نه‌ورۆزی ناوچه‌كانی جێناكۆك: ئاگر، گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕین

سه‌ڵاحه‌دین/20ی ئازاری 2019/ ئاهه‌نگی نه‌ورۆز له‌ گه‌ڕه‌كێكی كوردنشینی قه‌زای دوزخورماتوو فۆتۆ: محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

په‌یامنێرانی که‌رکوک ناو

ئاهه‌نگه‌كانی نه‌ورۆز له‌ ته‌واوی ناوچه‌کانی جێناکۆک به‌ ئارامی به‌ڕێوه‌چون، سه‌ره‌ڕای ترس و نیگه‌رانی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ له‌وانه‌ش كه‌ركوك، به‌ڵام خه‌ڵك پێكه‌وه‌ ئاگریان كرده‌وه‌ و هه‌ڵپه‌ڕین، جلی نوێیان پۆشیی و گۆرانیان وت.

له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی تر له‌وانه‌ش ده‌شتی نه‌ینه‌وا، هه‌موو پێكهاته‌كان پێكه‌وه‌ به‌شداربون له‌ ئاهه‌نگی نه‌ورۆز و ساڵی نوێی كوردی.

ئەیهان عەلی، جلی كوردی له‌به‌ر كرد و خۆی گه‌یانده‌ قه‌ڵای كه‌ركوك، له‌ دواینیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ی ئازار، ئه‌و له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كانی به‌شداری بینینی دیمه‌نی كردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆز بون، هه‌رچه‌نده‌ ترسی هه‌بوو له‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان ببنه‌هۆی نائارامی و ئاڵۆزی له‌سه‌ر قه‌ڵای كه‌ركوك.

"بەگشتی ئاهه‌نگێکی کورت و پوخت بوو، لەڕوی ئەمنییەوە هیچ کێشەیەک نەبوو، بەگشتی مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان زۆر باش بوو، هەرچەندە سەرەتا ترس لای خەڵکی دروستبوو کە رەنگە کێشە لەسەر قەڵا دروستبێت"، ئه‌یهان له‌گه‌ڵ كۆتایهاتنی ئاهه‌نگه‌كه‌ وایوت.

له‌سه‌ر قه‌ڵا، ئیداره‌ی كه‌ركوك دوو کاتژمێر مۆڵه‌تیدا، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو دروستنه‌بونی نائارامیی و گرژی.

عه‌مید ئه‌فراسیاو کامیل، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی گشتی پۆلیسی که‌رکوک به‌ر له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌، به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "ته‌واوی شه‌قامه‌کانی چوارده‌وری قه‌ڵا به‌ر له ‌ده‌ستپێکردنی مه‌راسیمه‌که‌ به‌ کاتژمێر و نیوێک داخران و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان له‌ ناوچه‌كه‌ بڵاوه‌یان پێكرا".

به‌ڵام ترسی ئه‌یهان و هاوڕێیه‌كانی له‌ روداوی نه‌خوازراو له‌سه‌ر قه‌ڵای كه‌ركوك، له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ره‌ی توركمانی و ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك له‌هه‌مان ئه‌و واده‌یه‌ی بۆ كورد دانرابوو، داوای مۆڵه‌تی ئاهه‌نگیان كرد به‌بۆنه‌ی هاتنی وه‌رزی به‌هار و له‌ هه‌مان شوێن.

 قاسم قه‌زانجی، لێپرسراوی لقی كه‌ركوكی به‌ره‌ی توركمانی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی راگه‌یاند له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی ناوخۆیی حزبه‌كه‌یاندا بڕیاریاندا بۆ ئاهه‌نگ و سه‌یرانی به‌هاره‌ نه‌چنه‌ قه‌ڵای كه‌ركوك، به‌ ئامانجی رێگری له‌ دروستبونی پێكدادان و بارگرژی.

لێپرسراوه‌كه‌ی به‌ره‌ی توركمانی گله‌یی ئه‌وه‌ی له‌ حزبه‌ كوردییه‌كان هه‌بوو، پێشتر ئه‌وانیان بۆ ئاهه‌نگی سه‌ر قه‌ڵا ئاگادارنه‌كردۆته‌وه‌ تا هه‌موان به‌شداربن، "ئێمه‌ قه‌ڵا به‌ هی خۆمان ده‌زانین و پێمانخۆش بوو ئاگاداربین تا به‌شداربین".

له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا هه‌ندێك له‌ هاوڵاتیانی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمان هاوشانی كورد به‌شداربون له‌و ئاهه‌نگه‌ی قه‌ڵای كه‌ركوك. 

ساڵانه‌ له‌ 20ی ئازار و له‌ جه‌ژ‌نی نه‌ورۆزدا (یه‌که‌م رۆژی ساڵی نوێی کوردی) ئاگر ده‌کرێته‌وه‌ و جلوبه‌رگی کوردی ده‌پۆشرێت، له‌ هه‌مان رۆژداو له‌ ساڵی 1991 هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ هێرشیانکرده‌ سه‌ر که‌رکوک و چه‌ند رۆژێک حزبی به‌عسیان له‌و شاره‌ ده‌رکرد، ئه‌وه‌ش بۆ کورد بۆنه‌یه‌کی گرنگه‌ و ساڵانه‌ هه‌ردوو یاده‌که‌ پێکه‌وه‌ ده‌کرێنه‌وه‌.

سازان سیروان، کچێكی به‌شداربوی ئاهه‌نگه‌كه‌ی قه‌ڵای كه‌ركوك، وتی "ئێمە دوو جەژنمان بوو، جەژنێکی نەورۆز و جەژنێكی راپەڕین".

هه‌روه‌ها باوان سەیوان، وتی "خۆشحاڵم کە هەمووان بە جلی نەتەوەیی کوردییەوە لەسەر قەڵای کەرکوک پێکەوە ئاگری نەورۆز دەکەینەوە".

له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا و شنگال، ئاهه‌نگه‌كان جیاوازتر و دڵخۆشتربون، ئه‌وه‌ش به‌هۆی به‌شداریی ته‌واوی پێكهاته‌كان له‌و یاده‌دا.

لارا یوسف، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ئه‌لقوش، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ خه‌ڵكی ئه‌لقوش هه‌موو ئاماده‌بون بۆ ئاهه‌نگی نه‌ورۆز، هه‌موو پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌بێ جیاوازی به‌شدارییان كرد، له‌وانه‌ كریستیانی، شه‌به‌ك و ئێزیدی".

ئه‌لقوش خه‌ڵكه‌كه‌ی زۆرینه‌ له‌ كریستیانی، شه‌به‌ك و ئێزیدی پێكهاتون و هه‌مووان پێكه‌وه‌ یادی نه‌ورۆزیان كرده‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ شنگال زێدی مێژویی ئێزیدییه‌كان، خانه‌قین و قه‌زای دوزخورماتوو و ته‌واوی ناوچه‌كانی تری جێناكۆك به‌ هه‌ڵپه‌ڕین، ئاگركردنه‌وه‌ و گۆرانی یاده‌كه‌یان به‌ڕێكرد.

له‌ قه‌زای دوزخورماتوو سه‌ر به‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، ئاگری نه‌ورۆز له‌ پارکی هاوکاری كرایه‌وه‌، به‌ڵام مه‌رجی ئیداره‌ی قه‌زاكه‌ ئه‌وه‌بوو ئاڵای هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵنه‌كرێت.

بورهان ئه‌مین، لێپرسراوی مه‌كۆی گۆڕان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بۆ ئه‌م ئاهه‌نگه‌ مۆڵه‌ت وه‌رگیراوه‌ و له‌ گه‌ڕه‌كێكی كوردی یاده‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو به‌بێ هیچ به‌ربه‌ست و رێگرییه‌ك".

له‌ خانه‌قین، له‌ ناوه‌ندی قه‌زاكه‌ و له‌ دوو شوێنی جیاواز ئاگری نه‌ورۆز به‌ ئاهه‌نگ و چه‌ندین چالاکی جۆراوجۆر كرایه‌وه‌.

سه‌روه‌ر عه‌لی، چالاکوانی مه‌ده‌نی به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "وه‌ک ژماره‌یه‌ک چالاکوان سەربەخۆیانە ئاهەنگی نەورۆز و مەشخەڵی نەورۆزمان كرده‌وه‌‌".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT