چیرۆكی من
باسیمە هاوسەرگیری لەگەڵ هونەردا كردووە، بەڵام خواستی لەوەش زیاترە
نەینەوا/ حوزەیرانی 2021/ باسیمە سەفار، هونەرمەندی ناسراوی ئەلقوش فۆتۆ: عەمار عەزیز

تەحەدا دەكەم كەس لە ناوچەكەدا وەك من خزمەتی كەلتور و هونەری كردبێت

باسیمە هاوسەرگیری لەگەڵ هونەردا كردووە، بەڵام خواستی لەوەش زیاترە

  • 2021-08-24

باسیمە سەفار ئەلقۆشییە؛ نیوەی تەمەنی لە خزمەتی كەلتور و هونەری شارەكەیدا بەڕێکردووە، بێ ئەوەی هیچ موچە و ئیمتیازاتێكی هەبێت، تەنانەت رێنادەن ببێتە ئەندامی سەندیكای هونەرمەندانیش، بەڵام ئەو هەر بە گەرموگوڕییەكەی جارانەوە بەردەوامە.

ئەو ژنە ناوێكی دیارە لە ئەلقوش، كەم كەس هەیە بە تابلۆ، دەستڕەنگینی لە دروستكردنی جلوبەرگی نەتەوەیی یان كارە شانۆییەكانیدا نەیناسێتەوە.

"تەحەدا دەكەم كەس لە ناوچەكەدا وەك من خزمەتی كەلتور و هونەری كردبێت، ئەوەی من كردومە شۆڕشێكی گەورەیە لە بواری هونەردا،" باسیمە سەفار بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

30 ساڵ لەمەوبەر باسیمە دەستی بە كاری هونەری و بەتایبەت وێنەكێشان كردووە؛ خولیای تەمەنی هەرزەكاری بووە و تائێستا كە تەمەنی 62 ساڵ تێدەپەڕێنێت، خۆی بە عاشقی هونەر دەناسێنێت.

basima safar (1)-1
نەینەوا/ باسیمە سەرقاڵی تابلۆیەكی هونەرییە فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لە فەیسبوك

باسیمە دەڵێت، "من هاوسەرگیریم لەگەڵ هونەردا كردووە". خۆشەویستیی باسیمە و هونەر چەندین تەحەدی تێدەپەڕێنێت، كە سەختترینیان نەبونی هیچ بژێوییەکە، غەمناگتریش ئەوەیە بە تەنیا دەژیت و كەسیش هاوكاری ناكات.

ساڵی یەك دوو جار دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت ئەو جلوبەرگە كەلتورییانەی بەدەستی خۆی دروستیكردون بە كرێیان بدات، بۆ هەر پارچەیەك 15 تا 20 هەزار دینار وەردەگرێت، یان هەندێكجار جلوبەرگی نەتەوەیی دەفرۆشێت ئەگەر بارودۆخی پڕ مەترسی كۆرۆنا رێ بدات.

"لە منداڵییەوە حەزم لە بابەتی هونەر و دورینی جلوبەرگی كەلتوری كریستیانەكان بووە".

بە شایەنی ئەوە نابینرێم بكرێم بە ئەندامی سەندیكای هونەرمەندان

بە منداڵی لە خوێندن دابڕاوە؛ تا پێنجەمی سەرەتایی خوێندووە؛ بەڵام پێیوایە نەبونی بڕوانامە هیچ لە بەهرەكانی كەمنەكردۆتەوە.

"هەموو كارەكانم دەستین؛ هیچ ئامێر و هۆكارێكی دیكە بەكارناهێنم. لە دوو مانگدا، زیاتر لە 200 بوكەڵەی منداڵانم دروستكردووە، بەڵام بێ ناز و بێ خاوەن ماونەتەوە، چونكە شوێن نییە بوكەڵەكانی تیادا نمایش بكەم" باسیمە وادەڵێت، داوای لە لێپرسراوانی عیراق و هەرێمی كوردستان ئەوەیە لانیكەم هۆڵێكی بچوك بۆ كارە دەستی و هونەرییەكانی دروستبكەن.

هەرچی خولیای هونەری باسیمەیە لە خانوەكەیدا رەنگیداوەتەوە؛ چەندین تابلۆی لەسەر دیوارەكانی دەرەوەیدا نەخشاندووە، لە دیوی ناوەوەشدا وەك مۆزەخانەیەكی كەلتوری دەردەكەوێت.

خانوەكەی دەكەوێتە ناوەندی قەزای ئەلقوش، لە كۆڵانێكی كۆن و باریكدایە، لەسەر شێوازی كەلتوری و ناسراو بە شەرقی دروستكراوە، لە مەتبەخێک و سێ ژور پێكهاتووە. دوو ژوری خانوەكە بۆ جلوبەرگی كەلتوری و كارە هونەرییەكانی دانراوە، واتە یەك ژور بۆ دانیشتن و نوستنی باسیمە ماوەتەوە.

basima safar (11)
نەینەوا/ حوزەیرانی 2021/ باسیمە حەوشەی ماڵەكەی لە ئەلقوش بە تابلۆ و كاری هونەری رازاندۆتەوە فۆتۆ: عەمار عەزیز

لە نێو خانوەكەدا، پێشانگەیەكی گەورەی كاری دەستی و هونەری هەیە، هەموو شتێك نەخشێنراوە، تەنانەت بەرمیلەكانی نەوتیش، خەڵكانێك بۆ ئاشنابون بە بەهرەكانی باسیمە و كەلتوری ئەلقوش سەردانی ئەوێ دەكەن. ئەو دەڵێت خانوەكە زۆر بچوكە بەراورد بە بەرهەمەكانی و كەسیش ئامادەنییە لە دابینكردنی شوێنی دیكەدا هاوكاری بكات.

"زیاتر لە 10 ساڵە سەرقاڵی رازاندنەوەی خانوەكەمم، بەڵام بەداخەوە خەریكە ناچاردەبم بیفرۆشم" باسیمە وای وت.

"بەهۆی 30 ساڵ خزمەتەوە لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستانیش بەناوبانگم، بەڵام بە شایەنی ئەوە نابینرێم بكرێم بە ئەندامی سەندیكای هونەرمەندان، كەچی خەڵكانێك هەن بێ ئەوەی خزمەتی هونەریان كردبێت مانگانە ملیۆنێك دینار وەردەگرن".

نەبونی هاوكاری حكومی تەواو بێزار و ماندوی كردوم

باسیمە سەفار لە نوسین و دەرهێنانی شانۆ و دراماشدا كاردەكات؛ لە دەیان دراما و شانۆدا وەك ئەكتەر و دەرهێنەر بەشداربووە، شانۆییەكانی لە چەند شارێكی عیراق نمایشكراون. لە بەرهەمە شانۆییەكانی (تمیلا نخریوثا)، (مرئشياثا تا حوبا)، (بختا مر حجياثا)، (حقوق المرأە – مافەكانی ژنان) و شانۆیی (كۆرۆنا).

دوای ئەوەی دایك و باوكی كۆچی دوایی دەكەن، ساڵانێكە تەنیایە.  دوور لە كاری هونەری، باسیمە لە گەنجێتیدا یاریزان و راهێنەری وەرزشی بووە، دەڵێت دەیان كچ لەسەر دەستی پەرەیان بە تواناكانیان داوە لە تۆپی پێ و بالە، خۆیشی شانبەشانی یاریزانانی كوڕ یاری كردووە، "تەنانەت هێندە بەهێز بوم بە یەك دەست بوتڵێكی غازم بە پڕی بەرزدەكردەوە.. وەزارەتى پەروەردە بەهۆی تواناكانمەوە داوایكرد ببمە مامۆستا بە بڕوانامەی پێنجی سەرەتاییەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هێندە بەناوبانگ بوم و مەدالیام هێنابوو".

ڤیدیۆ: باسیمە سەفار لەناو ماڵەكەیدا لە ئەلقوش باسی بەرهەمە دەستییەكانی بۆ (كەركوك ناو) دەكات 

تەنیایی و نەبونی هاوكاری حكومی "تەواو بێزار و ماندویان كردوم"، دوای سێ دەیە لە بەرەنگاربونەوەی تەحەدییەكان و مانەوە لەسەر پێی خۆی، ئێستا بیر لە جێهێشتنی نەك هەر ماڵە هونەرییەكەی، بەڵكو زێدی باوباپیرانیشی دەكاتەوە.

"دەمەوێت ئەو تەمەنەی ماومە لە دەرەوەی عیراق بەڕێیبكەم" باسیمە سەفار وای وت.

 

عەمار عەزیز – نەینەوا

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT