چیرۆكی من
ئەیسەر قاچەكانی لەدەستدا، بەڵام خەونەكانی هێنایەدی
ئەیسەر بەیاتی (55 ساڵ)، چالاكوانی مەدەنیی و وێنەكیش فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاری وێنەكێشانم دەكرد و شیعر و چیرۆكم دەنوسی، هەموو شت بەباشی بەڕێوەدەچوو، بەڵام لەپڕ هەموو شت گۆڕا

ئەیسەر قاچەكانی لەدەستدا، بەڵام خەونەكانی هێنایەدی

  • 2019-07-15

هیچ شتێك نەیتوانی ئەیسەر رابگرێت؛ نە لەدەستدانی قاچەكانی، نە بێئومێدبون لە گەیشتن بە پەیمانگە و نە دڕەندەیی بەعس، ئێستا ئەو خانمە سەركردەیەكی پڕ جموجۆڵە و لەگەڵ گەیشتن بە خەونەكانی، بەدەنگی بەرز لەپارێزگایەكی پڕ كێشمەكێش و ململانێدا داوای ئاشتی لە خەڵكەكەیی و بەدیهێنانی خەونی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەكات.

چیرۆكی ژیانی ئەیسەر بەیاتی (55 ساڵ)، بە خەمناكی دەستیپێدەكات، قاچەكانی بەهۆی هەڵەی پزیشكەوە له‌ جوڵه‌ كه‌وت، كاتێك تەمەنی تەنیا سێ ساڵ بوو، برایەكی بەدەستی حزبی بەعس لەسێدارەدرا و دواتر ئەركی بەخێوكردنی هەشت منداڵەكەی بۆ ئه‌و مایه‌وه‌، ئه‌یسه‌ر خەونی ئەوەبوو پەیمانگەی هونەرەجوانەكان تەواوبكات، بەڵام گەیشتن بە بەغدا بۆ ئەو قورس بوو. هەموو ئەو لەمپەرانە نەیانتوانی ئەیسەر رابگرن، ئەو ئێستا چیرۆكی سەركەوتنی باسدەكرێت.

ژیانی ئەیسەر

ئەیسەرلە نەتەوەی توركمان و دانیشتوی كەركوك، ساڵی 1964 لە گەڕەكی موسەڵا لەدایكبووە. تەمەنی سێ ساڵان بوو، كاتێك بەدەرزی یاریدەدەرێكی پزیشك، هەردوو قاچەكەی لەدەستدەدا.

"تایەكی بەرزم هەبوو، لەگەل باوكم چوینە لای یاریدەدەرێكی پزیشك و دەرزییەكی لێدام، ئیتر نەمتوانی بەقاچەكانی خۆم بڕۆم"، ئەیسەر زیاتر لەسەر ئەو روداوە قسەدەكات، "چەند رۆژێك دواتر باوكم دوو دارشەقی بۆ هێنام، ئەم دارشەقە زیاتر لە 50 ساڵە بۆتە هاوڕێم...".

كاتێك تەمەنی دەبێتە شەش ساڵ، دەچێتە قوتابخانە و لەدەستدانی قاچەكانی ئەگەرچی قورس بون بۆ ئەو، بەڵام بەسەركەوتویی قۆناغەكانی خوێندن تەواودەكات و بیر لەوەدەكاتەوە بچێتە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان.

ئەیسەر بەیاتی، لەنێو ماڵەكەی خۆیدا تەواوی ئەو خەڵاتانەی هەڵواسیوە كە لەپای چالاكییەكانی پێیدراوە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

لە كەركوك ئەو پەیمانگەیە نەبوو، بۆیە ئەو خەونەشی نایەتەدیی و ناتوانێت بچێت لە بەغدا بخوێنێت. دۆخی ژیانی خێزانەكەی، لەدەستدانی قاچەكانیی وەك خۆی دەڵێت ئاسان نەبوو بگاتە بەغدا.

خەونەكەی لەماڵەوە بەدیدەهێنێت

ئەیسەر حەزی لە سەمای بالێ بووە، بەڵام قاچەكانی رێگربون. بۆیە بیر لە بەدیهێنانی خەونەكانی تری دەكاتەوە، هونەری وێنەكێشان و كاری دەستی.

لەنێو ماڵەكەی خۆیدا، كاری رستن و چنین دەكات و چەند كەسێكیش لەژێر دەستیدا بەهەمان شێوە كاردەكەن. كارەكانی بازاڕی باشی دەبێت و تەنانەت لە بەغداو موسڵەوە كڕیاری بۆ پەیدادەبێت.

"لەپاڵ ئەوەدا كاری وێنەكێشانم دەكرد و شیعر و چیرۆكم دەنوسی"، هەموو شت بەباشی بەڕێوەدەچوو، بەڵام لەپڕ هەموو شت گۆڕا.

باوكی بە نەخۆشی لەدەستدەدات، برایەکی لەلایەن حزبی بەعسەوە لە سێدارەدەدرێت. ئازارەكە تەواونابێت برایەك و براژنێكی بەهۆی گازەوە لەماڵەكەی خۆیاندا دەخنكێن.

بەخێوكردنی هەشت منداڵی كوڕ بۆ ئەیسەر جێدەهێڵدرێت. ئەوەش لەوكاتەی دوكانەكەی لەدەستدەدا بەهۆی ئەوەی نەیدەتوانی وەكو جاران كاری تێدابكات.

"بیرمدەكردەوە، ئەمە بارودۆخێكە و بەسەرمدا هاتووە، دەبێت بێئومێد نەبم و هەوڵبدەم، دەستمكرد بە نوسینی بابەتی دیكۆمێنتاریی و كاری وێنەكێشان و شێوەكاری"، ئەیسەر لە نەوەدەكانی رابردوو وردە وردە دۆخی ژیانی بەرەو باشتر دەچوو. لەپاڵ ئەوانەشدا كاری رۆژنامەوانی دەكرد وەكو پەیامنێر.

چیرۆكی سەركەوتنی دەستپێدەكات

لە ساڵی 2000 بەدواوە، خۆری ئەیسەر بەیاتی دەگەشێتەوە، دەبێتە چالاكێكی بەرگریكار لە مافەكانی ژنان، كاری رێكخراوەیی دەكات و كارەكانی سنوری كەركوك تێدەپەڕێنێت، بەهۆیەوە پەیوەندییەكانی فراوان دەبێت.

ئەیسەر بەیاتی، سەیری وێنەكانی دەكات كە ساڵانێكە یەكێك بووە لە خولیاكانی فۆتۆ: كاروان ساڵحی

لە بوارەكەی خۆیدا، ئەیسەر زیاتر لە 30 پێشانگەی بۆ بەرهەمە هونەرییەكانی كردۆتەوە، بەشێك لەوانە لە دەرەوەی وڵات (تورکیا، ئێران، ئەردەن، لوبنان، میسر و تونس) و بەشداریی كارای دەبێت لە فیستیڤاڵ و كۆنفرانسەكان بۆ پێكەوەژیانی نەتەوە و ئاینەكان.

"زیاتر لە 200 بڕوانامەى رێزلێنانم بەدەستهێناوە، لەگەڵ 23 مەدالیا لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوەى وڵات"، ئەیسەر وایوت.

ئەو براوەی خەڵاتی ئۆسكاری عەرەبی بوو لە فیستیڤاڵێكدا بۆ هونەرى شێوەکاریی و نوسینى چیرۆک. بەهۆی چالاكییەكانییەوە لەساڵى 2014ەدا بۆ باڵیۆزى ئاشتى لە وڵاتى میسر هەڵبژێردرا.

ئەو ئەندامی زیاتر لە 25 رێکخراو و یەکێتىییە لەسەر ئاستى عیراق و ڵاتانى عەرەبی.

ئەیسەر ئێستا دیزاینەرە و لۆگۆ بۆ فیستیڤاڵ و پێشانگە نێودەوڵەتییەکان دروستدەكات و خاوەنی چوار كتێبیشە.

هەروەها لە رێکخراوى فریاگوزاری ژنانى تورکمانی كاردەكات و راهێنەرە لە رێكخراوە ناحكومییەكان و كار بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان دەكەن.

ئازادی لەپێشترە

هەندێك كات ئەو روبەڕوی رەخنە دەبێتەوە لەبارەی ئەو وێنانەی دەیكێشێت، بەڵام ئەو لەبارەی رەخنەكانەوە وەڵامدەداتەوە "ئەو وێنەیە دەکێشم كە خۆم دەمەوێت، خەڵك ئازادە رەخنە دەگرێت، بەڵام من وێنە بۆ رازیكردنی هەندێك ناكێشم".

لەبارەی ئازادی كاركردن لەكارە هونەرییەكانی، ئەیسەر وتی "نامەوێت لە ئاینى ئیسلامى دەربچم و هێڵى سور تێەڕێنم، بەڵام دەبێت مافى ئازادى خۆشم هەبێت".

هێشتا بیر لەبەدیهێنانی خەونی تر دەكاتەوە

ئەیسەر، لەنێو شارێكی پڕ لەململانێی نەتەوەیی و ئاینیدا، خەونی تری هەیە، دەیەوێت بەیەك چاو سەیری خەڵكی شارەكە بكات و كاربكات بۆ پێكەوەژیانی نێوانیان.

ئەیسەر بەیاتی، سەرقاڵی وێنەكێشانە لەنێو ماڵەكەیدا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ئەو وتی "هیوادارم هاوكاریی بكرێم بۆ دروستكردنی کۆمەڵەیەکی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و ئەوانەی بەهرەیەكیان هەیە و ناتوانن پەرەی پێبدەن... دەمەوێت لەڕێی ئەو كۆمەڵەیەوە داوای مافی خۆیان بكەن".

رەخنەشی لە حكومەت گرت بەوەی هێشتا نەیتوانیوە تەنانەت کورسیی خاوەن پێداویستی تایبەت دابینبكەن.

بەپێی ئامارەكان چوار ملیۆن خاوەن پێداویستی تایبەت لە عیراق هەیە، وەك ئەیسەر ئامارەكەی كۆكردۆتەوە، وتی "دەمەوێت كار بۆ ئەو چینەی كۆمەڵگە بكەم، بۆ نمونە دەمەوێت دەنگ هەڵبڕین و رێگریی لە پێدانی مۆڵەت بۆ كردنەوەی بینای بەرز و مۆڵەكان بكەین بەبێ رچاوكردنی شوێنی تایبەت بە كەمئەندامان".

لەگەڵئەوەشدا ئەیسەر بەیاتی، دەڵێت ئەو هەر دڵی لای سەمای بالێ-یە، بەڵام تاكە شتە كە بێهوابووە لە بەدەستهێنانیدا.

كاروان ساڵحی

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT