موسڵ: پرده‌ نۆژه‌نكراوه‌كان به‌رگه‌ی بارانیان نه‌گرت

نه‌ینه‌وا/17ی ئازاری 2019/ روخانی به‌شێك له‌ پایه‌كانی پردی حه‌جه‌ری كه‌ به‌ری راست و چه‌پی موسڵی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌سته‌وه‌ فۆتۆ: ئه‌حمه‌د زه‌یدی

ئه‌حمه‌د زه‌یدی – نه‌ینه‌وا

دوو پرد كه‌ به‌ری راست و چه‌پی موسڵ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌ له‌كاركه‌وتن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی روخانی به‌شێك له‌ پایه‌كانیان، ئه‌و روداوه‌ له‌كاتێكدایه‌ خه‌ڵك نیگه‌رانن له‌ سستی هه‌وڵه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ شاره‌كه‌ و پێیانوایه‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌كان به‌باشی به‌ڕێوه‌ناچێت.

ئه‌و دوو پرده‌، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 17ی ئازار له‌ ئه‌نجامی بارانبارینی به‌خوڕ به‌شێك له‌ پایه‌كانیان داڕوخان، ئه‌وه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ته‌واوكردنی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پردێكی تر كه‌ له‌شه‌ڕی داعشدا له‌سه‌دا 90ی خاپور بوو بوو.

ئه‌ندازیار ئیبراهیم یاسین، به‌ڕێوه‌به‌ری رێگاوبان و پرده‌‌كان له‌ نه‌ینه‌وا، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌مڕۆ پرده‌كانی حه‌جه‌ری و سوێس له‌ خزمه‌تگوزاری كه‌وتن و روخان، ئه‌وه‌ش به‌هۆی جوڵانی یه‌كێك له‌ راگره‌كانیان له‌ ئه‌نجامی دروستبونی لافاو و بارانی به‌خوڕه‌وه‌".

ئیبراهیم وتی كه‌ روداوه‌كه‌ چاوه‌ڕاونكراوبوو، "چونكه‌ پردی حه‌جه‌ری مێژوی بنیاتنانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1900، ئه‌و كۆمپانیایه‌شی كه‌ كاری تیاكردووه‌،‌ ته‌نیا به‌شێكی نۆژه‌نكردۆته‌وه‌ و ده‌ستكاری بناغه‌كه‌ی نه‌كردووه‌".

نه‌ینه‌وا/17ی ئازاری 2019/ دوو پرد له‌ موسڵ له‌كاركه‌وتن، به‌هۆی باران و دروستبونی لافاوه‌وه‌ ئه‌حمه‌د زه‌یدی

نه‌ینه‌وا/17ی ئازاری 2019/ دوو پرد له‌ موسڵ له‌كاركه‌وتن، به‌هۆی باران و دروستبونی لافاوه‌وه‌ ئه‌حمه‌د زه‌یدی

زوهێر ئه‌عره‌جی، قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی موسڵ، له‌باره‌ی روداوه‌كه‌وه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) جه‌ختیكرده‌وه‌ "سه‌رباری تێپه‌ڕبونی دووساڵ به‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ زۆر به ‌سیستی به‌ڕێوه‌ده‌چن، ئه‌وه‌تا هیچ پردێك به‌ته‌واوی نۆژننه‌كراونه‌ته‌وه‌ و به‌ڕوی هاوڵاتیاندا نه‌كراونه‌ته‌وه‌. جگه‌ له‌ پردی حه‌دیدی نه‌بێت، پردی حوریه‌ش بڕیاره‌ ئه‌مساڵ كاره‌كانی ته‌واوبێت".

له‌ موسڵ پێنج پردی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر روباری دیجله‌ دروستكراوه‌، بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و هاوڵاتیان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی روباره‌كه‌ شاره‌كه‌ ده‌كاته‌ دوو به‌شه‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو پرده‌كان له‌شه‌ڕی داعش له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ ته‌قێنرانه‌وه‌.

سێ پردی زۆر گه‌وره‌ی موسڵ كه‌ رۆڵیان ده‌بێت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی نێوان هه‌ردوو به‌ری راست و چه‌پ، تائێستا نه‌دراونه‌ته‌ هیچ كۆمپانیایه‌ك بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی قایمقامی موسڵ.

روخانی ئه‌و دوو پرده‌ و سستی به‌ڕێوه‌چونی كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پرده‌كانی تر، هاوڵاتیانی نیگه‌ران كردووه‌ و پێیانوایه‌ لێپرسراوانی شاره‌كه‌ له‌ خه‌می خه‌ڵكدا نین.‌

موسا یه‌عقوب، هاوڵاتییه‌كی موسڵ‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "سستی پڕۆ‌‌ژه‌كانی بونیاتنانه‌وه‌ سوكایه‌تی گه‌وره‌ن‌ به‌ مافی خه‌ڵك، لێپرسراوان هیچ شتێك له‌باره‌ی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ نازانن و ته‌نیا پاره‌ی گه‌ل به‌فیڕۆ ده‌ده‌ن، بۆیه‌ گه‌یشتوین به‌م دۆخه‌ی ئێستا".

سستی پڕۆ‌‌ژه‌كانی بونیاتنانه‌وه‌ سوكایه‌تی گه‌وره‌ن‌ به‌ مافی خه‌ڵك، لێپرسراوان ته‌نیا پاره‌ی گه‌ل به‌فیڕۆ ده‌ده‌ن

پێشیوایه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كاره‌كان به‌باشی به‌ڕێوه‌ده‌چن و سه‌ركه‌وتوو ده‌بن، كه‌  نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و بونیاتنانه‌وه‌ له‌ موسڵ، بدرێنه‌ كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا.

"پرد هه‌یه‌ چه‌ند مانگێكه‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ته‌واوبووه و خه‌ڵك‌ چاوه‌ڕوانن بكرێته‌وه، به‌ڵام لێپرسراوان ده‌یانه‌وێت وه‌كو ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ به‌ خه‌ڵكی بفرۆشنه‌وه‌ و ئه‌وكات كردنه‌وه‌ی پرده‌كه‌ رابگه‌یه‌نن كه‌ خۆیان ده‌یانه‌وێت"، موسا یه‌عقوب وایوت.

نه‌ینه‌وا/17ی ئازاری 2019/ روخانی دوو پرد له‌ موسڵ كه‌ تازه‌ نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه‌ هاوڵاتیانی نیگه‌ران كردووه‌ فۆتۆ: ئه‌حمه‌د زه‌یدی
Caption

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، یه‌كشه‌ممه‌ 17ی ئازار ‌پردی سوكه‌ر له‌ موسڵ كرایه‌وه‌، به ‌تێچوی دوو ملیۆن دۆلار و به‌ پاڵپشتی رێكخراوی UNDPی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.

ئه‌ندازیار فه‌لاح حه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری رێپێدراوی كۆمپانیا رواء بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌م پرده – سوكه‌ر -  به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 90 زیانی به‌ركه‌وتبوو له‌ شه‌ڕی داعشدا، ئێمه‌ توانیمان له ماوه‌ی‌ 180 رۆژدا نۆژه‌نیبكه‌ینه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زیاتر له‌ سێ مانگ به‌هۆی بارانباربارینه‌وه‌ كاره‌كانمان راگرتبوو".

ئه‌و رێكخراوه‌ بڕیاره‌ به‌مزوانه‌ش‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی پردێ سوێس، كه‌ یه‌كێك له ‌پایه‌كانی به‌هۆی بارانه‌وه‌ روخابوو ده‌ستپێبكه‌ن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT