لە ژینگەوە

كارگەی ئۆكسجینەكەی سلێمانی لەبەردەم تەحەدیدایە

  • 2025-01-09
كارگەی ئۆكسجینەكەی سلێمانی لەبەردەم تەحەدیدایە
شوکرییە عەزیز 27 ساڵە خزمەتی نەمامگەی سەرچنار دەكات. فۆتۆ: كۆچەر عەزیز
کۆچەر عەزیز

لەوكاتەی گزەنگی خۆر لە چەقی سلێمانی دەدات، سۆزی دوو ژنیش لە نەمامگەیەك هەڵدێت، نەمامگەیەك بە هێزو  بازوی  چەند كارمەندێكی كەم ساڵانە 350 هەزار نەمان بۆ تەواوی پارێزگای سلێمانی ئامادەدەكات، بەڵام لەبەردەم ئاڵنگاریی بەردەوامبوندایە.

ئامانجی نەمامگەكە كە شوکرییە عەزیز و زەیتون عەبدوڵا 27 ساڵە خزمەتی تیادا دەكەن، زیادكردنی رێژەی سەوزاییە لە سلێمانی كە هێشتا نیوەی ستانداردی جیهانی تێنەپەڕاندووە.

نەمامگەی سەرچنار بە یەكەمین نەمامگەی حكومی دادەنرێت كە لە ساڵی 1948دا لەسەر روبەری 40 دۆنم زەوی لە گەڕەكی سەرچنار دامەزراوە.

"تەمەنی گەنجیمان لێرە بەسەربرد، بەڵام بەخشینی تەمەنێک بەو کارەمان وایکردووە کە هەست بە ماندوبون نەکەین"، شوکرییە لەگەڵ بژاركردنی گیایەكانی ناو نەمامگەكە وایوت.

ئامانجی سەرەتای دامەزراندنی نەمامگەكە لەپێناو سەوزکردنی شاخی گۆیژە بوو، بەڵام ئێستا ئامانجەكە گەورەترە، نەمام بۆ هەموو پارێزگای سلێمانی بەرهەمدەهێنێت.

"لەهەر شوێنێكی پارێزگای سلێمانی پێویستیان بە نەمام بێت دەتوانین لێرە بۆیان دابین بكەین"، دانیار هادی، بەڕێوەبەری نەمامگەی سەرچنار وایوت.

ساڵانە بە گشتی 350 هەزار نەمام لە و نەمامگەیە بەرهەمدەهێنرێت، كە بەشێكی زۆریان سنەوبەرە، سنەوبەر یەكێكە لەو نەمامانەی لەگەڵ ژینگەی سلێمانیدا دەگونجێت، بەرگەی سەرما و بای بەهێز دەگرێت و ئاوی زۆری پێویست نییە.

نەمامی داربەڕوو، قەزوان، گۆیژ و چوالەش لەو نەمامگەیە دەستدەكەوێت، لەگەڵ نەمامی کالیپتۆز، توو، ژاڵە، چەند جۆرێکی تر لە گوڵی زینە وەک لاڤندەر و رۆزماری.

زەیتون عەبدوڵڵا كە لە یەك رۆژدا لەگەڵ شوكرییە لەو نەمامگەیە دامەزراوە و زیاتر كاری شەتڵكردن دەكات، دەڵێت هەست بە تێپەڕبونی كات ناكات، وەك وەسفێك بۆ دڵخۆشی خۆی لەو نەمامگەیە.

namamgay sarchnar
دوو ژن لەكاتی كاركردندا لە نێو نەمامگەی سەرچنار. فۆتۆ: كۆچەر عەزیز

بەڵام شوکرییە عەزیز، دەڵێت هەست بە دڵتەنگی دەكات كاتێك دەبینێت خەریكە توانای پێشوی نەمامگەكە لە بەرهەمهێنانی نەمام لەدەستدەدات، بەهۆی كەمبونەوەی ستاف و خانەنشینبونی ئەندامانی تیمەكە و دانەمەزراندنی كارمەندی پێویست بۆ جێگرتنەوەیان.

"ئێمە چوار بەڕێوەبەرمان گۆڕیوە، سەردەمانێك 40 كارمەندی حكومی لێرە كارمان دەكرد، بەڵام ئێستا تەنیا چوار كارمەندی هەمیشەیی لێرە كاردەكەن".

لە سەرەتای 2000دا نزیكەی 40 كارمەند و كرێكار كاریان لەو نەمامگەیە دەكرد و دامەزرێنرابون، بەڵام ئێستا تەنیا چوار كارمەند و 11 كرێكار بە هەمیشەیی لەو نەمامگەیە دامەزرێنراون.

بە وتەی تاریق حەمەغەریب، بەڕێوەبەری پاوان و دارستانی سلێمانی – نەمامگەكە لەلایەن ئەوانەوە سەرپەرشتی دەكرێت-، دەتوانن نەمام بۆ 23 هۆبەی دارستان لە پارێزگای سلێمانی دابینبكات.

گرنگی نەمامگەكە لەوەدایە، رێژەی سەوزایی لە سلێمانی ئەگەر بە پشتبەستن بێت بە بانگەشەی حكومەتی خۆجێی نزیكە لە سەدا 15، ئەوەش كەمترە لە رێژەی ستانداردی جیهانی كە نابێت كەمتر بێت لەسەدا 30.

لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا زیاتر لە سەدا 31ـی پیشەسازی عیراقی تێدایە، ئەمەش بەپێی نوێترین بەدواداچون و توێژینەوە، كە (رێكخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام) لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا ئەنجامیداوە، ئەوە لەگەڵ بونی 600 هەزار ئۆتۆمبێل و چوار هەزار مۆلیدە، كە كاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر پیسبونی ئاووهەوا.

بەڕێوەبەری نەمامگەی سەرچنار وتی "بۆ ئەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەمان دانەبەزێت، پێویستدەكات حكومەت كرێكار و دەستی كارمان بۆ دابین بكات".

بەپێی وتەی رەوا عەبدولقادر، ئەندازیاری کشتوکاڵی، نەمامگەكە بە بەردەوامی پێویستی بە خزمەتی 30 بۆ 40 كارمەند هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت رێژەی پێویستی نەمام بەرهەمبهێنێت.

بەگشتی لە مانگی تشرینی دووەم تاوەكو مانگی نیسان نەمام لەو نەمامگەیە بە نرخێكی هەرزانتر بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت و دەیبەخشن بە دامەزراوە حكومییەكان.

گۆڕانی ئاووهەوا لەوانەش لافاو دوجار زیانی بە نەمامگەكە گەیاندووە و نەمامەكانی لەناوچون، ئەوەش بەهۆی نزیكی لە چەمی قلیاسان، دواینجار ساڵی 2016 كە ئەوكات بەنداوی چەق چەق روخا.

لە ساڵی 2023 بەهۆی پاڵپشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە دابینكردنی 40 كارمەند بۆ ماوەی دوو مانگ، توانای بەرهەمهێنانی نەمامگەكە بۆ ملیۆنێك و 500 هەزار نەمام بەرزبۆوە، كە بەشێكیان نەمامی بەرهەمداربون، بەپێی وتەی بەڕێوەبەری نەمامگەكە.

هەنجیر، فستق، توو و بەرهەمی تری میوە، بەشێك بون لەو دارە بەردارانەی كە لە نەمامەنگەكەدا بەرهەمدەهێنرێن.

"نەمامگەكە لە بەرهەمهێنانی نەمامەكاندا رچاوی ئاووهەوا و جوگرافیای ئەو ناوچانە دەكات، تاوەكو نامەكە بگونجێت لەگەڵ سەرما و گەرمای ناوچەكەدا"، دانیار هادی وایوت.

namamga.s
دیمەنی ناو نەمامگەی سەرچنار. فۆتۆ: كۆچەر عەزیز

وتیشی "دوای پێدانی نەمام بە هەر ناوچەیەك و هۆبەیەكی كشتوكاڵی، بەڕێوبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی بەدواداچون دەكات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا رێژەی سەوزبونی نەمامەكان چەند و چۆنە".

ساڵانە نەمامگەكە نەمامی دارستان و بەردار بە 20 دەرچوی كۆلێژی كشتوكاڵ دەدات، ساڵی رابردوش نەمامی بەردار بەسەر 100 جوتیاردا دابەشكرا كە باخی خۆیان هەبوو.

شوكریە و زەیتون و دوو كارمەندی تری نەمامگەكە، نەمامەکان بەشێوەی شەتڵ، قەڵەم و تۆو بەرهەمدەهێنن، بەپێی ئامارێكی نەمامگەكە ساڵی رابردوو 350 هەزار نەمام بە بەخشراوە بە جوتیاران و دامەزراوەکانی پارێزگای سلێمانی.

شوكرییە بەڕادەیەك نەمامگەكەی خۆشدەوێت، دەڵێت ئەگەر بەدەستی ئەو بێت نایەوێت خانەنشین بێت، "دەمەوێت هەردەم خزمەتی نەمامگەكە بكەم". ئەوەش دوای ئەوە هات كە شوكرییە و زەیتون تەنیا یەك ساڵیان ماوە خانەنشین بن.

باوكی شوكرییە، هەرلەوێ دوای ساڵانێك لە خزمەتكردنی نەمامگەكە خانەنشین بووە، بەڵام شوكریە وتی "نامەوێت لە خانەنشین بونەكەدا رێچكەی باوكم بگرم".

هەر درەختێك رۆژانە لە توانایدا هەیە بەشی چوار كەسی پێگەیشتوو ئۆكسجین بەرهەم بهێنێت بۆ هەناسەدان، ئەوەش بەپێی وەزارەتی كشتوكاڵی ئەمریكا كە جەختیكردۆتەوە لەوەی درەختەکان گەورەترین کارگەی ئۆکسجینن لەسەر زەوی و هاتووە "قەبارەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین لەلایەن دارەکانەوە بەندە بە چەند هۆکارێکەوە وەک جۆری دارەکە و قەبارەکەی و بارودۆخی ژینگەی دەوروبەری".

بەشی جوانکاریی نەمامگەكە بریتییە لە بەرهەمهێنانی گوڵ كە ساڵانە لە نێوان 30 بۆ 60 هەزار گوڵ بەرهەمدەهێنرێت و بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێتەوە.

هاوڕێ محەمەد، بەڕێوەبەری بەشی جوانکاریی لە نەمامگەکە وتی "نەبونی کرێکار و كارمەندی پێویست و نەبونی ئامێری پێویست و كەمی گڵ و پتمۆس و نایلۆن گرفتی بۆ دروستكردوین".

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT