چیرۆكی من
خه‌ونه‌كانی نه‌جلا له‌ عیراقێكی بچوككراوه‌دا
نه‌جلا حه‌بیب، مامۆستا له‌ خوێندنگه‌ی زه‌ورای سه‌ره‌تایی تێكه‌ڵاو له‌ قه‌زای حه‌مدانیه‌ (قه‌ره‌قوش) فۆتۆ: IOM

منداڵه‌كان به‌ یه‌كترییان ده‌وت؛ تۆ مه‌سیحیت یان تۆ ئیسلامیت و من نامه‌وێت یاریت له‌گه‌ڵ بكه‌م

خه‌ونه‌كانی نه‌جلا له‌ عیراقێكی بچوككراوه‌دا

  • 2019-05-26

به‌ گڕوتین و هیوایه‌كی گه‌وره‌وه‌، نه‌جلا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ خوێندنگه‌كه‌ی تا ئه‌ركێكی قورستر له‌ جاران به‌ڕێوه‌ببات، ئه‌ویش دروستكردنه‌وه‌ی متمانه‌یه‌ له‌ نێوان نه‌وه‌ی پێكهاته‌ ئاینیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا.

نه‌جلا حه‌بیب، به‌ر له‌وه‌ی ده‌ستی داعش بگاته‌ حه‌مدانیه‌، مامۆستا بوو له‌ خوێندنگه‌ی زه‌ورای سه‌ره‌تایی تێكه‌ڵاو و دوای نه‌مانی ئه‌و رێكخراوه‌ گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی به‌شداربێت له‌ دوباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ی لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی.

"خوێندنگه‌كه‌مان له‌ عیراقێكی بچوككراوه‌ ده‌چێت، وه‌ك چه‌پكێك گوڵی ره‌نگاوره‌نگه‌، ده‌مه‌وێت هه‌موان ئاهه‌نگ بگێڕین بۆ ئه‌و فره‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌ له‌ خوێندنگه‌كه‌دا، ئێمه‌ له‌ عیراق ئه‌وه‌مان پێویسته‌، به‌تایبه‌ت بۆ بارودۆخی ئێستا" نه‌جلا وای وت.

به‌پێی راپۆرتێكی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ (IOM)، ئه‌و خوێندنگه‌یه‌ی نه‌جلا وه‌ك مامۆستا وانه‌ی تێدا ده‌ڵێته‌وه‌، ده‌كه‌وێته‌ حه‌مدانیه‌، خوێندكاره‌كانی له‌ پێكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان پێكهاتون.

قەزای حەمدانییە، دەكەوێتە باشوری خۆرهەڵاتی پارێزگای نەینەوا، زۆرینەی دانیشتوانەكەی كریستیانە لەگەڵ چەند گوندێكی ئێزیدیی‌ و شەبەك نشین، بەغدیدا (قەرەقوش) ناوەندی قەزاكەیە و له‌ 2016دا له‌ژێر ده‌ستی داعش كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌.

په‌یوه‌ندی هاوڕێیانه‌ی نه‌جلا له‌گه‌ڵ خوێندكاره‌كانیدا فۆتۆ: IOM

حوكمڕانی داعش، به‌ رونی له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ دیاره‌ به‌هۆی وێرانكارییه‌ و ئه‌و جیاوازییه‌یشی ده‌یویست له‌نێو پێكهاته‌كاندا دروستی بكات، تاراده‌یه‌ك به‌سه‌ر منداڵانه‌وه‌ كاریگه‌ری به‌جێماوه‌.

نه‌جلا هه‌ر زوو هه‌ست به‌ كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی شه‌ڕ ده‌كات له‌سه‌ر ده‌رونی خوێندكاره‌كان، به‌ تایبه‌ت له‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتری و هه‌ڵسوكه‌وتیاندا.

"بارودۆخه‌كه‌ جیاواز بوو به‌راورد به پێش داعش، هه‌ڵسوكه‌وتیان دوژمانكارانه‌ بوو، به‌ زمانێكی یه‌كترشكاندن و ده‌ه‌قاڵی قسه‌یان ده‌كرد، ئاڵۆزی هه‌بوو له‌نێو گروپه‌ جیاوازه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كان".

مامۆستا نه‌جلا نمونه‌ی ئه‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ "منداڵه‌كان به‌ یه‌كترییان ده‌وت؛ تۆ مه‌سیحیت یان تۆ ئیسلامیت و من نامه‌وێت یاریت له‌گه‌ڵ بكه‌م"، له‌كاتی چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كان و یاریكردنیشدا ده‌بنه‌ گروپی جیای مه‌سیحی و ئیسلامی.

به‌بڕوای نه‌جلا، هۆكاری ئه‌و گۆڕانكارییه‌ له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی خوێندكاره‌كاندا، توندوتیژییه‌كانی داعش یان ئه‌و ماوه‌یه‌یه‌ له‌كاتی ئاواره‌ییدا پێیدا تێپه‌ڕیون، چونكه‌ به‌شێك له‌ خێزانه‌كان له‌یه‌ك شوێندا ماونه‌ته‌وه‌ و له‌دۆخێكی خراپدا ژیاون، جگه‌له‌وه‌ش شه‌ڕی داعش وێرانكاری زۆری له‌ناوچه‌كه‌ به‌جێهێشت و كاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌بووه‌.

خوێندكاره‌كانی خوێندنگه‌ی زه‌ورا به‌جلوبه‌رگ نه‌ته‌وه‌ و ئاینه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ فۆتۆ: IOM

له‌گه‌ڵ بینینی ئه‌و بارودۆخه‌، نه‌جلا بڕیاریدا كارێك بكات بۆ گۆڕینی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتنی خوێندكاره‌كان، ئه‌وه‌ش بوو به‌ سه‌ره‌تایه‌كی باش تا خوێندنگه‌كانی تری ناوچه‌كه‌ چاوی لێبكه‌ن.

"ویستمان هاوكارییان بكه‌ین له‌ گۆڕینی باری ده‌رونییان  و هاوكاریكردن بۆ بنیاتنانی متمانه‌ تا سه‌ربكه‌ون به‌سه‌ر كێشه‌كانیان و هه‌ستیارییه‌كانیاندا، بۆیه‌ قسه‌م له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌دا كرد و ئه‌ویش ژورێكی ته‌رخانكرد بۆ چالاكییه‌كانی پاڵپشتی ته‌ندروستی ده‌رونی".

له‌و چالاكییانه‌دا، خوێندكاره‌كان پێكه‌وه‌ چیرۆك ده‌خوێننه‌وه‌ یان سه‌یركردنی فیلم كارتون ده‌كه‌ن، دواتر ده‌كه‌ونه‌ گفتوگۆی هه‌ڵسوكه‌وت و ره‌وشت له‌گه‌ڵ یه‌كتری، یان هه‌ندێك له‌ خوێندكاره‌كان له‌رێی كێشانی وێنه‌وه‌ هه‌ستی خۆیان ده‌رده‌بڕن و به‌ دیواره‌كه‌دا هه‌ڵیده‌واسن، له‌وێشه‌وه‌ گفتوگۆكان به‌و ئاراسته‌یه‌یه‌ چۆن هه‌ست و بیری نه‌رێنی بۆ ئه‌رێنی بگۆڕدرێن.

"بینیم ئه‌و چالاكییانه‌ چه‌ند سه‌رنجی خوێندكاره‌كانی راكێشا، .. ئه‌و چالاكییانه‌ هاوكارییان ده‌كات بۆ هێوربونه‌وه‌ و بنیاتنانی متمانه‌، هه‌ر له‌و رێیه‌وه‌ توانیم ئه‌و منداڵانه‌ ده‌ستنیشانبكه‌م كه‌ پێویستیان به‌ چاودێری تایبه‌ت هه‌یه‌".

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ، به‌پاڵپشتی ئاژانسی ئه‌مریكی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی هاوكاری هه‌وڵه‌كانی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات له‌ 12 خوێندنگه‌ی حه‌مدانیه‌، له‌رێی گفتوگۆی چاره‌سه‌ره‌وه‌ به‌ هونه‌ر و چالاكی جیاواز، به‌ ئامانجی نه‌هێشتنی جیاكاریی و دوباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا.

"دوای شه‌ش مانگ له‌و چالاكییانه‌ بارودۆخه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو گۆڕا، ئه‌و خوێندكاره‌ی نه‌یده‌ویست له‌ ته‌نیشتی هاورێكه‌ی دانیشێت و یاری له‌گه‌ل بكات له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ و ئاینێكی جیاوازی هه‌بوو ئیتر هه‌ڵسوكه‌وتی گۆڕدرا و هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌ما له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هاوپۆله‌كانی و یاریكردن و دانیشتن له‌سه‌ر یه‌ك كورسی".

مامۆستا نه‌جلا وتی "زۆر گرنگه‌ منداڵه‌كانمان ئه‌و جۆره‌ له‌ مامه‌ڵه‌ و چالاكی وه‌ربگرن، ئه‌وان له‌روی ده‌رونیه‌وه‌ ماندون و پێویستیان به‌كات به‌سه‌ربردن هه‌یه‌".

له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌ركه‌وتنی بیرۆكه‌كه‌ی نه‌جلا، هانی مامۆستایانی تری خوێندنگه‌كانی حه‌مدانیه‌ ده‌درێت هه‌ما هه‌نگاو بنێن، تا جارێكیتر متمانه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا دروستبێته‌وه‌.

"ئه‌و روداوه‌ سه‌رنجڕاكێشترین بوو، كاتێك خوێندكاره‌كان له‌ جلوبه‌رگی قه‌ره‌پوشی، جلی كوردی، عه‌ره‌بی و جلوبه‌رگی تری كلتوری كاكه‌یی، شه‌به‌ك و گروپه‌كانی تر، له‌و ئاهه‌نگه‌دا، دوو خوێندكاری مه‌سیحی و موسوڵمان، جله‌كانیان گۆڕییه‌وه‌ تا له‌و رێیه‌وه‌ خۆشه‌ویستی و قبوڵكردنی یه‌كتری نیشانبده‌ن"، نه‌جلا له‌باره‌ی ئاهه‌نگی كۆتایی خوێنی ساڵی رابردووه‌وه‌ وای وت، كه‌ ئه‌وه‌ش چنینه‌وه‌ی به‌رهه‌می به‌شێك له‌ هیواكانی بوو.

كه‌ركوك ناو

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT