چیرۆكی من
رەنا جاسم بە موزیك چارەسەری منداڵانی نەخۆشی داون دەكات
بەغداد/ 18ی ئەیلولی 2021/ رەنا جاسم لە گۆڕەپانی خەیلانی ناوەڕاستی پایتەخت پیانۆ دەژەنێت وێنە: پەیجی ناوبراو لە فەیسبوك

موزیك لە چارەسەری كیمیایی و پزیشكی كلینیكەكان بەهێزترە

ورود ساڵح – كەركوك ناو

رەنا جاسم بە موزیك چارەسەری منداڵانی نەخۆشی داون دەكات

  • 2021-08-06

رەنا جاسم، وەك پیانۆژەن و ئاوازدانەر رێگەی خۆی بەرەو ئەستێرەبون دەكاتەوە، لەڕێی تێكەڵكردنی بەهرەكانی بە خوێندنی ئەكادیمییەوە، ئەوەش لە كۆمەڵگەیەكی پارێزگار (موحافیزكار)دا كە هونەری موزیك تەنیا بە كاری پیاوان دەزانن.

دوای خوێندنی لە ئەمریكا، پەیمانگەیەكی فێربون و وانەی موزیك بۆ منداڵانی توشبوو بە نەخۆشی داون (مەنگۆلی - Down syndrome) دەكاتەوە، تا وزە و تواناكانیان لە بواری داهێناندا بەگەڕبخات، چونكە پێیوایە موزیك لە چارەسەری كیمیایی و پزیشكی بەهێزترە.

 

دەستپێكی پێشوەخت

"لە تەمەنی چوار ساڵیدا و بە ژەنینی پیانۆ كاری هونەریم دەستپێكرد، بەبێ رێنمایی شارەزای موزیك، بەڵام حەزم لێ بوو، بەردەوام بوم لە راهێنان تا توانیم ئاوازێكی فۆلكلۆری عیراقی بژەنم" رەنا بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

بەبێ رێنمایی شارەزای موزیك دەستم بە راهێنان لەسەر ژەنینی پیانۆ كرد

لە تەمەنی شەش ساڵیدا ئاوازی گۆرانی (ﻃﺎﻟﻌﺔ ﻣﻦ ﺑﻴﺖ اﺑﻮﻫﺎ)ی گۆرانیبێژی كۆچكردوی عیراقی نازم غەزالی دەژەنێت، خولیاكانی بۆ پیانۆ بەردەوام دەبێت و لە تەمەنێكی گەورەتردا دەچێتە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغداد، لە بەشی موزیك و بە دیاریكراوی بۆ ئامێری پیانۆ، لەسەر دەستی هونەرمەند سەعد مەحمود حیكمەت فێری بناغە و یاساكانی موزیك دەبێت.

رەنا لە یەكەمەكانی ساڵی 1999ی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانە و دواتر چۆتە كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی بەغداد، بەشی هونەری موزیك و لە ساڵی 2003دا تەواویكردووە، لەوەشدا هەر لە ریزبەندی یەكەمەكاندا بووە.

بەهۆی ئەو ئەنجامەی هەیبووە وەك یاریدەدەری مامۆستا لە بەشی هونەری موزیكی زانكۆ دادەمەزرێنرێت، پاشان خۆی بۆ ئەندامی لیژنەی نیشتمانی عیراق بۆ موزیك هەڵدەبژێرێت و ئێستا لێپرسراوەی یەكەمی موزیكە لە بەشی چالاكییە هونەرییەكانی سەرۆكایەتی زانكۆی بەغداد.

rana-3
بەغداد/ رەنا جاسم لەگەڵ ژمارەیەك منداڵی داون لە گۆڕەپانی خەیلانی پیانۆ دەژەنێت

 

ئاوازدانان و فێستیڤاڵەكان

رەنا جاسم لە زۆربەی بۆنە و فێستیڤاڵەكاندا نوێنەرایەتی عیراق دەكات، لەوانە فێستیڤاڵی جیهانی لە ماڵی ئۆپێرا لە قاهیرە، فێتیسڤاڵی مۆنتۆكس لە پاریس، جگە لە ئۆپێرا لە هۆڵەند، بەلجیكا و ئاهەنگەكانی هاوڵاتیانی عیراقی لە سوید و نەرویج.

ژەنیارێكی چالاكی تیپی "ئاوازەكانی سۆمەرییە"، لە بواری دابەشكردنی موزیك و  موزیكی تۆماركراو (بۆ شانۆ یان فیلمێكی سینەمایی یان رادیۆ بەكاردێت) كاریكردووە، كۆمەڵێك كاری موزیكی بۆ بەرنامە و فیلم و دۆكۆمێنتاری بەشی راگەیاندنی زانكۆی بەغداد كردووە.

هەروەها چەندین ئاوازی تایبەتی داناوە لەوانە "قاوەكەم و باران - قهوتي والمطر"، "درۆی راست - أكاذيب صادقة"، "موزیكی ژەنراوی ئاوات - معزوفة امنية"، "خەیاڵ بڵاو - حلم يقظة"، "نامەیەك بۆ كەسێك - رساله الى شخص".

 

ستۆدیۆكانی نیویۆرك

دوای تەواوكردنی زانكۆ، رەنا لە بەرنامەیەك بەناونیشانی "سەركردەی كۆمەڵگە" بەشداریكرد، كە بەرنامەیەكی ئەمریكییە بە هاوكاری حكومەتی عیراقی و حكومەت بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەزمون لەورێگەیەوە ژمارەیەك لە كەسانی بەهرەدار دەنێرێتە ئەمریكا.

"بوارەكەم من موزیك بوو، توانیم لەڕێی ئەو بەرنامەیەوە بڕوانامەی راهێنان لە هونەری چارەسەردا بە موزیك بەدەستبهێنم، هەروەها دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخسا لە ستۆدیۆیۆكانی یاماها لە نیویۆرك بۆ بەرهەمهێنانی موزیك، ئاوازی گۆرانییەكی فۆلكلۆری عیراقی بژەنم" رەنا وادەڵێت.

 

چارەسەر بە موزیك

"كاتێك بەرنامە حكومییەكە تەواو بوو، توانیم ئەوەی راهێنانم لەسەر كردبوو بۆ چارەسەری منداڵانی نەخۆشی داون بە سەركەوتویی ئەنجامیبدەم، لە جێبەجێكردنی ئەوەی فێری بوم سەركەوتوبم، منداڵانی داون-م بێ هیچ بەهرەیەك كرد بە پیانۆژەنی پرۆفیشناڵ".

نەخۆشی داون، بڵاوترین نەخۆشی كرۆمۆسۆمییە، كە تێیدا كێشەكە لە ژمارەی كرۆمۆسۆمەكاندایە، كرۆمۆسۆمی ژمارە 21 لە جیاتی دوو بەش سێ بەشە، بۆیە بەگشتی لە جیاتی 46 كرۆمۆسۆم، كەسەكە 47 كرۆمۆسۆمی دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی گۆڕانكاری لە شێوازی دەموچاویان، گەشەی جەستە و مێشك.

rana-2
رەنا لەگەڵ چەند منداڵێكی داون كە فێری ژەنینی پیانۆیان دەكات

رەنا پەیمانگەیەكی بۆ راهێنانی منداڵانی داون لەسەر پیانۆ كردەوە، چونكە دەزانێت "موزیك دەرمان و خۆراكی رۆحە، بۆیە هەوڵمدا لەوڕێگەیەوە كاریگەری لەسەر كۆمەڵگە دابنێم"، بەڵام بۆ ئەو هەنگاوە هیچ پاڵپشتییەكی حكومی پەیوەندیدار بە هونەرەوە بەدەستناهێنێت، نەك پەیمانگە موزیكییەكان، نە رێكخراوەكانی تایبەت بە هونەری موزیك.

"سەرەتا بیرۆكەیەكی بچوك بوو، دواتر گۆڕا بۆ پەیمانگەی تایبەت و سەركەوتوو بوو لەوەی منداڵانی نەخۆشی داون فێری موزیك بكات و تواناكانیان لە بواری وەبەرهێناندا بەگەڕبخات، توانیم گەشە بە بەهرەی سێ منداڵی داون بدەم تا ببنە پیانۆژەنی پرۆفیشناڵ".

رەنا بەو پێیەی لە بواری موزیكدا خوێندویەتی، پێیوایە "موزیك لە چارەسەری كیمیایی و پزیشكی بەهێزترە، چونكە بناغەی مرۆڤێكی نەخۆش بنیاتدەنێیتەوە و لە نەخۆشەوە دەیگۆڕیت بۆ هونەرمەندێكی داهێنەر، ئەوەش بۆ خۆی چارەسەرە".

 

بەدكاری و رقلێبونەوە

ژنە پیانۆژەنی عیراقی، رەنا جاسم بە شانازییەوە باس لە پاڵپشتی خێزانەكەی دەكات لەكاتێكدا روبەڕوی هەڵمەتی بەدكاری و گێچەڵ و رقلێبونەوە بۆتەوە لە كوڕان و كچانی دیكەی هاوتەمەنی، "بەهرەكەم وەك موزیكژەن سەرنجی بۆ راكێشام، بۆیە ئەو هەڵمەتی رق و بەدكارییەی هەبوو تەنیا بەهرەكەمی نەكردە ئامانج بەڵكو لەوە زیاتر رۆیشت".

ئەو هەڵمەتی رق و بەدكارییەی هەبوو تەنیا بەهرەكەمی نەكردە ئامانج بەڵكو لەوە زیاتر رۆیشت

"لە چاوپێكەوتنێكمدا لەگەڵ پەیجێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، راستەوخۆ داوای ژەنینی موزیكیان لێكردم، لەگەڵ دەستمپێكرد یەكسەر سەدان كەس كۆمێنت و قسەی نەرێنییان نوسی، هێندەی قسەیان لەسەر شێوە و روخسار و سیمام هەبوو هێندە گوێیان لە موزیكەكە نەگرت" بەوتەی رەنا.

رەنا گوێی بەو دەنگانەدا نەداوە كە نائومێدی دەكەن بەڵكو بەردەوام متمانەی بە هونەر و گەشەپێدانی تواناكانی هەبووە، دەڵێت "بەدكاری بۆتە حاڵەتێكی باو لە كۆمەڵگەدا و بەئاسانی ناتوانین لێی رزگاربین، زۆرینەی ئەوانەیشی لە بەدیهێنانی خەونەكانیاندجا شكستیانهێناوە ئەوانەن كەسانی سەركەوتوو دەكەنە ئامانج".

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT