دانیشتووانی 36 گوند لە قەزای شێخان مانایان بۆ ژیانی گوند گەڕاندەوە، دوای ئەوەی لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەكدا پۆل پۆل بۆ گوندەكانیان گەڕانەوە و ئاوەدانیان كردنەوە. ئەو دەستپێشخەرییە بەرهەمە خۆماڵییەكانی پەرەپێدا و گوزەرانی خەڵكەكەی باشتر بوو.
عیراق بەدەست چۆڵبونی گوندەكان و كەمی بەرهەمی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت، بۆیە گەڕانەوەی دانیشتووانی 36 گوند، جارێكی تر ئومێد بەخشە بۆ گەڕانەوە بۆ كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی، لەكاتێكدا حكومەت بە تەواوی پشتی بە كەرتی نەوت بەستووە، كە زیانە ژینگەییەكانی بێشومارن.
ئەم هەڵمەتەی ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان، بۆ دوو دەیەی رابردوو دەگەڕێتەوە، لەو گوندانەی كە تێكەڵەیەكن لە موسوڵمان و ئێزیدی لە سنوری ناحیەی زێلكان لە قەزای شێخان. گوندەكان دەكەونە زنجیرە چیای مەقلوب لە پارێزگای نەینەوا و دەڕوانن بەسەر روباری خازردا، كە ناوچەیەكی بە پیتی كشتوكاڵی و ئاودێرییە.
دەستپێشخەرییەك، كردنی بون بە خاوەن كار
عیسا محەمەد (75ساڵ)، موختاری گوندی گلەشین و كەسایەتی ناوچەكە، یەكێك بوو لەو كەسانەی زیاتر لە دەیەیەك لەمەوبەر دەستپێشخەری بۆ خەڵكی ناوچەكە كردووە بۆ ئەوەی گوندەكان ئاوەدانبكەنەوە و پەرە بە بەرهەمی خۆماڵی بدەن و خۆیان بژێنن.
عیسا وتی "لە موسڵ و رەبیعە دەژیاین، خەڵكەكەمان یان كرێكارییان دەكرد، یان هەر كاری كشتوكاڵییان بە نیوەیی دەكرد... لە راستیدا هیچ داهاتێكی وامان بۆ نەدەمایەوە، بۆیە پێشنیارم كرد ئەگەر هەر كرێكاری دەكەین لەپێناو ئەوەی لە شار دەژین، بۆ نەچینەوە گوندەكانی خۆمان و ببین بە كرێكاری خۆمان".
بە وتەی عیسا دەیان خێزان ئەو پێشنیارەیان قبوڵكردووە و وردە وردە و پۆل پۆل بەرەو گوندەكانی خۆیان گەڕاونەتەوە. "زەویمان هەیە، بە پیتە و ئاوی باشی هەیە، ئیتر چ پێویست دەكات لە شار بمێنینەوە"، عیسا وایوت.
گوندی گلەشین لەڕوی ژمارەی دانیشتووانەوە گەورەترین گوندی ناوچەكەیە و 240 خێزان تێیدا دەژین، هەمویان بە كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن.
زۆرێك لەو گوندانە لە سەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعس روبەڕوی سیاسەتی راگواستن بونەوە و خەڵكەكەی بەرەو كۆمەڵگە زۆرەملێیەكان و شارەكان گوازرانەوە، گەڕانەوەشیان بۆ گوند كەوتە چەند ساڵێك دوای روخانی رژێم لە ساڵی 2003. بەشێكیشیان لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش لە كۆتایی 2017 گەڕانەوە.
بەشێك لەو گوندانە زەوییەكانیان هەر لە سەردەمی بەعس دەستی بەسەرداگیرابوو و روبەڕوی سیاسەتی تەعریب بونەوە.
بەرهەمی خۆماڵی زیادیكرد
هەوایەكی پاك و ژینگەیەكی سەوز لە هەموو وەرزەكاندا باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشاوە، گوندەكان دەڕوانن بەسەر روباری خازردا كە بۆتە بڕبڕەی پشتی ئاودێریی.
ناوچەكە هەرچەندە لە پارێزگای نەینەوایە، بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای دهۆكە لە هەرێمی كوردستان.
موختاری گوندی گلەشین وتی "ئێمە یەکەم گوندبوین گەڕاینەوە، كە هاتمەوە تەنیا پیكابێك و چوار سەر بزنم هەبوو، ئێستا 2000 سەر مەڕم هەیە، كشتوكاڵیش دەكەین و گوزەرانی ئێمە نمونەیەكە بۆ گوزەرانی هەموو خەڵكی ناوچەكە".
ئەو وتی "زیاتر گەنم دەچێنم، چونکە زەوییەكەی من زۆر گەنمی باشی لێ بەرهەمدێت و لە بازاڕدا لە گەنمی هەموو ناوچەكە نرخەكەی گرانترە". لەگەڵئەوەشدا بۆ خواردنی خۆیان سەوزە و میوەیان هەیە.
بەپێی ئەنجامی بەرایی سەرژمێری گشتی عیراق، تەنیا لەسەدا 16ی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە گوندەكان دەژین و لەسەدا 84ی نیشتەجێی شارەكانن. لەكاتێكدا بەپێی سەرژمێری ساڵی 1997 رێژەی گوندنشینان لە هەرێم لەسەدا 26 بوو، لەسەدا 74یان نیشتەجێی شارەكان بون.
بەڵام لە عیراق رێژەی گوندنشینان بەرزترە، چونكە لەسەدا 70.3 لە شار دەژین و لەسەدا 29.7 لە گوند دەژین.
لەو 36 گوندەی كە ئیدارەی ناوچەكە شانازی دەكات بە زیادكرنی بەرهەمی خۆماڵی لە گۆشت، دانەوێڵە و كشتوكاڵ، 30 گوندیان مسوڵمانن و شەش گوندەكەی تر ئێزیدین.
غالیە حاجۆ (55ساڵ) نیشتەجێی گوندی موقبل، دەڵێت لە شار بەرگدروو بوو، هاوژینەكەشی شۆفێری بارهەڵگر بوو، "كاتێك بیستمان خەڵك دەگەڕێنەوە، ئێمەش وتمان خاك و زەوی خۆمانە و دەچین لەوێ دەژین... گوزەرانمان زۆرباشە، من هەموو جۆرە پەلەوەرێك بەخێودەكەم و دەیفرۆشمەوە، قاز، قەل، مریشك، كەو و تاوس، هاوژینەكەشم باخی زەیتونی هەیە".
"یەكەمجار برا موسڵمانەكان دەستپێشخەربون لە ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان... بەڕاستی ژینگەیەكی پاك و خاوێنمان هەیە، ژیانی گوند خۆشترە، هەموو بەرهەمەكانمان خۆماڵین".
گەڕانەوەی گوندنشینان بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو، بەپێی ئیدارەی ناوچەكە لەسەدا 50 زیادیكردووە، چونكە بەپێی ئامارێكی ناحیەی زێلكان دانیشتووانەكەی لە 6000 هەزار خێزانەوە بۆ 12000 هەزار بەرزبۆتەوە، ئەوەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر زیادكردنی بەرهەمی خۆماڵی (كشتوكاڵی و ئاژەڵداریی) هەبووە.
بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵ لە پارێزگای نەینەوا، لەو 36 گوندە 9000 هەزار سەر مەڕ و بزن هەیە، لەگەڵ 5000 رەشەوڵاخ (مانگا).
زیا ئەحمەد، لە سامانی ئاژەڵی نەینەوا وتی "لەو گوندانە ژمارەی پەلەوەریش زۆر زیادیكردووە، لەوانە قاز، قەل، مریشك، مراوی و تاوس... خەڵكی ناوچەكە گرنگی زۆریش دەدەن بە بەخێوكردنی هەنگ، ئێمە لەڕووی دەرمان و پێداویستییەوە چییان بوێت هاوكارییان دەكەین".
زیاتر وتی "كارەكانیان تەواوكەری یەكترن، پاشەڕۆی ئاژەڵەكان بۆ پەین بەكاردەهێننەوە و پاشماوەی بێستانەكانیش بۆ ئالیكی ئاژەڵ، ئێمەش بەردەوام رێنماییان پێدەدەین".
لەو گوندانە هەموو شتێك خۆماڵییە، "بەڵام ئەوەی ناوچەكەی ئاوەدانكردۆتەوە و پاڵپشتێكی گەورەیە بونی روباری خازرە
"، زیا ئەحمەد زیاتر وتی "ئەوەی لەو گوندانە بو من جێی سەرنج بوو، ئەوەیە كاتێك مانگاو مەڕ و بزن سەردەبڕن، پێستەكەی بۆ پێداویستی ناوخۆ بەكاردەهێننەوە".
حامد تەمور دینۆ (66ساڵ)، نیشتەجێی گوندی بابا، وتی "دوبارە ژیانمان بۆ گەڕایەوە، گوزەرانمان زۆر باش بووە، سەرقاڵی كشتوكاڵین".
حامد لە وەرزی هاویناندا تەماتە، خەیار، باینجان و شوتی دەچێنن و زستانانیش شێلم، چەوەندەر، قەڕنابیت و تور.
سەرەڕای پاكی ژینگەكەی دەرفەتی كار زۆرە
ئەو كەس و خێزانانەی گەڕاونەتەوە لادێ، دەڵێن لەڕوی ماددی و دەرونییەوە باشتر بون، جەختدەكەنەوە لەوەی پەیداكردنی بژێوی ژیان لە گوند بۆ ئەوان ئاسانترە.
عەدلێ عەلی (51ساڵ)، نیشتەجێی گوندی بەرازی – یەكێكە لەو 36 گوندە –، دەڵێت بەرلەوەی بگەڕێنەوە بۆ گوند هەژارییان زۆر چەشتووە، "ساڵی وا هەبووە توانای كڕینی یەك كراسم هەبوو، ئێستا سوپاس بۆ خوا ساڵی وا هەیە 150 ملیۆن دینار زەكات دەدەین".
عەدلێ لە سەردەمی حزبی بەعس هاوسەرەكەی لەدەستداوە و هەر دوای ئەوەش لە گوند راگوێزراوان بۆ شار، چەند ساڵێكە خێزانەكەیان گەڕاوەتەوە لادێ.
ئەوان جگە لە كاری كشتوكاڵی و دانەوێڵە چاندن، 16 سەر رەشەوڵاخیان هەیە، رۆژانە نزیكەی 25 بۆ 30 كیلۆ بەرهەمی شیریان هەیە.
ئاووهەوای لادێ و ژینگەی گوند تاڕادەیەكی زۆر پاكترە، ژیان سادەترە و هەندێك كات ماندوبونی زیاتری دەوێت.
عەدلێ دوای نوێژی بەیانی ناخەوێتەوە، لەگەڵ كوڕەكانی شوێنی ئاژەڵەكان پاكدەكاتەوە، دواتر دەیاندۆشێت و ئینجا نانی گەرم ئامادەدەكات.
"دوای نانخورادن شیرەكە دەپاڵێوم و كوڕەكان دەیبەن بۆ فرۆشتن"، عەدلێ وتی كە هەر كیلۆیەك شیر بە سێ هەزار دینار دەفرۆشێت، ئەوەش بەو كەسانەی كە كڕیاری خۆیانن.
لەگەڵئەوەی لە لادێ دەژین، سێ لە كوڕەكانی عەدلێ لە كۆی شەش كوڕی، زانكۆیان تەواوكردووە، یەكێك لە ئەوان بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی زێلکانە و دوانەكەی تریش مامۆستان.
ژیانكردن لە گوند پێشوازی لێدەكرێت
ناسر شاکر، پسپۆڕی ئابوری و ئاگادارە لە زیادبونی گەڕانەوەی خێزانەكانی گوندەكانی بناری چیای مەقلوب، وتی "وڵاتی پێشکەوتوو هەمیشە بیری لای بەرهەمی ناوخۆییە، چۆڵبونی گوندەكانی بناری مەقلوب لە ساڵانی پێشوو کاریگەریی راستەوخۆی کردبووە سەر گەشەی ئابوری و بەرهەمی گوشت و پەلەوەر لە دەڤەرەکە".
وتیشی "دانیشتوانی گوند کە دەچنە شار بارگرانییە بۆ شارەکە و گوشاری زیاتر دروستدەبێت لە دابینکردنی بەرهەم و هەلیکار بۆ ئیدارەی شارەكان... گەڕانەوەی ئەوان ئەو بۆشاییەی لە بەرهەمی ناوخۆ دروستبووە پڕدەكەنەوە و هەلی كاریش بۆ خۆیان پەیدا دەكەن، بارگرانیش لەسەر شارەكان كەمتر دەبێت".
پەیوەندییەكی راستەوخۆ هەیە لە نێوان كەمبونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و زیادكرنی هاوردەكردن كە لەسەر دەوڵەت زۆرتر دەكەوێت، وەك ناسر شاكر وتی "هاوردە تێچوی باج، گومرگ و گواستنەوەکەی دەکەوێتە سەر کڕیار، ئەگەر زیادەڕۆیی نەکەم ئەگەر بەرهەم خۆماڵی بوو کڕیار بە نیوەی نرخی هاوردە دەستی دەکەوێت لە بازاڕدا"، زیاتر وتی "هەر چۆنێک بێت ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان بەرهەمی تازە، هەلیکاری زیاتر و خۆشگوزەرانیی زیاتری بەدوادادێت".
سەردار یەحیا، قایمقامی شێخان دەڵێت گەڕانەوە بۆ گوند دەستپێشخەریی گوندنشینان خۆیان بوو، بەڵام حكومەتیش كەمتەرخەم نەبوو لەو دەستپێشخەرییە.
"هەوڵەكانمان خستەگەڕ بۆ ئەوەی لەڕێی پارێزگای نەینەواوە زەوییەكانیان بۆ بگەڕێنینەوە، هەروەها لەڕوی ئاوەدانی و خزمەتگوزارییە هاوكاریمان كردن"، سەردار یەحیا وتی كە ئەنجامدانی خزمەتگوزاریی لەو گوندانە ئاسان نەبون، چونكە زیاتر لە 15 ساڵ بوو گوندنشینان چۆڵیان كردبوو.
قایمقامی شێخان وتی "بەرهەمی ناوخۆیی لە گۆشتی سور و سپی، سەوزە و میوە، دانەوێڵە زیادی كرد، ئێستا خەڵكی ئەو گوندانە بازرگانی پەلەوەر، مەڕ و ماڵات و بەرهەمی كشتوكاڵی دەكەن، ناوچەكە ئاوی باشی هەیە ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ خەڵكەكەی".
محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان، دەڵێت رێژەی گەڕانەوە لە 10 ساڵی رابردودا بەڕێژەی لەسەدا 100 زیادی كردووە و بەپێی ئامارێكیان لە 6000 خێزانەوە بۆتە 12000 هەزار خێزان.
بەگشتی 55 هەزار هاوڵاتی لەو 36 گوندە دەژین، گوندەكان بەپێی دەستوری عیراق ناوچەی جێناكۆكن لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ، بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە حكومەتی هەرێم بەڕێوەی دەبات.