پەری عوسمان، لە غەمی پیسبوونی شارەكەیدا بۆتە ژینگەدۆست و بە هەوڵی تاكەكەسی سەرقاڵی كۆكردنەوەی پیل و پاتری بەكارهاتووە، كە دوورنییە ببنە هۆی كارەساتی ژینگەیی و تەندروستی، ئەگەر بەرێگایەكی زانستی چارەسەر نەكرێن.
"پیل و پاتری مۆبایل، كاتژمێری ماڵ، كۆنتڕۆڵ و مۆبایل دوای بەكارهێنان و لەكاركەوتنیان فڕێی نادەین، كۆیاندەكەمەوە، رادەستی كەسی تری ناكەم، چونكە متمانەم نییە بە شێوەی زانستی لەناوببرێن" پەری وای وت، ئەو ئەندازیاری سۆفتوێرە (بەرنامەسازی كۆمپیوتەر)، دەڵێت ئامانجی كارەكەی تەنیا پاراستنی ژینگەیە، بۆ ئەوەش، لە ماڵی خۆیەوە دەستیپێكردووە.
ئەوانەی پیل و پاتری كۆدەكەنەوە، تەنیا كەسێك و دوان نین، تادێت ژمارەكە زیاتر هەڵدەكشێت، هەموشیان تەنیا لە غەمی خاك و ژینگەدان، نەك قازانج و بەرژەوەندییەكی تاکەكەسیی.
كۆمەڵێك ماددەی قورسی مەترسیدار لە پیل و پاتریدا هەن؛ كە كاریگەری نەرێنی و كارەستباریان بۆ سەر ژینگە و تەندروستی مرۆڤ هەیە، لەكاتێكدا زۆرینە بەبێ چارەسەر فڕێدەدرێن، لە كاتی سوتاندندا دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا، ئەگەر بكرێن بە ژێر زەوییەوە، پێكهاتەكانی خاك و ئاوی ژێرزەوی تێكدەدەن. بەپێی هۆشدارییەكانی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان.
راپۆرتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەریدەخات؛ بڕی خاشاکی کۆکراوە لە ڕۆژێكدا بۆ هەموو هەرێمی كوردستان دەگاتە شەش هەزار و 829 تۆن. هەر زۆری پاشماوە جیناكرێتەوە، بەشێكی چارەسەری زانستی دەكرێت، ئەوانیتر یان دەسوتێنرێن یاخود دەکرێن بە ژێر خاكەوە.
تائێستا 60 كیلۆ پیلم كۆكردۆتەوە، چونكە زیانی بۆ تەندروستی هەیە و ژینگە پیسدەکەن
هەوڵی تاكەكەس لە غەمی گشتییدا
پەری عوسمان، لە سلێمانی نیشتەجێیە، 11 ساڵی رەبەقە ژینگە دەپارێزێت، بە تایبەت بە كۆكردنەوەی پیل و پاتری لەكاركەوتوو، تا تێكەڵ بە ژینگە نەبن.
"تائێستا 10 كیلۆ پیلم كۆكردۆتەوە"، سەرەتا هەر خۆی بوو، دواتر كەسی نزیكی و ئێستا هاوكارەكانیشی هانداوە هەمان كاربكەن، دوای كۆكردنەوەی پیلەكان رادەستی پەری دەكەن، ئەویش هەڵیاندەگرێتەوە، نە بە كەسی دیكەی دەدات نە دەیفرۆشێت، دەیەوێت دڵنیابێتەوە لە چارەسەركردنی و جارێكیتر تێكەڵ بە ژینگە نەكرێنەوە.
پەری وتی "هەر كەسێكیش كە پیل كۆدەكاتەوە و نازانێت چی لێبكات، دەتوانێت بە منی بدات، منیش دەینێرم بۆ ریسایلكینی تانجەرۆ"، كاتێك زانیویەتی پیل و پاتری چەندین ماددەی زیانبەخشی تێدایە بۆ خاك، ئاو و مرۆڤ، بڕیاریداوە شەڕێكی بێدەنگ دژی پیسبوون بەهۆی پیلەوە بكات.
پاتری و پیل؛ بەشێکیان ئەوانەن بۆ یەکجار بەکاردێن، بارگاوی ناکرێنەوە و تەمەن کورتن، هەندێكیشی توانای بارگاوی کردنەوەیان هەیە، بەڵام زۆربەی پیلەکان بۆیەک جار بەکاردێن، رێژەی بەکارهێنانی پیل و پاتری زیاتربوون و سەرچاوەی وزەن بۆ چەندین ئامێری وەكو رادیۆ، كاتژمێر، كۆمپیوتەر، مۆبایل، كۆنتڕۆڵ، حاسیبە، یاری منداڵان و سەدان ئامێری دیكەی ئەلیكترۆنی.
"تائێستا 60 كیلۆ پیلم كۆكردۆتەوە، .. زیانی بۆ تەندروستی هەیە، ماددە كیمیاییەكانی دەچنە خاكەوە و ژینگە پیسدەکەن" بەوتەی محەمەد عوسمان، كە بە تەنیا نزیكەی 12 ساڵە پیل كۆدەكاتەوە، هەر پیلی ماڵی خۆیان نییە، لە هەر شوێنێكی تر پیلی بینی هەڵیدەگرێتەوە، بەوەشەوە نەوەستاوە، گەیشتووە بە هەر كەسێك باسی زیانەكانی پیلی بۆ كردوون تا فڕێی نەدەن.
بەپێی راگەیاندنی دەستەی ژینگە؛ پیسبوونی خاك بە هۆی پاشماوە ئەلیکترۆنییەکانەوە، لە نمونەی پیل و پاتری و كۆمپیتەر و مۆبایل، جۆرێكی زۆر ترسناکە، چونکه ئەو مادانەی لێی دروستکراون زۆر زیانبەخشن. لە كاتێكدایە بە تەواوی شیبوونەوەی پیل لە خاكدا 300 ساڵی دەوێت.
خێڵان محەمەد، لە شەشی ئامادەییە و كاتێك سەڵت بوو، مامۆستا باسی زیانەكانی پیلی بۆ كردوون لە خوێندنگە كە چۆن ئاو و خاك پیسدەكات، لەوكاتەوە پیل كۆدەكاتەوە كە دەمێكە پەیمانگەی تەواوكردووە و بۆتە دایكی سێ منداڵ، "بەردەوام لە كۆڵان، ماڵی خۆمان و ناوبازاڕیش پیلە لەكاركەوتووەكان كۆدەكەمەوە، منداڵەكانیشم فێركردوە پیل فڕێنەدەن و لەهەر كوێیەك بینییان هەڵیبگرنەوە".
ئەو گوێ بە لاقرتێی خەڵك نادات، ئەوانەی رەخنە لە كارەكەی دەگرن و دەیانەوێت ساردیبكەنەوە، "دەڵێن ژینگە تازە بە من و تۆ پاكنابێتەوە"، خێڵان ناتوانێت دەستەوەستان بێت، "ئامانجم ئەوەیە ژینگە وێران نەبێت، نیشتیمانێكی جوانمان هەیە و پێم حەیفە پیسیبكەین".
لە هەندێك شار، هەوڵ هەیە كۆكردنەوەی پیل بكرێت بە كاری كۆمەڵ و لە هەوڵی تاكەكەسیدا نەمێنێتەوە.
محەمەد عەبدوڵا، مامۆستای ئایینیی لە پێنجوێن، 15 ساڵە پیل و پاتری كۆدەكاتەوە، كارەكەی شوێنی خۆی گرتووە و رۆڵی لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریدا هەبووە، "لە ناو زۆربەی مزگەوت و دوكانەكاندا سەتڵی تایبەت بە كۆكردنەوەی پیل دانراوە، لە مزگەوتەكەی ئێمەدا دوجار سەتڵەكە پڕ بووە و بەتاڵمان كردۆتەوە"، ئێستا گروپێكی گەورەتر و رێكخراوی تر پیل كۆدەكەنەوە، كە مامۆستا محەمەدیش بۆتە بەشێك لەو هەوڵە.
ئەو گروپە ناوی (پێنجوێن شاری فێربوون)ـە، كە بەشێكی چالاكییەكانیان بۆ سەوزكردنی شار و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە ژینگەییەكانە.
"لە وتاری هەینی باسی زیانەكانی پیلم كردووە، هۆشیارییەكانمان كاریگەری باشی هەبوو، خەڵك تەندروستییان خراپە و دەیانەوێت لەمەترسی زیانەكانی پیل دووربكەونەوە"، وەك مامۆستا محەمەد باسیكرد هەندێ خەڵك هەن گوێ بەو بابەتە نادەن، بەڵام دواجار دەبێت هەموان خزمەتی ژینگە بكەن، "ژینگە بشێوێنین، هەر خۆمان زیاندەكەین".
پیل و پاتری بچوك دەكەمە كورەیەكی ئاگرەوە و دەیانسوتێنم، تا فڕێنەدرێنە سروشتەوە
بەرەنگاربوونەوەی كارەساتێكی ژینگەیی
محەمەد رۆژانە بە ماتۆڕێكی سێ تاییەوە، زوربەی گەڕەكەكانی سلێمانی دەگەڕێت بۆ كۆكردنەوەی نایلۆن، ئاسن، پیل و پاتری، هەموویان دەفرۆشێتەوە جگە لە پیلەكان کە كەس نایەوێت.
"ئەگەرچی یەك دیناری بۆ من تێدانییە، بەڵام هیچ نەبێت ژینگەكە دەپارێزم" محەمەد هاوكار كاسبكار و باوكی حەوت منداڵە، هاوكات ژینگەدۆستیشە، لەرێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە خەڵك هاندەدات ژینگە بپارێزن، خۆی بە كردار وادەكات، هەر كەسێك پیل كۆبكاتەوە ئەو لێی وەردەگرێت.
" لە تانجەرۆ، پیل و پاتری بچوك دەكەمە كورەیەكی ئاگرەوە و دەیانسوتێنم، تا فڕێنەدرێنە سروشتەوە، چونكە ریسایكلینی پیل نییە" دیارنییە رۆژانە چەند پیل كۆدەكاتەوە، هەندێك كەس هەیە كە دوو كیلۆ، یان پێنج یاخود سەروو 10 كیلۆ پیل و پاتری بە جارێك دەداتە محەمەد تا لە شوێنێك چارەسەریان بكات و راستەوخۆ تێكەڵ بە ژینگە نەبنەوە.
لە پیل و پاتریدا ماددە قورسەكانی وەكو قوڕقوشم، جیوە، کادمیۆم، مەنگەنیز، نیکڵ، لیپیۆم، توتیا و زیو-ـی تێدایە، هەموویان مەترسیدارن بە پلەی یەكەم بۆ تەندروستی گشتی و پاشانیش ژینگە و ئاووهەوا، بۆیە دەستەی ژینگە دەڵێت باشترین چارەسەر ئەوەیە، ریسایكڵبكرێنەوە.
ساڵح نەجیب، پڕۆفسیۆر لە زانستە ژینگەییەكان و مامۆستای زانكۆ، دەڵێت ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان دەبنە پاشماوە، تەنیا پاترییەكەی نییە، بەڵكو بەگشتی كۆمەڵێك پێكهاتەی تێدایە كە جێگەی مەترسیین بۆ مرۆڤ، ئەوەش نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، لە هەموو دونیادا بە شێوەیەكی تەندروست ریسایكڵ ناكرێنەوە.
ئەو ماددانەی لە پێكهاتەی پیل و پاتری و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكاندا هەن، "كاریگەری خراپ دەكەنە سەر ژنانی دووگیان و منداڵان، بۆ كەسی هەستیار و بەتەمەنەكانیش"، بەشێك لەو توخم و ماددانە دەچنە ئاووهەوا یان خاكەوە، لەوێوە تێكەڵ بە بەرهەمی روكی دەبن و لەوێشەوە بۆ جەستەی مرۆڤ.
ساڵح نمونەی قورقوشم دەهێنێنەوە، كار دەكاتە سەر دەماری مرۆڤ و توشی توڕەبونی دەكات، چونكە جێی كالسیۆم دەگرێت لە ناو ئێسك، یان جیوە كە لە منداڵدا هۆكارێكە بۆ نەخۆشی ئەنیمیای خوێن، هەروەها وتی، هەر یەكێك لەو ماددانە ئەگەر سنوری خۆی لە ئاووهەوا و خاكدا تێپەڕاند، ئەوە لێكەوتەی تەندروستی و مەترسیداری دەبێت.
بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، كە ساڵح نەجیب دەڵێت ساڵی 2023 بڵاوبۆتەوە، قەبارەی پاشماوەی ئامێری ئەلیكترۆنی بەشێوەیەكی بێشومار لە زیادبوندایە، تەنیا لە ساڵی 2019ـدا جیهان سەرو 53 ملیۆن تۆن لەو پاشماوەیەی هەبووە و تەنیا سەدا 17.ـی كۆكراوەتەوە بۆ ریسایكڵین.
"پێویستە خەڵك لە خراپی پیل و پاتری ئاگاداربكرێتەوە، كە چەندین نەخۆشی پێوەیە، سەرەتا پێویستمان بە پەروەردەی ژینگەییە تابتوانین لەم كارەساتانە خۆمان بپارێزین" پسپۆڕەكەی زانستی ژینگەیی وای وت.
بەكارهێنانەوە و وەبەرهێنانەوەی پاشماوەی رەق و خۆراكی یەكێكە لە رێگاكانی بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ژینگە، كە بەپێی ئامارێكی ڕێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، عیراق پێنجەم ناوچەی جیهانە بۆ دەركەوتنی كاریگەری و لێكەوتە نەرێنییەكانی گۆڕانی ئاووهەوا.
ئومێد عومەر، سەرپەرشتیاری بەشی ژینگەییە لە (پڕۆژەی پێنجوێن شاری فێربوون)، كە چالاكییەكیان هەڵمەتی كۆكردنەوەی پیلە، بۆ ئەوەش لە دوكان و مزگەوت و شوێنە گشتییەكاندا، سەتڵی و شوێنی تایبەتیان بۆ كۆكردنەوەی داناوە، جگە لە هۆشیاری و باسی زیانەكانی بۆ ژینگە و تەندروستی مرۆڤ.
"پیل لە 12 ماددە ژەهراوی پێكهاتووە، چەندین نەخۆشی پێوەیە لە نێویاندا شێرپەنجە، یەك پیلی قەڵەمی توانای پیسكردنی یەك تۆن خاكی هەیە بۆ ماوەی 50 ساڵ" ئومێد غەمی ئەوەیەتی خەڵك ئاگاداری زیانەكانی پیل نیین، تەنانەت زۆرێك لەمنداڵان دەیانخەنە دەمیانەوە و یاریان پێدەكەن.
هەڵمەتەكەیان گەشەدەكات، لە پێنجوێن دەردەچێت بەرەو سلێمانی و شارەكانی تر، "خەڵك داوایانكردووە سەبەتەیان بۆ دابنێین تا پیل كۆبكەنەوە" بەوتەی ئومێد، لە شوێنی تر دانراوە و پیلەكانیشیان پێدەگاتەوە، ئێستا سەرقاڵی وەرگرتنی شوێنێكن تا پیلەكانی تێدا کۆبکەنەوە، لە نێوان 400 بۆ 500 كیلۆ كۆكراوەتەوە، بەڵام ریسایكڵینی پیل و پاتری ئامێرە ئەلكترۆنییەكان لە هەرێمی كوردستان نییە، هەوڵێك هەیە بینێرن بۆ ئێران، یان چاوەڕێ بكەن تا لە هەرێم چارەسەری زانستی بۆ دەكرێت.
پیل لە 12 ماددە ژەهراوی پێكهاتووە، چەندین نەخۆشی پێوەیە لە نێویاندا شێرپەنجە
سندوقی بەتاڵ
شارەوانی سلێمانی ئەزمونێكی تارادەیەك تاڵی لەگەڵ كۆكردنەوەی پیل و پاتری بچوكدا هەیە، پێشتر لە هەندێك شوێن سندوقی دادەنا، بە تایبەت لە بازاڕ، بەڵام خاڵی بوون لە پیل، لەبری ئەوە خەڵك كلێنس و دەبەی ئاوو و پاشماوەی دیكەیان تێكردووە.
محەمەد عوسمان خۆی شایەتی ئەو بارودۆخە بووە، بۆیە ئێستاش كە پیلكۆدەكاتەوە، دەیەوێت دڵنیابێتەوە بە زانستی لەناودەبرێت، نە فڕێیان دەدات و نەدەیانفرۆشێت، چاوی لەوەیە ریسایكڵینی پیل بێتەئاراوە.
ئێستا خۆڵ و خاشاك سلێمانی، دوای كۆكردنەوە، لە ناوچەی تانجەرۆی باشوری خۆرئاوای سلێمانی دەچێتە گۆڕەپانی ریسایكڵینەوە، كە كارگەیەكە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە، لەوێ هەموو پاشماوەكان دەهاڕدرێت و دەکرێتەوە بە وزە و سوتەمەنیی كارپێكردنی ژمارەیەك كارگە سودی لێوەردەگیرێت.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی دەڵێت رۆژانە سەروو هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك دەبرێتە ریسایكڵینەكە، "لەوێ خوڵ و خاشاكەكان لەیەكتر جیادەكرێنەوە، ئەوەی بەكەڵكی دووبارە بەكارهێنانەوە بێت دەكرێت بەسوتەمەنی" بەڵام سەدا 75ـی خۆراكە و ئەوانیتر پلاستیك، پیل و شتی دیكەیە. ئەو وای وت.
لە سلێمانی كارگەیەكیش هەیە بۆ ریسایكڵی پاتری ئۆتۆمبێل، زیاتر لە حەوت ساڵە كاردەكەن، لە مانگێکدا سێ بۆ چوار هەزار تۆن پاتری لەکارکەوتوو ڕیسایکڵ دەكەنەوە.
بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان، پیسكردنی ژینگە و ئاووهەوا، سزای زیندانی و غەرامەی تا 200 ملیۆن دیناری بۆ دانراوە، ئەوەش بەپێی جۆر و شێوازی سەرپێچیی دەگۆڕێت.
پەری عوسمان، بەداخەوەیە كە رێگایەكی زانستی وەكو ریسایكڵکردنەوە نییە تا ژینگە لە ژەهری پیل و پاتری رزگار بكرێت، تەنانەت رێنمایی پێویستیش بۆ خەڵك نییە، بۆیە ئەویش تەنیا رێگای بەردەمی ئەوەیە ئەو سەدان پیلەی كۆیدەكاتەوە بیاننێرێت بۆ تانجەرۆ بۆ بەرهەمهێنانی وزەی دیكە، كە ئەوەش بۆ خۆی جۆرێك لە هەڕەشەی بۆ سەر ژینگە تێدایە.
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ـەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.