چه‌كداره‌كان ده‌یانویست كچه‌كان جیابكه‌نه‌وه، دایكم قایل نه‌بوو، ته‌حه‌دای كردن و به‌ڕویاندا وه‌ستایه‌وه
چه‌كداره‌كان ده‌یانویست كچه‌كان جیابكه‌نه‌وه، دایكم قایل نه‌بوو، ته‌حه‌دای كردن و به‌ڕویاندا وه‌ستایه‌وه
دایه گولێ پێش به جێهێشتنی ده‌روازه‌ی شار ده‌كه‌وێته ده‌ستی داعش، له‌گه‌ڵ كچ و كوڕێكیدایه، هه‌رزوو چه‌كداره‌كان ده‌یانه‌وێت كچه‌كه‌ی ئه‌و و خێزانه ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كانی دیكه جیابكه‌نه‌وه، به‌ڵام گولێ به‌ڕویاندا هه‌ڵده‌شاخێت و هه‌وڵده‌دات رێگریبكات.
فشاره‌كانی داعش زیاتر ده‌بن؛ دایه گولێ چیتر ناتوانێت به‌رگری بكات و ده‌مانچه شاردراوه‌كه‌ی ژێر جلوبه‌رگه‌كه‌ی ده‌رده‌هێنێت، ده‌ستبه‌جێ له‌وێ چه‌كدارێكیان ده‌كوژێت، كه پاسه‌وانه‌كانی وه‌ك ئه‌میر و به‌ناوی سالم جه‌زراوییه‌وه بانگی ده‌كه‌ن، چه‌كدارێكی تریش بریندارده‌بێت.
بارودۆخه‌كه زیاتر ده‌شڵه‌قێت، چه‌كدارێكی داعش ته‌قه له دایه گولێ ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی به زه‌ویدا ده‌كه‌وێت، به برینداری و به‌راكێشان به‌ره‌و ناوه‌ڕاستی شاره‌كه‌ی ده‌به‌ن و له‌وێ؛ ده‌ستڕێژی گولـله‌ی لێده‌كه‌ن.
هه‌مووی روداوه‌كه به به‌رچاوی منداڵه‌كانی دایه گولێ و ژماره‌یه‌ك خێزانی دیكه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ركراوی ئێزیدییه‌وه روده‌ده‌ن.
شریهان ره‌شۆ، ئه‌و كچه‌یه له‌گه‌ڵ دایه گولێ رفێنرابوو، هێشتا ته‌واوی دیمه‌نه‌كانی له‌به‌رچاوه؛ له‌كاتی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌دا بۆ (كه‌ركوك ناو) زوو زوو ده‌یوت داعشێك یه‌ك مه‌خزه‌ن فیشه‌كی له جه‌سته‌ی دایكی‌دا به‌تاڵكردۆته‌وه (مه‌خزه‌نی كڵاشینكۆف 30 فیشه‌كی تێدایه).
شریهان كه 21 جار روبه‌ڕوی دەستدرێژێی سێكسی، کڕین و فرۆشتن بۆته‌وه، دوای چوار ساڵ له‌و روداوه و له 2018دا، له به‌رانبه‌ر 13 هه‌زار دۆلاردا، به هاوكاری خێرخوازانی ئێزیدیی له داعش رزگاركراوه.
روداوه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 3ی ئابی 2014، ئه‌و به‌ره‌به‌یانه‌ی داعش ده‌گاته ناوه‌ندی ناحیه‌ی سنونێ، شوێنی نیشته‌جێبونی خێزانه‌كه‌ی دایه گولێ.
دایه گولێ ئه‌وكات ته‌مه‌نی 53 ساڵ بووه، له خێزانێكی 14 كه‌سیدا بووه، به‌هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی دوو كوڕیشیه‌وه، كه یه‌كێكیان له هه‌ولێر كاریده‌كرد.
"من و به‌شێك له منداڵه‌كان به ئۆتۆمبێل ماڵمان به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی سنونێ به‌جێهێشت، له‌به‌ر نه‌بونی جێگه له ئۆتۆمبێله‌كه‌دا، دایه گولێ له‌گه‌ڵ كوڕ و كچێكمدا مانه‌وه، تا بێمه‌وه به شوێنیان‌دا" مام ره‌شۆ، هاوسه‌ری دایه گولێ وای وت.
كه‌متر له نیو كاتژمێر دوای ده‌رچونی مام ره‌شۆ، داعش ده‌گاته گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان، بۆیه دایه گولێ ئه‌و ده‌مانچه‌یه‌ی له ماڵه‌وه له‌ناو جله‌كانیدا ده‌یشارێته‌وه، تا له‌گه‌ڵ كوڕ و كچه‌كه‌یدا بچنه ده‌ره‌وه‌ی سنونێ.
"من پێشتر و له‌كاتی رژێمی به‌عسدا سه‌ربازیم كردوه، ده‌مانچه‌م له ماڵه‌وه هه‌بوو، هاوسه‌ریشم فێری به‌كارهێنانی كردبوو و ئه‌و ده‌مانچه‌یه‌م لای ئه‌وان به‌جێهێشت تا له پێویستیدا به‌كاریبهێنن" به‌وته‌ی مام ره‌شۆ بۆ (كه‌ركوك ناو).
دایه گولێ زۆر له ماڵه‌وه دورناكه‌وێته‌وه، له ده‌روازه‌ی شار به ئاراسته‌ی چیای شنگال ده‌كه‌ونه ده‌ستی داعش، ئه‌وان و چه‌ندین خێزانی دیكه‌ش بون.
هەر کە دێم و دەڕۆم، دایە گولێ لە پێش چاومدایه، ئه‌و وێنه‌یه‌ی له ماڵه‌كه‌ماندایه ئارامیم پێده‌دات
"چه‌كداره‌كان ده‌یانویست كچه‌كان جیابكه‌نه‌وه، دایكم قایل نه‌بوو، ته‌حه‌دای كردن و به‌رویاندا وه‌ستایه‌وه" شریهان باسی چه‌ند چركه‌یه‌ك پێش گیانله‌ده‌ستدانی دایكی ده‌كات به ده‌ستڕێژی گولـله‌ی داعش.
شریهان كاتی رزگاركردنی له ئیدلب بوو، جگه له بینینی مه‌رگی دایكی، هیچ هه‌واڵێكی برا رفێنراوه‌كه‌ی نازانێت و هه‌ر ئه‌ویش روداوه‌كه‌ی بۆ باوكی گێڕاوه‌ته‌وه.
"داعش ده‌ستی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا گرت ئیتر زانیم كه‌وتونه‌ته ده‌ستی چه‌كداره‌كان" مام ره‌شۆ ده‌ڵێت ئه‌و و منداڵه‌كانی تر به سه‌لامه‌تی گه‌یشتونه‌ته باعه‌درێ له شێخان، له‌وێش به‌هۆی مه‌ترسی نزیكبونه‌وه‌ی داعشه‌وه به‌ره‌و زاخۆ ئاواره‌بون.
كاتی بیستنی هه‌واڵی چۆنیه‌تی گیانله‌ده‌ستدانی هاوسه‌ره‌كه‌ی، مام ره‌شۆ بۆ ماوه‌یه‌ك ته‌ندروستی تێكده‌چێت.
ئه‌و به ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شنگال له‌ده‌ستی داعش و له سه‌ره‌تای 2016دا ده‌گه‌ڕێته‌وه سنونێ، دوای رزگاركردنیی كچه‌كه‌یشی به‌دوای روفاتی هاوسه‌ره‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێت، تا دواجار له نێو داروپه‌ردوی ژماره‌یه‌ك خانوی داڕوخاودا ده‌یدۆزنه‌وه.
"زستان بوو، باران به‌لێزمه ده‌باری، كاتێك شریهان شوێنی كوشتنی دایكی نیشانداین و له‌وێ روفاته‌كه‌یمان دۆزییه‌وه، موستیله‌كه‌ی له‌ده‌ستدابوو، به‌وه و هه‌ندێك وێنه‌ی نێو جلوبه‌رگه‌كه‌یدا ناسیمانه‌وه" مام ره‌شۆ وای وت.
ئه‌و و منداڵه‌كانی گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ هه‌مان خانوی پێشویان له سنونێ، له ژورێكیاندا وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دایه گولێ دانراوه، كه‌م رۆژ هه‌یه مام ره‌شۆ بۆ ماوه‌یه‌ك له به‌رده‌میدا نه‌وه‌ستێت و یادی نه‌كاته‌وه.
"هەر کە دێم و دەڕۆم، دایە گولێ لە پێش چاومدایه، ئه‌و وێنه‌یه‌ی له ماڵه‌كه‌ماندایه ئارامیم پێده‌دات، به‌ڵام ئازارێكیشه چونكه ئێستا ئه‌و له ژیاندا نه‌ماوه و له‌گه‌ڵمدا نییه".
مام ره‌شۆ كاری چاككردنه‌وه‌ی ئامێری به‌رگدوریی ده‌كات و زۆربه‌ی كاتیش چه‌كی پێیه، "چونكه متمانه و گره‌نتی نییه جارێكی‌تر روبه‌ڕوی كاره‌سات نه‌بینه‌وه" ئه‌و واده‌ڵێت.
هێشتا كوڕه‌كه‌ی دایه گولێ چاره‌نوسی نادیاره، هاوشێوه زیاتر له دوو هه‌زار و 700 ئێزیدی دیكه، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن داعشه‌وه رفێنران.
مام ره‌شۆ ده‌ڵێت دوای ئه‌و هه‌موو كاره‌ساته، له گوزه‌رانێكی زۆر خراپدان، سه‌رباری منداڵه‌كانی خۆی، پێنج منداڵ و هاوسه‌ری كوڕه بێسه‌روشوێنه‌كه‌یشی لای ئه‌و ده‌ژین.
"ژیانێكی ساده‌مان هه‌بوو، له دوكانێكدا كارمده‌كرد و ئاسوده‌بوین، تا داعش هات و ته‌واوی ژیانمانی گۆڕی".
خواستی مام ره‌شۆ ئه‌وه‌یه؛ زۆرترین كه‌س چیرۆكی "قاره‌مانێتی" هاوسه‌ره‌كه‌ی ببیستن، كه به گوێی كه‌م كه‌س گه‌یشتووه، له‌وه‌شدا چاوی له ده‌ستی رێكخراوه‌كان و حكومه‌تی فیدراڵیی عیراقه، په‌یكه‌رێك بۆ دایه گولێ له سنونێ دابنێن.
كاروان باعه‌دری – نه‌ینه‌وا