لە ژینگەوە

پزیشكان هۆشداریی دەدەن؛
بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما پیاوان توشی نەزۆكی دەكات

  • 2025-05-07
پزیشكان هۆشداریی دەدەن؛<br>بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما پیاوان توشی نەزۆكی دەكات
ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی نیۆرك تایمز وەرگیراوە
محەمەد سەردار

كاتێك پزیشكەكان بە گۆران سدیق دەڵێن توانای وەچەخستنەوەت نییە، ئەو زیاتر پێداگردەبێت سەردانی پزیشكی زیاتر بكات و لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات پارەی زیاتر خەرجبكات، پرسەكە بەڕادەیەك لەخۆی گەورە دەكات، كە روبەڕوی گرفتی دەرونی و تەندروستی زیاتری كردۆتەوە، تا گەیشتۆتە ئەوەی بە قسەی خەڵك قەناعەتی كردووە كە هۆكارەكەی "جنۆكەیە".

گۆران سدیق (34 ساڵ) ناوی خوازراوی گەنجێكی خەڵكی پارێزگای كەركوكە، 10 ساڵ لەمەوبەر هاوسەرگیری كردووە و لە دواین پشكنینەكان دەركەوتووە "نەزۆكە"، بەپێی وتەی پزیشكانی پسپۆڕ پەیوەندییەكی بەهێز هەیە لە نێوان نەزۆكی و گۆڕانی ئاووهەوا، لەوانەش بەرزبونەوەی پلەی گەرما، هەرچەندە ئەوە ناچێت بە ئەقڵی گۆران سدیق-دا.

ئەو كە پیشەی ئاسنگەرییە، وتی "هەموو خەونم ئەوەیە منداڵێكم هەبێت و هەست بە سۆزی باوكایەتی بكەم، بەڵام من نەخۆشم و ناتوانم وەچە بخەمەوە"، گۆران زیاتر وتی "بەپێی پشکنینەکان دەرکەوتووە کە کێشەکە لەخۆمدایە و توانای وەچەخستنەوەم نەماوە، چەند جارێکیش بۆ پشكنین سەردانی وڵاتی تورکیام کردووە، بەڵام ئەنجامی نەبووە".

یەكێك لە هۆكارەكانی نەزۆكی، بەپێی وتەی پسپۆڕانی پزیشكی بەرزبونەوەی پلەی گەرمایە.

بەرزبونەوەی پلەی گەرما بە یەكێك لە هۆكارەكانی گۆڕانی ئاووهەوا دادەنرێت، كە بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، عیراق لە ریزبەندی پێنجەمین ئەو وڵاتانەدایە كە كەوتۆتە ژێر كاریگەرییەكانی گۆڕانی ئاووهەواوە.

ئەحمەد نیهاد، پزیشکی پسپۆڕی تایبەت بە نەخۆشییەکانی گورچیلە، میزەڕۆ و پڕۆستات، جەختدەكاتەوە لەوەی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما چەند كاریگەرییەكی لەسەر توانای وەچەخستنەوەی پیاوان هەیە، لەوانە "گەرما و ئارەقکردنەوە دەبنەهۆی خەستبون و تۆپەڵبونی تۆوی پیاو، بەوەش جوڵەی سپێرم لاواز دەکات و توانای گەیشتنی بە هێلکەدانی ژنان کەمتر دەبێت".

shutterstock_1170639043
كێشانی وێنە: GoodStudio/Shutterstock.com

هەروەها وتی "پلەی گەرمای ناو لەشی مرۆڤ لەحاڵەتی ئاساییدا 38 پلەی سەدییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی گونی پیاوان دەکەوێتە بەشی دەرەوەی ناو لەشی پیاوەکەوە، زیاتر روبەڕوی گەرما دەبێتەوە، زۆرجاریش بەراورد بە پلەی گەرمای ناو لەشی پیاوان، پلەی گەرمای گونەکانیان دوو تا چوار بەرزتر دەبنەوە".

گۆران سدیق جگەلەوەی لە پارێزگایەكی وەكو كەركوك دەژیت كە  ساڵی رابردوو  پلەكانی گەرما گەیشتە رادەی نیوەی كوڵان (50 پلەی سیلیزی)، هاوكات پیشەكەی كە ئاسنگەرییە رەنگە كاریگەریی زیاتری لەسەر دروستبكات.

سومەیە عەتا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبون، بە (كەركوك ناو)ی وت "چەندین حاڵەت هەبووە کە پیاوان سەردانیان كردوین و دەركەوتووە بەهۆی گەرماوە توشی نەزۆکی بون، بەتایبەت ئەو کەسانەی لە نانەواخانە و کارگە کیماییەکان کاردەکەن".

هەروەها دكتۆر ئەحمەد نیهاد دەڵێت "گەرمای زۆر دەبێتە هۆی تێکشکانی DNA... ئەم خاڵەش زۆرترین کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی دەرفەتی منداڵبون هەیە".

دۆخەكە لە ئێستادا بۆ گۆران سدیق ئاسایی نییە، وتی "تادەهات باری دەرونیم خراپتر دەبوو، تا گەیشتە ئەوەی خەڵکی پێیاندەوتم جنۆکە چوەتە گیانمەوە"، باوەڕكردنی گۆران بەو چیرۆكە وایلێكردووە سەردانی "شێخ" بكات و بەدار لێیانداوە گوایا "جنۆكە لە لەشی دەردەكەن".

پەیوەندییەكی راستەوخۆ هەیە لە نێوان كەمبونەوەی رێژەی سەوزایی و بەرزبونەوەی پلەی گەرما، لەكاتێكدا بەپێی ستانداردی جیهانی رێژەی سەوزایی لە شارەكان نابێت كەمتر بێت لەسەدا 30، بەڵام لە كەركوك وەك شكۆفە محەمەد، سەرۆكی رێكخراوی كوردستانێكی سەوز جەختیلێكردەوە "لەسەدا سێی تێنەپەڕاندووە".

شكۆفە وتی "بۆ ئەوەی رێژەی سەوزایی بە رێژەی لەسەدا یەك زیاد بكرێت، پێویستە ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن نەمام لە شارەکە بچێنین"، بەڵام ئەوە وەك خۆی دەڵێت ئاسان نییە، بەهۆی بەربەستی كەمئاوییەوە.

بەپێی خەمڵاندن ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای كەركوك بە نزیكەیی ملیۆنێك و 800 هەزار كەسە، لە كۆی 46 ملیۆن (كۆی دانیشتووانی عیراق بەپێی سەرژمێری عیراق بۆ ساڵی 2024) و لەسەدا 54ی دانیشتووانەكەی هاوسەرگیریان كردووە.

هەر بەپێی سەرژمێری عیراق رێژەی وەچەخستنەوە لە تەواوی عیراق 3.9یە و لە هەرێمی كوردستان 3.5.

دكتۆرە سومەیە عەتا، وتی "زۆری ژمارەی کێڵگە نەوتیی و غازییەکانی كەركوك و کەمی رێژەی سەوزایی، هۆکارن بۆ پیسبونی ژینگە و بەرزبونی پلەکانی گەرمای پارێزگاكە، ئەمەش لێكەوتە و كاریگەریی هەیە لەسەر وەچەخستنەوە و نەزۆكی".

 

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT