20 كچ له قه‌زای كفری گروپێكی ژینگه‌ييان دامه‌زراندووه، كه ئامانج لێی زیادكردنی به‌شداریی ژنانه له پاراستنی ژینگه و لە پێناو بونیادنانی کولتورێکی نوێی ژینگەپارێزی، له‌گه‌ڵ بەهێزکردنی رۆڵی خانمان له‌و پرسه‌دا.
"کیژانی ژینگەدۆست"، ناوی گروپه‌كه‌ی قه‌زای كفرییه كه دوو مانگه دامه‌زراوه و چالاكییه‌كانیان بریتین له چاندنی نه‌مام و زیادكردنی رێژه‌ی سه‌وزایی، هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه و بڵاكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی ژینگه‌یی.
تابلۆ ده‌رباز، سه‌رۆكی گروپی كیژانی ژینگه‌دۆست، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئامانجی سه‌ره‌كیمان له دامه‌زراندنی ئه‌م گروپه بڵاوكردنه‌وه‌ی كلتورێكی نوێی ژینگه‌پارێزییه له‌ناو كۆمه‌ڵگه و له چاوی ژنانه‌وه"، زیاتر وتی "ده‌مانه‌وێت نیشانی كۆمه‌ڵگه‌ی بده‌ین كه پاراستنی ژینگه زیاتر له ماڵه‌وه ده‌ستپێده‌كات، ژن-یش ئه‌و كه‌سه‌یه كه كه‌لتوری ژیان و پاراستنی ژینگه بۆ منداڵه‌كانیان دروستده‌كه‌ن".
"پێشتر بەشداریی ژنانی لە پرسی ژینگه‌دا سنورداربوو، ئێمه ده‌مانه‌وێت دەنگی نوێی ژنان بین لە پاراستنی ژینگەدا"، تابلۆ وایوت.
تابلۆ، ده‌ڵێت كار و چالاكییه‌كانی گروپه‌كه فره لایه‌نه، له نێویاندا چاندنی نه‌مام، هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه و سه‌وزكردنی ناوچه جیاجیاكانی ناوچه‌ی گه‌رمیان، ئه‌نجامدانی راهێنان و سیمیناری هۆشیاری به‌تایبه‌ت بۆ ژنان له نێو گه‌ڕه‌كه‌كانی شاردا. له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا ناوه‌نده‌كانی خوێندن به‌شێكی گرنگی پڕۆژه‌كه‌یان پێكده‌هێنێت، له‌ڕێی راهێنان و سیمیناری په‌روه‌رده‌یی له‌سه‌ر پرسی ژینگه و گۆڕانی ئاووهه‌وا.
گروپی كیژانی ژینگه‌دۆست درێژه‌پێده‌ری پڕۆژه‌ی به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنی گه‌رمیانه كه له دوو ساڵی رابردودا كاریان بۆ زیادكردنی رێژه‌ی سه‌وزه‌یی له ناوچه‌ی گه‌رمیان ده‌كرد.
گروپه‌كه ته‌نیا سنوردار نییه بۆ ئه‌ندامه‌كانی، به‌ڵكو پڕۆژه‌یه‌كی كراوه‌یه و بانگهێشتی هەموو کچان و ژنانی دڵسۆزی ژینگە دەکات کە پێکەوە گەرمیان بکەنە نمونەیەکی جوانی گرنگیدان به ژینگه و نیشاندانی رۆڵی خانمان لە پاراستنی ژینگەدا.
قەزای كفری یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك بەپێی دەستوری عیراق، بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی گەرمیانە و بەپێی داتاكانی ساڵی 2023 رێژەی سەوزایی لە گەرمیان تەنیا لەسەدا 5.7 بووە، ئەوەش كەمترە لە رێژەی ستانداردی جیهانی كە نابێت لەسەدا 30كەمتر بێت.
یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ی روبه‌ڕوی گروپی كیژانی ژینگه‌دۆست بۆته‌وه، نه‌بونی هیچ پاڵپشتییه‌كی داراییه بۆ فراوانكردنی چالاكییه‌كانیان، تابلۆ وتی "خۆبه‌خشانه چالاكییه‌كانیان ده‌كه‌ین، خولیا و ئاره‌زومان هه‌یه بۆ به‌رده‌وامبون و داوای پاڵپشتی رێكخراوه‌كان ده‌كه‌ین تا بتوانین چالاكی زیارت ئه‌نجام بده‌ین".