هه‌ركات بیری ئه‌و رۆژانه‌م ده‌كه‌وێته هه‌موو جه‌سته‌م خاو ده‌بێته‌وه، ده‌ست و پێیه‌كانم ده‌له‌رزن
هه‌ركات بیری ئه‌و رۆژانه‌م ده‌كه‌وێته هه‌موو جه‌سته‌م خاو ده‌بێته‌وه، ده‌ست و پێیه‌كانم ده‌له‌رزن
به‌سه‌رهاتێكی تاڵ و پڕ له نه‌هامه‌تی هه‌یه، له‌گه‌ڵ هه‌ر گێڕانه‌وه‌یه‌كیدا به هه‌مان ئازاره‌كانی رابردوودا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام بێده‌نگ نابێت؛ وڵات به وڵات به دوای سه‌ندنه‌وه‌ی مافه‌كانی پێكهاته‌كه‌یدا ده‌ڕوات تا گوێ له چیرۆكه‌كه‌ی بگرن.
"هیچ كاتێك نامه‌وێت بچمه‌وه ناو ئه‌و واقیعه تاڵه.. هه‌ركات بیری ئه‌و رۆژانه‌م ده‌كه‌وێته هه‌موو جه‌سته‌م خاو ده‌بێته‌وه، ده‌ست و پێیه‌كانم ده‌له‌رزن" ئیخلاس وای وت.
ئه‌و ده‌ڵێت له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌یدا ته‌نیا ئامانجی گه‌یاندنی دۆسیه‌ی كچانی ئێزیدییه به هه‌موو جیهان.
ئیخلاس خدر (20 ساڵ)، هیچ كاتێك نایه‌وێت بگری، چونكه پێیوایه گریان لاوازی ده‌كات و ئه‌وه‌یه داعش ده‌یه‌وێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد به یه‌كێك له گه‌شبینترین و به هیواترین خانمانی ساڵ هه‌ڵبژێردرێت له‌گه‌ڵ پێنج ئافره‌تی دیكه‌دا.
ئه‌و نازناوه دامه‌زراوه‌ی دكتۆر ده‌نیس موكوێگ له ساڵی 2019دا پێیبه‌خشی.
"خه‌ڵاته‌كه بۆ ئه‌و ژنه به‌هێزانه‌یه به گه‌شبینی و هیواوه روبه‌ڕوی نه‌هه‌مه‌تی و توندوتیژی و ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌بنه‌وه" به‌وته‌ی ئیخلاس.
سه‌ره‌تای نه‌هامه‌تییه‌كان
ئه‌و له ته‌مه‌نی 14 ساڵیدا بوو داعش هه‌موو خه‌ونه‌كانی له‌ناوبرد، به‌ڵام بێ هیوا نه‌بوو، بۆیه تائێستاش به‌پێوه وه‌ستاوه و كۆڵنادات.
"بڕوام نه‌ده‌كرد له‌م چه‌رخه‌دا شتێكی وه‌ها روبدات و ئه‌وه‌مان به‌سه‌ردابێت، ئه‌گه‌ر هه‌موو چیرۆكه‌كه بگێڕمه‌وه ساڵێك كاتم پێویسته".
3ی ئابی 2014ـه، وه‌ك هه‌زاران ئێزیدی دیكه‌ی شنگال، خێزانه‌كه‌ی ئیخلاس له گوندی ته‌لقه‌سه‌بی باشوری چیای قه‌زاكه هه‌ڵدێن و له گوندی قنێ ده‌كه‌ونه ده‌ستی داعش.
جگه له ئیخلاس؛ دایكی، باوكی، دوو برای، خوشكه‌كه‌یی و برژانی بون.
''ئەوه‌ی هه‌رگیز لە ناخ و مێشکمدا دەرناچێت؛ كوشتنی باوكم بوو به به‌رچاوی منه‌وه".
له شنگاله‌وه بۆ قه‌زای ته‌له‌عفه‌ری خۆرئاوای نه‌ینه‌وا ده‌گوازرێنه‌وه؛ له‌وێ خێزانه‌كه له یه‌كتری جیاده‌كرێنه‌وه، منداڵه كوڕه‌كه‌كان بۆ به‌ره‌ی جه‌نگ و گه‌وره‌كانیش بۆ شوێنێكی نادیار ده‌برێن.
"زۆر هەوڵمدا دایکم نەبەن، زۆر گریام و كه‌وتم به‌سه‌ر پێڵاوه‌كانی چه‌كدارێكی داعشدا، بەڵام هەر بردیان".
تاڵاوی دیلیه‌تی
ئیخلاس له خێزانه‌كه‌ی هه‌ر خۆی ده‌مێنێته‌وه؛ له‌گه‌ڵ سه‌دان كچی تری ئێزیدیدا ده‌برێته بازاڕی فرۆشتنی "كۆیله" له باڵه‌خانه‌یه‌كی شاری موسڵ.
"سێ رۆژ له‌وێ مامه‌وه، هه‌ر داعشێك ده‌هات و كچێكی ده‌برد، زۆر ترسام، پیاوێكی ریش درێژی و سه‌روسیما ترسناكی به ته‌مه‌ن كچێكی 10 ساڵانی هه‌ڵبژارد تا ده‌ستدرێژی بكاته‌سه‌ری".
ئیخلاس له‌و نه‌هامه‌تییه رزگاری نابێت، ده‌كه‌وێته ده‌ستی چه‌كدارێكی داعش و ده‌ستدرێژی ده‌كاته‌سه‌ری، جگه‌له‌وه‌ش ئازاری جه‌سته‌یی ده‌ده‌ن.
"دوای ماوه‌یه‌ك توشی هێڵنج و بارودۆخێكی سه‌یر بوم، داعشه‌كان هه‌ستیان به شتێك كرد و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌یان كردم، له‌وێ زانیم دوگیان بوم".
ئینجا له موسڵه‌وه بۆ به‌عاج-ی باشوری خۆرئاوای موسڵ ده‌گوازرێنه‌وه، له‌گه‌ڵ 60 كچی دیكه‌دا ناوه‌كانیان ده‌خرێته قورعه‌وه و هه‌ریه‌كێكیان بۆ چه‌كدارێكی داعش ده‌رده‌چێت.
"من به‌ر داعشێكی قه‌ڵه‌وی ریش درێژ كه‌وتم، سمێڵی نه‌ده‌هێشته‌وه، ناوی ئیبراهیم فه‌رحان و به ئه‌بو جه‌نه ناسرابوو، ته‌مه‌نی 34 ساڵ بوو".
ئیخلاس ده‌چێته ماڵی ئه‌و داعشه له شاری موسڵ و له‌گه‌ڵ هاوژینی چه‌كداره‌كه‌دا له خانویه‌كدا ده‌مێننه‌وه.
ئه‌شكه‌نجه، زیندانیی و هه‌ڵاتن
یه‌كه‌م هه‌وڵی هه‌ڵاتنی ئیخلاس له ماڵی ئه‌بو جه‌نه‌وه ده‌ستپێده‌كات، مۆبایلی خاوه‌ن ماڵه‌كه ده‌بات و په‌یوه‌ندی به مامیه‌وه ده‌كات كه له‌وكاته‌دا ژماره‌كه‌ی له بیر بووه.
"مامم و براكه‌م (ئه‌و برایه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی شنگال بوه و نه‌كه‌وتۆته ده‌ستی داعش) پلانی هه‌ڵاتنیان بۆ دانام".
به جلوبه‌رگی حیجابه‌وه، له ماڵه‌وه هه‌ڵدێت، به‌هۆی نه‌شاره‌زاییه‌وه له شاری موسڵ، له ناو بازاڕێكدا ده‌ستگیرده‌كرێته‌وه.
"ئه‌بو جه‌نه و هاوژینه‌كه‌ی سزایاندام، له ژورێكی تاریكدا به‌ندیان كردم، سێ داری ماسیحه‌یان له جه‌سته‌مدا شكاند، بێ هۆش بوم و دوو رۆژ هیچ خواردنێكیان پێنه‌دام".
چه‌كداره‌كه‌ی داعش بۆ شه‌ڕی دژ به پێشمه‌رگه و هێزه عیراقییه‌كان ده‌چێته شنگال، له پێناو حه‌زه‌كانی خۆیدا ئیخلاس-یش ده‌بات، له‌وێش دوجاری دیكه له هه‌وڵی هه‌ڵاتن شكستده‌هێنێت و هه‌موو جارێكیش سزا و ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆر ده‌بینێت، به‌ڵام كۆڵنادات.
"شه‌وێكیان شه‌ڕی زۆر قورس بوو، داعشه‌كان به‌ره‌و شه‌ڕ رۆیشتن و ته‌نیا پاسه‌وانێكی كچه ئێزیدییه‌كان مایه‌وه، ته‌له‌فۆنێكمان دزی بوو، توانیمان له‌رێی كه‌سوكارمه‌وه په‌یوه‌ندی به قاسم شه‌شۆ (فه‌رمانده‌ی ئه‌وكاتی پێشمه‌رگه‌ی شنگال)ـه‌وه بكه‌ین، تا بزانین چۆن رزگارمان بێت".
له ژورێكی تاریكدا به‌ندیان كردم، سێ داری ماسیحه‌یان له جه‌سته‌مدا شكاند
ئیخلاس و دوو كچی دیكه، پاسه‌وانه‌كه رازی ده‌كه‌ن خواردنیان بۆ بهێنێت، له‌وكاته‌دا پاسه‌وانه‌كه دورده‌كه‌وێته و ئه‌وان ده‌رگای ژوره‌كه‌یان ده‌شكێنن، هه‌ڵدێن.
شه‌وێكی زستانی 2015ـه‌یه، سێ كچی ئێزیدی له ناوچه‌یه‌كی گه‌رمی پێكدادانی چه‌كداریدا، نه‌شاره‌زا به ئامانجی گه‌یشتنه چیای شنگال به‌ڕێده‌كه‌ون.
"شه‌وێكی زۆر سارد بوو، شه‌ڕی قورسیش بوو، سكم زۆر ئازاری هه‌بوو، ده‌مانزانی كه‌سوكارمان له چیای شنگالن، به‌ڵام رێگه‌مان هه‌ڵه كرد".
داعش له‌رێی بڵندگۆوه داواده‌كه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه و هیچیان لێناكه‌ن.
"گوێمان به قسه‌كانیان نه‌دا و هه‌رچۆنێك بێت گه‌یشتینه نزیكی چیای شنگال، خوێن به قاچه‌كانمدا هاتنه خواره‌وه.. مردنم به چاوی خۆم بینی، به هاوڕێیه‌كانم وت بڕۆن چونكه من ده‌مرم و ته‌نیا شوێنی ته‌رمه‌كه‌م نیشانی كه‌سوكارم بده‌ن، بێهۆش كه‌وتم".
له هه‌ڵاتنه‌كه‌دا ئیخلاس هێشتا مێرمنداڵه و ته‌مه‌نی 15 ساڵه، منداڵه‌كه‌ی له‌بار ده‌چێت بێ ئه‌وه‌ی خه‌می لێ بخوات و دڵته‌نگ بێت، چونكه ده‌ڵێت به‌بێ ئیراده‌ی خۆیی و به‌هۆی ده‌ستدرێژی چه‌كدارانی داعشه‌وه دروست بووه.
دوو كچه‌كه‌ی تر هاوكاری ئیخلاس ده‌كه‌ن بۆ رێكردن، كاتژمێر 5ی به‌ره‌به‌یانی 30ی كانونی دوه‌می 2015، به ته‌واوی له داعش رزگاریان ده‌بێت و ده‌چنه سنوری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه.
گه‌شبینی له‌وپه‌ڕی نائومێدیدا
ئیخلاس ده‌گاته ماڵی براكه‌ی له ناحیه‌ی باعه‌دری قه‌زای شێخان و دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌كه‌وێته سۆراغی خێزانه‌كه‌ی.
دوای دوو مانگ، دایكی رزگاری ده‌بێت له ده‌ستی داعش، له 2017دا براژنه‌كه‌یی و له 2019یشدا خوشكه‌كه‌ی، به‌ڵام به ئێستاشه‌وه هیچ هه‌واڵێكی دوو برا بێسه‌روشوێنه‌كه‌ی نازانێت.
داعش شه‌ش هه‌زار و 417 هاوڵاتی ئێزیدی رفاند و تائێستا چاره‌نوسی زیاتر له دوو هه‌زار و 800 كه‌سیان نادیاره.
"به ده‌رونێكی داڕوخاو و ماندوه‌وه، هه‌وڵمده‌دا چه‌ك هه‌ڵبگرم و بچمه به‌ره‌ی جه‌نگ، به‌ڵام نه‌متوانی".
ئیخلاس دوای ماوه‌یه‌ك له وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری ده‌رونی و تێپه‌ڕینی شه‌ش مانگ به‌سه‌ر رزگاربونیدا، له‌گه‌ڵ دایكی به هاوكاری رێكخراوێكی ئه‌ڵمانی ده‌چنه ئه‌وروپا.
له ئه‌ڵمانیا جێگیرده‌بن، پێش ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی بحه‌سێنه‌وه براكه‌ی به‌نه‌خۆشی گیانله‌ده‌ستده‌دات.
هه‌وڵمده‌دا چه‌ك هه‌ڵبگرم و بچمه به‌ره‌ی جه‌نگ
له دانیشتنێكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كاندا، ئیخلاس خدر، چه‌ند رۆژێك دوای مه‌رگی براكه‌ی و له تشرینی دوه‌می 2017دا چیرۆكه‌كه‌ی خۆی باسده‌كات و داوای هاوكاری له وڵاتانی دنیا ده‌كات، بۆ رزگاركردنی كچانی ئێزیدی و سه‌ندنه‌وه‌ی مافه‌كانی هه‌موو ژنانی جیهان.
له‌وێ ده‌ڵێت "سوێندم خواردووه بێده‌نگ نه‌بم.. من به‌هیواكانم خه‌نده بۆ لێوی هه‌موو زوڵملێكراوان ده‌گه‌ڕێنمه‌وه".
له‌وكاته‌وه ئیخلاس ده‌یان وڵاتی ئه‌وروپا و جیهان گه‌ڕاوه، تا دۆسیه‌ی ئێزیدییه‌كان بگه‌یه‌نێت، له په‌رله‌مانی وڵاتاندا چیرۆكه‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی هاریكاری و پشتگیری بۆ به‌جینۆسایدناساندنی كوشتن و رفاندنی هاوڵاتیانی پێكهاته‌كه‌ی ده‌دات.
له ئه‌ڵمانیا چووه‌وه به‌ر خوێندن، ئێستا له په‌یمانگه‌یه‌كی په‌رستیارییه، خولیای موزیك و ئه‌كته‌ریشی هه‌یه، چونكه پێیوایه هونه‌ر ده‌توانێت باشتر به‌سه‌رهاته‌كه‌ی بگه‌یه‌نێت.
"داعش ویستی ئێزیدییات نه‌یه‌ڵێت، به‌ڵام نه‌یزانی ئه‌مه 74ـه‌مین كۆمه‌ڵكوژییه به‌سه‌ر ئێزیدییه‌كاندا دێت و هیچیشیان نه‌یانتوانی ئایینه‌كه له‌ناوببه‌ن، ئێزیدییه‌كان مردن هه‌ڵده‌بژێرن به‌ڵام سه‌ردانانه‌وێنن و واز له ئایینی خۆیان ناهێنن" ئیخلاس وای وت.
كاروان باعه‌دری