چیرۆكی من
خامێ به‌ره‌كات؛ له‌ دیلی داعشه‌وه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی حزب
خامێ به‌ره‌كه‌ت (19 ساڵ) كچه‌ ئێزیدی رزگاربوی ده‌ستی داعش فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو

دەمەوێت بە هەوڵ و کۆششی خۆم، لە پێناو ئێزیدییەکاندا کاربکەم، ئیتر دەزانین کە پشت لە ئێزیدییەکان کرا، بۆیە تێکۆشان بۆ ئازادی لە ئازادی بەنرخترە

خامێ به‌ره‌كات؛ له‌ دیلی داعشه‌وه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی حزب

  • 2019-03-02

ئه‌وه‌ی بۆ خامێ له‌ ئازادی به‌نرختره‌، تێکۆشان و به‌ده‌ستهێنانیه‌تی، بۆیه‌ کۆڵی نه‌دا تا له‌ژێر ده‌ستی داعش رزگاری بوو.

ئه‌و کچه‌ ئێزیدییه‌، دوای چه‌ند ساڵێک له‌ دیلی و دوری له‌ زێدی خۆی، هه‌رچی خه‌م و ئازاری هه‌بوو له‌ هه‌وڵی گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کانیدا کۆیکرده‌وه‌، ئێستاش گه‌یشتۆته‌ سه‌رکردایه‌تی حزبێکی سیاسی.

“دەمەوێت بە هەوڵ و کۆششی خۆم، لە پێناو ئێزیدییەکاندا کاربکەم، ئیتر دەزانین کە پشت لە ئێزیدییەکان کرا، بۆیە تێکۆشان بۆ ئازادی لە ئازادی بەنرخترە”.

خامێ به‌ره‌که‌ت، ته‌مه‌نی ته‌نیا 19 ساڵه‌، سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابردوو له‌ قه‌زای شه‌نگال، وه‌کو جێگری سه‌رۆکی پارتی ئازادی دیموکراتی ئێزیدی ناسراو به‌ (پادێ) هه‌ڵبژێردرا، ئه‌وه‌ش به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی کۆنگره‌ی ئاسایی حزبه‌که‌.

“ئێمە لە تێکۆشان بەردەوام بوین و لە ناونەچوین، ئێستا لە ڕێگه‌ی خەباتی سیاسیه‌وه‌ دەمەوێت کار بۆ ئێزیدیەکان بکەم و بەرگری لێبکه‌م”، خامێ بۆ (که‌رکوک ناو) وای وت.

له‌ ئابی 2014دا خامێ له‌گه‌ڵ دایکی، خوشکێک و دوو برای که‌وتنه‌ ده‌ستی داعش، بۆ سێ ساڵ له‌ مه‌ینه‌تی و له‌ژێر ئازاری ئه‌و رێکخراوه‌ چه‌کدارییه‌دا مایه‌وه‌، تا رزگاری بوو.

شه‌نگال، تشرینی یه‌كه‌می 2018، ده‌نگدان بۆ خامێ له‌كۆنگره‌ی پارتی ئازادی دیموكراتی ئێزیدی فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو
شه‌نگال، تشرینی یه‌كه‌می 2018، ده‌نگدان بۆ خامێ له‌كۆنگره‌ی پارتی ئازادی دیموكراتی ئێزیدی فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو

ئه‌و له‌ باسی یه‌که‌م شه‌وی رفاندنیدا ده‌ڵێت “یەکەم شەو لای داعش دەستبەسەر بوین، نەمزانی لە چ شوێنێکی شەنگالین، شەوی یەکەممان یەکەم تاریکی بوو لە ژیانمدا کە تائێستاش ئەو تارمییە له‌به‌رچاوم ماوه‌”.

پێکهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی کریستیان، کاکەیی‌ و تورکمانەکان زۆرترین پێشێلکارییان بەرامبەر کرا‌وە لەلایەن داعشەوە و روبەڕوی کوشتنی بەکۆمەڵ بوونەوە، دوای دەستبەسەرداگرتنی شەنگال (120کم رۆژئاوای موسڵ).

له‌ ماوه‌ی ئه‌و سێ ساڵه‌دا، خامێ و کچانی تری ئێزیدی ره‌وانه‌ی چه‌ندین شوێن کراون، له‌ شه‌نگاله‌وه‌ بۆ سوریا، له‌ ناو سوریادا بۆ کۆبانێ، حه‌سه‌که‌، حه‌له‌ب و دێره‌زوور.

“رۆژێک گوێمان لێ بوو باسی دێره‌زوریان کرد، ئه‌وکات زانیمان له‌وێین”، خامی وتی “داعش و ژیانی ژێر دەستی داعش، لە ناوبردنی چرای ڕوناکی ژیانمان بوو، بۆیه‌ زۆریه‌ی کچانی ئێزیدی رزگاربوو له‌ بارێکی قورسی ده‌رونیدا ده‌ژین”.

سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ، له‌گه‌ڵ چڕبونه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌کان دژ به‌ داعش به‌ تایبه‌ت له‌ سوریا، ده‌رفه‌تی خامێ بۆ ئازادی زیاتر بوو، تا ئه‌وکاته‌ی هێزه‌کانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) هێرشیانکرده‌ سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئه‌وی تێدا ده‌ستبه‌سه‌ر بوو.

“شەڕێکی قورس و سەخت لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و چەتەکانی داعش ڕویدا، توانیم خۆم ڕزگاربکەم و هەڵبێم، دواتر خۆم ڕادەستی هێزەکانی هەسەدە کرد، پاش چەن ڕۆژێک مانەوەم لە لای ئه‌وان منیان گەیاندەوە شەنگال”.

خامێ به‌ که‌سوکاری شادبووه‌وه‌، دایکی و دوبرا و خوشکه‌که‌ی له‌ سوریا بون، ئه‌وانیش له‌ ده‌ستی داعش رزگاربون، له‌ شه‌نگال ده‌ستیانکرده‌وه‌ به‌ ژیان.

شه‌نگال، تشرینی یه‌كه‌می 2018، خامی به‌ره‌كات دووه‌م كه‌س له‌ ده‌سته‌ چه‌په‌وه‌ دوای هه‌ڵبژاردنی به‌ جێگری سه‌رۆكی پادێ فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو
شه‌نگال، تشرینی یه‌كه‌می 2018، خامی به‌ره‌كات دووه‌م كه‌س له‌ ده‌سته‌ چه‌په‌وه‌ دوای هه‌ڵبژاردنی به‌ جێگری سه‌رۆكی پادێ فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو

له‌گه‌ڵ رزگاربونیدا له‌ده‌ستی داعش، ئه‌و کچه‌ ئێزیدییه‌ به‌دوای ده‌رفه‌تێکدا ده‌گه‌ڕا ئازاره‌کانی رابردو له‌ بیر بکات و ژیانێکی نوێ ده‌ستپێبکات.

خامێ ده‌ڵێت “دەمویست ڕۆژە تاریکەکانی بن دەستی داعش لە بیربکەم و هەوڵبدەم بۆ ڕزگارکردنی کچانی ئێزیدی لە نەهامەتی، بۆیه‌ بڕیارمدا له‌ نێو پادێ کاربکەم، .. چونکه‌ باوه‌ڕم به‌ به‌رنامه‌ و کاره‌ سیاسییه‌کانیان هه‌بوو”.

دوای تێپه‌ڕینی چه‌ند مانگێک له‌ کارکردن بۆ ئه‌و حزبه‌و له‌ کۆنگره‌ی ئاساییدا، 21ی تشرینی یه‌که‌می ئه‌مساڵ خامێ به‌ره‌که‌ت به‌ جێگری سه‌رۆکی حزب هه‌ڵبژێردرا، وه‌کو ئاماژه‌یه‌ک بۆ کۆڵنه‌دانی پێکهاته‌که‌ی خامێ وتی “تائێستا 74 فەرمان و بڕیار بۆ قڕکردن و لە ناوبردنی ئێزیدییه‌کان ده‌رکراوه‌، به‌ڵام به‌رده‌وامین و له‌ناو نه‌چوین”.

ئەو ئێزیدییانەی لەلایەن داعشەوە رفێنراون، زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار که‌س بوون، زۆرینه‌یان له‌ ره‌گه‌زی مێ بون و تائێستاش چاره‌نوسی نزیک به‌ نیوه‌یان به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌، به‌پێی ئاماره‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان.

له‌ پۆسته‌ سیاسییه‌که‌دا، خامێ دروشمی ئازادی هه‌ڵگرتووه‌، بۆ کچانی ئێزیدی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ژێرده‌ستیی و دیلیدا ماونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێت هه‌وڵه‌کانی بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی رویدا له‌ بیری هه‌مواندا بمێنێته‌وه‌ تا رێگه به‌ دوباره‌بونه‌ویه‌ نه‌ده‌ن.

سۆران محه‌مه‌د – نه‌ینه‌وا

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT