منداڵێكی دوو رۆژه به فڕێدراوی له نزیک بەڕێوه‌بەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی كه‌ركوك دۆزرایه‌وه، به‌پێی پشكنینی پزیشكی به شه‌ش مانگی له دایكبووه.
منداڵه‌كه، ئێوارەی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه 10ی ئازار، لەسەر رێگای کەرکوک - سلێمانی و لە نزیک بەڕێوه‌بەرایەتی هاتوچۆی کەرکوک، لەلایەن بنکەی پۆلیسی ئازادییەوە هه‌ڵگیرایه‌وه.
نەقیب فەرهاد مەحمود، بەڕێوه‌بەری ئه‌و بنکەیه بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئێمه‌ش ئاگادارکراینەوە له بوونی ئه‌و منداڵه تازە لە دایکبووه و گواستمانەوە بۆ نەخۆشخانەی ئازادی، له ئێستادا منداڵەکە لەژێر چاودێری پزیشکیدایە".
"پاش پشکنینی پزیشکی دەرکەوتووە منداڵەکە به شەش مانگی له دایكبووه و ئێستا ته‌مه‌نی دوو رۆژه و له رەگەزی نێرە"، به‌وته‌ی نه‌قیب فه‌رهاد.
پشکنینی پزیشکی دەریخستووه منداڵەکە به شەش مانگی له دایكبووه
ساڵانه چه‌ند حاڵه‌تێكی فڕێدانی منداڵی تازه له‌دایكبوو له‌و شاره تۆمارده‌كرێت.
![كه‌ركوك](/uploads/editor/mnal.jpg)
حسێن سابر، لێپرسراوی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە (کەرکوک ناو)ی وت "تائێستا هیچ ئامارێک لە بەردەستدا نییە، له‌باره‌ی منداڵی فڕێدراو لە کەرکوک، چونکە زۆربەی کات بابەتەکان پەیوەندی بە پۆلیس و دادگاوە هەیە، بەڵام ئەو حاڵەتانە جارجار لە کەرکوک رودەدهن".