لە ژینگەوە

"ئێستا تێدەگەم زەوی پێویستە بپارێزرێت"
لە رۆژی زەوی دوو گوند سەوز دەكرێن

  • 2025-04-22
"ئێستا تێدەگەم زەوی پێویستە بپارێزرێت"<br>لە رۆژی زەوی دوو گوند سەوز دەكرێن
كفری/ نیسانی 2025/ ژنێك ئەو نەمامە دەچێنێت كە دوای بەشداریكردنی لە سیمینارێكی تایبەت بە رۆژی زەوی پێیدرابوو. فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد
لەیلا ئەحمەد

هەڵمەتێكی سەوزكردن لە دوو گوندی دورەدەستی گەرمیان كە رێژەی سەوزاییان بەپێی پێویست نییە، دەستیپێكرد، هەر خێزانێك لە نێوان دوو یان چوار نەمامیان چاند و بڕیاریاندا بیانپارێزن.

ئەو هەڵمەتەكە لە هەردوو گوندی سەی حسێن و سالم بەڕێوەچون، لەلایەن رێكخراوی ئەدوی – رێكخراوێكی لۆكاڵییە و گرنگی بە پرسی ژینگە و ژنان دەدات-، دەستیپێكرد، ئەوەش بەبۆنەی رۆژی زەوی، كە سێشەممە 22ی نیسان دەكات.

فكریە ئیبراهیم (57ساڵ)، دوای وەرگرتنی سیمینارێك كە لەلایەن رێكخراوەكەوە بۆ ناساندنی رۆژی جیهانی زەوی رێكخرابوو، سێ نەمامی لەلایەن رێكخراوەكە پێدرا و لە حەوشەی ماڵەكەی چاندنی.

"بەقەد هەموو دونیا دڵمخۆشبوو كە بینیم نەمامیان بەسەر هەموو خەڵكی گوندەكەدا دابەشكرد، وتیان ئەمڕۆ رۆژی زەوییە، بۆ یەكەمجارە ببیستم كە زەوی رۆژی تایبەتی هەیە"، فكریە زیاتر وتی "تیمەكانی ئەدوی پێیانوتین گرنگە زەوی بپارێزین، دار بچێنین و سەوزایی زیادبكەین، تێیانگەیاندن كە سەوزایی پلەی گەرمی دادەبەزێنێت، هەروەها فێریان كردین چۆن دارەكان بپارێزێن".

وتیان ئەمڕۆ رۆژی زەوییە، بۆ یەكەمجارە ببیستم كە زەوی رۆژی تایبەتی هەیە

تیمەكانی ئەودی دوو جۆر نەمامیان بەسەر گوندنشیناندا دابەشكرد، داری توو و ئەلبیزا، ئەو دوو دارە بەپێی وتەی ئەوان بەرگەی ئاووهەوای سەخت دەگرێت و گونجاوە بۆ ناوچەكە.

فكریە ئیبراهیم دارەكانی لەناو حەوشەی خانووەكەیدا چاند و وتی "بڕیارمدا لە خۆم باشتر بیانپارێزم و ئاویان بدەم، هەر ئەمڕۆش چواردەوری دارەكان پەرژین دەكەم".

رۆژی زەوی، هێشتا لای كۆمەڵگەی عیراقی زۆر جێی بایەخدان نییە، یان نازانرێت زەوی رۆژێكی تایبەتی هەیە، بەڵام وردە وردە خەریكە هەندێك میدیا و رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی كاردەكەن بۆ ناساندنی ئەو رۆژە تا بیكەنە دەرفەتێك بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی بۆ پاراستنی زەوی لەڕێی بەرگرتن لە پیسبون و روبەڕوبونەوەی گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا.

فكریە دەڵێت چەند ساڵێكە پلەی گەرمی گوندەكەیان زیاتر بەرزبۆتەوە، لەكاتێكدا رێژەی سەوزایی زۆر كەمە و گوندەكەیان وشكە و بە "بیابان" وەسفیكرد.

هەردوو گوندی سەی حسێن و سالم سەر بە قەزای كفرین لە ئیدارەی گەرمیان، نزیكەی 45 خێزان لە هەردوو گوندەكە دەژین.

نیهایەت غەیدان (39ساڵ)، ژنی ماڵەوەیە، ئەویش هەمان رۆژ چوار داری لە تیمەكانی ئەودی وەرگرت، دوای بەشداریكردن لە سیمینارەكەیان.

"چاڵمان بۆ هەڵكەندن و هەر لەناو حەوشەی خانووەكەماندا چاندمانن، ئاگام لە نەمامەكان دەبێت، بەڕاستی نەمدەزانی ئێمە دەتوانین زەوی بپارێزین، نەشمدەزانی زەوی رۆژێكی تایبەتی هەیە"، نیهایەت زیاتر وتی "ئەدوی ئاگاداریان كردینەوە لە نەكردنی ئەو چالاكییانەی زیانی بۆ زەوی هەیە و ئەنجامدانی ئەوانەی سودیان بۆ زەوی هەیە".

ئیمان نوری، ئەندامی تیمی رێكخراوی ئەدوی لەگەرمیان بە (كەركوك ناو)ی وت "دانیشتووانی گوندەكان بە ژن و پیاوەوە بەشداربون لەو سیمینارە، پەرۆش بون بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزایی و چالاكییەكەمان... هەڵبژاردنی ئەو دوو گوندە بەهۆی ئەوەوەیە كە رێژەی سەوزاییان زۆر كەمە و زەوییەكان وشكن و لە بیابان دەچن".

وتیشی "لە سیمینارەكەدا باسی ئەو كردارانەی مرۆڤمان كرد كە زیانی بۆ زەوی و خێراكردنی گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا هەیە".

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT