له‌پاڵ زیادبونی قەبارەی پاشماوەی خۆڵ و خاشاك له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئیداره خۆجێییه‌كان هه‌ریه‌كه و به شێوازێك خۆی له پاشماوه‌كان رزگارده‌كات و رێگریی ده‌كات ببنه‌هۆی پیسبونی ژینگه، له نێویاندا رێگرییكردن له سوتاندن و بڵاوبونه‌وه‌ی دوكه‌ڵ.
رۆژانه به نزیكه‌یی 4000 تۆن خۆڵ و خاشاك له سه‌نته‌ری شاره‌كانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه كۆده‌كرێنه‌وه، پاشماوه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی جدین له‌سه‌ر سیستمی ژینگه‌یی، ئه‌وه‌ش وایكردووه هه‌ر پارێزگایه و بیر له شێوازێكی جۆراوجۆر بكاته‌وه بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه و له‌ناوبردنی.
هەولێر ئه‌زمونكردنی سیستمی ژاپۆنی
له پایتەختی هەرێمی کوردستان، رۆژانە له نێوان 2100 بۆ 2200 تۆن خۆڵ و خاشاك كۆده‌كرێته‌وه، به نزیكه‌یی له‌سه‌دا 39ی پاشماوه‌ی خۆراكییه.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی و ژینگەپارێزی هەولێر، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه سیستمێكمان له وڵاتی ژاپۆنه‌وه هێناوه، بۆ چاره‌سه‌ری کێشە ژینگەییەکان، سیستمه‌كه بریتییە لە لێدانی 250 بیری گاز لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە، ئه‌وه‌ش بۆ دەرهێنانی ئەو گازەی لە ئەنجامی کارلێکی پاشماوەکان دروستدەبێت".
"ئەم گازە بە شێوازێکی کۆنترۆڵکراو دەسوتێنرێت، ئەمەش رێگری دەکات لەوەی ببێتە هۆی دروستكردن و بڵاوبونه‌وه‌ی دوکەڵ و پیسبونی هەوا"، ژیار جه‌لال وایوت.
حكومه‌تی خۆجێی هه‌ولێر، هه‌روه‌ها سه‌رقاڵی دروستكردنی كارگه‌یه‌كی ریسایكلینن و له قۆناغی دروستكردندایه، هه‌رچه‌نده بودجه یه‌كێكه له ئاڵه‌نگارییه‌كانی به‌رده‌می.
سلێمانی؛ سوتانی زبڵ راگیراوه و پاشماوه‌كان ریسایکلین ده‌كرێنه‌وه
ئیداره‌ی سلێمانی چه‌ند ساڵێكه سوتانی پاشماوه‌كانیان راگرتووه، زبڵ و خاشاكه ریسایكل ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكه بۆ پیسنهبونی ژینگه و ئاووهه‌وا.
زەردەشت رەفیق، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی شارەوانی سلێمانی، وتی "رۆژانه نزیکەی 1000 تۆن خاشاک کۆدەکهینهوه، به‌ڵام ئه‌م پاشماوانه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناسوتێنرێن، به‌ڵكو راستەوخۆ دەبرێتە کارگەی ریسایکڵین لە ناوچه‌ی تانجەڕۆ".
له ناوچه‌ی تانجه‌ڕۆ، پرۆسەی جیاکردنەوەی جۆری خاشاكه‌كان ده‌ستپێده‌كات، ئه‌وه‌ی بۆ دوبارە بەکارهێنانەوە نابێت، بە شێوەیەکی زانستی ژێرخاک دەکرێت.
ئه‌نجامی ئه‌و هه‌وڵه، به‌وته‌ی زه‌رده‌شت بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی "سلێمانی وه‌ك یەکێک لە پاکترین شارەکانی عیراق بناسرێت".
بەكارهێنانەوە و وەبەرهێنانەوەی پاشماوەی رەق و خۆراكی یەكێكە لە رێگاكانی بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ژینگە، كە بەپێی ئامارێكی ڕێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، عیراق پێنجەم ناوچەی جیهانە بۆ دەركەوتنی كاریگەری و لێكەوتە نەرێنییەكانی گۆڕانی ئاووهەوا.
پارێزگای دهۆك؛ ریسایكلین و ئاڵنگاریی گه‌شتیار
له دهۆك رۆژانه 450 تۆن خۆڵ و خاشاك كۆده‌كرێته‌وه، ئه‌وه‌ش رێژه‌یه‌كی كه‌متره به‌راورد به هه‌ولێر و سلێمانی. به‌ڵام له وهزری گه‌شتیاریدا رێژه‌كه بۆ 500 تۆن به‌رزده‌بێته‌وه.
هه‌موو ئه‌و خۆڵ و خاشاكانه ده‌گوازرێته‌وه، بۆ كاركه‌ی ریسایکلین لە ناوچەی کواشێ و له‌وێ ریسایكلین ده‌كرێنه‌وه.
شێروان حەسەن، وتەبێژی شارەوانی دهۆک به(کەرکوک ناو)ی وت "کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە رێگەی کۆمپانیای کەرتی تایبەتەوە ده‌بێت".
جه‌ختیكرده‌وه له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا بۆ پاكڕاگرتنی هه‌وای دهۆك، مه‌رجی توندیان بۆ کارگەکانی پاڵاوتنی نەوت داناوە. "دەبێت فلتەر بەکاربهێنن".
گەورەترین ئاڵێنگەری بۆ سەر شانی تیمەکانیان "هاوکارینەکردنی بەشێک لە هاوڵاتیان و گەشتیارانه"، چونكه وه‌ك شێروان وتی "پاشماوەکانیان لە شوێنە گشتییەکان فڕێدەدەن و ژینگه پیس ده‌كه‌ن".
پیسبونی ژینگە و ئاووهەوا، بەپێی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان یەكێكە لە هۆكارەكانی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، كە تەنیا لە ساڵی 2023دا نۆ هەزار و 911 حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستاندا تۆماركراون.
هەڵەبجە؛ کلتوری پاراستنی ژینگە په‌یڕه‌و ده‌كات
لە هەڵەبجە، رۆژانە نزیکەی 90 تۆن خاشاک کۆدەکرێتەوە، ئه‌وه‌ش به‌شێكی له‌ڕێی چه‌ند كارگه‌یه‌كی بچوكی پلاستیك و نایلۆنی ریسایكلینه‌وه دوباره به‌رهه‌مده‌هێنرێته‌وه، به‌ڵام به‌گشتی هۆشیاریی خه‌ڵك و هه‌ڵكه‌وته‌ی ناوچه‌كه ژینگه‌ی شاره‌كه‌ی به پاكی هێشتۆته‌وه.
فەرحان عیزەت، وتەبێژی شارەوانی هەڵەبجە، وتی "یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی هەڵەبجە، زیادەڕۆییە لە بەکارهێنانی پلاستیک کە زیانی بە روباری سیروانیش گەیاندووە"، زیاتر وتی "گۆڕینی ستایلی دروستكردنی خانوبەرە روبەری سەوزایی ناو ماڵانی کەمکردۆتەوە، بەڵام هاوڵاتیانی ناوچەکە بە سروشت دۆستی ژینگەن و زۆرجار خۆبەخشانە یارمەتی تیمەکانی شارەوانی دەدەن لە ئاودان و بڕینی درەختەکاندا".