چیرۆكی من

هەرچی کارێک گرانە، لەگەڵ مەڕوان ئاسانە

  • 2020-12-09

ماش و برنجی و بەردەوام كڵاوێكی ئایینی لەسەرە، فەرەنجییەكی لەبەردایە و گۆچانێكی بەدەستەوەیە؛ ئاواهی ئامادەیە بۆ خزمەت. لەهەر كوێ بێت گرنگ نییە، باشیك، شنگال و شێخان، یان هەر مەزارگەیەكی ئایینی ئێزیدی.

مەڕوان عەلوبی، ساڵانێكە جێی سرنجی كۆمەڵگەی ئێزیدییە، سروتە ئایینیەكان دەڵێتەوە، بە دەنگە خۆشەكەی كۆڕ و كۆبونەوە گەرمدەكات، رۆژێك وەستا و رۆژێك كرێكار، وایلێهاتووە هیچ كارێك بێ راوێژ و بەشداریی ئەو تەواو نابێت.

مەڕوان عەلوبی كە كۆمەڵگەی ئێزیدی بە مەڕوانی خزمەتكار ناوی دەبەن، ئێستا لە تەمەنی 50 ساڵیدایە و پیشەی ئاسنگەرە و لە باشیك لە دەشتی نەینەوا دەژیت. بەردەوام ئامادەیە بۆ هەر خزمەتێك بە مەزار و شوێنە پیرۆزەكانی ئایینەكەیی و كۆمەڵگەی ئێزیدی، ئەوەش وەك پیشە لە باوكییەوە بۆی ماوەتەوە، هەر ئەوەش وایكردووە بە مەڕوانی خزمەتكار یان پیاوی ئەركە قورسەكان بانگی بکەن.

"ناتوانم بێ كار بوەستم لەكاتێكدا ئایینەكەم و كۆمەڵگەكەم پێویستی بە خزمەتی منە؛ خزمەتی ئایین و كۆمەڵگەكەم لە باوكمەوە بۆم ماوەتەوە، ئیتر ئەو شوێنە لالش بێت، یان هەر پەرستگایەكی تری ئێزیدی، یان هەر كارێك  بێت بۆ بنەماڵەی میر و جڤاتی رۆحانی ئێزیدی"، مەڕوان وای بە (كەركوك ناو) وت.

ناتوانم بێ كار بوەستم لەكاتێكدا ئایینەكەم و كۆمەڵگەكەم پێویستی بە خزمەتی منە

لە دوای گەڕانەوەی ئێزیدییەكان بۆ شوێنەكانی خۆیان و دەستكردن بە نۆژەنكردنەوەی شوێنە پیرۆزەكانیان، كە بەدەستی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) وێرانبون. مەڕوان یەكێك دەبێت لەو كەسانەی هەر زوو بۆ خزمەت بگەڕێتەوە لالش.

maruann
نەینەوا/ تشرینی دووەمی 2020/ مەڕوان لەگەڵ هاوڵاتی ئێزیدی لە باشیك فۆتۆ: كەركوك ناو

"ویستم رۆڵم هەبێت و شوێن پەنجەم دیاربێت لە نۆژەنكردنەوەی ئەم شوێنە پیرۆزەمان... ئێستا رۆژانە دێمە لالش و چ خزمەتێك هەبێت دەیكەم"، مەڕوان زیاتر وتی "ئەگەر رۆژانە باخ و ئاوی سازگاری لالش نەبینم ناتوانم بژیم".

پەرستگای لالش پیرۆزترین شوێنی ئایینی ئێزیدییە لە عیراق و جیهان، كە زۆرینەی بۆنە و مەراسیمە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكانی ئێزیدی لەو پەرستگایەدا بەڕێوەدەچێت.

لەپاڵ ئەو خزمەتانەیدا، مەڕوان دەنگی خۆشە، سروتە ئایینییەكان دەڵێتەوە و گۆرانی عیشق و سۆفیگەریی دەچڕێت، لە هەركوێ بێت كۆڕ و كۆبونەوەكانی گەرمتر كردووە و چێژی زیاتری بە بۆنەكان بەخشیوە، ئەوەش زیاتر ناسراوی كردووە.

شوێنە پیرۆزەكانی ئایینی ئیزیدی لە ئابی ساڵی 2014دا بەشێكی زۆریان بەدەستی داعش وێرانبوون؛ لەكاتی نۆژەنكردنەوەیاندا، مەڕوان لەیەككاتدا لەگەڵ ئەندازیار و كرێكارەكاندا لە ئەركدا بووە.

lalsh-1
شێخان، ئاداری 2020، داخستنی په‌رستگای لالش به‌ڕوی زیاره‌تكارانیدا فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ (كه‌ركوك ناو)

مەڕوان ئاسنگەرە؛ زۆركات وەك خۆی دەڵێت كارەكەی بۆ خزمەتی لالش بەجێهێشتووە. حەز بە ژینگەی پاك و سەوزایی دەكات، بۆیە چاندنی نەمام و خزمەتكردنی سەوزایی ناوچە ئێزێدینشینەكان وەك ئەركێكی سەرەكی خۆی سەیردەكات.

"لە دوای وەدەرنانی داعشەوە، بە سەدان نەمامم لە پەرستگەی لالش چاندووە و بەشێكیان ئێستا بەرهەمیان هەیە، دەمەوێت لەمەودوا خزمەتی زیاتر بە ژینگە و سەوزایی لە لالش بكەم"، مەڕوان وایوت.

كاروان باعەدری

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT