چیرۆكی من
ریتا چۆن باری دەرونی رزگاربوانی ئێزیدی ئارام دەكاتەوە؟
ریتا به‌هنام، توێژه‌ر له‌ كه‌مپی ئاواره‌كان

سه‌ره‌تا هیچ ئەزمونێكم نەبوو لە كارەكەمدا جگە لەو زانیارییانەی لە زانكۆ خوێندبووم

ریتا چۆن باری دەرونی رزگاربوانی ئێزیدی ئارام دەكاتەوە؟

  • 2019-05-08

"خۆزگە دراوسێ‌ بوینایە ‌و هەموو بەیانیەك بمبینیتایە" كچە ئێزیدییەكی رزگاربوی دەستی داعش بەوشێوەیە قسەی لەگەڵ توێژەرە كۆمەڵایەتییەكەیدا؛ ریتا بەهنام كرد‌ و ئەویش لە وەڵامیدا وتی "تۆ خۆشكی بچوكی منی، بەردەوام لە تەنیشتت دەمێنمەوە".

ریتا توێژەرە لە كەمپی ئاوارەكانی دهۆك ‌و لەگەڵ ئەو كچەدا بون بە هاوڕێ‌، دەڵێت "سەرەتا لەرووی دەرونییەوە شێواو بوو بەهۆی دەستگیركردن و مامەڵەی خراپی چەكدارانی داعشەوە، كێشەی زۆر بوو لە قسەكردن و تەنانەت خەوتنیش، وەهمی ئەوەی هەبوو داعش بگەڕێتەوە بۆ رفاندنی، بەڵام وەڵامدانەوەی خێرای هەبوو بۆ چارەسەر ‌و راهێنانی چڕی دەرونی".

"بەپێكەنینەوە پێشوازی لێدەكردم و لەباوەشی دەگرتم، پێویستی بە كەسێك هەبوو لێی تێبگات، سەرەتا وشەكانی رون نەبون ‌و چاودێری زۆری دەویست تا وردەوردە چاك بۆوە، ئەوەش منی دڵخۆش كرد".

ریتا بەهنام لە دەیەی دووەمی تەمەنیدایە، لە موسڵ لە دایكبووە و گەورە بووە، ساڵی 2007 لەگەڵ خێزانەكەی بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنیەوە بۆ دهۆك ماڵەكەیان گواستۆتەوە ‌و لەوێ‌، بەشی پەروەردە‌ و زانستی دەرونی زانكۆی خوێندووە.

دوای تەواوكردنی زانكۆ، دەستیكردووە بە كاركردن ‌و لەگەڵ تیمێكدا، هاوكاریی ‌و پاڵپشتییان پێشكەش بە ئێزیدییەكان كردووە لە تشرینی دوەمی 2016دا، بە تایبەت ئەو كچ ‌و ژنانەی لە دەستی داعش رزگاربوون.

"هیچ ئەزمونێكم نەبوو لە كارەكەمدا جگە لەو زانیارییانەی لە زانكۆ خوێندبووم، لە سێ‌ مانگی یەكەمدا روبەڕوی بارگرانی بومەوە چونكە لاواز بوم لەو لەهجە كرمانجییەی ئێزیدیەكان قسەیان پێدەكرد و جیاواز بوو لە شێوەزاری خەڵكی دهۆك، تا دواتر فێری بوم ‌و هەوڵمدا نزیكبم لە زرگاربوانی ئێزیدی".

ریتا لە خێوەتی خێزانی ئاوارەدا دانیشتووە

ریتا پەیوەندی كرد بە رێكخراوی وادی ئەڵمانییەوە، دوای ئەوەی زانی رێكخراوی ژیندا-ی هاوبەشی وادی پێویستی بە توێژەری دەرونی هەیە، هەڵبژاردنی ئەو بوارە هەم پسپۆڕی خۆیی ‌و هەمیش كارێكی مرۆیی بوو، بۆ هەوڵدەدات بۆ هاوكاری خەڵك ‌و دەڵێت رەنگە رۆژێك بێت ئەویش پێویستی بە هاوكاری هەبێت. هەندێجار تا كاتژمێر 7ی ئێوارە كاردەكات، لە هەندێ‌ حاڵەتدا شەوانیش پشو نادات ‌و ئەگەر كەسێك رەوانەی نەخۆشخانە بكرێت، پێویستە تا 9ی شەو بمێنێتەوە.

لە كەمپەكانی شاریا، خانكی‌و باعزری لە دهۆك، ریتا چاودێری حاڵەتی دەرونی ئاوارەكان دەكات‌ و هەندێكجار، خزمەتی كۆمەڵایەتی ‌و دەرونی پێشكەش بە ئاوارەی نیشتەجێی هەیكەلەكانیش دەكات لە دەرەوەی كەمپەكاندا.

ریتا دەربارەی قورسی كاركردن لەگەڵ ئاوارەكان دەڵێت "هێشتا ترسیان تێدا ماوە، متمانەیان تەواویان بە خەڵك نیە بۆیە هەندێك خێزان ژمارە مۆبایلی تایبەتیان نادەن، هەروەها هەیە دوو ژمارە دەدات‌ و دەڵێت ئەگەر یەكێكیان داخرابوو پەیوەندی بەوی تریانەوە بكە".

ئەو هەوڵدەدات متمانەی خێزانەكان بە دەستبهێنێت ‌و بەردەوام پێیاندەڵێت "لە خۆتان بە گرنگترم مەزانن، من خوشكی ئێوەم، ئەگەر وەكو خوشكێك قبوڵم بكەن سوپاستان دەكەم"، وەكو ریتا باسیدەكات "زۆرینە ئەوەیان قبوڵە‌و دەڵێن هیچ شتێك لە خوشك باشتر نییە". "لە قسەكردن لەگەڵیاندا دەڕۆم و رایانناگرم، تێیاندایە زۆر قسە دەكات، زۆر لە من نزیكدەبنەوە‌و لە تەنیشتمەوە دادەنیشن، بە جۆرێك سنوری نێوان من و ئەوان نامێنێت" ریتا وای وت.

ئەو زانیارییانەی لە نێو خێزا ئاوارەكاندا كۆدەكرێنەوە، حاڵەتی دەرونی، بارودۆخ ‌و كێشەكانی پێدا تێپەڕیون لەگەڵ جۆری فشارەكان، هەندێك پرسیاریش هەیە بەشێك لێی تێناگەن بۆیە بە نمونە بۆیان رون‌و نزیكدەكاتەوە.

زۆرینەی ئاوارەكان لە پارێزگای دهۆك لە پێكهاتەی ئێزیدیی، كریستیان ‌و كەمایەتیەكانی تری نیشتەجێ نەینەوان، دوای هێرشەكانی داعش لە ناوەڕاستی 2014 و بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵك، كوشتن و رفاندنیانەوە ناوچەكانی خۆیان جێهێشتووە.

ریتا بەهنام دەرچوی بەشی پەروەردە‌و زانستە دەرونيەكانی زانكۆی دهۆكە

ریتا باسی حاڵەتێكی كرد لە باعزری، كە خێزانەكە دەریانكردبوو، كاتێك لە نەخۆشەكەی پرسیوە "بۆ ناتەوێت قسەم لەگەڵ بكەی؟ من وەكو خوشكی تۆم"، نەخۆشەكە وتویەتی "هەمو رێكخراوەكان دێن ‌و پرسیاری بارودۆخم دەكەن، منیش بێهۆش دەبم‌ و بە زەویدا دەكەوم".

دوای دوو رۆژ جارێكیتر سەردانی خێزانەكەی كردۆتەوە، لەگەڵ بینینی داوای لێبوردنیان كردوە‌ و وتویانە "نەمانزانیووە تۆ لە رێكخراوی وادی-ت"، دواتر رێگەیانداوە بە بینینی نەخۆشەكە ‌و دایكی كە لەدۆخێكی باشدا نەبووە.

دەربارەی زۆربەی ئەو حاڵەتانەی روبەڕوی دەبێتەوە، ریتا دەڵێت "كچ و ژنی ئاوارە هەیە توشی قەلەقی و بێخەوی بوون، بیردەكەنەوە لەو تانە‌و تەشەرانەی پێشتر لەلایەن دەوروبەریەوە ئاراستەیان كراوە (مورتاح دەژی، منداڵ‌و هاوسەرت لە دەستی داعشدایە، دەڕۆیت ‌و دێیت ‌و دەخۆیت ‌و دەخۆیتەوە) بۆیە لە ماڵەكانیان دەمێننەوە ‌و نایەنە دەرەوە تا گوێیان لەو قسانە نەبێت".

"كاتێك دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە بیردەكەمەوە لە حاڵەتەكە‌ و دۆزینەوەی چارەسەری كێشەكە، دەچمە سەر ئینتەرنێت، خۆم دەخەمە شوێنی ئەو حاڵەتە و بیرلەوەدەكەمەوە چۆن مامەڵە بكەم لەكاتی بیستنی تانەوتەشەر، چۆن روبەڕوی كەسەكان ببمەوە، دەچمە لای پزیشكی سەرپەرشتیار لە هارتلاند و ئیتر ئیشەكە ئاسان دەبێت".

پێكهاتەی ئێزیدی، لەلایەن داعشەوە روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، زیاتر لە 400 هەزاریان ئاوارەبوون، شەش هەزار‌و 417 كەسیان لە ژن‌ و كچ‌ و منداڵ‌ و پیاو رفێنران، لەو ژمارەیە تائێستا زیاتر لە سێ‌ هەزاریان رزگاركراون ‌و نیوەیان چارەنووسیان دیارنیە، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی لە وەزارەتی ئەوقاف‌ و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ریتا بەهنام، كۆتایی قسەكانی بەوەهێنا زۆر دڵخۆشە بە كارەكەی، سەرباری بارگرانی و بەربەستەكان، بەڵام پاڵنەری مرۆیی هانی دەدات كاربكات بۆ كەمكردنەوەی بەشێك لەو مەینەتییانەی كچ و ژنانی ئێزیدی پێیدا تێدەپەڕن.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT