چیرۆكی من
شوكريه ئیراده‌ی خۆی ده‌سه‌پێنێت
نه‌ینه‌وا/ ئایاری 2021/ شكوریه‌ خه‌ڵه‌ف له‌نێو ده‌رمانخانه‌كه‌یدا له‌ناحیه‌ی سنونێ فۆتۆ: په‌یجی ناوبراو له‌ فه‌یسبوك

ژنانی ئێزیدی نه‌ك ته‌نیا له‌ عیراق به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی جیهان جێ په‌نجه‌یان دیاره‌

شوكريه ئیراده‌ی خۆی ده‌سه‌پێنێت

  • 2021-05-23

شوكریه‌ خه‌ڵه‌ف پێنج ساڵ دره‌نگتر ده‌چێته‌ خوێندنگه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌ك نابێته‌ رێگر له‌به‌رده‌م ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌یدا، به‌ڵكو په‌ره‌ به‌ خولیای وێنه‌كێشان ده‌دات و ئارایشتگایه‌كیش بۆ خانمان ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌و كچه‌ گه‌نجه‌ (30 ساڵ)، به‌هۆی هێرشه‌كانی 2014ی داعشه‌وه‌ ژیانی به‌ ته‌واوی ده‌شێوێت، به‌ ناچاری ئاواره‌ی زاخۆ ده‌بێت، به‌ڵام بارودۆخی قورسی ئاواره‌یی بێ هیوای ناكات، دوای ته‌واوكردنی قۆناغی ئاماده‌یی و به‌ده‌ستهێنانی دبلۆم له‌ ده‌رمانسازی، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شنگال و له‌وێ خزمه‌ت ده‌كات.

شكوریه‌ له‌ ته‌مه‌نی 13 ساڵیدا ده‌چێته‌ پۆلی یه‌كی سه‌ره‌تایی به‌ڵام ئه‌و دواكه‌وتنه‌ نابێته‌ رێگر له‌ ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌ی.

كاتێك گه‌یشتمه‌ قۆناغی ناوه‌ندی به‌هۆی زۆری ته‌مه‌نه‌وه‌ له‌ خوێندنگه‌ ده‌ركرام

ئه‌و جیاوازییه‌ی ته‌مه‌ن له‌گه‌ڵ هاوپۆله‌كانیدا هه‌ندێك كێشه‌ی بۆ دروستده‌كات؛ بۆ نمونه‌ كاتێك ده‌گاته‌ قۆناغی ناوه‌ندی "له‌ خوێندنگه‌ ده‌ركرام" به‌خۆی زۆری ته‌مه‌نه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ش نه‌بووه‌ به‌ربه‌ست و شكوریه‌ له‌رێی تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌ره‌كییه‌وه‌، توانی درێژه‌ به‌ خوێندن بدات.

له‌ قۆناغی دواناوه‌ندیدا بوو كاتێك ئارایشتگای تایبه‌ت به‌ خانمانی له‌ گونده‌كه‌ی خۆی له‌ خانه‌سۆری قه‌زای شنگال كرده‌وه‌، هه‌ر ئه‌وكات، تواناكانی له‌ بواری وێنه‌كێشاندا زیاتر كرد، به‌ به‌شداریكردنی له‌ خوله‌كانی راهێناندا.

له‌ ساڵی 2014دا، توانی یه‌كه‌م پێشانگه‌ی شێوه‌كاری له‌ خانه‌سۆر بكاته‌وه‌، كه‌ تیایدا 50 تابلۆی هونه‌ری نمایشكرد و جێی ره‌زامه‌ندی ئه‌و كه‌سانه‌ بوو سه‌ردانی پێشانگه‌كه‌یان كرد.

shokriya
نه‌ینه‌وا/ 2021/ شكوریه‌ (دوه‌م كه‌سی ده‌سته‌ڕاست) له‌گه‌ڵ ژنانی شنگال فۆتۆ: په‌یجی ناوبراو له‌ فه‌یسبوك

هه‌ڵاتن له‌ داعش

"راسته‌ ماندوو ده‌بوم، به‌ڵام هه‌ستم پێنه‌ده‌كرد، له‌ ئاسایش و ئارامیدا ده‌ژیاین، ژیانمان ساده‌ و جوان بوو، تا ئه‌وكاته‌ی داعش ده‌ركه‌وت و هه‌موو جوانییه‌كانی وێران كرد" شكوریه‌ وای وت.

له‌ 3ی ئابی 2014دا داعش هێرشیكرده‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی یه‌رموك (بۆرك) كه‌ نزیكی شوێنی نیشته‌جێبونی شوكریه‌ خه‌ڵه‌ف و خێزانه‌كه‌ی بوو.

"له‌پڕ ده‌نگی ته‌قه‌ ده‌ستیپێكرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ گولـله‌ ببارێت، ده‌موچاوی خه‌ڵك ترسی لێنیشت، ده‌یانوت بۆ هه‌ر شوێنێك بێت ته‌نیا رابكه‌ن، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌ ته‌قه‌كان دوربكه‌نه‌وه‌" شوكریه‌ ده‌رباره‌ی چركه‌ساتی هێرشه‌كانی داعش واده‌ڵێت.

له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا بۆ چیای شنگال هه‌ڵدێن، بۆ هه‌فته‌یه‌ك له‌ژێر گه‌مارۆی داعشدا "قورسترین" رۆژه‌كانی ژیانی به‌سه‌رده‌بات، تا ده‌چنه‌ ناو خاكی سوریاوه‌، له‌وێشه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ قه‌زای زاخۆ له‌ پارێزگای دهۆك.

له‌ئاواره‌ییدا به‌هۆی خراپی بارودۆخی داراییه‌وه‌ نه‌متوانی ته‌نیا رۆژێكیش بچمه‌ خوێندنگه‌

ماوه‌ی دوو ساڵ، شوكریه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌ هه‌شت كه‌سییه‌كه‌یدا له‌ ته‌نیا ژورێكی نزیك ناوه‌ندی زاخۆ نیشته‌جێ ده‌بن، له‌وێ، پلان داده‌نێت خوێندنه‌كه‌ی ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

"له‌ئاواره‌ییدا نه‌متوانی ته‌نیا رۆژێكیش بچمه‌ خوێندنگه‌، به‌هۆی خراپی بارودۆخی داراییه‌وه‌، بۆیه‌ به‌ ده‌ره‌كی پۆله‌كانی پێنجی ئاماده‌ییم له‌ كه‌مپی بێرسیڤ و شه‌شی ئاماده‌ییم له‌ كه‌مپی چه‌ممشكۆ ته‌واو كرد".

سه‌رباری بارودۆخی ئاواره‌یی، شوكریه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی گشتی نیشتمانی (وزاری) ده‌كات و له‌ په‌یمانگه‌ی ده‌رمانسازی دهۆك وه‌رده‌گیرێت.

دوای ته‌واوكردنی په‌یمانگه‌ و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دبلۆم، خێزانه‌كه‌ی له‌ كه‌مپ به‌جێده‌هێڵێت و به‌ ته‌نیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناحیه‌ی سنونێی قه‌زای شنگال.

shkria
دهۆك/ 2020/ ئاهه‌نگی ده‌رچونی شوكریه‌ په‌یمانگه‌ی ده‌رمانسازی فۆتۆ: په‌یجی ناوبراو له‌ فه‌یسبوك

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شنگال

"گه‌ڕامه‌وه‌ و چومه‌ پاڵ ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی بڕیاریاندابوو كار بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یان بكه‌ن، به‌ره‌نگاری ته‌حه‌دییه‌كان بومه‌وه‌ و ده‌ستمكرد به‌ بنیاتنانی ژیانم له‌ ناوچه‌كه‌ی خۆم و له‌نێو كه‌سوكارمدا، له‌ هه‌ر هه‌نگاوێكدا روبه‌ڕوی زه‌حمه‌تی و كێشه‌ ده‌بومه‌وه‌، به‌ڵام من به‌هێزتر بوم، چونكه‌ ژیان به‌رده‌وامه‌ و ده‌بێت له‌گه‌ڵیدا به‌رده‌وام ده‌بین" شوكریه‌ وای وت.

له‌ ده‌رمانخانه‌یه‌كی ناحیه‌ی سنونێ ده‌ستبه‌كاربوو، دوای دوو ساڵ له‌ پاشه‌كه‌وت، توانی ده‌رمانخانه‌ی خۆی بكاته‌وه‌ و له‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی سنونێ دابمه‌زرێت.

له‌كاتی خوێندنیدا له‌ هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك خۆبه‌خش له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا كاری كردووه‌، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ شنگال وازی له‌كاری خۆبه‌خشی نه‌هێنا و چاوی له‌سه‌ر توێژی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بوو، چونكه‌ "له‌لایه‌ن حكومه‌ت و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانه‌وه‌ پشتگوێخراون" به‌وته‌ی شوكریه‌.

"ژنانی ئێزیدی نه‌ك ته‌نیا له‌ عیراق به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی جیهان جێ په‌نجه‌ی خۆیان ده‌رخستووه‌"، له‌ ئامۆژگاریكردنی خانمانیشدا ده‌ڵێت "متمانه‌ت به‌ خۆت و توانا و بڕیاره‌كانت هه‌بێت و له‌به‌رده‌م زه‌حمه‌تییه‌كاندا كۆڵنه‌ده‌یت".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "پلان بۆ خۆت دابنێ، داهاتوی خۆت دیاریبكه‌ و رێگه‌ مه‌ده‌ كه‌سی تر ئیستیغلالت بكات"، ئامۆژگاری بۆ خێزانه‌كانیش ئه‌وه‌یه‌ پشتگیری كچه‌كانیان بكه‌ن، چونكه‌ "سه‌ركه‌وتن له‌ناو خێزانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و به‌ ئارامگرتن و هیوا و ئیراده‌ گه‌شه‌ ده‌كات".

شوكریه‌ خه‌ڵه‌ف دوای ئه‌و ته‌حه‌دییانه‌ی روبه‌ڕوی بۆوه‌، له‌ خوێندن و فێربون دانه‌بڕا، خه‌ون و ئاواته‌كانی به‌دیهێنا، ئێستا له‌ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا به‌شداره‌، كه‌ به‌ ئازاری شه‌ڕ و ئاواره‌ییدا تێپه‌ڕ بووه‌.

 

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT