چیرۆكی من
ره‌شا؛ كرێكارێك له‌ خه‌می گه‌نجانی بێكاردا
ره‌شا وه‌دیع فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

كه‌سانێك دژایه‌تییان كردم، زۆریان پێ سه‌یر بوو كچێك ئه‌و پۆسته‌ وه‌رده‌گرێت

ره‌شا؛ كرێكارێك له‌ خه‌می گه‌نجانی بێكاردا

  • 2020-01-03

خۆشترین رۆژی ره‌شا وه‌دیع، ئه‌وكاته‌یه‌ هه‌لیكار بۆ گه‌نجێك ده‌دۆزێته‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد گوێ به‌ هیچ توانجێك نه‌دات و لێپرسراوێتییه‌ك وه‌ربگرێت، كه‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی وه‌ك ئه‌ركێكی پیاوانه‌ سه‌یری ده‌كات.

ئه‌ركه‌ نوێیه‌كه‌ی ره‌شا، به‌ڕێوه‌بردنی سه‌ندیكای كرێكارانه‌، دانانی كچێك له‌و پۆسته‌دا به‌لای خه‌ڵكێكی زۆره‌وه‌ سه‌یر بوو، به‌ڵام ئه‌و وای نابینێت و ده‌ڵێت هه‌رزوو ئه‌وه‌شی سه‌لماند.

ره‌شا وه‌دیع عه‌زیز (35 ساڵ)، كچێكی كریستیانی خه‌ڵكی ناحیه‌ی ئه‌لقوش-ـه‌ له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا، له‌ مانگه‌كانی كۆتایی 2019دا، بوو به‌ لێپرسراوی سه‌ندیكای كرێكارانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی تلسقۆف.

"كه‌سانێك دژایه‌تییان كردم، زۆریان پێ سه‌یر بوو كچێك ئه‌و پۆسته‌ وه‌رده‌گرێت، ده‌یانوت ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ لقی سه‌ندیكا بكرێته‌وه‌ واباشتره‌ پیاوێك به‌ڕێوه‌ی ‌ببات".

له‌ مێژووی تلسقۆف، یه‌كه‌مجاره‌ لقێكی سه‌ندیكای كرێكاران ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌، دانیشتوانەكەی كریستیانین، بەدوری 30كم دەكەوێتە باكوری موسڵ و سه‌ر به‌ ناحیەی ئەلقوشه‌ له‌ قەزای تلكێف.

زۆر حه‌زده‌كه‌م خزمه‌تی چینی كرێكاران بكه‌م

"كردنه‌وه‌ی سه‌ندیكا هه‌نگاوێكی زۆر گرنگه‌، تا بتوانین رێژه‌ی بێكاری له‌ناو گه‌نجان و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌دا‌ كه‌مبكه‌ینه‌وه، ئه‌وه‌ش له‌رێی دۆزینه‌وه‌ی هه‌لیكاره‌وه‌" ره‌شا وای وت.

ئه‌و له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربونیدا، پلانی خۆی دانا و به‌ به‌رنامه‌یه‌كی رێكخراو، به‌دوای هه‌لیكاردا ده‌گه‌ڕێت؛ بۆیه‌ ده‌ستیكردوه‌ به‌ دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك رێكخراوی ناوخۆیی، بیانی و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان.

ره‌شا ده‌ڵێت "زۆر حه‌زده‌كه‌م خزمه‌تی چینی كرێكاران بكه‌م،.. كێشه‌ی سه‌ره‌كی له‌ ئێستادا كه‌می هه‌لیكاره‌ له‌ سنوره‌كه‌ی ئێمه‌دا، رێژه‌ی  بێكاری گه‌یشتۆته‌ سه‌دا 60 و ده‌یان گه‌نجی ده‌رچووی زانكۆ و په‌یمانگا دانه‌مه‌زراون و كاریان نییه‌".

به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكی په‌یوه‌ست به‌ خێزانه‌كه‌یه‌وه‌، ره‌شا نه‌یتوانیووه‌ خوێندن ته‌واو بكات، تا قۆناغی شه‌شی ئاماده‌یی خوێندووه‌ له‌ ئه‌لقوش.

خێزانه‌كه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ك ئه‌لقوش به‌جێده‌هێڵن، ده‌چنه‌ به‌غدا، ئه‌وه‌ش به‌رده‌وامیدان به‌ خوێندنی قورستر كرد، دواتر گه‌ڕانه‌وه‌ و تائێستا له‌ ناوه‌ندی ئه‌و ناحیه‌یه‌ نیشته‌جێن، ره‌شا له‌گه‌ڵ دایك و برایه‌كیدایه‌‌، باوكی له‌ ژیاندا نه‌ماوه‌.

نامه‌وێت ته‌نیا دابنیشم و له‌گه‌ڵ میوانه‌كاندا چا بخۆینه‌وه‌

هه‌موو به‌یانییه‌كی زووی ده‌وام، ره‌شا له‌ ئه‌لقوشه‌وه‌ ده‌چێته‌ تلسقۆف، "نامه‌وێت له‌ ده‌وام ته‌نیا دابنیشم له‌سه‌ر كورسی و له‌گه‌ڵ میوانه‌كاندا چا بخۆینه‌وه‌، حه‌زم به‌و رۆتیناته‌ نییه‌".

ئه‌و شوێنه‌ی ره‌شا ده‌وامی تێدا ده‌كات، شوێنی شه‌ڕی توندی دژ به‌ داعش بوو، خه‌ڵكه‌كه‌ی پێشتر ئاواره‌ بون و ناوچه‌كه‌ش به‌ ده‌ست چه‌ندین كێشه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.

"هه‌وڵی من بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌رێی سه‌ندیكاوه‌ هه‌موو ده‌رگا داخراوه‌كان به‌رووی گه‌نجان و بێكاراندا بكه‌مه‌وه، ده‌مه‌وێت گۆڕانكارییه‌كی باش بكه‌م".

داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014 كاتێك ده‌ستیگرت به‌سه‌ر ده‌شتی نه‌ینه‌وادا، سێ‌ بژارده‌ی خستە بەردەم کریستیانەکان ئەوانیش بون بە ئیسلام، پێدانی جزیە یان جێهێشتنی ماڵەکانیان بوو، بۆیە هه‌زاران خێزان بە ناچاری ئاوارەی هه‌رێمی كوردستان یان دەرەوەی وڵات بون.

ئامانجێكی ره‌شا، سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری هێرشه‌كانی داعش و به‌گه‌ڕخستنی توانای گه‌نجه‌كانه‌ له‌ ئاوه‌دانی ناوچه‌كه‌دا.

هه‌وڵی من بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ده‌رگا داخراوه‌كان به‌رووی گه‌نجان و بێكاراندا بكه‌مه‌وه

"له‌مساڵه‌وه‌ دەستدەکەین بە ئەنجامدانی ۆرکشۆپ و کۆبوونەوە لەگەڵ رێکخراوەکان و دامودەزگا حكومییه‌كان، پێکەوە ئیشێکی ورد و باش له‌سەر چونیەتی کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری ده‌كه‌ین".

سه‌ندیكاكه‌ی ره‌شا، به‌ناوی قه‌زای تلكێفه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی بارودۆخی ئه‌منییه‌وه‌ شوێنه‌كه‌ی گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ تلسقۆف، بۆیه‌ له‌ كاركردندا، به‌رپرسیارێتی سنورێكی فراوانتری له‌ سه‌رشانه‌.

"له‌رێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كه‌وه‌، ژماره‌ی ته‌واوی خه‌ڵكی بێكار و زانیاری له‌سه‌ر پسپۆڕیی و شاره‌زاییه‌كانیان كۆده‌كه‌ینه‌وه‌، تا كاریان بۆ بدۆزینه‌وه‌، بۆ ئامانجه‌ش هاتوین و راناوه‌ستین" ره‌شا به‌ ئومێدێكی زۆره‌وه‌ وای وت.

 

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT