چیرۆكی من
نەبە، كیژە عەرەبێک مایەی شانازی خوێندنگەیەكی كوردی
نه‌به‌ كه‌مال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

پزیشكی نەخۆشخانەی گوندەکەمان قەڵەم و كتێبی بۆ كڕیم

نەبە، كیژە عەرەبێک مایەی شانازی خوێندنگەیەكی كوردی

  • 2020-02-04

كیژۆڵەیەكی ئاوارەی عەرەب، ئەسمەری شەرمن، بە ماكسییەكی دڕاوەوە خۆی كرد بە خوێندنگەیەكی كوردیدا و لەبەردەم بەڕێوەبەرەكە وەستا، "مامۆستا من دەمەوێت بخوێنم. قبوڵم بكە... باوكم جێیهێشتوین و باپیرم كوژراوە".

نەبە كەمال، 12ساڵ، بەیانییەكی زوی سەرەتای ساڵی خوێندن، بەو شێوەیە شەرمەكەی شكاند و نەیویست كۆڵبدات و لە خوێندن بێبەشبێت.

ئەوەش دوای ئەوە هات، کە چەند جارێك نەبە داوای لە دایك و داپیرەی دەكرد لە خوێندنگەی شێخ لەنگەری سەرەتایی ناونوسی بکەن، بەڵام بەردەوام داواكەی پشتگوێ دەخرا.

خێزانەكەی نەبە، ساڵی 2014 گوندەكەیان لە شارەبان لە پارێزگای دیالە بەجێهێشت و ئاوارەی کەلار بون، دوای ئەوەی گروپە توندڕەوەكان لە درەنگانێكی شەودا باپیریان كوشت و نزیك بوو لەوەی باوكیشی بەهەمان چارەنوس بگات.

ئەوكات نەبە هێشتا تەمەنی نەگەیشتبووە شەش ساڵ، تا لە خوێندنگە وەربگیرێت.

سەرەتا خێزانەكەیان لە قەزای كەلار نیشتەجێبون، بەڵام كرێی خانویان پێنەدەدرا، بۆیە چونە گوندی شێخ لەنگەری سەر بە هەمان قەزا، كە دانیشتوانەكەی كوردن.

كەمتەرخەمی دایك و باوك، خراپی باری ئابوریی و نەبونی خوێندنگە بەزمانی عەرەبی، رێگربون لەوەی ئەو كچە بە ئاواتەكەی بگات، بەڵام هەر كۆڵینەدا.

نەبە وتی " لەبەردەم دایك و داپیرەمدا دەگریام، تا بمبەنە خوێندن، بەڵام نەیاندەهێشت، دەیانوت بوی بە 12ساڵ و تازە گەورەبویت، پارەی قەڵەم و كتێبمان نییە".

سەركەوت عەبدلوەهاب، بەڕێوەبەرى خوێندنگەى شێخ لەنگەر، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرەتای ساڵى نوێی خوێندن بوو، لە گۆڕەپانى خوێندنگەکەدا لەنێو منداڵەکاندا بوم، بینیم کچێک بەترس و لەرزەوە و بە جلی ماڵەوە لەلایەن چەند كچێكی ترەوە پاڵی پێوەدەنرێت و بەرەو روم دێن".

ئەو كچە نەبە كەمال بوو، دوای ئەوەی بێئومێد بوو لە دایك و داپیرەی، خۆی هەوڵیدا لەخوێندن وەربگیرێت.

سەركەوت وتی "گەیشتە نزیکم و وتى: مامۆستا قایل دەبیت بێمە قوتابخانەکەتان و بخوێنم... بە ترسێکەوە بەدەنگی بەرز وتى من ئاوارەى عەرەبم".

سەركەوت سەرەتا داوای لێبوردن دەكات، چونكە خوێندنگەكەیان بەزمانی كوردییە و تەمەنی نەبە-ش گەورە بووە. بەڵام تێینیدەكات نەبە، کوردییەکەی زۆر باش و پاراو بووە و تامەزرۆی خوێندن بووە، ئەوەش توشی سەرسوڕمانی كردووە.

"نەبە دەپاڕایەوە و دەستیکردە باسکردنى کێشە و نەهامەتییەكانی... باسی ئەوەی كرد كە باپیرەی كوژراوە و باوكیشی پێنج ساڵە ماڵی جێهێشتووە و نەگەڕاوەتەوە"، ئەو نەهامەتییانە و فێربونی زمانی كوردی، كاریگەریی لەسەر مامۆستا سەركەوت دەبێت بۆ گۆڕینی بڕیارەكەی.

"وتم بڕۆرەوە سبەی ناسنامەی خۆت و دایکت بهێنە و وەرە بۆ خوێندنگە.. نەبە دڵخۆش بوو و لەگەڵ هاوڕێکانى بەپێکەنین و بەپەلە بۆ ماڵەوە گەڕایەوە"، سەركەوت وایوت.

رۆژی دواتر، نەبە دەستی بە دەوامكرد، تەنانەت مامۆستاكان و هەندێك لە خەڵكی گوندەكە، هیچ بیانویەكی باری ئابورییان بۆ دایك و داپیری نەهێشتەوە و هاوكاریی ئەو كچەیان كرد بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی خوێندن.

"کاتێک مامۆستا سەرکەوت لەخوێندنگەكە وەریگرتم زۆر دڵخۆش بوم، پزیشكی نەخۆشخانەی گوندەکەشمان قەڵەم و كتێبی بۆ كڕیم، لەم خوێندنگەیە زۆر دڵخۆشم"، نەبە وایوت.

نەبە، چیرۆكێكی پڕ لە نەهامەتی هەیە و ئێستاش پێوەی دەناڵێنێت، ئاوارەیی، لەدەستدانی باپیریی و دواتریش نەگەڕانەوەی باوكی.

بەپێی گێڕانەوەی نەبە و خەڵكی گوندەكەش، باوكی ژیانێكی تری دروستكردووە و لەبەغدا دەژیت، پێنج ساڵە نەگەڕاوەتەوە لەم خێزانەی كە سێ كچ و دوو كوڕیان هەیە و نەبە بچوكترینیانە.

لەناو خێزانەكەیاندا تەنیا نەبە دەخوێنێت.

"بیرمە باپیرم كوژرا، ژمارەیەك چەكدار دایان بەسەر شارەباندا و تەقەیان كرد، دواتر باوكم وتی با بڕۆین، زۆر ترسام و دەگریام، ئێستاش دەترسم"، نەبە بەمشێوەیە باسی سەرەتایی ئاوارەبونیان دەکات.

ئەو زیاتر وتی "بەڵام هەر کە هاتینە شێخ لەنگەر، باوکم رۆژێك وتی: دەچمە كار و ئیتر نەگەڕایەوە، ئەو جێیهێشتوین و ژنی تری هێناوەتەوە، پێنج ساڵە باوکم نەبینیوە و شێوەی لەپیش چاوم نەماوە"، نەبە كوردی نەهامەتییەكانی بۆ پەیامنێری (كەركوك ناو) دەگێڕایەوە.

سەرەڕای ئەو نەهامەتییانە، نەبە لە خوێندن سەركەوتووە، لەگەڵ هاوڕێكانی یارییدەكات و پێدەكەنێت، ئەمساڵیش ئەو كیژۆڵەیە یەكەمی پۆلەكەیەتی.

نەبە ئێستا لە یەکەمەکانى خوێندنگەكەیەتی، تەنانەت یارمەتی هاوڕێکانیشی دەدات.

"ئەوە مایەی شانازی زۆرە،" مامۆستاکەی بە متمانەیەکی زۆرەوە وادەڵێت.

 

لەیلا ئەحمەد – كەلار

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT