به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌نگۆ و پۆسته‌كانی نێو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، لێپرسراوانی نه‌ینه‌وا جه‌ختده‌كه‌نه‌وه له سه‌لامه‌تی به‌نداوی موسڵ و ره‌تیده‌كه‌نه‌وه هیچ مه‌ترسییه‌كی روخانی له‌سه‌ر بێت، به‌هۆی بارانی به‌خوڕ و به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی روباری دیجله.
له چه‌ند رۆژی رابردوودا، هه‌ڵمه‌تێك له ده‌نگۆ و گومان له‌سه‌ر روخانی به‌نداوی موسڵ بۆته بابه‌تێكی گه‌رمی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌و پارێزگایه، ئه‌وه‌ش له ئه‌نجامی شه‌پۆلێكی به‌هێزی بارانبارین كه ئاستی روباره‌كانی به‌رزكردۆته‌وه.
له چه‌ندین په‌یج و ئه‌كاونتی فه‌یسبوك، چالاكوان و به‌شێك له خه‌ڵك هۆشداری ده‌ده‌ن له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به‌نداوه‌كه بڕوخێت زیانی زۆری لێده‌كه‌وێته‌وه بۆ نه‌ینه‌وا، ته‌نانه‌ت پارێزگاكانی تری وه‌ك سه‌ڵاحه‌دین و كه‌ركوك.
ریاز عزه‌دین نعێمی، به‌رێوه‌به‌ری به‌نداوی موسڵ وتی "ئه‌و زانیارییانه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوبۆته‌وه ده‌رباره‌ی داڕوخانی به‌نداوه‌كه دوره له راستییه‌وه، ده‌نگۆی درۆ و مه‌به‌ستداره، ئامانجیان ئه‌وه‌یه خه‌ڵك بترسێنن".
"بارودۆخی به‌نداوه‌كه زۆر باشه، هیچ نیشانه‌یه‌كی خراپ نیه و زۆر ئاساییه تائێستا"، نعێمی له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه وێنه‌یه‌كی بۆ (كه‌ركوك ناو) نێردراوه ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه "به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی به‌نداوه‌كه به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه‌یه له‌لایه‌ن ناوه‌ندی نیشتمانی بۆ ئیداره‌دانی سه‌رچاوه‌كانی ئاو به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پرۆژه‌كه و به‌پێی بڕی ئه‌و ئاوه‌ی له توركیاوه ده‌ڕژێته عیراقه‌وه".
له دوو هه‌فته‌ی رابردودا، شه‌پۆلێكی به‌رده‌وام و به‌هێزی بارانبارین روی له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی عیراق كرد و جگه له زیانی ماددی به چه‌ندین ماڵ و به تایبه‌ت ئاواره‌كان، زۆربه‌ی به‌نداوه‌كانیشی پڕ كرد.
نوسینگه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، دڵنیایی ده‌دات له نه‌بونی مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌نداوی موسڵ و له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه به‌شێك له به‌نداوه‌كان له پڕبون نزیكبونه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتا له‌ژێر كۆنتڕۆڵدان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باسی له گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست كردووه بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی مه‌ترسی باران و لافاو.
به‌نداوی موسڵ، له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی هاوبه‌شی ئه‌ڵمانی و ئیتاڵیه‌وه بنیاتنراوه، به دوری 30كم له باكوری خۆرئاوای نه‌ینه‌وا و له‌سه‌ر روباری دیجله، ئه‌وه‌ش له ساڵی 1986دا به‌درێژی 3.2 كیلۆمه‌تر و به‌رزی 131 مه‌تر، كه به‌پێی كۆمپانیاكان ته‌مه‌نی به‌نداوه‌كه تا 80 ساڵ ده‌ڕوات.
زوهێر ئه‌عره‌جی، قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی موسڵ له به‌یاننامه‌یه‌كدا جه‌ختیكردۆته‌وه له‌وه‌ی به‌نداوه‌كه هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر نیه و به‌ردانه‌وه‌ی ئاویش به‌پێی به‌رنامه و پلانێكی دیاریكراو، به‌وپێیه‌ش هێشتا به‌نداوه‌كه له توانایدا هه‌یه ئاوی زیاتر گلبداته‌وه.
"هیچ پێویست به دودڵی ناكات و ئه‌وه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا هه‌یه دوره له راستیه‌وه و ئامانجداره بۆ ترساندنی خه‌ڵك" به‌وته‌ی ئه‌عره‌جی.
به‌نداوی موسڵ، گه‌وره‌ترین به‌نداوی عیراق و چواره‌م گه‌وره‌ترین به‌نداوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، ماوه‌ی دوو ساڵ نیو له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدا بوو، كه له‌و سنوره‌دا ده‌یان پێكدادانی نێوان ئه‌و گروپه چه‌كداره و هێزه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان روویدا.
حه‌سه‌ن جه‌نابی، وه‌زیری پێشوی سه‌رچاوه‌كانی ئاو له عیراق، پێشتر و له 2017دا دوای نه‌مانی مه‌ترسی داعش له ده‌وروبه‌ری به‌نداوه‌كه رونیكرده‌وه كه نۆژه‌نكردنه‌وه و چاككردنه‌وه‌ی به‌نداوی موسڵ به هاوبه‌شی سێ كۆمپانیا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، به‌پێی ئه‌ندازیارانی ئه‌مریكی له تیمی سه‌رپه‌رشتیاری سه‌لامه‌تی به‌نداوه‌كه له پێشتر باشتره.
مه‌ترسیه‌كانی به‌نداوی موسڵ، چه‌ندینجار بۆته جێی دڵه‌ڕاوكێ و مشتومڕی نێو خه‌ڵك، به تایبه‌ت له سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی داعش تا هه‌موو شه‌پۆلێكی به‌هێزی بارانبارین و به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی روباره‌كان.
له ده‌نگۆكانی ئه‌مجاره‌دا، شانه‌ی قه‌یران له نه‌ینه‌وا، كه له دوای روداوه‌كه‌ی 21ی ئازاری 2019ی نقومبونی به‌له‌مێك له موسڵ و خنكانی ده‌یان كه‌س ئیداره‌ی پارێزگاكه ده‌ده‌ن، زیاد له جارێك؛ له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردودا جه‌ختیكردۆته‌وه له نه‌بونی هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر به‌نداوی موسڵ.
به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی موسڵ ده‌ڵێت "پلان و به‌رنامه دانراوه بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و شه‌پۆله به‌هێزه‌ی باران و گلدانه‌وه‌ی بڕێكی زۆر له ئاو له به‌نداوی موسڵ"، ریاز عزه‌دین نعێمی وتیشی "هێشتا جێی تر ماوه له به‌نداوه‌كه بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو و شه‌پۆله‌كانی داهاتوی باران به‌بێ دروستبونی مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌نداوه‌كه".