ئەم خەڵاتە ئەركەكەی سەختتر كردم، بهڵێن دهدهم ئهوهی له توانامدابێت خزمهتی مرۆڤایهتی بكەم
ئەم خەڵاتە ئەركەكەی سەختتر كردم، بهڵێن دهدهم ئهوهی له توانامدابێت خزمهتی مرۆڤایهتی بكەم
شنگالییەک خەڵاتێکی ملیۆن دۆلاری لە بەرامبەر پێشکەشکردنی کاری مرۆڤایەتییدا وەردەگرێت؛ ئێزیدییەک دەبێتە هیوایەک لە نێو ئەو هەموو بێهیواییەی بە هۆی جەنگ و وێرانکاری و پشتگوێخستنەوە خوڵقاوە.
"دەمەوێت شەو و رۆژ لە خزمەتی مرۆڤایەتییدا بم، هەموان شایەنی خزمەتن..."، میرزا دینایی بەمشێوازە لە كاركردن هەفتەی رابردوو بووە خاوەنی خەڵاتی ئۆرۆرا بۆ خزمهتی مرۆڤایهتی کە ساڵانە لە یێریڤانی پایتەختی ئەرمینیا دەبەخشرێت.
میرزا حهسهن عهلی، بە میرزا دینایی ناسراوە، لە ساڵی 1973 لە ناحیەی خانهسور سهر به قهزای شنگال لەدایكبووە و قۆناغەكانی خوێندنی هەر لەو ناحییە تەواوكردووە، لەپۆلی شەشەمی ئامادەیی، كۆنمرەكەی 97 دەبێت و لە كۆلێژی پزیشكی زانكۆی موسڵ وەردەگیرێت.
میرزا دینایی (46 ساڵ)، بەشێكی دورودرێژی ژیانی بۆ كاری مرۆڤایەتی لە دژی نادادپەروەری حزبی بەعس تەرخانكردووە، لەو ڕێیەدا، كۆلێژی پزیشكی لە موسڵ بەجێهێشت، بەشێكی ژیانی بۆ هاوكاریكردنی ئەو منداڵانە تەرخانكرد كە لە تەقینەوەكانی عیراقدا بونە قوربانی، بەڵام رۆڵی ئەو كاتێك دەرکەوت كە داعش هێرشیكردە سەر ئێزیدییەكان.
دوای ساڵێك كۆلێژ جێدەهێڵێت، كاتێك میرزا دژی نادادپەوەری حزبی بەعس دەوەستێتەوە و وەك خۆی دەڵێت دروشمی دژی بەعس نوسیووە. میرزا دەگەڕێتەوە شنگال؛ دواتر لە ساڵی 1995دا بۆ خوێندن دەچێتە ئەڵمانیا و بڕوانامەی زانستی هەر لە كۆلێژی پزیشكی بەدەستدەهێنێت.
دوای روخانی رژێمی بهعس و بەتایبەت دوای ئەوەی جەلال تاڵەبانی بووە سەرۆك كۆمار، میرزا دەگەڕێتەوە عیراق و وەک ئێزیدییەک دەبێتە راوێژكاری سەرۆك كۆمار بۆ كاروباری کەمایەتییەکان.
هەنگاوی یەکەم
ساڵی 2007، چەند تەقینەوەیەكی خوێناوی لە كۆمەڵگەی نیشتەجێبونی سیبا شێخ خدر و ناحیەی گرعوزێر لە قەزای شنگال رودەدەن؛ دەیان كەس كوژران و برینداربون، ئەوكات رێكخراوی قاعیدە بەرپرسیارێتی خۆی لەو روداوانە راگەیاند.
میرزا ئەوكات لە ئەڵمانیا دەبێت و وتی "دوای روداوەكان راستەوخۆ بڕیاری گەڕانەوەمدا و ههڵمهتێکی کۆکردنهوهی هاوکاریمان بۆ قوربیانی روداوهکه دەستپێكرد"؛ هەر ئەوكات پهیامێکی ئاراستهی حکومهتی ئهڵمانیا کرد، بۆ ئهوهی هاوکاری قوربانیان بکات.
"دوو نهخۆشخانهی ئهڵمانیا ئامادهیی خۆیان دهربڕی بهخۆڕایی منداڵانی بریندار چارهسهر بكەن، لهسهر ئهرکی خۆم ژمارهیهک منداڵم گواستهوه بۆ ئهڵمانیا، دوای سێ مانگ به تهندروستییهکی باشەوە گهڕاندمانهوه بۆ ههرێمی کوردستان"، میرزا وایوت.
ئەوە دەستپێكێكی باشبوو بۆ میرزا و هەنگاوێكیش بوو بۆ ئەوەی كاری زیاتر بكات و لەو پێناوەشدا بیری دامەزراندنی رێكخراوێكی بۆ هاوكاریی مرۆڤایەتی كردەوە، هەمان ساڵ رێكخراوی "پردی ئهسمانی عیراق"ی دروستكرد.
میرزا لەبارەی رێكخراوەكەوە، وتی "روداوه خوێناوییەکهی سیبا شێخ خدر و گرعوزێر بۆ ئەو هەنگاوە پاڵدهرێکی سهرهکیم بون ".
لە ماوهی 12 ساڵی ژیانی ئەو رێكخراوەدا، نزیکهی 150 منداڵی بریندار و نهخۆش لەسهر ئاستی زۆرینهی پارێزگاکانی عیراق چارسهریان وەرگرتووە.
ئەركی سەخت و كاری زیاتر
هەواڵەكان میرزا رادەچەڵەكێنن "داعش هێرشیكردۆتەوە سەر ئێزیدییەكان و روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەبون بونەتەوە".
میرزا و رێكخراوەكەی روبەڕوی جێبەجێكردنی ئەركێكی سەختی مرۆڤایەتی دەبنەوە، كاتێك داعش لە 3ی ئابی 2014دا هێرشدەكاتە سەر شنگال و ئێزدییەكان دەكاتە ئامانج؛ ئەوكات میرزا لە ئەڵمانیا دەبێت و بە پەلە دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان.
"لهگهڵ تیمێکی فڕۆکهوانی عیراق هاوکاری ئهو خهڵکەمان کرد که رویان له چیای شنگال کردبوو و نەیاندەتوانی رزگارببن،" ئەو وای وت.
میرزا هەر ئەوكات بە سەختی و لەناو فڕۆكەكەی برینداردەبێت و بۆ چارەسەر رەوانەی ئەڵمانیا دەكرێتەوە.
روداوی پەلاماری سەر ئێزیدییەكان بەشێوەیەك كاریگەری لەسەر میرزا دادەنێن ئامادەنابێت بە برینداری پشوو بدات، ئەو هەر لەسەر عارەبانەوە دەچێتە كۆنگرەی جنێف بۆ مافهکانی مرۆڤ لەوێ بەوتارێك دۆخی شنگال دەگەیەنێتە جیهان.
"داوامکرد کارهساتی شنگال بە جینۆساید بناسێنرێت... هێشتا چارهسهرهی نهخۆشییهکهم تهواو نەبوو گەڕامەوە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ هاوكاریی ئێزیدییەكان".
میرزا، دەستیكرد بە دروستكردنی لۆبی بۆ هاوكاریكردنی ئەو پێكهاتەیە، دەچووە پەرلەمان و پەیامی بۆ حكومەتی ئەو وڵاتە دەنارد. "دەمویست پەلەبكرێت لە رزگاركردنی ئەو كچ و ژنە ئێزیدیانەی لەلایەن داعشەوە رفێنرابون".
بەپێێ ئاماری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوكات شەش هەزار ئێزیدی لە ژنان و كچان، منداڵ و بەتەمەن كەوتبونە دەست داعش و تائێستا دوو هەزار و 900 كەس چارەنوسیان نادیارە.
میرزا وتی "لۆبییەكان بوونەهۆی ئەوەی ئەڵمانیا هەزارو 100 کچ و ژنی وەرگرتووە و لەوێ دەژین، چارەسەری پێویست بۆ ئەوانە كراوە كە پێویستیان بوو؛ دەمانەوێت كاربكەین بۆ وەرگرتنی بەشێكی تری ئەوانەی لە عیراق ماونەتەوە و دۆخیان باش نییە".
خەڵاتێك لەپێناو مرۆڤایەتی
ئەم هەنگاوانەی میرزا حەسەن (دینایی)، بووەهۆی ئەوەی خەڵاتی ساڵانەی ئۆرۆرا بۆ هۆشیارکردنەوەی مرۆڤایەتی بەدەستبهێنێت لەپای ئەو خزمەتەی كردویەتی.
خەڵاتەكە كە بڕەكەی ملیۆنێك دۆلارە، ساڵانە بەو كەسانە دەبەخشرێت كە لە بواری مرۆڤایەتیدا هەنگاوی گەورەیان ناوە.
میرزا تائێستا چوارەم كەسە ئەو خەڵاتە وەربگرێت و وتی "پارەی خەڵاتەكە دەبەخشم بە سێ رێكخراو كە لە ناوچە نائارامەكاندا خزمەت بە كەسانی هەژار و لێقەوماو دەكەن".
خەڵاتی ئۆرۆرا لە ساڵی 2016ەوە بە نوێنەرایەتی رزگاربووانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە یێریڤانی پایتهختی ئهرمینیا دەبەخشرێت.
"ئەم خەڵاتە ئەركەكەی سەختتر كردم، بهڵێن دهدهم ئهوهی له توانامدابێت خزمهتی مرۆڤایهتی بكەم"، میرزا وایوت.