ئومێدەوراین گەنجەکانمان ببن بەپێشەنگ لەکەرتی تایبەتدا و داوایان لێدەکەم سوود لەتەکنەلۆژیا وەربگرن
ئومێدەوراین گەنجەکانمان ببن بەپێشەنگ لەکەرتی تایبەتدا و داوایان لێدەکەم سوود لەتەکنەلۆژیا وەربگرن
ساڵح مەحمود (35 ساڵ)، کە دەرچوی کۆلێژی ئەندازیارییە، نەبونی هیچ دەستپێشخەرییەک کە سەرنجی گەنجان بۆ بواری تەکنەلۆژیای سەردەم و ئەلیکترۆنیات رابکێشێت، کردە دەرفەتێک بۆ بیرۆکەی دامەزراندنی شوێنکارێک کە گەنجان هانبدات بۆ فێربوونی تەکنەلۆژیا و سودوەرگرتن لێی بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی تایبەت بەخۆیان.
"دەستمان کرد بە کۆکردنەوەی هەوادارنی بواری ئەلیکترۆنیات و لەسەر ئەرکی خۆمان چەند ئامێرێکی ئەلیکترۆنیمان کڕی و هەوڵی پەرەپێدانیمان دەدا"، ساڵح مەحمود، بەمشێوەیە باسی خولیاکەی دەکات کاتێ خوێندکاری کۆلێژی ئەندازیاریی بەشی کارەبا بوو لە زانکۆی موسڵ.
هیچ شوێنێک نەبوو لە شاری موسڵ ساڵح و هاوڕێکانی کۆبکاتەوە و پانتایی پێویستیان بۆ فەراهەم بکات بۆ ئەوەی خواستەکانی خۆیان لە داهێنان لەبواری ئەلیکترۆنیات بەدیبهێنن.
بە تێپەڕبونی کات بوونە خاوەنی وەرشەیەک، کە چەندین کەلوپەلی دروستکردنی پارچەی ئەلیکترۆنی لەخۆگرتووە، وەک پرینتەری سێ دووری و ئامێری تر.
بەڵام پرۆژەکەیان هێندەی نەبرد بەربەست هاتە ڕێی و بۆ ماوەی ساڵێک وەستا، کاتێ ساڵح وهاوپیشەکانی بەهۆی هێرشەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی-داعش" لەئابی 2014 ناچاربون شاری موسڵ جێبهێڵن.
لە ئاوارەییدا، ساڵح توانی پەیوەندی بە هاوڕێکانی بکات و درێژە بەکارەکەیان بدەن لەو ناوچانەی تیایدا دەژیان.
دوای گەڕانەوەیان بۆ شارەکەیان کە لەساڵی 2017 لەچەنگی چەکدارانی داعش دەرهێنرا، بەشدارییان کرد لە چاککردنەوەی هەندێ لەو کەلوپەل و ئامێرە پزیشکییانەی لەکاتی شەڕی داعش زیانیان بەرکەوتبوو، بەوەش یارمەتییەکی گرنگیان پێشکەشی خەڵکی موسڵ کرد.
هاوکات پلاتفۆرمێکیان بەناوی "موسڵ سپەیس" راگەیاند کە یەکەم دامەزراوەیە کاردەکات بۆ پەرەپێدانی تواناو بەهرەی گەنجان لەشاری موسڵ لەبواری بەرێوەبردنی کار و هاندانی پیشەسازی ئەلیکترۆنی وبەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و پێشکەشکردنی ئەزمون و شارەزایی جۆراوجۆر بۆ بەشداربووان، لەگەڵ رێکخستنی خولی ڕاهێنان بەهاریکاری چەندین رێکخراوی مرۆیی.
بەوتەی ساڵح ئەو سەکۆیە ژینگەی کارکردنی بەکۆمەڵ بۆ خاوەن پرۆژە بچووکەکان فەراهەم دەکات تا پەرە بە پرۆژەکانیان بدەن بەتایبەتی لەبواری تەکنەلۆژیدا و پێکهێنانی تۆڕێکی پەیوەندی بەهێز لەنێوان خاوەنکارەکان لەڕێی تۆڕی ئینتەرنێت و چەند خزمەتگوزارییەکی تر.
"سەکۆکە خزمەتگوزاریەکانی بۆ هاوڵاتیانی هەموو پارێزگاکانە بەڵام بایەخێکی تایبەت بە پارێزگای نەینەوا دەدات، بەو پێیەی بەرنامەکانی بەسستمی ئۆنلاین جێبەجێدەکرێت"، وەک ساڵح وتی.
بەمدواییە، سەکۆی "موسڵ سپەیس" کۆتایی بەپرۆژەیەکی "لەخۆگرەوەیی کار" هێنا کە 150 کەس بەشدارییان تیادا کردبوو و چەندین پرۆژەی کاری جۆراوجۆری لەخۆگرتبوو، 11 پرۆژەیان لەشاری موسڵ بوو، پرۆژەیەکیش لەهەریەک لە کەرکوک و بەغدا و بەسڕەوە بوو.
ساڵح مەحمود کە دامەزرێنەری سەکۆکەیە دەڵێت ئامادەنەبوونی کەرتی تایبەت لەشاری موسڵ وایکردووە زۆربەی بەشداربووانی سەکۆکە خوێندکاری زانکۆ بن، بۆیە "موسڵ سپەیس" بڕیاریدا پرۆژەی قازانج نەویست دابمەزرێنێت بەهاریکاری رێکخراوی کۆمەکبەخشی نێودەوڵەتی، لەپێناو پاڵپشتیکردنی گەنجان و هاوکاریکردنی بۆ دەستپێکردنی پرۆژەکانیان و برەودان بەتواناکانیان بەئامانجی بەرەوپێشبردنی کەرتی تایبەت.
ساڵح رونیدەکاتەوە کە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بەشێکی گرنگە لەکارەکەیان و بەبەردەوامی چاودێری نوێترین تەکنەلۆژیای جیهان دەکەن و گەنجانی پێ ئاشنا دەکەن.
سەکۆی "موسڵ سپەیس" توانیویەتی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا یارمەتی زیاتر لە 100 گەنج بدات بۆ دەستخستنی هەلی کار لەکۆمپانیای ئەهلی و دامەزراوە حکومییەکان، هاوکات رۆڵی هەبووە لە دامەزراندنی زیاتر لە 10 پرۆژەی کاردا.
"ئومێدەوراین گەنجەکانمان ببن بەپێشەنگ لەکەرتی تایبەتدا و داوایان لێدەکەم سوود لەتەکنەلۆژیا وەربگرن بۆ بەدەستهێنانی هەلی کار"، ساڵح وای وت.
ئەحمەد مەحمود