دەنگى بەگەڕخستنى تۆڕباینێكی ئاو لە روباری خابور لەڕێی تەوژمى ئاو و سوڕانى پەڕەکانى چەرخەکە، هەموو ترس و دڵەڕاوکێی تیمێكی 30 كەسی رەواندەوە كە نزیكەی ساڵێكە كاری تیادەكەن، دەنگێک پەیامی داهاتوى وزەى پاکی لە هەرێمى کوردستان گەیاند.
تۆڕباینەكە ئەیلولی رابردوو لە روبارەكەدا جێگیركرا، بیرۆكەكەی لە دەستپێشخەرییەكی سەعید باپیر (47ساڵ)ەوە سەرچاوەی گرتبوو، ئەو پێنج ساڵ كارەبای گوندێكی لە وزەی پاك بەرهەمهێناوە، ئێستا بۆ گەیشتن بە قۆناغێكی باشتر هەنگاودەنێت و پشتیوانی پەیمانگەی داهێنان و نوێگەریی کوردستان (KII)ی بەدەستهێناوە.
سەعید باپیر كە لە بنەڕەتدا پیشەی تۆڕنەچییە، لە ساڵی 2005 تا 2010 توانی 30 ئەمپێر كارەبا بۆ گوندى باڤا سەر بە شارەدێی مانگێشک کە 52 کیلۆمەتر لە قەزای سێمیل و 32 کیلۆمەتر لە شارى دهۆکەوە دورە دابین بكات.
گوندەكە ئەوكات پێنج ماڵ بون، ئەو 30 ئەمپێرە بەس بون بۆ ئەوەی بتوانن ماڵەكانیان روناك بكەنەوە و پێداویستییە كارەباییەكان بەكاربهێنن، ئەوەش بە سودوەرگرتن لە ئاوی روبار لەڕێی چەرخێکى خولاوەى سادە، بەبێ دوكەڵ و پیسكردنی ژینگە و بەكارهێنانی سوتەمەنی.
ئەو سەركەوتنە پێنج ساڵییە بەس بوە بۆ ئەوەی سەعید باپیر بیر لە دەستپێشخەریی تر بكاتەوە لەڕێی سودبینین لە وزەی پاك بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، لەكاتێكدا لە هەرێمی کوردستان هێشتا بۆ دەستكەوتنی بەشێك لە وزەی كارەبا سود لە گاز و نەوتی رەش دەبینرێت كە سەرچاوەی سەرەكی پیسبونی هەوایە.
جیاوازی دەستپێشخەرییەكە، ئەوەیە بە توانای ناوخۆیی بەرهەمهێنراوە، تێچوی هەرزانترە وەك ئەوەی لە دەرەوە هاوردەبكرێت، لە شوێنێكی ئاوی كەمدا توانای بەرهەمهێنانی كارەبای هەیە، لەگەڵئەوەشدا پەروانەكانی بەخێرایی ناجوڵێن بۆ ئەوەی ماسی و زیندەوەرە ئاوییەكانی تر زیانیان پێنەگات، ئەوەش بەو مانایەی دژە سروشت نییە.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژى وەزارەتى کارەبای حکومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت ژێرخانى بەرهەمهێنانى کارەبا نزیکەى 7500 مێگاواتە، بەڵام بەهۆى نەبونى سوتەمەنى پێویست تەنیا لە سەدا 60ی ئەم وزەیە لەکاردایە، بەو مانایەی تەنیا 4200 بۆ 4500 مێگاوات بەرهەمدەهێنرێت، ئەوەش لە باشترین دۆخى بەکارهێنانى هەموو جۆرەکانى سوتەمەنىیدا.
خەونەكەی سەعید چرۆدەكات
لە ساڵی 2022دا. سەعید باپیر لەڕێی ئۆنلاینەوە بەشداریدەکات لە دەستپێشخەرییەكی پەیمانگەی داهێنان و نوێگەری کوردستان (KII)، پەیمانگەكە كە تایبەتە بە پەرەپێدانی داهێنان و پاڵپشتی توێژەران و خاوەنکاران لە هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی دەستپێشخەریی جۆراوجۆری راگەیاند، ئەوەش بووە دەرفەتێك تا سەعید بە خەونەكەی بگات.
سەعید لەوێ بیرۆكەی بەرهەمهێنانى کارەبای لەڕێی ئاوى روبارەوە پێشكەشكرد، كە بریتییە لە دروستكردنی چەرخێکى خولاوە لەناو ئاودا، بیرۆكەكە هەر ئەوكات قبوڵكرا.
پەیمانگەی داهێنان و نوێگەری کوردستان ئەرکی هاندانی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای نوێ و رەوتی بازرگانی و بەشداریکردن لە ئابوورییەکی بەردەوام و پێشبینیکراودایە.
شەریف ئەحمەد، بەرێوەبەرى بەشى پەیوەندییەکانی پەیمانگەكە، وتی "پێشکەشکردنی راهێنان، تۆڕی پیشەیی، پاڵپشتى دارایی، ئەم خزمەتگوزارییانە لەبەردەستی داهێنەراندان لە سەرانسەری کەرتە جیاوازەکاندا، لەوانە وزەی نوێبووەوە، تەندروستی، گواستنەوە، مۆدە، ئایتی".
تائێستا پەیمانگاکە "نزیکەی 450 بیرۆکەی داهێنەرانەی لە داهێنەران و خاوەن پڕۆژەکانەوە وەرگرتووە، لەگەڵ وەرگرتنى 28 پڕۆژە کە لە قۆناغی پەرەپێداندان"، بەوتەی شەریف.
دەستپێشخەرییەكانیش لە بوارەکانی تەندروستی، ئایتی و کشتوکاڵ دەگرێتەوە، هاوكات چەند پڕۆژەیەکى ترى ژینگەیی لە ئێستادا لەلایەن پەیمانگاکە کارى لەسەر دەکرێت.
چەرخێکى ئاویى خولاوە بیرۆکەى سەعید باپیر بوو، وەك شەریف ئەحمەد جەختیكردەوە "بیرۆكەكە بۆ بەرهەمهێنانى کارەبایە لەڕێى ئاوى روبارەوە، ئێمە بە هاوکاریى تیمێکى نزیک 20 بۆ 30 كەسی لە ئەندازیار و کەسانى تەکنیکى و شارەزایانى بوارەکە و مامۆستایانى زانکۆکانى دهۆک و زاخۆ و زانکۆى جیهان و زانکۆى ئەمریکى لە دهۆک، توانمان بیرۆکەکە لە ماوەى 10 بۆ 11 مانگ بكەین بە تۆڕباینی چەرخى ئەرخەمیدس كە تەکنەلۆژیایەکى بوارى بەرهەمهێنانى وزەیە لە ڕێى سەرچاوەکانى ئاوەوە".
ئەو تۆرباینەی بەرهەمهێنراوە (چەرخى ئەرخەمیدس)، بە شەش مەتر درێژى و تیرەى 2 مەترە، لەو جۆرەیە تۆڕباینەیە كە تاکە نمونەیە لەسەر ئاستى ناوچەکە دەتوانرێت لە سەرچاوەیەکى ئاویى بە قوڵى نزیک یەك مەتر بۆ 10 مەتر کارەبا بەرهەمبهێنێت.
شەریف وتی "گرنگیدانی پەیمانگەکە بە کەرتەکانی وەک وزەی نوێبوەوە ئاماژەیە بۆ پابەندبون بە دەستپێشخەرییەکانی دۆستی ژینگە".
هۆگر سەلیم، بەڕێوەبەرى بەشى تەکنیک لە پەیمانگەی داهێنان و نوێگەریی کوردستان، وتی "ئەم جۆرە تۆڕباینە هیچ کاریگەرییەکى لەسەر ژیانى ماسیەکان نییە لە نێو سەرچاوە ئاوییەکە، دەتوانن بە ئاسانى لە نێو پەڕەکانى هاتوچۆ بکەن بەهۆى ئەوەى چەرخەکە زۆر خێرا نییە"، ئەمەش وەك ئاماژەیەكی تر بۆ دۆستی ژینگە.
د. شوان جەودەت بەرزنجى، مامۆستاى زانکۆ و پسپۆر لە بوارى ئەندازیارى و سەرچاوەکانى ئاو و ژینگە وتی "وزەى کارۆئاوىی لە هەندێک باردا هۆکارە بۆ رێگریکردن لە کۆچکردنى ماسى، تێکدانى گژوگیا و زیان گەیاندن بە ئاژەڵە نێوخۆییەکانى ناوچەکە".
هەرێمی كوردستان بۆ دەستپێشخەرییەكە گونجاوە
هەرێمى کوردستان خاوەنى 26 بەنداوی گەورە و بچوكە، بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان، هەروەها لە وەرزی زستاندا بڕی پێویست بەفر و باران بۆ پڕبونی بەنداوەكان دەبارێت، ئەوەش بەپێی شارەزایان گونجاوە بۆ دانانی ئەو جۆرە تۆرباینانە.
لە ئێستادا، بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا، هەرێم تەنیا سود لە هەردوو بەنداوى دوکان و دەربەندیخان دەبینێت لەڕێی كارۆ ئاوییەوە.
رەحمان خانى بەڕێوەبەرى گشتى بەنداوەکان وتى "لە بەنداوى دوکان 400 مێگاوات کارەبا لە کاتژمێرێکدا و لە بەنداوى دەربەندیخان 249 مێگاوات کارەبا لە کاتژمێرێکدا بەرهەمدەهێندرێت". بەكۆی گشتی هەردوو بەنداوەکە تواناى دابینکردنى تەنها لەسەدا 24ى كۆی كارەبای هەرێمی هەیە لە وزەی پاك.
بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، کەرتی وزە نزیکەی سێ لەسەر چواری کۆی گشتی دەردانی کاربۆنی عیراق پێکدەهێنێت، کە زیاترە لەسەدا 60.
هەروەها لەسەدا 98ی کارەبای عیراق لە سوتەمەنی بەرهەمدەهێنرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە لەسەر ئاستی جیهان بۆ ساڵی 2023، خەڵوز لەسەدا 35ی کارەبای جیهانی دابینکردووە بە بەرهەمهێنانی 10.434 تێراوات كارەبا لە كاتژمێرێكدا.
گازی سروشتی بە پشکی لەسەدا 23 و بەرهەمهێنانی 6.634 تێراوات لە پلەی دووەمدا دێت. ئەم سەرچاوانە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان دادەنرێن بۆ پیسبونى ژینگە و بڵاوبونەوەى نەخۆشى.
لەهەمانکاتدا، وزەی کارۆئاوی وەک سەرەکیترین سەرچاوەی وزەی نوێ لە جیهان پشتى پێدەبەسترێت کە بەشدارە لەسەدا 24.3ی بەرهەمهێنانی کارەبای جیهان و یەکسانە بە 4.210 تێراوات لە کاتژمێرێکدا، ئەوەش هەر بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژى وەزارەتى کارەبای حکومەتى هەرێمى کوردستان جەختیكردەوە لەوەی لە هەرێم وێستگەى کارۆئاوىی دێرەلوک لە پارێزگای دهۆك تواناى بەرهەمهێنانى 38 مێگاوات کارەباى هەیە، "ئەم وێستگەیە ساڵانە پشت دەبەستێت بە بونى ئاو لە روبارەکە بۆیە رێژەى بەهەمهێنانى کارەبا تیایدا ناجێگیرە".
ئومێد ئەحمەد، سەبارەت بە دەستپێشخەرییەكەی سەعید باپیر و پەیمانگەی داهێنان و نوێگەری کوردستان بۆ بەرهەمهێنانى وزەی پاک، وتى "ئێمە تائێستا ئاگاداریى هەوڵەکانیان نین، بەڵام ئەگەر بکرێت بە تەواوى بەگەڕیبخەن پێویستى بەوەیە هەماهەنگى بکەن لەگەڵ وەزارەت لەسەر بنەماى زانستى".
گەشتى تۆڕباینەکە لە هەولێرەوە بۆ زاخۆ
گەشتی بیرۆکەکەى سەعید دواى 10 ساڵ لە کارە تاکەکەسییەکەى، بوو بە داهێنانی گروپێكی ناوخۆیی کە بە کاتێکى کەم و تێچویەکى کەمتر لەو بڕەى پێوسیتە بۆئەوەی تۆڕباینێک لە دەرەوەى وڵات هاوردە بکرێت بەرهەمهات، وەك ئەندامانی پەیمانگەكە جەختیلێدەكەنەوە.
روبارى خابور لە زاخۆ بۆ دانانى یەکەم نمونەى چەرخە بەرهەمهێنراوەکەى پەیمانگەى داهێنان و نوێگەری کوردستان (KII) هەڵبژێردرا، "چونكە ئەو شوێنەى کە تۆڕباینەکەى لێدانرا ئامادەبوو، بۆیە تۆڕباینەکەمان گواستەوە بۆ زاخۆ"، شەریف وا دەڵێت.
تۆڕباینە هایدرۆپاوەرکە لە ئێستادا وەک نمونەیەکى تاقیکاریی لە روبارى خابوردا دانراوە.
دانانى تۆڕباینەکە کار و توانایەکى زۆرى پێویست بوو، ترسى سەرنەگرتنى بە روخسارى یەکە بەیەکەى ئەوانەوە دیار بوو کاتێک هەوڵیاندەدا بە هەموو توانایەکیان تۆڕباینەکە لە نێو ئاوى رووبارەکە جێگیر بکەن.
دواى چەندین کاتژمێر کارکردن، دواتر دەنگى بەگەڕخستنى تۆڕباینەکە لە رێگەى تەوژمى ئاوەکە و سوڕانى پەڕەکانى چەرخەکە هەموو ئەو ترس و دڵەڕاوکێیانەى ڕەواندەوە.
شەریف "دەنگى کەوتنەکارى تۆڕباینەکە، سەرەتایەکە بۆ بەرهەمهێنانى وزەى پاک لە کوردستان".
بە وتەی هۆگر سەلیم، لێپرسراوی بەشى تەکنیکى لە (KII)، "تۆڕباینە هایدرۆپاوەرەکە پشتدەبەستێت بە رێژەى ئاو و بەرزى ئاو لەو شوێنەى کە تۆڕباینەکەى لێدانراوە و لە توانایدایە لەیەككاتدا 300 بۆ 400 ئەمپێر كارەبا بەرهەمبهێنێت".
وزەى کارۆئاوى جۆرێکە لە وزەى نوێبوەوە کە هێزى هروژمی ئاو بەکاردەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا، وزەى بەرهەمهاتوو لە ئاوى پاک باوەرپێکراوە و دەبێتە جێگرەوەیەکى گونجاو بۆ شەڕ دژى گۆڕانى ئاووهەوا.
د. شوان جەودت بەرزنجى، پسپۆڕ لە بوارى ئەندازیارى و سەرچاوەکانى ئاو و ژینگە وتی "وێستگەکانى کارەبا بەهۆی گازۆیلەوە کاریگەریى و زیانێکى گەورەیان بە ژینگە گەیاندووە، چونکە ماددە خاوەکانى وەک خەڵوز، سوتەمەنى و نەوتى خاو یان نەوتى رەش دەسوتێنرێن...سوتاندنی ئەوانەش مەترسین لەسەر تەندروستى، دەکرێت ببن بە هۆکارێک بۆ نەخۆشییەکانى دڵ، سى و شێرپەنجە".
د. شوان وتى "ئەم تۆڕباینە سودى ترى هەیە وەک کۆنترۆڵکردنى لافاو، شێوازى ئاودێرى، دابینکردنى ئاو و کەمکردنەوەى وشکەساڵى". بەشداری وزەی نوێبووەوە لە بەرهەمهێنانی کارەبای جیهان بەردەوام لە بەرزبونەوەدایە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2023دا، بڕی بەرهەمهێنان لەسەدا 30ی تێپەڕاند، ئەوەش بەهۆی زیادبونی گەشەی وزەی خۆر و با.
سودى ترى هەیە وەک کۆنترۆڵکردنى لافاو، شێوازى ئاودێرى، دابینکردنى ئاو و کەمکردنەوەى وشکەساڵى
پەیمانگاى داهێنان و نوێگەری، لە ئێستادا مەبەستیەتى ئەم پڕۆژەی تۆڕباینە هایدرۆپاوەرە بەرهەمبهێنێتەوە بە ژمارە و قەبارەى جیاواز بۆ ئەوەى بە بازاڕی بکات بەپێى ویست و خواستى بەکارهێنان.
ئێستا پەیمانگەکە کاردەکات بۆ دروستکردنى کارگەیەک، شەریف وتى "پێویستە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەگەڵمان بن". لەگەڵ ئەوەشدا وەک ئەوەی عەبدولڕەحمان خانى، بەڕێوەبەرى بەنداوەکانى هەرێم ئاماژەى پێدا "ئێمە هیچ ئاگادارى کارەکانیان نین".
بەربەستەکان رێگایەک بۆ هاندانی زیاتر
لە پڕۆسەى بەرهەمهێنانى تۆڕباینە هایدرۆپاوەرەکە چەندین بەربەست رووبەرى تیمەکە بۆتەوە، "بەربەستى سەرەکى ئەوە بوو یەکەمین جارە گروپێک لە کەسانى شارەزای ناوخۆی ئامێرێکى بەرهەمهێنانى وزە دروستبکەن"، شەریف وادەڵێت.
بەستنەوەى هەموو پارچەکان بەیەکترى یەکێکى ترە لە ئاڵنگارییەکانى بەردەم تیمەکە. بۆ زاڵبونیان بەسەر بەربەستە تەکنیکییەکان، ئەندازیارانى پڕۆژەکە پارچەى تریان بۆ تۆرباینەکە بەرهەمهێناوە.
سەعید باپیر کە خۆى بەشدارە لە دروستکردنى تۆڕباینە کەدا، وتی "بەربەستى سەرەکى بەردەم بیرۆکەکەم نەبوونى پاڵپشتى و سەرچاوەى دارایی بوو"، بەڵام ئێستا بە هاوکارىی پەیمانگەی داهێنانى کوردستان کاردەکەن بۆ ئەوەى بەربەستەکان نەهێڵن و تۆڕباینێکى هایدرۆپاوەرى پێشکەوتوو دروستبکەن.