی رابردوودا باش بووبێت، ئێستا باش نییە و زۆربەی پیسکەرەکان ستانداردیان تێەڕاندووە".
پیسبونی ژینگە و ئاووهەواش، بەپێی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، یەكێكە لە هۆكارەكانی توشبوون بە شێرپەنجە، كە تەنیا لە ساڵی 2023دا نۆ هەزار و 911 حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون و دەركەوتووە شێرپەنجەی سییەكان دووەم بەرزترین جۆری شێرپەنجەیە.
ئەندازیار موسلیم محەمەد، وتی "یەکێک لە پرەنسیپە هەرە سەرەکییەکانی پاسیڤ هاوس، سیستمی هەوا گۆڕکێیەکی سروشتییە... هەوای پاکی سروشتی لە دەرەوە دەهێنێتە ناو ماڵەکە و بەفلتەردا تێپەڕدەبێت، ئەوەش وادەكات نەهێڵێت هەوای پیس بچێتەژورەوە... جگەلەوەش سیستمەكە رێژەی شێ لە خانوەکەدا رادەگرێت".
عەدنان عەبدولڕەحمان كە خانووەكەی بەو سیستمە دروستكردووە جەختی لە هەمان شت كردەوە، "شێ و تەڕەشوعی نییە، هەوای پاك هەڵدەمژین".
قازانجی دورمەودا
بەپێی وتەی عەدنان عەبدولڕەحمان، كە خانوی پاسیڤ هاوسی هەیە، "سیستمەكە لە خانوی ئاسایی کەمێک پارەی زیاتری دەوێت، بەڵام بە تێپەڕبونی كات چەند قاتی ئەو پارەیەت بۆ دەگەڕێتەوە... لە بەكارهێنانی شەش بەرمیل نەتەوە هاتومەتە سەر یەك بەرمیل نەوت".
بەگشتی، ئەگەر خانویەك بە سیستمی پاسیڤ هاوس دروستبكەیت، نزیكەی لە نێوان سەدا 5 بۆ لەسەدا 20 پارەی زیاترت پێویستە بەرامبەر بە خانویەكی باو، ئەوەش بەپێی كواڵیتی ئەو مەودانە دەگۆڕێت كە كۆمپانیاكان بۆت دادەنێن.
موسلیم وتی كە چەند ماەدەیەکی جیاواز هەن و بەپێی كواڵیتی نرخەكەشی دەگۆڕێت.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەڵێت ئەوە لەپاڵ رزگاربون لە بەكارهێنانی كارەبا بۆ فێنكردنەوە و بەكارهێنانی ئاو بۆ ئەو مەبەستە لە وەرزی هاویندا، "لە نزیكەی ملیۆنێك دینار بۆ هەر وەرزێكی زستان هاتومەتە سەر كەمتر لە 300 هەزار دینار".
زیاتر وتی "ئەگەر هەموو خانووەكەم پاسیڤ بوایە، ئەوە هەموو پارەكەم بۆ دەگەڕایەوە، چونكە من لەسەدا 65ی خانووەكەم كردووە بە پاسیڤ هاوس"، زیاتر وتی "ئەم هاوینە بەردەوام پلەی گەرمی ناو خانووەكەم 25 پلە بوو، پێوستم بە وزەیەکی زۆر کەم بووە بۆ فێنکردنەوە".
مستەفا جومعە، وتەبێژی ژینگەی سلێمانی، دەڵێت خانوی پاسیڤ هاوس هێشتا ژمارەکەی لە هەرێمی كوردستان زۆر كەمە، "بەڵام سەرەتایەكی گرنگە بۆ ژینگە، چونكە کەمتریین وزە بەفیڕۆدەدات و فێنکردنەوە و گەرمکردنەوە دابیندەکات".
هەر بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ساڵی 2022دا بیناكان بەرپرسیاربون لە داواكاریی سەدا 34ی وزەی جیهانی و لەسەدا 37ی دەردانی دووەم ئۆكسجینی كاربۆن، ئەوەش پەیوەندی بە بەکارهێنانی وزە و پیشەسازییەوە بووە.
وتەبێژی ژینگەی سلێمانی وتی "پاسیڤ هاوس دەتوانێت پەیوەندییەکی تایبەت دروستبکات لەگەڵ ژینگەی دەوروبەری، خۆی بگونجێنێت لەگەڵ گەرمی و ساردی دۆخەکە".
وتیشی كە ئەو خانوەی سیستمی پاسیڤ هاوس-ی هەیە "گەرمی ناوەوەی لە زستاندا ناچێتە دەرەوە و لە ژورەوە دەمێنێتەوە، واتە دوبارە گەرماکەی ناو خانووەكە بەكاردەهێنێتەوە، ئەوەش لەڕێی سیستمێکی هەوا گۆڕکێی تایبەتەوە، هەروەها گەرمی لە خۆرەوە وەردەگرێت و دەیداتە ناوەوەی خانووەكە".
شارەوانی سلێمانی، دوای هەفتەیەك چاوەڕوانی و تا تەواوبونی ئەم کارە رۆژنامەوانییە، هیچ لێدوانێكیان نەدا دەربارەی ئەوەی ئایا هیچ رێنماییەكیان بۆ دروستكردنی خانوی پاسیف هاوس هەیە یاخود نا.
عەدنان عەبدولڕەحمان، دەڵێت "لەوكاتەوەی خانووەكەم بە پاسیڤ هاوس دروستكردووە، گرنگی زیاتر بە پرسی ژینگە دەدەم".
گرانی و نەبونی زانیاریی
یەكێك لە بەربەستەكانی بەردەم سیستمی پاسیڤ هاوس ئەوەیە تێچوی زیاترە لە دروستكردنی خانویەكی باو، لەكاتێكدا لەم چەند ساڵەی دواییدا لە هەرێمی كوردستان گرفتی دابەشكردنی موچەی حكومەت هەیە لەكاتی خۆیدا، فەرمانبەرانی هەرێم لە ساڵی 2014ەوە سەروو 20 موچەیان وەرنەگرتووە.
كارمەندێكی كۆمپانیایەكی سیستمی پاسیڤ هاوس لە سلێمانی، وتی "ئەگەر دروستكردنی خانوویەكی باو 100 مەتر 20 هەزار دۆلاری تێبچێت، ئەوا بە سیستمی پاسیڤ هاوس تێچووەكەی دەبێتە 25 هەزار دۆلار".
هاوكات وتەبێژی ژینگەی سلێمانی وتی كە بەپێی بەدواداچونی ئەوان تێچوی پاسیڤ هاوس لەسەدا 5 بۆ لەسەدا 20 زیاترە لە دروستكردنی خانوویەكی ئاسایی لە هەمان روبەردا، "ئەمەش بەپێی جۆری مادەکان و دیزاینەكەی".
گرفتێكی تر ئەوەیە خەڵكی شارەزایەكی زۆر كەمیان هەیە لەو جۆرە دەستپێشخەرییە و هۆشیارییان پێنەدراوە لەوەی گرنگی چییە و چۆنە.
هێرش عەبدوڵا، فەرمانبەرێكی حكومەت كە لە گەڕەكی قولەڕەیسی سلێمانی سەرقاڵی دروستكردنی خانووە، وتی "هیچ شتێك لەبارەی ئەو سیستمە نازانم، لە ئێوەوەی دەبیستم"، دوای ئەوەی بۆی رونكرایەوە، وتی "ئەگەر وابێت پارەی دەوێت، لەمكاتەدا بۆ من قورسە، من هێشتا پارەی تەواوم پێ نییە بۆ دروستكردنی خانووەكەم".
سان ساراڤان، وتی "تەنانەت لەسەر گۆڕانکارییە ژینگییەكانیش هۆشیاریی نییە، میدیاش لەو پرسەدا كەمتەرخەمی هەبووە لە گواستنەوەی زانیارییەکان... نەبوونی موچە و داهاتی باش هۆکارن بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیاریی ژینگەیی نەبێت و هەنگاو نەنێت لەو جۆرە دەستپێشخەرییانە".