لە ژینگەوە

حكومەت ئۆكسجین لە كۆرپەلە دەبڕێت
ژنانی دووگیان هاواری هەوای پاك بۆ  خۆیان و نەوەكانیان دەكەن

  • 2025-06-20
حكومەت ئۆكسجین لە كۆرپەلە دەبڕێت<br>ژنانی دووگیان هاواری هەوای پاك بۆ  خۆیان و نەوەكانیان دەكەن
دهۆك/ حوزەیرانی 2025/ دوكەڵی سوتاندنی پاشماوە پزیشكییەكان لە نەخۆشخانەی ئازادی. فۆتۆ: عەمار عەزیز
عەمار عەزیز

پزیشكان هۆشداریی دەدەن لە لێكەوتە تەندروستییەكانی سوتاندنی پاشماوە پزیشكییەكان لە نزیك شوێنەكانی نیشتەجێبون لە شاری دهۆك، لەوانەش بۆ سەر ژنانی دووگیان، مردنی كۆرپەلە لە یەك تا سێ مانگی لە سكی دایكی و لێكەوتەی ترسناكتر كاتێك منداڵان گەورەدەبن.

لە ناوەندی دهۆك دوو شوێنی تایبەت بە سوتاندنی پاشماوە پزیشكییەكان هەن، لەناو نەخۆشخانەكانی ئازادی و نەخۆشخانەی تایبەت بە سوتان، دوكەڵی پاشماوەكان بە ئاسمانی شارەكەدا بڵاودەبنەوە و لەگەڵ ژینگە و هەوای دەوربەر تێكەڵ دەبن.

بەناز سالم، كارمەندێكی دووگیانی نەخۆشخانەی سوتانە لە دهۆك، دەڵێت ئەوان دوكەڵی سوتانی پاشماوەكان هەڵدەمژن، بۆنێكی ناخۆش بڵاودەبێتەوە و دەیانجار روبەڕوی تەنگەنەفەسی بۆتەوە، چونكە سوتێنەرەكە هەر لەناو نەخۆشخانەكەدایە كە ئەو كاری لێدەكات.

بەناز كە ئەو ناوە خوازراوەی بۆ خۆی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی روبەڕوی لێپرسینەوە نەبێتەوە، وتی "هێشتا پشكنینم نەكردووە تا بزانم دۆخی كۆرپەلەكەم چۆنە و ئەو دوكەڵە چ كاریگەرییەكی هەیە، بەڵام ترسم هەیە، چونكە بەریەككەوتنی راستەوخۆم لەگەڵیدا هەیە".

پشكنینم نەكردووە تا بزانم دۆخی كۆرپەلەكەم چۆنە و ئەو دوكەڵە چ كاریگەرییەكی هەیە، بەڵام ترسم هەیە

پاشماوەكان بەشێكی زۆری لەكاتی دەوامی ئاساییدا دەسوتێنرێن، ئەوەش كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر كارمەندانی نەخۆشخانەكە هەیە، بەناز دەڵێت چەندجارێك داوایانكردووە ئێواران یان شەوان بسوتێنرێن بۆ ئەوەی لانیكەم كاریگەرییەكەی لەسەر كارمەندەكان كەمبێتەوە، بەڵام بێسود بووە.

هەردوو نەخۆشخانەكە لەناوچەی چڕی دانیشتووانن، دوكەڵەكەی تەنیا بۆ كارمەندەكان نییە، بەڵكو خەڵكی ناوچەكانی دەوروبەریش نیگەران بون.

مانگی رابردوو سوتێنەری نەخۆشخانەی سوتان بۆ هەفتەیەك لەكاركەوت، خوێن و پاشماوەی كەلوپەلی پزیشكی لەناو نەخۆشخانەكەدا كەڵەكەبون، بۆنەكەی وەك بەناز دەڵێت 10 جار ئەوەندەی دوكەڵەكە بێزاركەر بوو.

Dukall
دهۆك/ حوزەیرانی 2025/ نەخۆشخانەی ئازادی. فۆتۆ: عەمار عەزیز

بەپێی وتەی پسپۆڕان هەوای پیس كاتێك دەچێتە ناو سییەكانی دایكێكی دووگیان و لەڕوی تەندروستییەوە زیانی پێدەگەیەنێت، ئەوا راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر تەندروستی كۆرپەكەشی دەبێت و بۆی دەگوازرێتەوە.

دكتۆرە جەنان نوری، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بواری نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبون، دەڵێت ژنانی دووگیان زیاتر روبەڕوی ناڕەحەتی دەبنەوە كاتێك دوكەڵ لەڕێی هەناسەدانەوە دەچێتە سییەكانیان، "وەكو كەسانی جگەرەكێشیان لێدێت، هەناسەدانیان ناڕەحەت دەبێت و توشی تەنگەنەفەسی دەبنەوە".

جەنان نوری كە لە نەخۆشخانەی منداڵبونی دهۆك دەوام دەكات، وتی "كاتێك ژنێكی دووگیان هەوای پیس و دوكەڵ هەڵدەمژێت، بەرێگای خوێنەوە ئەو دوكەڵە بۆ كۆرپەلە دەگوازرێتەوە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر كێشی كۆرپەلە دەبێت و وایلێدەكات گەشە نەكات، یان تەنانەت لە نێوان یەك مانگی بۆ سێ مانگی روبەڕوی مردنی دەكاتەوە"، زیاتر جەختیكردەوە "هەوای پیس لە هۆكارە سەرەكییەكانی مردنی كۆرپەلەیە".

هەوای پیس لە هۆكارە سەرەكییەكانی مردنی كۆرپەلەیە

لەگەڵئاماژەدان بە لێكەوتەكانی لە داهاتودا، لەوانە كاتێك منداڵەكە گەورە دەبێت "رەنگە روبەڕوی نەخۆشی هەناسەدانی سییەكانی بكاتەوە، یان توشی شێرپەنجە بێت... ئەم نەخۆشییانە لەو كەسانە زیاترە كە لە ناوچەیەك گەورە دەبن كە هەواكەی پیسە و دوكەڵی زۆرە".

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات كە پیسبونی هەوای ناو ماڵ و دەرەوە، لە هەڕەشە گەورەكانی سەر ژیان و ئاووهەوان کە ساڵانە دەبنە هۆی مردنی پێشوەختەی حەوت ملیۆن كەس لە جیهاندا.

لە سوتاندنی پاشماوە پزیشكییەكانی دهۆك، سوتەمەنی دیزل و نەوتی رەش بەكاردەهێنرێت، ئەمەش بەپێی وتەی شارەزایانی پاراستنی ژینگە بەواتای ئەوەیە پرۆسەی سوتاندنەكە بەشێوەیەكی دروست ئەنجام نادرێت و دوكەڵی رەش دەردەكات كە سەرچاوەی بڵاوكردنەوەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنە.

دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لەپاڵ ئەوەی زیان بە كئۆنەدامی هەناسە دەگەیەنێت لەوانەش نەخۆشی رەبۆ، هاوكات دەبێتەهۆی مەینی خوێن و لێكەوتەكە بۆ سەر ژنانی دووگیان زیاترە.

دكتور چەكدار ئەحمەد، پسپۆڕی تایبەت بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە لە دهۆك بە (كەركوك ناو)ی وت "دوكەڵ دەبێتەهۆی بڵاوبونەوەی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر رەبۆ و تەنگەنەفەسی هەیە"، ئەمەش جارێكی تر ترسناكترە بۆ ژنانی دووگیان.

هەروەك دكتۆرە جەبان نوری-ش جەختیلێكردەوە "ئەگەر ژنەکە رەبۆی بەهێزی هەبێت و دەرمان بخوات، لەگەڵ هەڵمژینی هەوای پیس و دوکەڵ، ئەوا درەنگ دووگیان دەبێت بە بەروارد بە ژنێکی تری ئاسایی... ئەو ژنانەی رەبۆیان هەیە هەرکات دووگیان بن، مەترسی لەناوچوونی کورپەلەکانیان هەیە".

هەر بۆیە چەكدار ئەحمەد، بەباشی دەزانێت كە پاشماوە تەندروستییەكان بسوتێنرێن نەك فرێبدرێن و بخرێنەژێر خوڵ، "چونكە لەژێر خۆڵ زیانەكەی گەورەتر دەبێت لە سوتان، بەڵام رێگا دروستەكە ئەوەیە سوتێنەرەكان لە دەرەوەی شارەكان دابنرێن نەك لەناو نەخۆشخانەكان و نزیك شوێنی نیشتەجێبون".

ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك، وتی كە ئەوان هەموو پاشماوەكان ناسوتێنن، بەڵكو بەشێكی ورد دەكرێن لەوانەش شوشەوات و سرنج و هەندێك شتی تر، ئەوانەی دەسوتێنرێن زیاتر كەلوپەلی نەخۆش و پزیشك و جلوبەرگەكانیانن.

لەگەڵئەوەشدا ئاماژەی بەوەدا كە ئەو ئامێری سوتێنەرەی لە نەخۆشخانەی ئازادی هەیە كۆنە و مێژووەكەی بۆ ساڵی هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە.

"پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە، تاوەكو باشتر كارەكە ئەنجامبدرێت و هیچ دوكەڵێك نەكات"، ئەفراسیاب زیاتر وتی "خۆی دەبێت دوكەڵ نەكات، بەڵام هەندێكجار فلتەرەكانیان ئیشناكەن، لێرەوە دڵنیایی دەدەمە خەڵكی خۆمان كاتێك ئەو دوكەڵە رەشەی لێی دێت هی دەرمان و ماددەی كیمیاوی نییە كە كاریگەری لەسەر ژینگە و خەڵك هەیە"، وتیشی "هەموو رۆژێك دوكەڵی لێی دەرناچێت لەوانەیە مانگێ جارێك بێت".

وتیشی كە هیچ پلانێكیان نییە شوێنی ئامێری سوتاندنەكە بگوازنەوە بۆ شوێنێكی تر.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT