ورده‌كاریی پێكدادانی سوپای عیراق و یه‌به‌شه‌ له‌ شنگال

نه‌ینه‌وا، هێزێكی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال فۆتۆ: راگه‌یاندنی یه‌به‌شه‌

كه‌ركوك ناو

دوو چه‌كدار كوژران و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ برینداربوون، به‌هۆی پێكدادانی نێوان هێزێكی سوپای عیراقی و یه‌كینه‌كانی به‌رخۆدانی شنگال (یه‌به‌شه‌)، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی لێپرسراوان له‌ ئه‌نجامی "لێكتێنه‌گه‌یشتنه‌وه" رویداوه‌ و دۆخی قه‌زاكه‌ هێوربۆته‌وه‌.

شه‌وی رابردوو، یه‌كشه‌ممه‌ 17ی ئازار، له‌ گوندی حه‌ساویك له‌ قه‌زای شنگال، پێكدادانی چه‌كداریی و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ له‌ نێوان سوپای عیراقی و یه‌به‌شه‌ رویدا، به‌هۆیه‌وه‌ زیانی گیانی كه‌وته‌وه‌ و هه‌وڵ هه‌یه‌ بارگرژیی نێوان هه‌ردولا كۆتایی پێبهێنرێت.

فه‌هد حامد، قایمقامی قه‌زای شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "پێكدادان له‌ نێوان سوپا و یه‌به‌شه‌ رویداوه‌ له‌ نزیك ناوچه‌ی حه‌ساویك به‌هۆی هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنه‌وه‌"، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ له‌ ئه‌نجامی پێكدادانه‌كه‌دا كوژراو و بریندار له‌ هه‌ردوولا هه‌یه‌.

قایمقامی شنگال جه‌ختیكرده‌وه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ی ئازار بارودۆخه‌كه‌ له‌ سنوره‌كه‌ ته‌واو هێوربۆته‌وه‌.

شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی ئه‌مڕۆ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، هێزه‌كانیان له‌ گوندی حه‌ساویك له‌ شنگال كاتێك گه‌مارۆی چوار كه‌سیان داوه‌ كه‌ له‌ سوریاوه‌ دزه‌یانكردۆته‌وه‌ ناو خاكی عیراقه‌وه‌، له‌لایه‌ن هێزێكی یه‌به‌شه‌وه‌ هه‌وڵدراوه‌ هاوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ بكرێت، بۆیه‌ پێكدادان رویداوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌، دوو چه‌كداری سوپا كوژراون و ژماره‌یه‌كی تر له‌ سوپا و یه‌به‌شه‌ برینداربون.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ شه‌وی رابردوو شانه‌ی راگه‌یاندن له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دابوو، بازگه‌یه‌كی ئه‌منی سه‌ر به‌ هێزه‌كانیان داوای رێپێدانی ئه‌منی كردووه‌ بۆ تێپه‌ڕینی هێزێكی په‌كه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌وان كارمه‌نده‌كه‌ی سوپایان كردوه‌ به‌ ژێره‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا پێكدادان دروستبووه‌.

هێزه‌كانی یه‌به‌شه‌ و په‌كه‌كه‌ تا ئاماده‌كردنی ئه‌و هه‌واڵه‌ هیچ راگه‌یه‌ندراوێكیان له‌ باره‌ی روداوه‌كه‌وه‌ نیه‌، به‌پێی هه‌واڵی ده‌زگا میدیاییه‌كانیشیان، سوپا ده‌ستپێشخه‌ر بووه‌ له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزێكی یه‌به‌شه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ پێكدادان رویداوه‌.

یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)، به‌ نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) هه‌ژمارده‌كرێن و له‌ دوای هێرشه‌كانی داعش بۆ شنگال له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ 2014دا پێكهێنراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌ زۆرینه‌ی ئێزیدی و به‌ ئامانجی روبه‌روبونه‌وه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌، به‌شداربووه‌ له‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زاكه‌ و له‌و سنوره‌‌دا باره‌گای هه‌یه‌.

دۆسیه‌ی ئه‌منی شنگال، له‌ دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی كه‌وتۆته‌ ده‌ستی چه‌ندین هێزی جیاواز و له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ سوپای عیراقی و حه‌شدی شه‌عبی بۆ سنوره‌كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، دوای كشانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی پێشمه‌رگه‌، به‌ ئه‌نجامی ناكۆكییه‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT