چیرۆكی من
خدر ئەلدەخی: تەحەدییەكان پیشەی ئەدەبی منی دواخست بەڵام نەیوەستاند
نەینەوا/ 2020/ خدر ئالدەخی لەكاتی واژۆكردنی كتێبێكیدا فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لەفەیسبوك

خدر ئەلدەخی: تەحەدییەكان پیشەی ئەدەبی منی دواخست بەڵام نەیوەستاند

  • 2021-07-12

"جوانترین و درەوشاوەترین ساتەكانی ژیانی مرۆڤ ئەو كاتەیە هەستدەكات لە بەجێهێنانی كارێكدا سەركەوتووە بووە و كارەكەی لەلایەن دەوروبەریەوە بە باشی پێشوازی لێدەكرێت" شاعیر خدر ئەلیاس ئالدەخی، خەڵكی خانەسۆری قەزای شنگال (خۆرئاوای نەینەوا) وادەڵێت.

"كاتێك یەكەم كۆمەڵە شیعرم بەناونیشانی (عەشق عەقیم – خۆشەویستییەكی نەزۆك) بڵاوكردەوە هەستێكی جوانم هەبوو، لە هەستی خۆشی ئەو باوكە دەبوو كە چاوەڕێی لەدایكبونی یەكەم منداڵی دەكات".

ئەو هەستە وا لە ئالدەخی (40 ساڵ) دەكات هێندەی دیكە هەوڵبدات و پەلەبكات لە دەركردنی بەرهەمی نوێی ئەدەبی تا ئەو هەست و دڵخۆشییەی بەردەوامبێت.

ژیانی شیعری ئەو لە ساڵی 2001دا دەستپێدەكات، بەڵام لە ساڵی 2010دا یەكەم كۆمەڵە شیعری بەناونیشانی (عەشق عەقیم) لەڕێی خانەی رۆشنبیری سنونێی شنگالەوە بڵاوكردۆتەوە، دواتر و لە 2019دا كۆمەڵە شیعری (حوب و عەصیان)ی هەبووە و پاشان خانەی پەخش و چاپی مەتن لە بەغداد دیوانێكی شیعری بەناوی (سەدی ئینتیما قەنادیل) بۆ بڵاوكردۆتەوە.

لە ساڵی 2020دا بەشداری دیوانێكی هاوبەشی شیعری كردووە لە چاپخانەی مەتن بەناونیشانی (ئەیامی فی فەنا)، كە كۆمەڵێك شاعیری ئێزیدی لە 2018دا نوسیویانە، ئەوەش یەكەم دیوانی هاوبەش بووە كە رێكخراوەی یەزدا تێچوی چاپكردنی لە ئەستۆ گرتووە و دەربارەی "كۆمەڵكوژی" ئێزیدییەكانە لەسەر دەستی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی – داعش لە 3ی ئابی 2014 لە قەزای شنگال.

xader-1
نەینەوا/ 2020/ مەراسیمی بڵاوكردنەوە و واژكردنی كتێبێكی خدر ئالدەخی فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لەفەیسبوك

خۆشەویستی بۆ شیعر و ئەدەب بۆ ئەو رێگایەكی گوڵڕێژ نەبوو، روبەڕوی بارودۆخی زۆر سەخت بۆوە، تەحەدییەكان زۆربون، لە نێویاندا خراپی بژێوی و دارایی، نەبونی پاڵپشتی تەواو بۆ چالاكییە رۆشنبیری و ئەدەبییەكانی شنگال لەگەڵ نەبونی كتێبخانە و خانەی چاپ و بڵاوكردەوە لەوكاتەدا.

هەموو دیوان و كتێبە شیعرییەكانی خۆی تێچوی چاپ و بڵاوكردنەوەی لە ئەستۆ گرتووە، سەرباری خراپی باری دارایی، بەڵام هیچ یەكێك لە كتێبەكانی نەفرۆشت و بێ بەرانبەر بە دیاری بەخشی بەو كەسانەی حەزیان بە شیعر هەیە و عاشقی ئەدەبن.

"نوسینەكانم بۆ بوارەكانی خۆشەویستی و جوانی و خەیاڵە، لەسەر خاك و نیشتیمان و دڵسۆزی و ئەمەكداریش نوسیومە، گومانی تێدا نییە شنگال و ئازار و نەهامەتییەكانی و جوانییە ئەرخەوانییە تێكەڵەكەی بە خەمی خۆڵەمێشی لە زۆربەی نوسین و چالاكییەكان و كۆڕە شیعرییەكانمدا پشكی شێریان بەردەكەوێت" خدر ئالدەخی وای وت.

سەرباری بارودۆخی خراپی دارایی و هەژاری و سەختی بژێوی، ئالدەخی رۆژێك لە رۆژان بیر لەوەناكاتەوە ئامانج لە نوسینەكانی "بەدەستهێنانی پارە بێت"، چونكە شیعر لە باوەڕی ئەودا "سامانێكە بەنرخە و بەهیچ سەروەتێك ناخەمڵێنرێت"، ئەو هەستدەكات "دەوڵەمەندە و زۆریش دەوڵمەندە" كاتێك قەسیدەیەكی جوان دەنوسێت.

دەربارەی پەیوەندی شیعرەكانی بە روداوەكانی شنگالەوە، ئالدەخی دەڵێت "هونەر بەشێوەیەكی گشتی، شیعر و بابەتە ئەدەبییەكان بە تایبەتی زۆرجار بەهۆی نەگبەتی و نەهامەتی و زوڵمەوە دروستدەبن، ئەو بەرهەمانە لە گریان و ئاه و حەسرەتەوە لە دایكدەبن، جوانترین شعیر ئەوەیە لە قوڵایی خەمەوە دروستدەبێت و ئەوكات شاعیر هەستدەكات راستگۆ بووە لە هەست و مەینەتەكانیدا، زیاتر لەو نەهامەتییەكانەش لەناو خەڵكی شنگالدا هەن".

xader-2
نەینەوا/ 2020/ خانمانی شنگال كتێبێكی خدر ئالدەخی-یان بەدەستەوەیە

"لای كەس شاراوە نییە ئەو بارودۆخە چەندە سەخت بوو پێیدا تێپەڕین لە نەهامەتی بەهۆی گروپە توندڕەوە لادەرەكانەوە كە هێرشیانكردە سەر ناوچە ئارامەكەمان و ناچار بە ئاوارەییان كردین، بەڵام ئەو روداوانە زیاتر پێداگری كردم و بەهێزی كردم بۆ نوسین، بە تایبەت دیمەنی كۆمەڵكوژی كە لە یادەوەریمدا ماوەتەوە و تا مردن هەر دەمێنێت".

ئالدەخی بەرهەمی دیكەی زۆرە و چاوەڕێیە بڵاویانبكاتەوە، بەڵام هەمان بارودۆخی پێشتر هەبوو ئێستا رێگرن لە بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكانی، هیچ لایەنێك نییە پاڵپشتی ئەو پرۆژە ئەدەبی و رۆشنبیرییانە لە شنگال بكات و هاندانیش لەوپەڕی لاوازیدایە.

ئێستا زیاتر لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بە گوێگر و خۆشەویستیانی شیعرەكانی دەگات.

ئەو لە نوسینی شیعر بەردەوامە بەڵام پێویستی بە پاڵپشتی هەیە تا بتوانێت بەرهەمی زیاتر چاپ و بڵاوبكاتەوە.

پەیامێكی بۆ رۆشبیرانی شنگال دەنێرێت، بە شاعیر و نوسەرانەوە، داوادەكات "بنوسن و بەردەوامبن و لە هیچ سڵ مەكەنەوە، چونكە شیعر وەك هونەرەكانی دیكە پەیامێكی بڵندە و لەوڕێیەوە دەتوانین قەبارەی نەهامەتی و نەگبەتی و ئەو زوڵمەی بەسەرماندا هات بە جیهانی بگەیەنین".

ئالدەخی دەڵێت شاعیر و رۆشنبیران خاوەتی دۆسیەیەكن و نابێت وازی لێبهێنن تا دڵۆپە مەرەكەبێك لە قەڵەمەكانیاندا بڕژێت وەك چۆن خوێن لە جەستەی "قارەمانانی چیای شنگال" دژی داعش رژا.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT