چیرۆكی من
مەروە خەشاب: هاوسەرگیری و بەخێوكردنی منداڵ خەونەكانی ژن ناكوژن
نەینەوا/ 2021/ مەروە خەشاب لەكاتی وتنەوەی خولێكی راهێناندا فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لە فەیسبوك

وەك هەر دایكێكی دیكە، منیش تەنیا بیرم لە منداڵەكانم و گرنگیدان بە ماڵەكەم دەكردەوە

مەروە خەشاب: هاوسەرگیری و بەخێوكردنی منداڵ خەونەكانی ژن ناكوژن

  • 2021-09-13

مەروە خەشاب (37 ساڵ) دوای تەواوكردنی كۆلێژی كارگێڕی و ئابوری لە ساڵی 2007دا، وەك هەر گەنجێكی دیكەی شاری موسڵ بەدوای دەرفەتی كاردا دەگەڕێت، تا بەرهەمی ماندوبون و خوێندنی 16 ساڵی بچنێتەوە.

بەڵام كەمی هەلیكار لە وڵات بە گشتی و لە موسڵ بەتایبەتی توشی سەرسوڕمانی دەكات، تەنیا رێگای بەردەمی لەوكاتەدا هاوسەرگیری و پێكەوەنانی خێزانە؛ "لەكاتێكدا دەمزانی ئەو هەنگاوە خواستەكانی زۆربەی ژنانی لەناوبردووە" بەوتەی مەروە.

"وەك هەر دایكێكی دیكە، منیش تەنیا بیرم لە منداڵەكانم و گرنگیدان بە ماڵەكەم دەكردەوە، تەنانەت هیوای بەدەستهێنانی كار و بەدیهێنانی خواستەكانیشم لەدەستدا" مەروە خەشاب، دەربارەی ساڵەكانی یەكەمی هاوسەرگیری وای وت.

سەرباری ئەوەش هێشتا وازی لە خەونی كاركردن نەهێنا و توانی گرێبەستێكی كاركردن بەدەستبهێنێت بەڵام بەهۆی كچە ساواكەیەوە بەردەوام نەبوو.

ئەو قایل نابێت تەنیا لە ماڵەوە بمێنێتەوە "بەردەوام هەستمدەكرد دەتوانم لە دەرەوەی ماڵ سەركەوتوبم بەڵام گرنگیدان بە منداڵەكەم ناچاری كردم بۆ ماوەیەك خەونەكەم دوابخەم".

گرنگیدان بە منداڵەكەم ناچاری كردم بۆ ماوەیەك خەونەكەم دوابخەم

هێرشەكانی حوزەیرانی 2014ی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی - داعش" و دەستبەسەرداگرتنی شاری موسڵ، دەبێتە "سەردەمێكی تاریك" بۆ مەروە و لە خەونەكانی نائومێدی دەكات.

هەرزوو هەوڵدەدات ئەو بارودۆخە تێبپەڕێنێت؛ هەندێك كتێب لە ئینتەرنێتەوە وەردەگرێـت و دەست بە خوێندنەوەیان دەكات.

"هەر كتێبێكم دەستبكەوتایە دەمخوێندەوە، كتێبی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابوری و تەنانەت كتێبی گەشەپێدانی مرۆییشم خوێندەوە" وەك مەروە دەڵێت ئەو كتێبانە هاوكاربون لە پڕكردنەوەی كاتە بەتاڵەكانی ژیانی و بەدەستهێنانی شارەزایی زیاتر تا لە پلانی كاری داهاتویدا سەركەوتوی بكەن.

Marwa-1
نەینەوا/ 2017/ مەروە لەگەڵ ژمارەیەك لە خوێندكارەكانیدا

دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری موسڵ لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە لە تەمموزی 2017دا، مەروە دەرفەتی نوێی بۆ دەڕەخسێت، دوای 10 ساڵ لە تەواوكردنی زانكۆ، دواجار وەك وانەبێژ لە خوێندنگەیەكی نزیكی ماڵی خۆی دەست بە وتنەوەی وانە دەكات.

هەرچەندە مامۆستایی لە پسپۆڕییەكەی خۆیەوە دوورە كە كارگێڕی و ئابورییە، بەڵام ئەو تەحەدییەی قبوڵ كرد و بڕیاریدا تیایدا سەركەوتووبێت.

بەڕێوەبەری خوێندنگەكە پۆلێكی سێی بنەڕەتی دەداتە مەروە و پێیدەڵێت ئەو پۆلە بەربەست و تەحەدییەكە لەبەردەمیاندا، چونكە خوێندكارەكان ئاستی زانستییان نزمە، بەهۆی سیستەمی پەڕینەوە (عبور) كە وەزارەتی پەروەردە پشتی پێبەستووە بۆ قەرەبوكردنەوەی خوێندنی ئەو خوێندكارانەی بەهۆی داعشەوە دابڕابون.

"پۆلەكەم وەرگرت و بە بەڕێوەبەرەكەم وت ئەم پۆلە دەكەم بە نمونەیی" خەشاب وای وت، لە بەرانبەردا بەڕێوەبەرەكە دەڵێت ئەگەر تەنیا پێنج خوێندكار دەربچن ئەوا موعجیزەیە.

مەروە خەشاب كۆڵنادات و لەگەڵ كچە خوێندكارەكاندا هەوڵی زۆر دەدات "شێوازی فێركاری هاوچەرخم بۆ پۆلەكەم پەیڕەو كرد" مەروە دەڵێت لە ماوەیەكی كورتدا توانیویەتی پۆلەكە بكات بە نمونەیی و بەهۆی پێداگرییەكانیەوە ئاستێكی بەرزی سەركەوتنیان بەدەستهێناوە.

تەنیا لە كەرتی پەروەردەییدا نامێنێتەوە، هەوڵدەدات بچێتە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و لەوێش كاربكات، بەڵام تواناكانی خۆی لەو ئاستەدا نابینێت بۆیە پەرەی زیاتر بە تواناكانی دەدات و لە چەند خولێكی راهێناندا بەشداردەبێت، كە گرنگترینیان خولی راهێنەرایەتی "TOT"  بووە، "ئەو خولە منی كرد بە مەروەیەكی نوێ".

marwa-3
نەینەوا/ 2019/ مەروە خولێكی راهێنان بە ژمارەیەك لە ژنان موسڵ دەڵێتەوە

دوای بینینی خولەكان بە سەركەوتویی دەرگای رێكخراوەكان بەرویدا دەكرێنەوە و وەك یاریدەدەری پرۆژە لە كۆمەڵەی ئەمەل (هیوا) لە ساڵی 2019 دەستبەكاردەبێت كە یەكێكە لە رێكخراوە گەورەكانی عیراق.

مەروە خەشاب لەئاست كاری خۆبەخشیشدا دەستەوەستان نەبوو، لەگەڵ چوار هاوڕێیدا تیمێكی خۆبەخشی بۆ كاروباری ژنان پێكهێنا و توانی لەو رێگایەوە كار بۆ مافەكانی ژنان بكات و بێبەرانبەریش ژمارەیەك خولی راهێنان بڵێتەوە.

"ژنان لاوازترین بازنەن لە كۆمەڵگەی موسڵاوی، بۆیە پێویست بوو بەرەو دامەزراندنی ئەو تیمە خۆبەخشییە هەنگاوبنێین" مەروە دەشڵێت "تیمەكە لە ماوەیەكی دیاریكراودا توانی دەنگدانەوەی لە كۆمەڵگەی موسڵاویدا هەبێت بە خزمەتگوزارییە خۆبەخشییەكانی لە بوارەكانی مافەكانی ژنان و فێربوندا".

مەروە كە سەرەتای ژیانی هاوسەرێتی لە ماڵەوە دەستپێكرد و پەروەردەكردنی سێ منداڵەكەی خستە پێش بەدیهێنانی خەونەكانی، بەڵام وازی لە خەونەكانی نەهێنا و بە جددی هەوڵی بۆ دا.

لە دایكێكی نقوم بوی ماڵەوە ئێستا ئەو بۆتە بەڕێوەبەری ناوەندی تلكێفی سەر بە كۆمەڵەی ئەمەل (هیوا)ی عیراقی و لە كەرتی حكومیشدا بە هەمیشەیی دامەزرێنراوە، بۆیە دەڵێت "هاوسەرگیری و پەروەردەكردنی منداڵ نەیانتوانی خەونەكانم و كاركردنم رابگرن".

 

وەلا حەمدانی – نەینەوا

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT