ده‌یان خێزانی ئاواره بۆ زێدی خۆیان له سنوری داقوق گه‌ڕانه‌وه و كه‌مپه‌كانیان جێهێشت، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه خانوه‌كانیان به ته‌واوی له شه‌ڕی داعشدا روخاون و نۆژه‌ننه‌كراونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كی ئاو و كاره‌بایان نییه.
ئه‌و خێزانانه، شه‌ممه 23ی ئازار گه‌ڕانه‌وه گوندی سمود سه‌ر به قه‌زای داقوق 44كم باشوری كه‌ركوك، دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 2015 به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه گونده‌كه‌یان به‌ره‌و كه‌مپه‌كانی كه‌ركوك جێهێشت".
حەفسە عەلی، دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕایه‌وه بۆ گوندی سمود، بە (کەرکوک ناو)ی وت "به ره‌زامه‌ندی خۆمان گەڕاینهوه، به‌ڵام كێشه‌ی زۆرمان هه‌یه، داواکارین بەزوترین کات خزمەتگوزارییهکانمان بۆ دابینبکەن له‌وانه ئاو، کارەبا و قوتابخانە، زۆربەی خێزانەکان منداڵه‌كانیان ده‌خوێنن، ناکرێت رۆژانە بە ئۆتۆمبێل ده‌یان كیلۆمه‌تر ببڕن تا ده‌گه‌نه داقوق بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌كه‌یان نه‌فه‌وتێت".
سامر مەحمود، ئەنجومەنی گوندی سمود، وتی "ئه‌وانه‌ی تازه گه‌ڕانه‌وه 29 خێزانن، بڕیاره له‌م رۆژانه‌شدا نزیکەی ٦۰ بۆ ۷۰ خێزنی دیکە بگەڕێنەوە... به‌ڵام خانووه‌كان روخاون و ناچارین خێوەتیان بۆ دابینبكه‌ین"، زیاتر وتی "هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كیش نییه".
ئه‌وانه‌ی تازه گه‌ڕانه‌وه 29 خێزانن، بڕیاره له‌م رۆژانه‌شدا نزیکەی ٦۰ بۆ ۷۰ خێزنی دیکە بگەڕێنەوە
به‌پێی ئاماره‌كانی ئیداره‌ی داقوق، له كۆی 47 گوندی سنوری قه‌زاكه ته‌نیا دانیشتووانی 10 گوند گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
لویس فەندی، قایمقامی قەزای داقوق، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ته‌واوی ئه‌و خێزانانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه، چادرگەیان پێدراوه، ئه‌وانه‌شی ده‌گه‌ڕێنه‌وه به‌هه‌مان شێوه... به‌ڵام چادرگەکان هه‌مویان کۆنن و پێشتر له كه‌مپه‌كانی كه‌ركوك به‌كارهێنراون".
ئیداره‌ی قه‌زای داقوق، داوای له فه‌رمانگه‌ی كاره‌بای داقوق كردووه، په‌له‌بكات له دابینكردنی كاره‌با بۆ ئه‌و گوندانه، هه‌روه‌ها ئیداره‌ی كه‌ركوكیان ئاگاداركردۆته‌وه له گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری ئاو و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌كان.