چیرۆكی من
زيكرا له‌ بازرگانیدا كێبڕكێی پیاوان ده‌كات
زیكرا نوئێل یوسف (29 ساڵ) فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

كێبڕكێی پیاوان مه‌حاڵ و قورس نییه‌، ته‌نیا هه‌وڵ و ماندوبونی ده‌وێت

زيكرا له‌ بازرگانیدا كێبڕكێی پیاوان ده‌كات

  • 2020-06-28

بازرگانی دوو هێنده‌ی هه‌ر كارێكی دیكه‌ پشودرێژی ده‌وێت؛ زیكرا به‌ زیاده‌وه‌ ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی تێدایه‌، به‌وپه‌ڕی باوه‌ڕبه‌خۆبونه‌وه‌ له‌ سفره‌وه‌ كاسبی ده‌ستپێكرد و ده‌یه‌وێت له‌ بازرگانیدا كێبڕكێی پیاوانی خاوه‌نكار بكات.

زیكرا نوئێل یوسف (29 ساڵ)، ئه‌وكاته‌ی دوكانی فرۆشتنی جلوبه‌رگی كرده‌وه‌، هه‌فتانه‌ بایی 10 هه‌زار دیناری نه‌ده‌فرۆشت، به‌ڵام كۆڵی نه‌دا و وائێستا چاوه‌ڕێیه‌ له‌ڕێی قه‌رزێكی ده‌ره‌كییه‌وه‌، ده‌یان كچ و ئافره‌تی تر بخاته‌ سه‌ركار.

"پێویسته‌ ژنان بزانن كێبڕكێی پیاوان یان ئه‌و كارانه‌ی به‌ پیاوانه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ مه‌حاڵ و قورس نییه‌، ته‌نیا هه‌وڵ و ماندوبونی ده‌وێت" زیكرا وای وت.

ئه‌و ئافره‌تێكی كریستیانیی خه‌ڵكی ناحیه‌ی ئه‌لقوشه‌ له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا، تا پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پرسیاری كاركردنت لێی بكردایه‌ ده‌یوت كابانی ماڵه‌وه‌، ئێستا وه‌ڵامه‌كه‌ جیاوازه‌، "كێبڕكێكاری پیاوانی خاوه‌نكارم له‌ بازرگانیی و كه‌رتی تایبه‌تدا".

ده‌مزانی كاره‌كه‌م پشودرێژی ده‌وێت بۆیه‌ كاتێك بێبازاڕ بوم كۆڵمنه‌دا

له‌ ساڵی 2015دا بوو، زیكرا بیرۆكه‌كه‌ی كرد به‌ كردار؛ هه‌ر له‌ شوێنی نیشته‌جێبونی خۆی دوكانێكی فرۆشتنی جلوبه‌رگی ژنانی كرده‌وە.

"باوه‌ڕبكه‌ هه‌فته‌ی بایی 10 هه‌زار دینارم ده‌فرۆشت، هه‌ندێك رۆژ یه‌ك ژن نه‌ده‌هاته‌ دوكانه‌كه‌م، به‌ڵام هه‌ر وازمنه‌هێنا، چونكه‌ ده‌مزانی پشودرێژی ده‌وێت".

كردنه‌وه‌ی ئه‌و دوكانه‌، قۆناغی دوای ئاواره‌یی شه‌ڕ و داعش بوو، كاتێك خه‌ڵك سه‌رقاڵی ئاوه‌دانی و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی بون.

زیكرا و خێزانه‌كه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ك له‌به‌ر زه‌بروزه‌نگی داعش رویانكرده‌ دهۆك و دواتر گه‌ڕانه‌وه‌.

"به‌سێ رێگه‌ سه‌ره‌تای كاركردنم به‌ باشی به‌ڕێكرد و توانیم خه‌ڵك له‌ ده‌وری كاره‌كه‌م كۆبكەمە‌وه‌؛ هێنانی جلوبه‌رگی باش و ماركه‌، دانانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر موشته‌ری بۆ كڕینی لانیكه‌می پارچه‌یه‌ك له‌ دوكانه‌كه‌دا پێش ئه‌وه‌ی بڕوات، له‌گه‌ڵ دانانی قازانجێكی كه‌م له‌سه‌ر جلوبه‌رگ".

ماوه‌یه‌كی كه‌م تێپه‌ڕی، به‌شێك له‌ موشته‌رییه‌كانی داوای تایبه‌تیان بۆ هێنانی جلوبه‌رگ هه‌بوو، ئه‌ویش له‌وێوه‌ زیاتر هه‌نگاوی به‌ره‌و بازرگانی نا.

zikra (5)
زیكرا به‌شداری ۆركشۆپی ئاژانسێكی ئه‌مریكی كرد تا بتوانێت قه‌رز وه‌ربگرێت فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

"بڕوانامەیە‌كی باشم نییه‌، به‌ڵام بۆمده‌ركه‌وت هه‌وڵدان بۆ كاركردن و په‌یداكردنی داهاتی باش مه‌رج نییه‌ پێویستی به‌ بڕوانامه‌ هه‌بێت، به‌ڵكو چه‌ندین ده‌رچوی زانكۆ و په‌یمانگا هه‌یه‌ بێكارن، چونكه‌ ئیراده‌ و هه‌وڵدانیان نییه‌" زیكرا ته‌نیا بڕوانامه‌ی شه‌شی سه‌ره‌تایی هه‌یه‌ و به‌هۆی بارودۆخێكی تایبه‌ته‌وه‌ له‌ خوێندن دابڕاوه‌.

زیكرا نوئێل له‌ 2006 هاوسه‌رگیری كردووه‌، سێ منداڵی هه‌یه‌ و هاوسه‌ره‌كه‌ی مامۆستایه‌، ئه‌ویش به‌شداری له‌ دابینكردنی بژێویدا، چونكه‌ ته‌نیا موچه‌ی مامۆستایی به‌شی پێداویستییه‌كانیان ناكات.

"هاوسەرەکەم له‌ هاوین و پشوی خوێندنگه‌دا هاوكاریم ده‌كات، به‌ڵام كاتی ده‌وامی ئه‌و ئه‌ركی من قورستره‌، له‌یه‌ككاتدا په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ و به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كه‌م له‌ ئه‌ستۆدایه‌".

زیكرا چاوی له‌ فراوانكردنی كاره‌كه‌ی بوو، نه‌یتوانی ده‌سته‌وه‌ستان له‌ چوارچێوه‌ی دوكانێكدا بمێنێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ فرۆشی رۆژانه‌ی له‌ 10 هه‌زار دیناره‌وه‌ گه‌یانده‌ نزیكه‌ی 100 هه‌زار دینار.

پرسیاری زۆری كرد، له‌ هه‌ر شوێنێك ده‌رفه‌تی هاوكاریی و گه‌شه‌پێدانی كاره‌كه‌ی هه‌بوایه‌ بێ دودڵی هه‌وڵی بۆ دا، تا له‌ ئاداری 2020دا به‌شداری ۆركشۆپێكی ئاژانسی ئه‌مه‌ریكا بۆ په‌ره‌پێدانی نیوده‌وڵه‌تی (USAID)ی كرد، به‌ ئامانجی وه‌رگرتنی قه‌رزێكی پێنج ملیۆن دیناری.

به‌ هاندانی من و بیستنی چیرۆكه‌كه‌م چه‌ندین ئافره‌تی تر بونه‌ته‌ خاوه‌نكار

"ده‌مه‌وێت كاره‌كه‌م فراوانتر بكه‌م، به‌ڵام پێویستم به‌ پاره‌ هه‌یه‌، نه‌ك هه‌ر من، زۆربه‌ی خاوه‌نكاره‌كانی تری ئه‌لقوش پێویستیان به‌ هاوكاری هه‌یه‌، بۆیه‌ چاومان له‌و قه‌رزه‌ی ئاژانسه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌یه‌".

له‌ چانسی ئه‌و، بارودۆخی كۆرۆنا دروستبوو، هه‌م كاركردنه‌كه‌یی روی له‌ سستی كرد هه‌میش وه‌رگرتنی قه‌رزه‌كه‌ی دواكه‌وت.

"راسته‌ بازاڕمان سست بووه‌، به‌ڵام كۆڵناده‌م، ئه‌وه‌ی هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌م هه‌رگیز نیازم نییه‌ وازی لێبهێنم".

ده‌یان ئافره‌ت له‌ ئه‌لقوش، سودیان له‌ ئه‌زمونی زیكرا وه‌رگرتووه‌، "به‌ هاندانی من و بیستنی چیرۆكی سه‌ركه‌وتن چه‌ندین ئافره‌ت دوكانیان داناوه‌ و بونه‌ته‌ خاوه‌نكار".

به‌پێی ئامارێكی سه‌ندیكای كرێكاران له‌ قه‌زای تلكێف، سه‌دا 40ی دوكانه‌كانی جلوبه‌رگ، ماكیاژ و پێداویستی تری ئافره‌ت له‌لایه‌ن ژن و كچانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن.

زیكرا نوئێل ده‌ڵێت دوو ئامانجی له‌ ژیانیدا هه‌یه‌؛ بژێویی و داهاتێكی باش به‌ ماندبونی زۆر له‌گه‌ڵ رێگه‌خۆشكردن بۆ ئافره‌تانی تری ماڵ، تا پێكه‌وه‌ ببنه‌ هێزێكی كاریگه‌ر و كێبڕكێیه‌كه‌ ببەنه‌وه‌.

 

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT