ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی تیمه‌كه‌مان كۆده‌كاته‌وه ته‌نیا خۆشه‌ویستییانه بۆ نوسین
ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی تیمه‌كه‌مان كۆده‌كاته‌وه ته‌نیا خۆشه‌ویستییانه بۆ نوسین
مسته‌فا ئیسماعیل لهێبی، ده‌رچوی كۆلێژی كارگێڕی بانكه به‌ڵام خولیا و به‌هره‌ی له نوسین و شیعردایه، بۆیه واز له پسپۆڕییه‌كه‌ی ده‌هێنێت، به ته‌حه‌دای نه‌خۆشییه‌كه‌یه‌وه، كاته‌كانی بۆ كاری رۆشنبیری و به‌ڕێوه‌بردنی تیمێكی خۆبه‌خشی ته‌رخانده‌كات.
لهێبی له‌دایكبونی ساڵی 1992ـه، توشی شه‌له‌لی مێشك بووه، جوڵه‌ی لاواز و ناهاوسه‌نگه له وه‌ستان و رێكردندا، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌وانه نه‌بونه‌ته كێشه، ئه‌و خوێندنی ئاماده‌یی ته‌واو ده‌كات و ده‌چێته به‌شی دارایی و بانك له زانكۆی ته‌كنیكی باكور له شاری موسڵ.
له سه‌رده‌می زانكۆدا، ناچاربوو وه‌ك نوێنه‌ری فرۆشتن بۆ كۆمپانیای فوڕێڤه‌ر كاربكات، دوای ته‌واوكردنی خوێندنیش، خۆشه‌ویستی بۆ بواری رۆشنبیری و كتێب له‌و كاره دوریخسته‌وه، رویكرده فرۆیشتنی كتێب له‌رێی په‌یجێكی فه‌یسبوكه‌وه.
له ساڵی 2019دا تیمێكی به‌ناوی "موته‌مه‌یزون" پێكهێنا، به ئامانجی نوسینی چیرۆك ده‌رباره‌ی دۆسیه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه، ژنان و منداڵان.
"تیمه‌كه له 10 كه‌س پێكهاتون كه شاره‌زایی و پسپۆڕییه ئه‌كادیمییه‌كانیان جیاوازه، له نێویاندا خوێندكار و ده‌رچوی زانكۆش هه‌یه، ئه‌وه‌ی كۆیانده‌كاته‌وه خولیای خۆشه‌ویستییه بۆ نوسین" لهێبی وای وت.
"موته‌مه‌یزون" چالاكییه‌كانیان ته‌نیا نوسینی چیرۆك و رۆمان نییه، به‌ڵكو به‌هیوان كه‌سایه‌تی و روداوی تایبه‌ت به خۆیان دروستبكه‌ن، هاوشێوه‌ی كاره‌كانی كۆمپانیای مارڤڵ، كه كۆمپانیایه‌كی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌مریكییه.
ئه‌و كۆمپانیایه له دروستبونیه‌وه، ساڵی 1939ـه‌وه، هه‌وڵیداوه كه‌سایه‌تی خه‌یاڵی تایبه‌ت به‌خۆی دروستبكات و بڵاویبكاته‌وه، تا له فیلمه‌كانی هۆڵیود رۆڵیان هه‌بێت، وه‌ك چیرۆك و فیلمه به‌ناوبانگه‌كه‌ی "پیاوی جاڵجاڵۆكه".
مسته‌فا لهێبی و تیمه‌كه‌ی له هه‌وڵی په‌ره‌پێدانی نوسینی چیرۆك و رۆمانن، له‌رێی هاندانی كه‌سانی دیكه‌وه به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی تازه ده‌ستیان به نوسین كردووه، بۆ ئه‌وه‌ش بێبه‌رانبه‌ر یان به پاره‌یه‌كی كه‌م ده‌رفه‌تی به‌شدارییكردنیان له وۆركشۆپ و خولی ئاساندا بۆ ده‌ڕه‌خسێنن، تا فێری بنه‌كانی ئه‌و جۆره له نوسین بن.
هیواكانی لهێبی ته‌نیا له‌سه‌ر نوسین و راهێنان بۆ موسڵ و عیراق نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ربكه‌وێت و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی بۆ زمانی ئینگلیزی وه‌ربگێڕێت.
مسته‌فا چه‌ند كتێبێكی هه‌یه؛ یه‌كه‌میان به ناونیشانی "ته‌یف حه‌نین" كه ساڵانی سه‌رقاڵی له بواری نوشینی په‌خشانه شیعردا نوسی و كتێبێكی دیكه‌ی به‌ناوی "قه‌سیده من عه‌سر ضلام" و باسی ئه‌وكاته ده‌كات داعش ده‌ستی به‌سه‌ر شاری موسڵدا گرت و سه‌رده‌مێكی تاریكی بۆ شاره‌كه هێنا.
ده‌رباره‌ی به‌رهه‌مه‌كانی داهاتووی، لهێبی ده‌ڵێت دوو كتێبی ئاماده‌ن به‌ناوه‌كانی "ئه‌سوات لا ته‌نام" و "عازیفه قیساره"، به هه‌ماهه‌نگی تیمه‌كه‌ی چاپ و بڵاوده‌كرێنه‌وه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت به‌منزیكانه گۆڤاری موته‌مه‌یزون ده‌رده‌كه‌ن، كه كاری تیمه‌كه‌یانه و به شێوازی ئه‌لیكترۆنی ده‌بێت، ئامانجیش لێی ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له كتێب و نوسینه نوێیه‌كانیان ئاگاداربێت، پاڵپشتی و ده‌رفه‌تێكیشه بۆ به‌هره‌مه‌ندان.
ئه‌و گۆڤاره ته‌نیا ئه‌لیكترۆنییه و ناخرێته سه‌ر كاغه‌ز، هه‌رچه‌نده پێشتر لهێبی پلانی دانابوو چاپی بكات، به‌ڵام "به‌هۆی نه‌بونی پاڵپشتی دارایی بۆ گۆڤاره‌كه و تیمه‌كه" ناكرێت.
دوو كتێبی دیكه‌ش به پاڵپشتی تایبه‌تی ئه‌ندامانی تیمی موته‌مه‌یزون پێشتر ده‌ركراون، یه‌كێكیان "هه‌واجس ئه‌قلام"ـه و باس له چیرۆكه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌كات و ئه‌ویتر "هه‌مس قه‌واریر"ـه و گوزارشته له‌و چیرۆكانه‌ی خانمانی نێو تیمه‌كه نوسیویانه.
مسته‌فا لهێبی هانی گه‌نجان نادات ته‌نیا بخوێننه‌وه، به‌ڵكو هه‌وڵده‌دات له بواری نوسیندا هاوكارییان بكات، ئه‌وه‌ش به ته‌حه‌داكردنی هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی له ژیانی پیشه‌ییدا روبه‌ڕوی بۆته‌وه.
شه‌علان حه‌یالی – نه‌ینه‌وا