به‌رزبونه‌وه‌ی ئاوی زێی بچوك به‌هۆی بارانی به‌خوڕ و لافاوه‌وه زیان به ده‌یان ماڵی ناحیه‌ی پردێ و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌گه‌یه‌نێت. لانیكه‌م 100 باخ به ته‌واوی ژێر ئاو كه‌وتون.
له 24 كاتژمێری رابردودا ئاوی زێی بچوك به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر به‌رزبۆوه، به‌هۆیه‌وه له سنوری ناحیه‌ی پردێ، شوان و ته‌قته‌ق ده‌یان خێزان زهرهرمهندهبن و ئاو چۆته ماڵه‌كانیان.
عه‌بدولموته‌لیب نه‌جمه‌دین، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى پردێ به (که‌رکوک ناو)ی وت "چه‌ند ماڵێكی گه‌ڕه‌كی ئۆرته له پردێ ئاو چۆته ماڵه‌كانیانه‌وه، ئاوی زێی بچوك به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر به‌رزبۆته‌وه و تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی به‌رده‌وامن له هاوكاریكردنی هاوڵاتیان".
ئاوی زێی بچوك به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر به‌رزبۆته‌وه و تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی به‌رده‌وامن له هاوكاریكردنی هاوڵاتیان
"پێشتر دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌مان ئاگاداركرده‌وه له مه‌ترسی لافاو، به‌شێكیان ئاگادارییه‌كه‌یان بهههندوهرگرت و به‌شێكی تریان به‌داخه‌وه ماڵه‌كانیان چۆڵنه‌كردووه و ناچاربوین به‌ڵێننامه‌یان پێ پڕبكه‌ینه‌وه له‌وه‌ی له‌سه‌ر داوای خۆیان گه‌ڕه‌كه‌كه چۆڵناكه‌ن"، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی پردێ وایوت.
عه‌لى مه‌حمود، دانیشتوى گه‌ڕه‌کى ئۆرته به (که‌رکوک ناو)ی وت "باوه‌ڕمان نه‌كرد ئاوی زێی بچوك به‌و راده‌یه به‌رزبێته‌وه، بۆیه سه‌ره‌تا ماڵه‌كانمان چۆڵنه‌كرد، به‌ڵام ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ئاو هاته ماڵه‌كانه‌وه و گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان چۆڵكرد".
به‌درێژایی زێی بچوك له گونده‌كانی ته‌قته‌ق و ناوچه‌ی شێخ بزێنی به‌ده‌یان باخ به ته‌واوی ژێر ئاو كه‌وتون، له‌گه‌ڵ ئه‌و خانوانه‌ی نزیك روباره‌كه بون.
به‌پێی گوندنیشنانی ناوچه‌كه لانیكه‌م 100 باخ ته‌نیا له سنوری نێوان ته‌قته‌ق و ناحیه‌ی پردێ لهئهمبهر و ئه‌وبه‌ری زێی بچوك ژێر ئاو كه‌وتون.