بیرۆكه‌ی كتێبخانه‌كه بۆ قازانج و بازرگانی نه‌بوو، به‌ڵكو ته‌حه‌دای شه‌ڕ و وێرانكاریی بوو له‌ڕێی كتێب و كلتوره‌وه
بیرۆكه‌ی كتێبخانه‌كه بۆ قازانج و بازرگانی نه‌بوو، به‌ڵكو ته‌حه‌دای شه‌ڕ و وێرانكاریی بوو له‌ڕێی كتێب و كلتوره‌وه
كامیران كه‌مال (25 ساڵ)، ناتوانێت له ئاست وێرانكاریی و ده‌ربه‌ده‌ری شاره‌كه‌یدا ته‌نیا وه‌ك بینه‌رێك بمێنێته‌وه، هه‌وڵده‌دات به كردنه‌وه‌ی كتێبخانه‌ی (ئۆرشینا) بۆ فرۆشتن و خواستنی كتێب و هاندانی گه‌نجان بۆ كلتور، مۆمێك له تاریكی‌دا دابگیرسێنێت.
بیرۆكه‌ی پرۆژه‌كه به‌دڵی گه‌نجانی گه‌ڕاوه‌ی شنگاله، به‌ڵام جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی ئاسان نییه، چونكه به‌لای دامه‌زرێنه‌ری كتێبخانه‌كه‌وه ئه‌و هه‌نگاوه "ته‌حه‌دای شه‌ڕ و مه‌زهه‌بگه‌رایی و چاره‌سه‌ری وێرانكارییه‌كانه له‌رێی كتێب و كلتوره‌وه".
پێش ساڵی 2014، كامیران و خێزانه 10 كه‌سییه‌كه‌ی به بارودۆخێكی دارایی دژوار‌دا تێده‌په‌ڕن، بۆیه ناچاره دوای ته‌واوكردنی قۆناغی ئاماده‌یی واز له خوێندن بهێنێت، تا كاته‌كانی بۆ كاركردن له ده‌ره‌وه‌ی شار و به ئامانجی دابینكردنی بژێوی ته‌رخانبكات، كامیران كه‌مال بۆ (كه‌ركوك ناو) واده‌ڵێت.
ده‌چێته شاری شه‌قڵاوه‌ی پارێزگای هه‌ولێر، له‌وێ كارده‌كات و هه‌وڵده‌دات پاره بۆ ته‌واوكردنی خوێندنی زانكۆ كۆبكاته‌وه، به‌ڵام پلانه‌كانی له‌گه‌ڵ هێرشه‌كانی ئابی 2014ی داعش بۆ شنگال تێكده‌چێت، كاتێك خێزانه‌كه‌ی به‌هۆی ئایینه‌كه‌یانه‌وه (ئێزیدیین) له ترسی رفاندن و كوشتن ئاواره ده‌بن.
كامیران واز له كاره‌كه‌ی ده‌هێنێت، ده‌چێته‌وه لای خێزانه‌كه‌یی و له خانویه‌كی ته‌واونه‌كراوی شاری هه‌ولێر نیشته‌جێ ده‌بن، تا دواتر بۆ كه‌مپی بێرسیڤی ئاواره‌یی له دهۆك ده‌گوازنه‌وه.
ئه‌و بارودۆخه تا 2018 به‌رده‌وام ده‌بێت؛ كامیران له نێوان شنگال و كه‌مپه‌كه‌دا هاتوچۆ ده‌كات، به‌ڵام هه‌ر له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه تا له 2020دا به یه‌كجاری كه‌مپ به‌جێده‌هێڵن.
كامیران ساڵانی ئاواره‌یی له كه‌مپ به خوێندنه‌وه به‌سه‌رده‌بات، "ته‌واوی رۆژه‌كان سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه بوم، نزیكه‌ی 400 كتێبم خوێنده‌وه، هه‌مویان كتێبی ئه‌لیكترۆنی و له‌رێی ئینته‌رنێته‌وه بون، چونكه كتێبخانه‌ی ماڵه‌كه‌م له شنگال له‌ده‌ستدا كه زیاتر له 100 كتێبی تێدابوو".
"ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی ئه‌لیكترۆنیم بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كتێب راگه‌یاند، هه‌زاران كتێبم له‌ئینته‌رنێت كۆكرده‌وه، ده‌ستمكرد به خوێندنه‌وه و له په‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆم له فه‌یسبوك كورته‌یه‌كم له‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ش بڵاوده‌كرده‌وه" كامیران وای وت.
ورده‌ورده خه‌ڵك كاردانه‌وه‌یان بۆ بڵاوكراوه‌كانی كامیران ده‌رباره‌ی كتێبه‌كان له فه‌یسبوك ده‌بێت، بۆیه ئه‌ویش زیاتر په‌ره به بیرۆكه‌كه‌ی ده‌دات، ئه‌مجاره‌یان ده‌ستپێشخه‌ری خواستنی كتێب ده‌كات بۆ ئه‌و ئاوارانه‌ی له كه‌مپن و ده‌یانه‌وێت بخوێننه‌وه.
دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ له‌ژێر ده‌ستی داعش، كامیران ده‌رفه‌تی بۆ ده‌ڕه‌خسێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ شنگال، ئه‌گه‌ر لانیكه‌م بۆ چه‌ند رۆژێكیش بێت، "گه‌ڕامه‌وه بۆ شنگال و ماڵه‌كه‌مانم به وێرانی و به‌دبه‌ختی بینی".
"خانوه‌كان ببون به نیمچه هه‌یكه‌ل، له‌وكاته‌وه تائێستاش هه‌ر به‌وشێوه‌یه ماونه‌ته‌وه، خانوه‌كه‌ی ئێمه پێمباش بوو بڕوخێت له‌وه‌باشتره بێ ده‌رگا و په‌نجه‌ره بمێنێته‌وه، كه هه‌موی ناوماڵه‌كه‌شی تیانه‌مابوو". كامیران له وه‌سفی بینینه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌یاندا واده‌ڵێت.
خانوه‌كه‌یان ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی هه‌ژارنشینی به‌ربه‌روش له شنگال، كه سه‌دا 75ی گه‌ڕه‌كه‌كه به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه وێران بووه‌و تائێستا ئاوه‌دان نه‌كراوه‌ته‌وه.
ناحیه‌ی سنونێ سه‌ر به قه‌زای شنگال ئارامترین ناوچه بوو بۆ كامیران، ئه‌وه‌ش وایكرد له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا له‌وێ نیشته‌جێبن و كه‌ره‌ڤانه‌یه‌ك وه‌ك كتێبخانه‌یه‌كی كاتی بۆ فرۆشتن و خواستنی كتێب دابنێت.
كامیران به ئامانجی سه‌رخستنی پرۆژه‌كه‌ی روو له‌و رێكخراوانه ده‌كات هاوكاری شنگال ده‌كه‌ن، تا پاڵپشتی دارایی كتێبخانه‌كه‌ی بكه‌ن له پێناو دوباره گه‌ڕانه‌وه‌ی روحی كلتوری و هاندانی گه‌نجان بۆ خوێندنه‌وه، ئه‌وه‌ش وه‌ك هه‌وڵێك بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وێرانكارییه‌كان و چاره‌سه‌ری ئه‌و برینه‌ی توشی ناوچه‌كه بووه.
"داوام له نزیكه‌ی 40 رێكخراوی حكومی و ناحكومی كرد له بنیاتنانی كتێبخانه‌یه‌كی ساده‌ی فرۆشتن و خواستنی كتێب بۆ گه‌نجانی شاره‌كه هاوكاریم بكه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچ یه‌كێكیان پاڵپشتییان نه‌كردم" به‌وته‌ی كامیران كه‌مال.
كۆڵنادات و هانا بۆ هاوڕێیه‌كانی له به‌غداد و پارێزگاكانی باشوری عیراق ده‌بات، ئامۆژگاری ده‌كه‌ن له به‌رنامه‌ی "سپۆت لایت عیراق"ـی سه‌ر به په‌یمانگه‌ی گوێته‌ی ئه‌ڵمانی به‌شداریبكات، بۆیه ئه‌ویش له‌رێی فۆڕمێكی ئه‌لیكترۆنییه‌وه پرۆژه‌ی كتێبخانه‌كه وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی كلتوری بۆ شنگال پێشكه‌شده‌كات و له‌و رێگه‌یه‌وه ده‌توانێت قایلیان بكات به پێدانی هاوكاری دارایی نزیكه‌ی 35 هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی.
كامیران ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شنگال، به‌و هاوكارییه‌ی وه‌ریده‌گرێت ده‌ست به بنیاتنانی كتێبخانه‌كه‌ی ده‌كات.
به هاوكاری ژماره‌یه‌ك له هاوڕێیه‌كانی، پارچه زه‌وییه‌ك به روبه‌ری 24 مه‌تری چوارگۆشه له شاره‌وانی شنگال له‌نێو باخچه‌یه‌كی گشتیدا وه‌رده‌گرێت و كتێبخانه‌كه‌ی تیادا داده‌نێت.
هه‌ندێك له هاوڕێیه‌كانی كامیران له به‌غدا و پارێزگاكانی باشور هه‌ڵمه‌تێكی به‌خشینی پاره و كتێب بۆ كتێبخانه‌كه ده‌ستپێده‌كه‌ن به‌وهۆیه‌وه زیاتر له پێنج هه‌زار به زمانه‌كانی عه‌ره‌بی، ئینگلیزی و كوردی دابینده‌كه‌ن.
"پرۆژه‌كه زیاتر بۆته كلتوری نه‌ك ماددی، به دوو سیسته‌م كارده‌كات، یه‌كێكیان خواستنی كتێبه و زۆربه‌ی كات بێبه‌رانبه‌ره، سیسته‌می دووه‌میش فرۆشتنی كتێبه؛ ئێستا سه‌ردانیكه‌رانی كتێبخانه‌كه خوێنه‌ران و رۆشنبیرانی پێكهاته جیاوازه‌كانی شنگالن".
بیرۆكه‌ی كتێبخانه‌كه بۆ قازانج و بازرگانی نه‌بوو، زیاتر بیرۆكه‌یه‌ك بوو بۆ ته‌حه‌دای شه‌ڕ و وێرانكاریی له‌رێی كتێب و كلتوره‌وه، وه‌ك خۆی وه‌سفی ده‌كات.
كامیران چه‌ندین چالاكی كلتوری له كتێبخانه‌كه‌دا رێكخستووه، له‌وانه فێستیڤاڵی "باخچه‌ی برایه‌تی" له مانگی ئه‌یلولی 2020 و فێستیڤاڵی "شه‌قامی شنگال" له شوباتی 2021، كه دانانی كتێب بوو له‌سه‌ر زه‌وی و پێشنیازی ئه‌وه‌یشی كرووه شه‌قامێكی كلتوری له شنگال بنیاتبنرێت.
"ئه‌و رێكخراوانه‌ی پاڵپشتی ئاساییكردنه‌وه‌ی ژیان له ناوچه وێرانبوه‌كانی وه‌ك شنگال ده‌كه‌ن له هیچ شتێك‌دا هاوكارییان نه‌كردوین".
په‌یامی پشت كردنه‌وه‌ی كتێبخانه‌كه‌ی كامیران كه‌مال بۆ گه‌نجانه؛ هانیان ده‌دات بخوێننه‌وه، به تایبه‌ت له ناوچه هه‌ژارنشینه‌كان و ئه‌و شوێنانه‌ی به‌ده‌ست شه‌ڕ و وێرانكارییه‌وه ناڵاندویانه، وه‌ك شنگال.
زه‌ینه‌ب مه‌شات – كه‌ركوك ناو