چیرۆكی من
كلارا، ژنە کریستیانێک لە لوتکەدا
كلارا ئیلیا گۆرئێل، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی ئاواره‌كانی داودی له‌ پارێزگای دهۆك فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

رۆژێک کێشه‌یه‌کی ئه‌وان چاره‌سه‌ر بکه‌م لای من خۆشترین رۆژە‌

كلارا، ژنە کریستیانێک لە لوتکەدا

  • 2019-03-26

بەردەوام وایە، کارەکە بۆ خانمان سەختتر دەکەوێتەوە؛ ئەو رۆژەی کلارا دەبێتە بەڕێوەبەری کەمپێکی ئاوارەکانی ناوخۆ لە دهۆک، بەفر سەراپای ناوچەکە دادەپۆشێت؛ بەفرێک واتای سەرما و سۆڵەیەکی زیاتر بۆ منداڵان و ئافرەتان و پیاوانی ئاوارە، بەڵام دەشکرێت سەرەتای گۆڕانکارییەکی گەرمیش بێت لە ژیانی نالەباری دانیشتوانی فرە ئاین و نەتەوە و پێشینەی جیاوازی کەمپەکە.

كلارا، چوارساڵ له‌‌مه‌وبه‌ر روبه‌ڕوی ئه‌ركێكی تاقه‌تپرۆكێن كرایه‌وه‌، كاتێك وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی ئاواره‌كانی داودی دانرا. ئه‌و ده‌ترسا له‌ كاره‌كه‌ی شكستبهێنێت، سەرەڕای فشاری ئاواره‌كان، ده‌بوو له‌گه‌ڵ ئاواره‌ی سێ نه‌ته‌وه‌ و ئاینی جیاواز له‌ یه‌ك كه‌مپدا مامەڵەبکات.

شه‌ونخونیی و جیاوازینه‌كردن خاڵی سه‌ركه‌وتنی کلارا ئیلیا گۆرئێل ده‌بێت، كریستیانە وخه‌ڵكی قه‌زای ئامێدی سه‌ر به‌ پارێزگای دهۆكه‌، له‌ كانونی دووه‌می 2015 وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ر دانرا‌، هه‌رچه‌نده‌ روبه‌ڕوی كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ و ته‌حه‌دی بۆوه ‌‌و له‌سه‌روی هه‌مویانه‌وه‌ كه‌مئه‌زمونی له‌وكاره‌یه‌دا، به‌ڵام دواجار توانی ببێته‌ یه‌كێك له‌ كه‌سه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان له‌ به‌ڕێوه‌به‌ردنی كه‌مپی ئاواره‌كاندا.

كلارا (32ساڵ) سه‌ره‌تا وه‌ك فه‌رمانبه‌ری گرێبه‌ست له‌ ناحیه‌ی بامه‌ڕنی كاریده‌كرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنی لێشاوی ئاواره‌كانی ده‌ستی داعش له‌ كۆتایی 2014دا بۆ پارێزگای دهۆك، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ داوای لێده‌كات له‌و كه‌مپانه‌دا كاربكات و خزمه‌تی ئاواره‌كان بكات، دواتر به‌هۆی كارامه‌ییه‌وه‌ بووە به‌رێوه‌به‌ری كه‌مپەکە.

"سێ مانگ له‌ژێر چاودێری له‌ که‌مپدا ده‌وامم کرد، دوای ئه‌وه‌ به‌شداریم له‌ خولێکی پێنج رۆژە‌دا كرد له‌باره‌ی ئاواره‌ و به‌رێوه‌بردنی كه‌مپ، دوای ته‌واوبونی خوله‌كه‌ پارێزگاری دهۆك وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی داودی ده‌ستنیشانیكردم"، كلارا وایوت، ئه‌وه‌ ئه‌زمونێكی نوێ بوو بۆ كلارا، تا تواناكانی خۆی ده‌ربخات، هه‌رچه‌نده‌ ده‌ڵێت هیچ رۆژێك بیری له‌وه‌ نه‌كردبۆوه‌ له‌و بواره‌دا كاربكات.

یه‌‌كه‌م ئاسته‌نگ، یەکەم هەنگاو بەرەو سەرکەوتن

له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربونی وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپ، به‌‌فرێكی زۆر له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌بارێت و سه‌رما به‌رۆكی ئاواره‌كانی كه‌مپه‌كه‌ ده‌گرێت، ئاواره‌كان داوای هاوكارییان ده‌كرد و هانایان بۆ كلارا ده‌برد.

دهۆك/ئازاری 2019/ كلارا ئیلیا گۆرئێل، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی ئاواره‌كانی داودی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك خێزانی ئاواره.‌ فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

"به‌ڕاستی نه‌مده‌زانی چی بکه‌م، سه‌رماكه‌ زۆر به‌هێزبوو، ئاواره‌کان پێویستیان به‌ نه‌وتی سپی و سۆپا ‌بوو، جگه‌له‌وە‌ش کێشه‌ی ئاو و کاره‌بایان هه‌بوو"، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م به‌ربه‌ستی به‌رده‌م ئه‌و خاتونه‌ كریستیانە بوو له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌مپدا.

ئه‌وسا رێکخراوه‌کان بە هه‌ڕە‌مه‌کی له‌ كه‌مپه‌كاندا كاریانده‌كرد، ئەوە بۆ كلار سەخت بوو، ده‌بوو پێداویستی ئاواره‌كان دابینبكات و كاری رێكخراوه‌كانیش له‌ كه‌مپه‌كان باشتر بكات.

"سێ مانگى یه‌که‌م به‌شه‌و نه‌مده‌توانی به‌خه‌وم، به‌رده‌وام بیرم له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ چی بکه‌م؟ بۆ کامه‌ شوێن بچم؟ تا بتوانم ئاواره‌کان له‌و بارودۆخه‌ ناخۆشه‌ رزگاریان بكه‌م"، كلارا وایوت.

سێ مانگى یه‌که‌م به‌شه‌و نه‌مده‌توانی به‌خه‌وم، به‌رده‌وام بیرم له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ چی بکه‌م

کلارا ساڵی 2010 به‌شی به‌رێوه‌بردنی كاری له‌ کۆلێژی کارگێڕیی و ئابوری زانکۆی دهۆک ته‌واوكردووه‌ و كچ و كوڕێكی هه‌یه‌، خۆی خه‌ڵكی گوندی داودییه‌ كه‌ كه‌مپه‌كه‌ی لێییه‌.

سه‌ره‌ڕای كێشه‌ی زۆری ئاواره‌كان، گرفتێكی تری به‌رده‌م كلارا ئه‌وه‌بوو ده‌بوو مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كریستیانیی، ئێزیدیی و عه‌ره‌بی سوننه‌دا بكات، ئه‌وه‌ش وه‌ك خۆی ده‌لێت له‌ سه‌ره‌تادا تاڕاده‌یه‌ك ئاسان نه‌بوو، "به‌ڵام من هاوڵاتیبونم كرده‌ ئه‌وله‌یه‌ت، ته‌نیا یه‌ك رۆژیش جیاوازیم له‌نێواندا نه‌كردن، بێجیاوازی خزمه‌تم ده‌كردن، تا وایلێهات ورده‌ ورده‌ كاره‌كان باشترده‌بون".

كه‌مپی داودی سه‌‌ره‌تا نزیكه‌ی هه‌زار خێزان كه‌ زۆرینه‌یان ئێزیدی بون تێیدا ده‌ژیان، له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 100 خێزانی كریستیانی و ده‌یان خێزانی موسوڵمانی سوننه‌.

كلارا زیاتر وتی "ده‌مبینی هه‌مویان یه‌ک چاره‌نوسیان هه‌یه‌، به‌شداریم له‌ بۆنەکانی هه‌مویاندا ده‌كرد و پێكه‌وه‌ كۆمده‌كردنه‌وه‌ و نانمان ده‌خوارد... من جگه‌ له‌وه‌ی وه‌ك ئاواره‌ خزمه‌تم ده‌كردن، ده‌بوو هه‌وڵی چاندنی تۆی پێكه‌وه‌ژیانیش بده‌م، بۆیه‌ ئێزیدیی و موسوڵمانه‌كانیش که‌ بینیان هیچ جیاوازییه‌ك ناکه‌م، خۆشه‌ویستییان بۆ من زیاتربوو".

 

كێشه‌ی نوێ روبه‌ڕوی كلارا ده‌بنه‌وه‌

زۆربه‌ی رێكخراوه‌كان هاوكارییه‌كانیان بۆ ئاواره‌كان كه‌مبۆته‌وه‌، به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی زۆرێك له‌ خێزانه‌كان، هه‌روه‌ها هاوكارییه‌ داراییه‌كان له‌ 20 هه‌زار دیناری عیراقی بۆ هه‌ر كه‌سێك بۆته‌ 17 هه‌زار و له‌ بری مانگانه‌ 40 رۆژ جارێك پێیانده‌درێت.

كلارا وتی "خۆراكی كه‌متر دابه‌شده‌كرێت و كابینه‌ی ئاواره‌كان كۆن بون و باش نین".

دهۆك/ئازاری 2019/ كلارا ئیلیا گۆرئێل، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی ئاواره‌كانی داودی.‌ فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

دهۆك/ئازاری 2019/ كلارا ئیلیا گۆرئێل، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی ئاواره‌كانی داودی.‌ فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

ئێستا له‌كۆی 900 كابینه‌ی كه‌مپه‌كه‌، لانیكه‌م 600 كابینه‌یان خراپبون، كلارا ده‌ڵێت هیچ رێکخراوێک و حكومه‌تیش ئاماده‌ نییه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام ئه‌و به‌رده‌وامه له‌ هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردن.

كلارا، ده‌ڵێت سه‌ره‌تا ترسی زۆری هه‌بوو له‌ سه‌رنه‌كه‌وتنی له‌و هه‌موو كێشانه‌ی كه‌ روبه‌ڕوی ده‌بوییه‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو فشاره‌ی نه‌ده‌گرد، به‌ڵام "ئێستا هه‌ر کێشه‌یه‌ک روبه‌ڕوم ده‌بێته‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانم چاره‌سه‌ری بکه‌م".

كلارا روئیای هەیە

كلارا ده‌ڵێت به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌مپه‌كه‌دا، رۆژانه‌ زیاتر له‌ كاتژمێرێك به‌ناو كه‌مپه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێت و گوێ له‌ داخوازیی و تێبینییه‌كانیان ده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی بیگه‌یه‌نێته‌ سه‌روی خۆی.

هه‌روه‌ها به‌رده‌وام چاودێری كاری رێكخراوه‌كان و چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی هاوكارییه‌كان ده‌كات. رۆژێكیان به‌ربه‌ستێكی تر روبه‌ڕوی كیلارا ده‌بێته‌وه‌، كاتێك رێكخراوێكی كریستیانی ده‌یه‌وێت ته‌نیا هاوكاری خێزانه‌ كریستیانییه‌كان بکەن.

"من به‌وه‌ رازی نابم، وتم: هیچ جیاوازییه‌ك نابێت له ‌نێوان ئه‌م خێزانانه‌دا بكرێت و ده‌بێت هاوكارییه‌كان بۆ هه‌موو خێزانه‌کان بن، له‌وه‌شدا سه‌ركه‌وتوو بوم".

كلارا وتی "رۆژێک کێشه‌یه‌کی ئه‌وان چاره‌سه‌ر بکه‌م لای من خۆشترین رۆژە‌".

عه‌مار عه‌زیز

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT