هانی زۆر کەسمدا بچنە تایکواندۆ و فێری خۆپارێزی ببن، چونکە ئەمە بۆ ژنان زۆر گرنگە
هانی زۆر کەسمدا بچنە تایکواندۆ و فێری خۆپارێزی ببن، چونکە ئەمە بۆ ژنان زۆر گرنگە
هیچکات بەبیریدا نەهاتبوو کە لەوانەیە رۆژێک خۆی لە قوڵایی نائومێدییەکانی دەرباز بكات، بەڵام ئێستا بۆتە فریادڕەسی دەیان ژن. ئەو تەنیا راهێنەری لەشجوانی و دابەزاندنی كێش نییە، بەڵكو لەڕوی دەرونییەوە هاوكاریت دەكات، پڕۆگرامی ژیانت بۆ رێكدەخاتەوە و رێگاكانی گەیشتن بە دەرونێكی ئارامت نیشاندەدات. لەكۆتایی پێتدەڵێت "تۆ دەتوانیت".
کارێز سەڵاحەدین (29ساڵ) راهێنەر و بەڕێوەبەری سەنتەرێكی لەشجوانی لە كەركوك، ژنێکی گەنج و پڕ وزەیە، دایکێکی بەهێزە بۆ دوو منداڵەکەی، هەمیشە کە قسەدەکات هەوڵدەدات کاریگەرییەکی ئەرێنی لە شوێن قسەکانی بەجێبهێڵیت. لە گوفتار و کرداردا هەمیشە گەشبینە.
ئەو رۆژێک لەسەر شەقامەکانی کەرکوک دەبینرێت پیاسە دەکات و هەوای پاک هەڵدەمژێت، رۆژێکی تر لەناو قەڵای کەرکوک وەرزش دەکات، "تەنها جێم شوێنی وەرزش نییە، هەموو ئەم سروشتەی دەوروبەرمان شوێنی وەرزشە، ئەو هەوا سروشتییەی دەرەوە کاریگەرییەکی زیاتری هەیە لەسەر تەندروستیمان"، كارێز وای وت.
"تۆ ژنی، لە ماڵەوە بمێنەرەوە"
ئاسان نەبوو کارێز بگات بەم ئاستە، لە 21 ساڵیدا بووە بە دایکی منداڵی دووەم، ئەوکات خوێندکاری قۆناغی سێیەمی بەشی ئینگلیزی بوو لە زانكۆی كەركوك، - خۆی ئارەزوی ئەو بەشەی نەکردبوو-، هەر ئەوکات وەک خۆی دەڵێت توشی خەمۆکی پاش منداڵبون دەبێت و کێشی بەرەو زیادبونێکی بەرچاو دەچێت.
"هەستمدەکرد جەستەم بە من نامۆیە و زۆر نائاسودەم بە ژیانم. وەکو خۆم رەفتار ناکەم وەکو خۆم بیرناکەمەوە... هیچ شتێک ئاسایی نە دەڕۆیشت، دەمویست لەگەڵ خۆمدا ئاشتببمەوە"، كارێز وای وت.
بەڵام بەهۆی بەربەستەکانی بەردەمی، نەبونی ئازادیی و متمانە لەلایەن دەوروبەرییەوە، نەیتوانیوە بە ئاسانی دەربازبێت لەو خەمۆکییەی توشی بوو. "بۆم نەبوو بە تەنیا بچمە دەرەوە. بۆم نەبوو فەیسبوکم هەبێت، بۆم نەبوو ئیشبکەم، تەنانەت مامۆستاکانی زانکۆشم دەیانوت تۆ دایکیت خوێندنت ناوێ بچۆ لەماڵەوە دابنیشە".
ساڵی 2011 كارێز لە قۆناغی سێیەمی زانکۆ واز لە خوێندن دەهێنێت، بەهۆی ئەو پەستانە دەرونیی و جەستەییانەی لەسەری بوو، "هەستمکرد ئەمە ئەوەنییە من دەمەوێت. ئەوکات منداڵەکانم بچوک بون و خۆشم خۆم تێدا نەدەبینیەوە و پێموابوو هیچ گۆڕانکارییەک ناکەم".
کارێز دەبێتە ژنی ماڵەوە و ئەو بڕیارەشی دەبێتە جێی رەزامەندی بەشێک لە دەوروبەری، "بە بڕوای بەشێك لە کۆمەڵگە شوێنی دایکەکان ماڵەوەیە"، كارێز وای وت.
بەڵام ئەو دواتر بڕیاردەدات بەرەو روی ئەو سەختییانە بوەستێت و بڕیاری گۆڕینی ژیانی بدات. پێچەوانەی هەموو ئاراستەکان رێی كرد و دوای خەونەكانی كەوت.
"سەرەتا لە دابەزندنی کێشمەوە دەستمپێكرد، ئەوەی زۆر هاوکارمبوو کرانەوەم بوو بە جیهانی ئینتەرنێت و خوێندنەوەی زۆر لەسەر راهێنەرە جیهانییەکان کە ئەمە رۆژ بەرۆژ وزەی پۆزەتیڤی پێدەدام، زۆر خۆشحاڵبوم کە دەمبینی زۆربەی راهێنەرەکانیش ژنبون"، ساڵی 2013 کارێز بەتەواوەتی دەست بە راهێنان و وەرزش دەکات.
"لە بچووکترین شتەکانەوە دەستمپێکرد، بەیانیان زوو لەخەو هەڵدەستام و دەچومە دەرەوە، راهێنانم دەکرد، کە ئەمە لە کەرکوکدا کەمێک نامۆ بوو".
لەپاڵ راهێنان و وەرزشدا، ساڵی 2016 بۆ خوێندن دەگەڕێتەوە، ئەمجارە كۆلێژی دڵخوازی خۆی هەڵدەبژێرێت "وەرزش" لەهەمان زانكۆ.
خوێندن، راهێنان و پەروەردەكردنی منداڵەكانی، كاتی بۆ هەرسێكیان دانا، دانانی بەرنامە بۆ كاتەكانی ژیانی، وایكرد ساڵی 2017 وەکو راهێنەر دەستبەکاربێت و بووە خاوەنی كۆمەڵێك بڕوانامە لە یەکێتی عیراق بۆ لەشجوانی، هەروەها لە ئەکادیمیای بەریتانی بۆ چارەسەری تەندروستیی وەرزشیی، لەگەڵ خولی تایکواندۆ و یاری ئاسن.
"سەرەتا زۆر قورسبوو تا توانیم ماڵەوە رازیبکەم بەوەی وەرزش بكەم، بە بڕوای ماڵەوە و کۆمەڵگەش وەرزش داهاتویەکی نییە و دواتر دەرفەتی كارت نابێت، بەڵام من پێچەوانەكەیم سەلماند". كارێز وای وت.
بە بڕوای ماڵەوە و کۆمەڵگەش وەرزش داهاتویەکی نییە و دواتر دەرفەتی كارت نابێت، بەڵام من پێچەوانەكەیم سەلماند
ئەو ئێستا ئەو كۆرسانەش دەخوێنێت کە پەیوەستن بە پزیشکی وەرزشیی و دەرونزانییەوە. ساڵی 2019 بووە بەڕێوەبەری سەنتەرێكی لەشجوانی لە کەرکوک كە سەنتەرێكی ئەهلییە.
ئێستا ئەو لەو نائومێدییەی كە روی تێكردبوو، بۆتە كەسێكی بەناوبانگ لە شارەكەی، لە سەنتەرەكەی راهێنەری دەیان ژن دەكات.
كۆرۆنا و دەرفەتێكی نوێ
كۆرۆنا بووەهۆی ئەوەی كارێز بتوانێت بگاتە ئەو ژنانەی لە ماڵەوەن و ناتوانن لە سەنتەرەكان جیم بكەن. ئەو دەرفەتەی قۆزتەوە و ئێستا نەك ئەوە، تەنانەت سنوری پارێزگا و وڵاتیشی بڕیوە.
"ئامانجی من ئێستا تەنیا وەرزش نییە، بەڵكو وزەپێدان و سروشتی کردنەوەی ژیانی ئەو ژنانەیە کە ناتوانن ئازادانە تامی ژیان بکەن"، كارێز دەیەوێت ببێت بە رێگایەک بۆ خۆدۆزینەوە و خۆ پەروەردەکردنی ژنان.
"جاری واهەبوو ژنان دەهاتنە لام و دەیانوت ماڵەوە ناهێڵن بێینە جێم، یان منداڵمان وردە. هەستمدەکرد بەرپرسیارێتییەک بانگم دەکات".
سەرەتای 2020 کارێز لەڕێی لاپەڕەیەکەوە لە ئینستاگرام یەکەم خولی ئۆنلاینی راگەیاند، پاشانیش هەریەک لە واتسەپ و تیلیگرامی بەکارهێنا بۆ گەیشتن بە بەشداربوەکانی.
لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا نزیکەی 150 بەشداربوو کۆدەکاتەوە. لەوكاتەی خەڵك لەماڵەوە كەرەنتین كرابون. نەک تەنها لە کەرکوک، وەک خۆی دەڵێت، لە سعودیە، کوەیت و ئەوروپاشەوە ژنان پەیوەندییان پێوەدەكرد.
كارێز وتی "تەنیا وەرزش نا، من ئیش لەسەر جەستە و دەرون و وزەی ئینسان دەکەم. من ئەمانە دەکەم لەبەرئەوەی خۆم ژنم و ئەزانم ژن بەچیدا تێدەپەڕێت و ئازارەکەم لەکوێدایە و چۆن گۆڕام و هەنگاوەکانی گۆڕانکاریم چۆن بوو".
من ئەمانە دەکەم لەبەرئەوەی خۆم ژنم و ئەزانم ژن بەچیدا تێدەپەڕێت و ئازارەکەم لەکوێدایە و چۆن گۆڕام و هەنگاوەکانی گۆڕانکاریم چۆن بوو
ئەو نایەوێت لە جیمدا سنورداربێت، "هانی زۆر کەسمدا بچنە تایکواندۆ و فێری خۆپارێزی ببن، چونکە ئەمە بۆ ژنان زۆر گرنگە".
بەشداربوەکانی لە ئۆنلاین، شێوەی دوو گروپن، هەریەک لەوان رۆژانە بەدەر لە پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ راهێنەرەکەیان، دەبێت لە کاتژمێر چوار بۆ هەشتی ئێوارە راپۆرت بنێرن سەبارەت بە چالاکییەکانی ئەو رۆژەیان، ئەمەش هۆکاربووە کە نزیکایەتی زیاتر دروستبێت لەنێوان و خەمەکانیان ببەنە لای کارێز.
ئێستا كارەكەی كارێز فراوان بووە، کۆرسەکانی بەپێی ئاستی بەشداربوەکانە و وانەکانیش خۆیان لە دروستکردنی ماسولکە و سوتاندنی چەوریی و ڕیکخستنی خۆراک و پالپشتی دەروونی لەڕێی مێدیتەیشن و هەناسەدان دەبیننەوە.
"بۆم گرنگە هاوکاری دایکان بم تا بزرنەبن، بزانن شوێن پێیان کوێیە، نەشڵەژێن لەنێوان دایکایەتی و منداڵ بەخێوکردن و خزمەتکردنی خۆیان".
"بەڵام هەرکەسێک ئەم چیرۆكەی من دەخوێنێتەوە دەمەوێت پێی بڵێم، رۆژانێك تەنیا بوم، بێ پارەبوم، پشتگیریم نەدەکرا و بەربەستیشم هەبوو، لە قوڵایی تەنیاییەکانمدا دەستم خستۆتەسەر شانی خۆم و هانی خۆمداوە، بۆیە تۆش هەوڵدە و بەبێدەنگی کار لەسەر خۆت بکە تا ئەوکاتەی دەتوانیت خۆت بسەلمێنێت"، كۆتا ئامۆژگاری كارێز بۆ ژنان.
تارا عەزیز