شادان مەحمود (36ساڵ)، هێشتا بەدوای ئەو پرسیارەوەیە بۆچی لە كۆی پێنج كۆرپەلەی سكی دوانیان بەرلەوەی لەدایكبن گیانیانلەدەستدا، پرسیارەكە هەرچەندە لای ئەو بێوەڵام ماوەتەوە، بەڵام رێنوێنی خانمان دەكات بەردەوام پشكنین بكەن و ئاگایان لە تەندروستی خۆیان بیت.
ئەو لە یەكێك لە گوندە دورەدەستەكانی ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی دادەنیشێت، یەكەم سكی بەبێ كێشە دوای نۆ مانگ لەدایك بوو، بەڵام لە نێوان هەردوو ساڵی 2017و 2018 دوو كۆرپەلەی دوو مانگ و سێ مانگی گیانیانلەدەستدا.
"بۆ هەردوو كۆرپەلەكە دكتۆر وتی دڵیان لێنادات، من هەر نەمزانی هۆكارەكەی چییە و وتیان خوێنت خەست بۆتەوە و كاریگەریی لەسەر كۆرپەلەكانت دروستكردووە".
لەنێو خێزانی شادان و هاوسەرەكەشیدا هیچ جۆرە نەخۆشییەكی بۆ ماوەیی نییە، بە تایبەت لە پرسی خەستبونەوەی خوێن، ئەوەش شادانی خستۆتە نێو دۆخێكی پڕ لە دڵەڕاوكێ و نیگەرانییەوە.
كۆرپەلەی چوارەمی شادان بەبێ كێشە لەدایكبوو، بەڵام كۆرپەلەی پێنجەمی 20 رۆژ بەرلەوەی لەدایكبێت و لە 8 مانگ و 10 رۆژی تەمەنیدا لەباریچوو، ئەوەش ئەوەندەی تر دۆخەكەی لەسەر شادان قورستر كرد.
ئیدارەی گەرمیان كە شادان مەحمود لێی نیشتەجێیە و 343 هەزار و 594 كەس ژمارەی دانیشتووانەكەیەتی، لە چەند ساڵی رابردودا دەناڵێنێت بەدەست كەمی بڕی بارانبارین، بەرزبونەوەی پلەی گەرما لە وەرزی هاوینان و خۆڵبارین، بەهۆیەوە هەندێك گوند بەهۆی كەمی ئاوەوە بە تەواوی چۆڵیان كردووە و كاریگەرییەكانی گۆڕانی ئاووهەوا بە ئاسانی بەسەر ناوچەكەوە دیارە.
لە پێنج ساڵی رابردودا هەزار و 664 ژن لە نەخۆشخانەی فێركاری شێرەی نەقیب، تایبەت بە ژنان و منداڵبون، كورتاجیان بۆ كراوە، دوای ئەوەی منداڵەكانیان لەبارچون، ئەوەش بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەكە.
هەروەها لە پێنج مانگی ئەمساڵدا 131 حاڵەتی لەبارچون تۆماركراوە. ئەمە جگە لەو ژنانەی كە لەكاتی لەبارچونی منداڵەكانیان سەردانی نەخۆشخانە ناكەن.
"چەند رۆژێك بەرلەوەی كۆرپەلەی سێیەمم لەبارم بچێت، زۆر بێتاقەت و توڕە دەبوم، پلەی گەرمی لەشم زۆر بەرزدەبۆوە، زوو زوو خۆم دەشۆرد و دەچومە بەردەم فێنككەرەوە، لەبەر گەرما ئۆقرەم لێ بڕابوو، تا دەرنگانێكی شەویش ئاگام لێبوو كۆرپەلەكەم جوڵەی هەبوو"، شادان زیاتر وتی "كە رۆژ بۆوەوە توشی ئازارێكی زۆر بومەوە، سەردانی دكتۆرم كرد وتی كۆرپەلەكەت مردووە، چونكە كەم ئاو بووە".
شادان دەڵێت بەردەوام بیری لەوە دەكردەوە كۆرپەلەكەی لەدایك بێت و لە باوەشی بكات و شیری پێبدات، بەڵام ئەوە بۆ ئەو روینەدا و سەرەنجام لەكۆی پێنج سك تەنیا دوانیان بۆ ئەو مانەوە.
بەرزبونەوەی پلەی گەرما، بە یەكێك لە هۆكارەكانی لەبارچون دادەنرێت، چونكە بەپێی وتەی پسپۆڕانی تەندروستی و ژینگەیی گەرما كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژنانی دووگیان هەیە.
بەناز ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "گۆڕانی ئاووهەوا و پیسبونی ژینگە، بەرزبونەوەی پلەی گەرما، لەگەڵ هەندێك دەرمانی جوانكاریی لە هۆكارە دیارەكانی لەبارچونی كۆرپەلەن، لەگەڵ دەستكارییكردنی بەرهەمهێنانی خۆراك لەوانەش بەكارهێنانی مەوادی كیمیایی بۆ خۆراكەكان".
كازیوە حسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبون، دەڵێت ژنانی دووگیان و كۆرپەلەكانیان زیاندمەندی یەكەمن لە بەرزبونەوەی پلەی گەرما، لەگەڵ پیسبونی ژینگە پێكەوە راستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر بۆ ماوەیی و كرۆمۆسۆمی منداڵان دەبێت.
تێكچونی كرۆمۆسۆم دەبێتەهۆی تێكچون و گۆڕانكاریی لە شێوازی دەموچاو، گەشەی جەستە و مێشكی كۆرپەلە، ئەگەر لەبارنەچن، ئەوە بەشێكی زۆریان توشی نەخۆشی داون دەبن، كە بڵاوترین نەخۆشی كرۆمۆسۆمییە.
كازیوە وتیشی "هەر بەرزبونەوەی پلەی گەرمایە، دەبێتەهۆی ئەوەی ژنانی دووگیان تووشی وشكبونەوە لەش ببنەوە، ئەوەش دواجار دەبێتەهۆی لەبارچونی كۆرپەلە".
پلەكانی گەرما لەم چەند ساڵەی رابردودا لە عیراق بۆ 50 پلەی سیلیزی و كەمێك زیاتر بەرزبۆوە، بۆ نمونە لە قەزای خانەقین كە هاوسنورە لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان، ساڵی رابردوو بەرزترین پلەی گەرمای لەسەر ئاستی جیهان تۆماركرد كە 51 پلە بوو.
بەرزبونەوەی پلەی گەرما هاوكاتە، لەگەڵ كەمی رێژەی سەوزایی لە ئیدارەی گەرمیان، كە بەپێی شارەزایانی ژینگەیی زیادكردنی رێژەی سەوزایی كاریگەریی هەیە لەسەر دابەزاندنی پلەی گەرما.
بەپێی داتاكانی ساڵی 2023 رێژەی سەوزایی لە گەرمیان تەنیا لەسەدا 5.7یە، ئەوەش كەمترە لە رێژەی ستانداردی جیهانی كە نابێت لەسەدا 30كەمتر بێت.
كازیوە حسێن، جەختیكردەوە لەوەی هەوای پیس و بەرزبونەوەی پلەی گەرما لێكەوتەی تری هەیە لەسەر ژنانی دووگیان، لەوانە ئازاری پێشوەختەی ژانی منداڵبون، پێشوەختە لەدایكبونی منداڵ، دابەزینی زەخت و سەرئێشە و قاچ ئاوسان، "هەموو ئەمانە بەشێوەیەك لە شێوەكان كاریگەریی لەسەر كۆرپەلە دەبێت، كاریگەریی لەسەر گەشە و لێدانی دڵی دەبێت"، زیاتر وتی "ئەگەر بێت و دایك بۆ ماوەیەكی زۆر تای هەبێت و بەر گەرمای زۆر بكەوێت لەشی كۆرپەلەكە توشی شێواوی دەبێت، توشی دواكەوتنی گەشە و كەمبونەوەی ئاو و جوڵەشی كەمدەبێت، چونكە خوێن و ئۆكسجینی كەمتری بۆ دەڕوات".
شەیما حەمید (32ساڵ)، ژنێكی تری گەرمیانییە، لە تەمموزی 2021 كۆرپەلەكەی لە پێنج مانگیدا لەبارچوو، دەڵێت "لە تاو بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەشم، كە زۆر گەرمام بوو، ئاوی ساردم زۆر دەخواردەوە، بەوهۆیەوە ددانەكانم هەموی وەرین، سێ رۆژ ژان گرتمی و دكتۆری سۆنار پێیوتم كۆرپەلەكەت مردووە".
شەیما لەترسی ئەوەی وتویانە گوایا كورتاج ئازاری زۆرە، بۆیە نەچووە بۆ نەخۆشخانە و لە ماڵەوە چاوەڕێی كردووە تاوەكو كۆرپەلەكەی فڕێداوە. هەرچەندە دوای فڕێدانی بوراوەتەوە و دواتر بردراوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێ منداڵدانی پاككراوەتەوە.
دوابەدوای ئەوەش، شەیما بە هەشت مانگی كۆرپەلەكی لەدایكدەبیت، بەڵام گرفتی هەیە و گەشەی مێشكی دواكەوتووە و پزیشك بەردەوام چاودێری گەشەی دەكات.
ئەنوەر عەبدولعەزیز، سەرۆكی ڕێكخراوی ژینگەپارێزی كفری و ئەندازیاری كشتوكاڵی، دەڵێت جگە لە بەرزبونەوەی پلەی گەرما كە یەكێكە لە لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەوا، پیسبونی هەوا و ژینگە بە دوكەڵ و فڕێدانی پاشماوە و ماددە پلاستیكییەكان، خۆڵبارین و دەرهاویشتەی كێڵگە نەوتی و كارگە و مۆلیدە ئەهلیەكانیش، هەر هەموی كاریگەریی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، ئەوانە هەموی لە ئیدارەی گەرمیان بەردەستە.
"پێویستە هەمووان بەردەوام هۆشیاری ژینگەیی و تەندروستی بۆ مرۆڤ و بەتایبەت ژنانی دووگیان بڵاوبكەینەوە و چالاكیبن لەو بوارەدا، حكومەتیش دەبێت لەڕێی وەزارەتی تەندروستییەوە رۆڵیان هەبێت لەگرنگیدان بەژنانی دووگیان و دروستكردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ منداڵبون و گرنگیدان بە كۆرپەلە".
ئەنوەر عەبدولكەریم وتیشی "پێویستە ژنانی دووگیان لەناو گوندەكاندا خۆیان لەگەرما و تەپ و تۆز بپارێزن و دوربكەونەوە لە سوتاندنی پاشماوەی مانگا بۆ نانكردن و چێشتلێنان، چونكە دەبێتەهۆی دەرهێنانی گازی میسان كە گازێكی ژەهراوییە و راستەوخۆ كاریگەرییەكانی بۆ كۆرپەلە دەگوازرێتەوە".
دكتۆرە كازیوەش دەڵێت پێویستە ژنانی دووگیان لە وەرزی هاویندا، زیاتر لەماڵەوە لەبەر فێنككەرەوە بمێنەوە و كەمتر تێكەڵ بەخەڵك ببن، "ئەگەر هاتوو ناچاربون بچنە دەرەوە و زۆر لەبەر خۆر و گەرما مانەوە، ئەوا پێویستە جلوبەرگی تەسك و قورس لەبەرنەكەن، دەبێت جلی فراوان و تەنك و فێنك و لۆكە لەبەر بكەن و خۆان بشوات و بەلایەنی كەمەوە رۆژانە سێ لتر ئاو بخواتەوە، لەگەڵ خواردنی میوەی پێویست وەك جێگرەوەی ئاو، تاوەكو لەشی دایكەكە بەهۆی گەرماوە توشی وشكبونەوە نەیات".