حه‌وت گۆڕی به كۆمه‌ڵ له سنوری قه‌زای شنگال دۆزرانه‌وه، كه گومانده‌كرێت ته‌رمی ده‌یان هاوڵاتی پێكهاته‌ی ئێزیدی تێدا بێت و داواشده‌كرێت حكومه‌ت په‌له له له ههڵدانهوهیاندا بكات، به‌وپێیه‌ی باران زیانی پێگه‌یاندون.
ئه‌و گۆڕه به كۆمه‌ڵانه، كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو له گوندی سۆلاغ دۆزرایه‌وه له خۆرهه‌ڵاتی قه‌زای شنگال له پارێزگای نه‌ینه‌وا، دوای به‌دواداچونی چه‌ند زانیارییه‌ك ده‌رباره‌ی كۆمه‌ڵكوژی خه‌ڵك له‌و ناوچه‌یه له‌لایه‌ن داعشه‌وه.
شه‌كه‌ر ملحه‌م، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعزێری له شنگال كه ناوچه‌كه له سنورهكهیدایه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوای ئاگاداركردنه‌وه‌مان له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه ئێمه لێكۆڵینه‌وه‌مان كرد و حه‌وت گۆڕی به كۆمه‌ڵ له ناوچه‌كه هه‌بون".
به‌پێی وته‌ی خه‌ڵكی سنوره‌كه له چوارچێوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كاندا، چه‌كدارانی رێكخراوی داعش، له ساڵی 2014 و سه‌روبه‌ندی هێرشكردنه سه‌ر شنگال، له‌و سنوره‌دا زیاتر له 75 كه‌سیان كۆمه‌ڵكوژ كردووه.
"له نێو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و سنوره‌دا كۆمهڵكوژراون، یه‌ك كه‌سی شیعه‌مه‌زهه‌ب و 74 هاوڵاتی ئێزیدی هه‌ن، له نێویاندا منداڵ و ژنان" به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعزێری واده‌ڵێت.
بەپێی دوایین ئاماره‌كانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدیان له وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان، له سنوری قه‌زای شنگال، زیاتر له 73 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەك كەسی، كه مێژوهكانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش له دوای ئابی 2014 ده‌گه‌ڕێته‌وه.
هه‌ر له‌و ئامارانه‌دا هاتووه له‌سه‌ر ده‌ستی داعش "هەزارو 293 ئێزیدی شەهیدبون"، جگه له‌وه‌ی هێشتا نزیكه‌ی سێ هه‌زار هاوڵاتی ئه‌و پێكهاته‌یه به‌تایبه‌ت ژنان، دوای رفاندنیان له‌لایه‌ن داعشه‌وه چاره‌نوسیان به‌نادیاری ماوه‌ته‌وه.
شه‌كه‌ر ملحه‌م باسی له‌وه‌كرد به‌هۆی بارانه‌وه زیان له گۆڕه‌كان كه‌وتووه و هیچ لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیداریش سه‌ردانی سنوره‌كه‌ی نه‌كردوه، بۆیه داواكارن له ده‌زگای شه‌هیدانی عیراق ئه‌و گۆڕانه‌ش بخه‌نه لیستی گۆڕه‌كانی تره‌وه تا هه‌ڵبدرێنه‌وه.
هه‌روه‌ها وتی "به‌ڵێندراوه هه‌فته‌ی داهاتوو تیمێك له به‌غداوه بگه‌نه ناوچه‌كه بۆ لێكۆڵینه‌وه".
یه‌كه‌م گۆڕی به كۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌كان له قه‌زای شنگال، به بڕیاری حكومه‌تی عیراق له 15ی ئازاری ئه‌مساڵدا هه‌ڵدرایه‌وه، ئه‌وه‌ش دوای ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانی فراوانی ئێزیدییه‌كان هات دژی دره‌نگ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان و مه‌ترسی له‌ناوچونیان به‌هۆی بارانی به‌لێزمه‌وه له‌و ناوچه‌یه.
پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا لەلایەن داعشەوە و روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بونەوە دوای دەستبەسەرداگرتنی شەنگال (بەدووری 120 لە خۆرئاوای موسڵ) لە 3ی ئابی 2014، كه لە 13ی تشرینی دووەمی 2015دا كۆنتڕۆڵكرایەوە.