لە ژینگەوە

هەم ژینگەپارێزی هەم بژێوی
شادان؛ خوری فڕێدراو لەگەڵ سەردەمی نوێدا دەگونجێنێت

  • 2024-12-11
هەم ژینگەپارێزی هەم بژێوی<br>شادان؛ خوری فڕێدراو  لەگەڵ سەردەمی نوێدا دەگونجێنێت
بەرهەمێكی شادان سەعید، كە لە خوری فڕێدراو دروستی كردووە. فۆتۆ: كەركوك ناو
ئاوات عومەر

لە هەموو وەرزێكی مەڕبڕینەوەدا، شادان سەعید گوندەكانی گەرمیان و ناوچە جیاوازەكانی تر تەی دەكات، ئامانجەكە بریتییە لە كۆكردنەوەی خوری مەڕەكان، شۆردنەوە و بەكارهێنانەوەی بۆ ژمارەیەك كەلوپەلی جۆراوجۆر و فرۆشتنەوەیان، شادان پێیوایە فڕێدانی دەبێتەهۆی پیسكردنی سەرچاوەكانی ئاو لە گوندەكاندا.

بەپێی پسپۆڕانی ژینگەیی، فڕێدانی خوری لەكاتێكدا دەبێتەهۆی پیسكردنی ژینگە، ئەگەر لە گوندەكاندا بخرێتە ناو سەرچاوەكانی ئاو لەوانەش كانی و روبارەكان. بەڵام ئەگەر بەشێوەی تەندروست فڕێبدرێت، بۆ نمونە ژێر خاك بكرێت، ئەوا زەوی بە پیت دەكات.

شادان بەشی سیرامیكی كۆلێژی هونەرە جوانەكانی تەواوكردووە، خەڵكی قەزای كفرییە لە ئیدارەی گەرمیان، بەڵام نیشتەجێی شاری سلێمانییە، ساڵانە لە مانگی ئایاردا كە وەرزی مەڕبڕینەوەیە - لێكردنەوەی خوری مەڕ-، سەردانی گوندەكان دەكات بۆ كۆكردنەوەی خوری.

"هەر لە منداڵییەوە بەرکەوتنی راستەوخۆم هەبووە لەگەڵ خوری، بۆیە بە پێویستمزانی ئەم کەرەستە سروشتییە بخەمە خزمەت کارە هونەرییەکانم"، شادان لەسەر بیرۆكەكەی وایوت.

ئەو بە هاوكاریی هاوسەرەكەی كارەكە دەكات، كە ئەویش لە بواری هونەری وێنەكێشاندا بەتوانایە، بۆ ئەوەش لە ماڵەكەی خۆیاندا، ژورێكی تایبەتیان بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكردووە.

شادان سەرەتا خورییەکان لەلادێیەكان كۆدەكاتەوە، پاشان دەیشواتەوە و لەبەر هەتاو دایاندەنێت بۆ ئەوەی وشك ببنەوە، دواتر شییان دەكاتەوە و بەمشێوەیە ئامادە دەبێت دروستكردنی لباد.

ئایاری رابردوو خوری 16 مەڕی كۆكردۆتەوە و بەرلەوەی ئاژەڵدارەكان فڕێی بدەن.

شادان وتی "دوای ئەوەی دەیانكەم بە لباد، دیزانی بۆ دادەنێم، بەگشتی لەسەر دیزانەكە كاردەكەم، بۆ دروستکردنی هەر کەرەستەیەک و بۆ ئەوەی بزانم چەند كاتم پێویستە دەگەڕێمەوە سەر ئەوەی ئەو كەرەستەیە چییە و قەبارەكەی دەبێت چۆن بێت، جا ئەو كەرەستەیە جزدان بێت یان جانتا و كەلوپەلی تر"، كارەكەی تێكەڵەیەكە لە هونەری، ژینگەپارێزی و پەیداكردنی بژێوی ژیان.

بۆ ئەوەی بازاڕ بۆ خۆی پەیدابكات، شادان تەركیزی لای ئەوەیە كۆمەڵگە لە ئێستادا چی پێویستە و چی بەكاردەهێنێت، بۆ نمونە زۆرینەی خەڵك ئێستا مۆبایل و ئایپات بەكاردەهێنن، بۆیە شادان بیری لەوە كردۆتەوە لە خوری بەرگی ئەو ئامێرانە دروستبكات.

ئەوەی ئەو شانازی پێوەدەكات ئەوەیە خوری خۆماڵی بەكاردەهێنێت، دەیەوێت بڵێت لە كەرەستەی ناوخۆیی بەرهەمی نوێ دروستدەكات كە دۆستی ژینگەیە.

xwree
نمونەی بەرهەمێكی شادان سەعید، كە لە خوری فڕێدراو دروستی كردووە. فۆتۆ: كەركوك ناو

"ئامانجی كارەكەم سێ مەبەستی سەرەكییە، ژینگە بپارێزم، كلتورێك زیندوبكەمەوە و بژێوی ژیان پەیدا بكەم"، شادان زیاتر وتی "كارەكە ئاسان نییە، بڕین و پاککردنەوەی خوری ماندوێتی دەوێت، هەر بۆیە دەبینین ئەم كلتورەی كورد بۆ دروستكردنی راخەر و  پێداوبیستی تر بەرەو نەمان دەچێت... سوپاس بۆ هاوسەرەکەم، چونكە زۆر هاوکارمە و بەیەکەوە کارەکە دەكەین".

هاوسەرەكەی شادان، جگە لە كاری هونەریی، خاوەنی بەرنامەیەكی ژینگەییە لە كەناڵێكی ئاسمانی، كە ئامانجەكەی زیاتر هۆشیاركردنەوەی ژینگەیە.

ئەوان لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەرهەمەكان نمایش دەكەن و هەر لەوێوە كڕیاران داوای دەكەن.

ئارینا مەریوان، خوێندكارێكی زانكۆی كەركوكە و یەكێكە لە كڕیارەكانی شادان، وتی "من لە سۆسیال میدیا بەرهەمەكانم بینی، سەرنجی راكێشام، جانتایەكم كڕی، لە دوای منیش هاوڕێیەكانم داوایانكرد".

ئارینا وتی "نرخەكان گونجاون، كارەكە جیاوازە، بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی حەز بە ستایلی جوان و كلاسیك دەكەن".

بەكارهێنانەوەی خوری شتێكی تازە نییە، لە دێرزەمانەوە بەكارهێنراوەتەوە بۆ راخەر، دۆشەك و سەرین و چەند پێداویستییەكی تر، بەڵام كارەكەی شادان زیاتر گونجاندنە لەگەڵ پێداویستییەكانی ئەم سەردەمە.

رەحمان محەمەد لە یەکێک لە دێهاتەکانی سنوری گەرمیان ئاژەڵدارە، جەختیكردەوە لەوەی ئێستاش بەشێك لە خورییەكان بۆ هەمان مەبەست (راخەر و دۆشەك) بەكاردەهێنن، بەڵام بەشێكی تری دەفرۆشن.

"كڕیارەكانمان خورییەكە لەكاری دەستیدا بەكاردەهێننەوە، دڵخۆشین جگە لە ئێمە كەسانێك هەن لە خوریدا شتی تر دروستدەكەن، هەم بژێوی ژیان پەیدا دەكەن، هەم كلتوری بەكارهێنانی خوری دەپارێزن".

دڵخۆشین جگە لە ئێمە كەسانێك هەن لە خوریدا شتی تر دروستدەكەن، هەم بژێوی ژیان پەیدا دەكەن، هەم كلتوری بەكارهێنانی خوری دەپارێزن

بەگشتی خوری كاریگەرییەكی ئەوتۆی نییە لەسەر پیسكردنی ژینگە، ئەگەر بەشێوەیەكی دروست و لە شوێنی گونجاو فڕێبدرێت یان بنێژرێت، بەڵام هەندێك كات دەبێتەهۆی پیسكردنی سەرچاوەكانی ئاو.

خالید سلێمان، توێژەر لە بواری ژینگە، وتی "دەبێت خوری یان هەر پاشماوەیەکی تری ئاژەڵ لە شوێنێکی تایبەتدا بنێژرێن، چونكە دواتر شی دەبنەوە و دەبێت بە بەشێك لە خاك و خۆراكی وردیلەكان، لەوانەش مێرووەكانی ناو خاك، ئەوەش دواجار خاكەكە بە پیت دەكات".

لەگەڵئەوەشدا وتی "ئەگەر خورییەکە فڕێبدرێتە ناو سەرچاوەكانی ئاو و کانیاوەكان، ئەوە دەبێتە هۆکاری پیسبونی ژینگە".

هەورەك شادان وتی "یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی من ئەوەیە سەرچاوەكانی ئاو پیس نەكرێن".

"بەرهەمەكانم جێی رەزامەندی ئەو كەسانەن كە لەپەیجەكەوە دەیبینین بە ناوی (لباد)، لەو رێیەوە هەوڵی بە بازاڕكردنی زیاتر دەدەم"، شادان وایوت.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT