زۆر ته‌حه‌دی هاتوونه‌ته به‌رده‌مم له ژیاندا، له خۆ كاندیدكردنمه‌وه تائێستاش... به‌ڵام گوێم به هیچ نه‌دا و له‌سه‌ر رێگای خۆم به‌رده‌وام بوم
زۆر ته‌حه‌دی هاتوونه‌ته به‌رده‌مم له ژیاندا، له خۆ كاندیدكردنمه‌وه تائێستاش... به‌ڵام گوێم به هیچ نه‌دا و له‌سه‌ر رێگای خۆم به‌رده‌وام بوم
لارا یوسف بنه‌مایه‌كی جێگیری هه‌یه له ژیانیدا؛ كاربكه و مه‌گه‌ڕێره‌وه بۆ دواوه، بۆیه هیچ تۆمه‌ت و به‌ربه‌ستێك له گه‌یشتن به ئامانجه‌كه‌ی رایاننه‌گرت.
له تشرینی یه‌كه‌می 2018دا و به كۆی ده‌نگی ئه‌نجومه‌نی ناحیه‌ی ئه‌لقوش، ئه‌و ژنه كریستیانییه وه‌ك ئه‌كه‌م ئافره‌ت بوو به 49یه‌مین به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه.
"كاتێك خۆم كاندید كرد، كه‌سانێك دژایه‌تییان كردم، ده‌یانوت چۆن ده‌بێت ژنێك ببێته به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه، زۆر شتی تریان وت و تۆمه‌تیان بۆ دروستكردم و ویستیان ناوم بزڕێنن، به‌ڵام بنه‌مای من ئه‌وه‌یه له ژیاندا ئیش بكه‌م و بۆ دواوه نه‌گه‌ڕێمه‌وه، ئێستا من خزمه‌تی ئه‌وانیش ده‌كه‌م و كاتێك دێنه‌لام هه‌ست به شه‌رم ده‌كه‌ن"، لارا وای وت.
لارا یوسف ئیسحاق، له پێكهاته‌ی كریستیان (كلدانی)یه‌و ساڵی 1982 له به‌غدا له‌دایكبووه، ئاماده‌یی پیشه‌سازی له‌وێ خوێندووه و دواتر له زانكۆی حه‌دبا، به‌شی كارگێڕیی و ئابوری له ساڵی 2006دا ته‌واو كردووه.
سێ ساڵ دوای زانكۆ له ماڵه‌وه بوو، دواتر رویكرده كاری خۆبه‌خشی و تا كۆتایی 2011 وانه‌ی زمانی سریانی ده‌وته‌وه به خوێندكارانی ناوه‌ندیی و دواناوه‌ندی له ئه‌لقوش، تا دامه‌زراندنی به هه‌میشه‌یی له‌و ئه‌ركه‌دا.
سه‌رده‌می هێرشه‌كانی داعش، قۆناغێكی تری خۆبه‌خشی بوو بۆ لارا، تا له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كان و بۆردی كاروباری مرۆیی پارێزگای دهۆك هاوكاری ئاواره‌كان بكات.
"زۆر حه‌زم به كار و خزمه‌تی هاوڵاتیانه، نامه‌وێت خۆم به به‌رێوه‌به‌ره‌كانی تری ناحیه به‌راورد بكه‌م، به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ت به خۆم هه‌یه و هه‌وڵی سه‌ركه‌وتنی ده‌ده‌م".
ته‌حه‌دیه‌كی تری به‌رده‌م لارا، دوای وه‌رگرتنی پۆسته‌كه وه‌ك ژن و هه‌روه‌ها پێكهاته‌ی كریستیان، خودی ئه‌و ناوچه‌یه ئیداره‌ی ده‌دات، كه ده‌ستی وێرانكاری داعش گه‌یشتۆته به‌شێكی و سه‌دان خێزانی سنوره‌كه‌ش تا چه‌ند ساڵێك ئاواره‌بون.
"زۆر ته‌حه‌دی هاتوونه‌ته به‌رده‌مم له ژیاندا، له خۆ كاندیدكردنمه‌وه تائێستاش... به‌ڵام گوێم به هیچ نه‌دا و له‌سه‌ر رێگای خۆم به‌رده‌وام بوم".
ناحیه‌ی ئه‌لقوش، سه‌ر به قه‌زای تلكێف-ه و به دوری 40كم ده‌كه‌وێته باكوری پارێزگای موسڵ، له سنوره‌كه‌دا 83 گوند و سێ كۆمه‌ڵگه هه‌یه، به‌ر له‌ده‌ركه‌وتنی داعش له ناوه‌ڕاستی 2014دا ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی 62 هه‌زار كه‌س بوه و زۆرینه كریستیانن، له ئێستادا 55 هه‌زار كه‌سی تێدایه و ئه‌وانیتر وڵاتیان به‌جێهێشتووه.
داعش سێ بژارده‌ی خستە بەردەم کرستیانەکان ئەوانیش بون بە ئیسلام، پێدانی جزیە یان جێهێشتنی ماڵەکانیان، بۆیە ده‌یان هه‌زار خێزان به‌ناچاری ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی عیراق بون.
لارا یوسف له‌وه‌ته‌ی پۆسته‌كه‌ی وه‌رگرتووه، به‌وته‌ی خۆی دوو ده‌ستكه‌وتی گرنگی هه‌بووه، یه‌كه‌م كردنه‌وه‌ی دادگای تایبه‌ت به ئه‌لقوش دوای په‌سه‌ندكردنی داواكارییه‌كه‌ی له‌لایه‌ن دادگای نه‌ینه‌واوه، له كاتێكدا هیچ ناحیه‌كی تر دادگای خۆی نیه.
"ئیشی دوه‌مم ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی بوو دوای 21 ساڵ له وه‌ستانی، ئه‌وه‌ش كاتێك داوام له وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردنی عیراق كرد، بۆیه له قۆناغی یه‌كه‌مدا 168 پارچه زه‌وی دابه‌شكراوه و قۆناغی دوه‌میش له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌ستپێده‌كات".
لارا له ساڵی 2007دا له‌گه‌ڵ دوره‌ید جه‌میل هاوسه‌رگیری كردووه، منداڵی نیه و هه‌موو به‌یانییه‌ك كاتژمێر شه‌ش و نیو له خه‌و هه‌ڵده‌ستێت، تا فریای نانی به‌یانی بكه‌وێت و بچێته ده‌وام، له كاتژمێر 2ی پاشنیوه‌ڕۆش كاتێك ده‌گاته‌وه ماڵ، خوانی ئێواره ئاماده ده‌كات تا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا پێكه‌وه نان بخۆن.
"كات به‌شی من ناكا‌ت، چونكه زۆر سه‌رقاڵی كاروباری ناحیه‌م، شه‌وو رۆژ بیرده‌كه‌مه‌وه تا زیاتر خزمه‌تی خه‌ڵك و ناوچه‌كه بكه‌م، هه‌موو شه‌وێك پێش ئه‌وه‌ی بخه‌وم بیرده‌كه‌مه‌وه به‌یانی چی بكه‌م؟ یان بچمه كام ناوچه و چۆن خزمه‌تێكی نوێ پێشكه‌ش به‌وانه بكه‌م كه پێویستیانه".
لارا یوسف، هه‌وڵده‌دات ده‌ستی ئاوه‌دانی و هاوكاری بگه‌یه‌نێته ئه‌لقوش، تا به ته‌واوی ئاسه‌واری شه‌ڕ و وێرانكاری بسڕێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش سه‌ردانی به‌شێك له لێپرسراوانی باڵای كردووه، ده‌یه‌وێت چاوی بكه‌وێت به سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.
"ئیشی من ته‌نیا واژۆیه‌ك نیه و له‌سه‌ر كورسی دابنیشم، چاوه‌ڕێی ئه‌وه ناكه‌م كه‌سێك خۆی پرۆژه یان خزمه‌تگوزارییه‌ك بگه‌یه‌نێته ئه‌لقوش، به‌ڵكو خۆم به‌دوای پرۆژه‌ی نوێ‌دا ده‌ڕۆم و ده‌گه‌ڕێم".
ئه‌لقوش، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه له چوارچێوه‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق، ئه‌وه‌ش ته‌حه‌دییه‌كی تره، به‌وپێیه‌ی چاره‌نوسی ئیداری یه‌كلایینه‌كراوه‌ته‌وه و زۆر پشتگوێخراوه، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كه ده‌ڵێت.
لارا یوسف ده‌ڵێت "ئه‌و كار و ئیشانه‌ی ئێستا بۆ ناحیه‌كه ده‌كرێن، به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆمه‌وه‌یه ئه‌وكاته‌ی به‌خۆبه‌خش له‌گه‌ل رێكخراوه‌كان كارمده‌كرد، ئێستا ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی خۆم به‌كارده‌هێنم تا خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی خه‌ڵكی ناوچه‌كه بكه‌م".
عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا