چیرۆكی من
زوحا شەبەكی؛ ئاوارەیی كردە دەرفەت بۆ رزگاربون لە كۆت و بەند
زوحا شەبەكی (22 ساڵ)

بڕی پێنج هەزار دینارم پێ بوو، ئه‌و پارە كەمە بوو به‌ سەرەتای كارە هونەرییەكانم

زوحا شەبەكی؛ ئاوارەیی كردە دەرفەت بۆ رزگاربون لە كۆت و بەند

  • 2020-10-15

زوحا شەبەكی (22 ساڵ)، چاوەكانی لەنێو كۆمه‌ڵگەیەكی پارێزگای نەینەوادا هەڵهێنا كە سەربەستی ناداتە ئافره‌ت تا ئەو شێوازی ژیانە هەڵبژێرێت خۆی دەیەوێت، بەڵكو ئافرەتی دەخستە ژێر فشارەوە بەبیانوی ئەو عورف و نەریتانەی كۆمەڵگەی پێكهاتەی شەبەك پێی ناسراون.

"بۆیە ئافرەت پێویستی بەوەیە لەچەندین دەرگا بدات تا ئاسمان و روناكی ببینێت، تا هەوای ژیان هەڵمژێت و  رزگاری بێت لە نەهامەتی" زوحا وای وت.

بەڵام زوحا توانی لە نێو دەردەسەرییەكانی ئاوارەیی خودی خۆی بدۆزێتەوە و ئاواتەكانی بێنێتەدی، توانی یارمەتی خۆی و خێزانەكەشی بدات لەو بارودۆخە سەختەی پێیدا تێپەڕین.

 

دیمەنەكانی ئاوارەیی

سەرەڕای كەمی تەمەنی، زوحا بەناچاری ئەزمونی ئاوارەبونی چەشت و زێدی خۆی به‌جێهێشت، بێ ئەوەی بتوانێت ماڵئاوایی لە دراوسێ و خۆشەویستانی بكات.

"دیمەنی ئاوارەیی بەو ئاسانییە نییە كە هەندێك كەس وێنای دەكات، ئەو جیهانە لەدوای خۆت جێدەهێڵیت كە تیایدا ژیاویت و هەنگاو بەرەو نادیار دەنێیت، ناچار دەكەویتە گێژاوی سەركێشییەوە، چونكە هەوڵی مانەوە بەزیندویی ئامانجی باڵای هەموو مرۆڤێكە"، به‌مشێوەیە زوحا باسی رۆژانی ئاوارەبونی خۆی كرد.

زوحا زیاتر وتی "لە 6ی حوزەیرانی 2014، كاتێك لەپۆلی سێی ناوەندی بوم، خۆم بۆ تاقیكردنەوەی بیركاری ئامادە دەكرد، هەرگیز پێشبینی ئەوەم نەدەكرد كە رویدا، چونكە سەرگەرمی بنیاتنانی داهاتویەكی گەش بووم تا بتوانم یارمەتی خۆم و خێزانەكەم بدەم".

120799927_332968751106565_1454853765008865376_n
بەشێك لە كارە هونەریەكانی زوحا كە لەشەقامی موتەنەبی بەغدای پایتەخت نمایشكرابون

وتیشی "لەو رۆژە شومەدا، بەدیاریكراوی كاتژمێر 1:30ی دوای نیوەشەو لە موسڵ رامان كرد و رومانكردە ناحیەی بەرتڵە لە دەشتی نەینەوا، دیمەنێكی ترسناك بوو، لە رۆژی دوایی دەچوو، خەڵك لەسەر شەقامەكان رایان دەكرد لەترسی رێكخراوی داعش."

دوای ماوەیەكی كەم، زوحا و خێزانەكەی زانییان ماڵ و حاڵیان لەدەستداوە و هەموو شتێكیان كەوتوەتە دەست چەكدارانی داعشەوە، كاتێك لە حوزەیرانی 2014دا دەستیان بەسەر موسڵدا گرت، هیچیان نەما شایەنی ئەوەبێت لەپێناویدا بمێننەوە بۆیە رویانكردە شاری بەغدای پایتەخت.

 

خاڵی وەرچەرخانی راستەقینە لەژیانی زوحا

زوحا تەنیا بە پێنج هەزار دینار پرۆژەیەكی بچوكی لە شەقامی موتەنەبی شاری بەغدا دەستپێكرد، ئەو بڕه‌ پاره‌یه‌ بووە هەوێنی كارێك لەڕێیەوە بژێوی خۆیی و خێزانەكەی پەیدا دەكرد.

"مامم لە پارێزگای نەجەف دەژی، كاتێك ئاوارەی بەغدا بوین سەردانی كردین و بەر لە گەڕانەوەی بڕی پێنج هەزار دیناری پێدام، ئەو پارە كەمە بووە سەرەتای كارە هونەرییەكانم"، وەك زوحا وتی.

گەڕانەوە بۆ موسڵ گەڕانەوە بوو بۆ خاڵی سفر

زوحا بەو پارەیە هەندێك كەرەستەی سادەی وەك دەرزی، دەزوو، كریستاڵی دەستكردی كڕی و بەهاوكاری دایكی و خوشكەكەی دەستی دایە كاری ئیكسسوارات.

سەرەتا كەسە نزیكەكانی خێزانەكەیی و دراوسێكانیان بەرهەمەكانیان لێدەكڕی، ئەو پێنج هەزار دینارە بوو بە 20 هەزار و دواتر بوو بە 100 هەزار دینار، "هەوڵەكەم بوو بە سەرچاوەی بژێویم، خەڵكی بەغدا زۆر رێزیان لە هونەر دەگرت و ئەگەر كارێكی هونەرییان بەدڵ بوایە بەهەر نرخێك بوایە دەیانكڕی"، زوحا واده‌ڵێت.

لە بەغدا، زوحا چاوی بە خانمە هونەرمەندێك كەوت، ئەو هونەمەندە بەوە ناسرابوو كە هاریكاری كەسانی تری دەكرد و نهێنی كارەكەی بۆ خۆی قۆرخ نەدەكرد.

زوحا وتی "چاوم كەوت بە خانمە هونەرمەند سەحەر، نهێنییەكانی هونەری فێركردم رێگەی گونجاوی بۆ كێشام، چەندین شتی نوێی لەبواری هونەردا پێیوتم، فێری كردم چۆن كارەكەم فراوان بكەم و لەوەوە فێری وێنەكێشان لەسەر شوشە بوم و ئاشنای كردم بە پێشانگە و بازاڕەكانی هونەر."

 بەو شێوەیە زوحا چەندین هاوڕێ و كڕیاری بۆ كارەكانی پەیدا كرد كە بەزۆری لە رۆژانی هەینی بەرهەمەكانیان لێدەكڕی، كاتێ دەچوو بۆ نمایشكردنی كارە هونەرییەكانی لە شەقامی موتەنەبی ناوەڕاستی بەغدا.

121017215_650096329199207_4812159073265075984_n
یەكێك لە تابلۆ هونەرییەكانی زوحا شەبەكی كە بلیمەتی و لێهاتویی لە كارەكەی دەردەخات

هاوكاریی و پاڵپشتی خەڵكی بەغدا بۆ زوحا لەبواری هونەردا وایكرد بەغدا ببێتە نیشتمانێك بۆ زوحا و وەك خۆی دەڵێت؛ هەمیشە هەستی كردوە كە كەسێكی "بەغداییە".

زوحا وتی "خەڵكی بەغدا باشترین و دڵپاكترین كەسن كە لەژیانمدا بینیومن، زۆربەیان هاوسۆز بوون لەگەڵ پرسەكەماندا و دەیانوت ئێمەش ئەو ئەزمونە تاڵەی ئێوەمان تاقیكردۆتەوە... هیچ ئاوارەیەك نییە بە ئاسودەیی ژیابێت، بەڵام ئێمە وەك دۆست و هاوڕێ لەگەڵ خەڵكی بەغدا ژیاین."

كارە هونەرییەكانی زوحا زیاتر پەرەیانسەند؛ لە نوسین و وێنەكێشان لەسەر پەرداخ پەلیكێشا بۆ هونەری قورستر، وەك نەخشەكێشان لەسەر شوشە و دروستكردنی ئەو تابلۆ هونەرییانەی لە كەلەپورەوە سەرچاوەیان گرتووە.

 

گەڕانەوە بۆ موسڵ

كاتێك زوحا و خێزانەكەی گەڕانەوە بۆ موسڵ دوای دەرهێنانی شارەكە لە چنگی داعش لەساڵی 2017دا، كارەكانی "پاشەكشێی" بەخۆیەوە بینی، خواست لەسەر بەرهەمەكانی نەما و دوای گەڕانەوەی بۆ پارێزگای نەینەوا هەموو كڕیاڕەكانی بەغدای لەدەستدا.

زوحا دەڵێت "گەڕانەوە بۆ موسڵ گەڕانەوە بوو بۆ خاڵی سفر، دەبێت دوبارە كڕیاری نوێ بۆ بەرهەمە هونەرییەكانم پەیدا بكەم، وەك ئەوەی یەكەم هەنگاوم بێت."

سەرەڕای ئەوە، زوحا دوای گەڕانەوەی درێژەی بە خوێندن دا و بەشی تەكنیكەكانی بەڕێوەبردنی ماددەكانی لە كۆلێژی تەكنیكی موسڵ تەواوكرد.

121013097_2643479012632606_9027724012198619819_n
زوحا دوای گەڕانەوەی بۆ موسڵ درێژەی بە خوێندن دا

بەدرێژایی پێنج ساڵ، زوحا بەكارە هونەرییەكانی بەشداری لە پێشانگەی نێودەوڵەتی بەغدا كرد، دووساڵیش لە فیستیڤاڵی گوڵ لە پاركی زەورا، هەروەها بەشداری لەچەندین پێشانگەی تر كرد لە بەغدا و موسڵ و هەولێر.

زوحا خەڵاتی قەڵغانی بەغدای وەرگرت و چەندین بڕوانامەی رێزلێنانی پەیمانگە و رێكخراوە مرۆییەكانی پێدرا.

پەیامی زوحا بۆ گەنجان ئەوەیە؛ چاوەڕێی دامەزراندنی حكومی نەكەن و مرۆڤ نابێت لە بارودۆخە ناهەموارەكاندا چۆك دابدات، "هەبونی كەسانێك لە چواردەورت كە هاوسۆزت بن پاڵنەرێكی گرنگە بۆ بەردەوامبون و بەدیهێنانی ژیانێكی باشتر".

زوحا ئامۆژگاری گەنجان دەكات؛ كار و پیشەی تایبەت بەخۆیان هەبێت و بەڕێگەیەكی كاریگەری ناودەبات بۆ گەیشتن بە كەناری ئارامی و هەستكردن بەئاسودەیی، لەبری چاوەڕوانی دامەزراندن و ملكەچوون بۆ بارودۆخ.

 

یوسرا عەلی – نەینەوا

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT