چیرۆكی من
حه‌ماد موسه‌ڵه‌ت؛ مه‌ینه‌تییه‌كانی گۆڕی بۆ خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌
حه‌ماد موسه‌ڵه‌ت فۆتۆ: ئیناس عه‌بدوڵا

دڵخۆشترین ساتی ژیانم، ئه‌وكاته‌ بوو به‌ یاوه‌ری پزیشكه‌كان توانیمان منداڵێك بخه‌ینه‌وه‌ سه‌رپێ

حه‌ماد موسه‌ڵه‌ت؛ مه‌ینه‌تییه‌كانی گۆڕی بۆ خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌

  • 2020-01-26

"ژیان؛ گه‌شتێكی پڕ له‌ مه‌ترسییه‌، پێیوسته‌ مرۆڤ ئیراده‌ و ئارامگرتنی هه‌بێت تا بتوانێت ئه‌و مه‌ترسییانه‌ تێبپه‌ڕێنێت" حه‌ماد موسه‌ڵه‌ت، به‌و دروشمه‌وه‌ جارێكیتر هه‌ستایه‌وه‌ سه‌رپێ و توانی هاوكاری خه‌ڵك بكات، دوای بینینی چه‌ند ساڵێك له‌ مه‌ینه‌تی به‌هۆی داعشه‌وه‌.

ژێر ده‌سته‌یی و ئازاره‌كانی سه‌رده‌می داعش، ئه‌وه‌نده‌ی تر توانای به‌ حه‌ماد به‌خشی و مكوڕی كرد له‌سه‌ر پاڵپشتی هاوڵاتیانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی، له‌ نێویاندا خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، چونكه‌ به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ و دڵخۆشی ئه‌وانه‌وه‌ ماوه‌.

حه‌ماد موسه‌ڵه‌ت (29 ساڵ)، دانیشتوی ناحیه‌ی زاب-ی قه‌زای حه‌ویجه‌یه‌ (55كم باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك)، خوێندنی سه‌ره‌تایی ته‌واو نه‌كردووه‌، هاوسه‌رگیری كردووه‌ و دوو منداڵی هه‌یه‌.

پێش ده‌ركه‌وتنی داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا، ژیانی ئه‌و گه‌نجه‌ ئاسایی و سه‌رقاڵی كاسبی بوو، تا هێرشه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ چه‌كدارییه‌ هه‌موو شتێكی گۆڕی.

له‌ كاتی هه‌ڵاتندا له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌ستگیركرام و ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆریاندام

"دوای هاتنی داعش هه‌وڵمدا له‌ ناحیه‌كه‌ بڕۆمه‌ ده‌ره‌وه‌ و بگه‌مه‌ كه‌ركوك، به‌ڵام ده‌ستگیركرام و چوار رۆژ زیندانی بوم، له‌و چه‌ند رۆژه‌دا ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆریاندام و به‌ درێژایی چه‌ندین كاتژمێر، به‌ كاره‌با، ئاوی سارد، لێدان و چه‌ندین رێگه‌ی تری وه‌حشییانه‌" حه‌ماد بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

چه‌كدارانی داعش، دوای ئه‌و چوار رۆژه‌ ئازادی ده‌كه‌ن، به‌ڵام واز له‌ بیرۆكه‌ی هه‌ڵاتن ناهێنێت و جارێكیتر هه‌وڵده‌داته‌وه‌.

"دیسانه‌وه‌ ده‌ستگیركرام، له‌ چله‌ی زستاندا بوو، به‌ كاره‌با و ئاوی زۆر سارد ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌دام، ئه‌مجاره‌یان بۆ ماوه‌ی 14 رۆژ ئازاردانم به‌رده‌وامی هه‌بوو، بۆیه‌ تووشی چه‌ندین نه‌خۆشی بوم، له‌وانه‌ هه‌وكردنی میزه‌ڕۆ".

داعش له‌ حوزه‌یرانی 2014دا ده‌ستیگرت به‌سه‌ر ناحیه‌ی زاب و ته‌واوی قه‌زای حه‌ویجه‌دا، به‌وهۆیه‌وه‌ سه‌دان خێزان به‌ ناچاری ئاواره‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تر بون.

-16
كه‌ركوك، 2019، حه‌ماد موسه‌ڵه‌ت راهێنانی سروشتی بۆ هاوڵاتییه‌ك ده‌كات فۆتۆ: ئیناس عه‌بدوڵا

"بۆ جاری سێیه‌م هه‌وڵی هه‌ڵاتنم دا، دواجار سه‌ركه‌وتوو بوم، ئه‌وه‌ش به‌ هاوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ی كارئاسانییان ده‌كرد بۆ ده‌رچونی خه‌ڵك له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش".

حه‌ماد له‌ شه‌ودا و له‌گه‌ڵ رێبه‌رێكی شاره‌زادا ده‌رچووه‌، گه‌یشتۆته‌ شه‌رگات و دوای وردبینی ئه‌منی، به‌ هاوكاری كه‌سانی ناسراوی خۆی له‌ سوپا، توانیویه‌تی بچێته‌ ناو شاری كه‌ركوكه‌وه‌.

"هه‌ر كه‌ بارودۆخی خۆم رێكخستنه‌وه‌، ده‌ستمكرد به‌ هاوكاریكردنی كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، ئه‌وانه‌ی به‌ ده‌ستتی داعش و به‌هۆی ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ به‌شێك له‌ جه‌سته‌یان له‌ده‌ستدابوو".

حه‌ماد ده‌ڵێت له‌ ماوه‌ی ئاواره‌ییدا، توانیویه‌تی هاوكاری 100 خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بكات، كاتێك ناحیه‌ی زاب و حه‌ویجه‌ له‌ ده‌ستی داعش كۆنتڕۆڵكرانه‌وه‌ له‌ 2017دا، گه‌ڕایه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كه‌مئه‌ندامانه‌وه‌ كرد، تا كاریان له‌گه‌ڵدا بكات.

هه‌ر رۆژێك بتوانم هاوكاری خه‌ڵك بكه‌م، ئه‌وكاته‌ له‌ رووی ده‌رونییه‌وه‌ ئارامم

ئه‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه،‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ی نیشاندا بۆ كاركردن به‌ خۆبه‌خشی، هه‌رزوو ئامێره‌كانی چاره‌سه‌ری فیزیایی و سروشتی فێر بوو، به‌ ئامانجی به‌كارهێنانی ئه‌و توانایه‌ی له‌ هاوكارییكردنی خه‌ڵكدا.

"دڵخۆشترین ساتی ژیانم، ئه‌وكاته‌ بوو به‌ یاوه‌ری پزیشكه‌كان توانیمان منداڵێك بخه‌ینه‌وه‌ سه‌رپێ، به‌ راهێنان و چاره‌سه‌ری فیزیایی، ئه‌ویش روئیه‌ عه‌بدولره‌حمانی ته‌مه‌ن چوار ساڵ بوو، كه‌ به‌هۆی گرێ له‌ مێشكیدا نه‌یده‌توانی به‌ رێگه‌دا بڕوات".

ئه‌و ده‌ڵێت هه‌ر رۆژێك هاوكاری خه‌ڵك بكات، هه‌ستێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ و ده‌رونی ئارامه‌، كاتێكیش دڵخۆشی خێزانی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بینێت كه‌ هاوكاری كردون، ئه‌وه‌نده‌ی تر توانای زیادده‌كات تا زیاتر له‌كاره‌كانییدا پێشبكه‌وێت و ببێته‌ پاڵپشتی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ی ده‌یانه‌وێت كێشه‌كانیان تێبه‌په‌ڕێنن.

حه‌ماد موسه‌ڵه‌ت داوا له‌ گه‌نجان ده‌كات نه‌چنه‌ ژێرباری مه‌ینه‌تی و كێشه‌كانی ژیان؛ خه‌ون به‌ داهاتویه‌كی باشتره‌وه‌ ببینن و پێداگری بكه‌ن له‌سه‌ر هاوكار خه‌ڵك، چونكه‌ هه‌موو كه‌سێك له‌ ناخی خۆیدا خاوه‌نی توانایه‌كی ئه‌رێنییه‌ و ده‌توانێت له‌ هاوكاریی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا به‌كاریبهێنێت.

 

عومه‌ر مه‌جید – ئیناس عه‌بدوڵا

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT