چیرۆكی من
مەهیە خواردنە خۆماڵییەكانی موسڵ زیندوو دەكاتەوە
دایكی عیماد، خاوەنی پرۆژەی "تامی موسڵ"

پشتگیری ژنان دەكەم تا بژێوی خێزانەكانیان دابینبكەن

مەهیە خواردنە خۆماڵییەكانی موسڵ زیندوو دەكاتەوە

  • 2022-02-07

دایكی عیماد، بارودۆخی ژیانی زۆرێك لە بێوەژنان و ژنانی جیابووەوە لە هاوسەرەكانیان بۆ سەركەوتن دەگۆڕێت، ئەوەش لەڕێی چێشتخانەیەكی بچوكەوە كە بە دوو كرێكار دەستپێدەكات و ئێستا زیاتر 25 ژن كاری تێدا دەكەن.

 

سەرەتا

مەهیە ئەدهەم، بە دایكی عیماد ناسراوە، دوو كوڕی لە شەڕی دژ بە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش" لە شاری موسڵ لەدەستداوە، هەر لەوێ هاوسەرەكەی كۆچی دواییكردووە، بەهۆیەوە كەس نەبووە بژێوی ژیانیان دابینبكات و ژیانی روبەڕوی "واقیعێكی رەش" دەبێتەوە، وەك خۆی وەسفی دەكات.

ئەو ژنە (56 ساڵ)ـە، بیر لە چارەسەرێك دەكاتەوە؛ چەند ژنێكی دیكەش كە هاوسەرەكانیان لەدەستداوە داوای هەلیكاری لێدەكەن، بۆیە مەتبەخی چێشتخانەكەی بۆ خواردنگەیەكی خواردنی ئامادەكراو دەگۆڕێت، ژمارەیەك بێوەژن و ژنی دیكەش دادەمەزرێنێت.

سەرەتا تەنیا دوو كرێكار وەردەگرێت، كە خواردنە كلتوری و خۆماڵییەكانی موسڵ ئامادەدەكەن، لەوانە كوبەی موسڵاوی، عروك (هەویرە و قیمەی لەگەڵ تێكەڵ دەكرێت وەك كولێرە ئامادەدەكرێت)، هندییە (هاوشێوەی كفتە)، زەبیبیە (تێكەڵەیەكە لە قیمە و هەنجیر و گوێز و بادەم) و چەند جۆرێك خواردنی دیكە.

271275682_4573735592744425_7045262439340343891_n
ژمارەیەك ژنان دوای راهێنان لە چێشتخانەكەی دایكی عیماد فۆتۆ: دایكی عیماد بۆ (كەركوك ناو)ـی ناردووە

 

كرێكاری گەیاندن

ژنان لە چێشتخانەی "تامی موسڵ" تا 10ـی شەو كاردەكەن، ئەوەش بە دوو شەفت، بەهۆی ژنانی دەستڕەنگینەوە خواردنگە بچوكەكە ئێستا گەیاندن (دیلیڤەری)ـشی هەیە، یەكێك لەو ژنانەی كاری گەیاندنی خواردنی ئامادەكراو بۆ كڕیاران دەكات ژنێكی تەمەن 47 ساڵە بەناوی مەكارم هیشام، ئەویش 17 ساڵ لەمەوبەر هاوسەرەكەی بەدەستی گروپە چەكدارەكان كوژراوە و ناچارە بۆ دابینكردنی بژێوی دوو كوڕەكەی كاربكات.

مەكارم سێ ساڵە رۆژانە زیاتر لە هەشت كاتژمێر لە چێشتخانەی "تامی موسڵ" كاردەكات و نازناوی یەكەم شۆفێری ئۆتۆمبێلی گەیاندن (دیلیڤەری) لێنراوە، هەوڵدەدات ئەو تیڕوانینە باوە بشكێنێت كە پێیانوایە ژنان تەنیا دەتوانن كاری ماڵەوە و مەتبەخ بكەن.

ئەو هانی ژنانی دیكەش دەدات لە بوارە جیاوازەكاندا كاربكەن، تەنانەت لەو بوارانەشدا كە شەقام پێیوایە تەنیا بۆ پیاوان قۆرغكراوە.

WhatsApp Image 2022-01-30 at 3.26.49 PM
مەكارم هیشام لە چێشتخانەكەی دایكی عیماد كاری گەیاندن دەكات فۆتۆ: بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە

 

ئامارە رەسمییەكان

هەرچەندە ئامارێكی وردی ژمارەی بێوەژن و ژنانی جیابوەوە لە هاوسەرەكانیان لە موسڵ نییە، بەڵام بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی پێشتر ژمارەیان لە نەینەوا بە 45 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت، كە 23 هەزار لەوانە موچەی خانەنشینی وەردەگرن بەڵام 22 هەزار كەسیان هیچ مافێكیان پێنەدراوە و لە بارودۆخێكی خراپدا دەژین، بە تایبەت لەدوای شەڕی داعش (2014-2017)ـەوە.

هەروەها ژمارەیەكی دیكەی بێوەژن و ژنانی جیابوەوە هەن كە لە تۆمارە فەرمییەكانی حكومیدا نین و بە پێنج تا 10 هەزار ژن لە نەینەوا دەخەمڵێنرێن.

بەپێی ئامارێكی رەسمی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كە ساڵی 2019 بە (كەركوك ناو) دراوە، لە پارێزگاكە حه‌وت هه‌زار بێوه‌ژن هه‌ن.

 

كەركوك ناو

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT