فه‌رمانگه‌ی پرد و رێگاوبانی كه‌ركوك، بڕی 30 ملیۆن دیناری ته‌رخانكردووه بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پرده روخاوه‌كه‌ی پردێ، بڕیاره له ماوه‌ی سێ رۆژدا كاره‌كانی ته‌واوبێت.
کاتژمێر ٨ی بەیانی ئه‌مڕۆ دووشەمە 8ی نیسان، پردی سەرەکی ناحیەی پردێ کە هەردوو پارێزگای کەرکوک و هەولێر بەیەکەوە دەبەستێتەوە به مه‌به‌ستی نۆژه‌نكردنه‌وه و بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ داخرا.
قەیماز عەلی، بەڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی پرد و رێگاوبانه‌كانی كه‌ركوك، لە لێدوانێکیدا بۆ (کەرکوک ناو) وتی "بەهۆی کاریگەری کەشوهەوا و زۆری ئۆتومبێلی بارهەڵگره‌وه زیانێکی زۆر بەو پردە ئاسنینە کەوتووە و پێیوستی بە سێ رۆژ هەیە تا بتوانین نۆژەنیبکەینەوە".
وتیشی "فه‌رمانگه‌كه‌مان بڕی 30 ملیۆن دیناری عیراقی بۆ ته‌رخانكردووه".
دوو رۆژ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، به‌هۆی شه‌ڕی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی عیراقه‌وه، پرده‌كه له‌سه‌ر زێی بچوكه له ناحیه‌ی پردێ (ئاڵتون كۆپری) روخا. له‌وكاته‌وه جگه له دانانی پردێكی ئاسنین به شێوه‌یه‌كی كاتی، هیچ پڕۆژه‌یه‌كی چاككردنه‌وه و بیاتنانه‌وه له پرده‌كه جێبه‌جێنه‌كراوه.
له‌باری هاتوچۆی هاوڵاتیان و شۆفێرانه‌وه به‌هۆی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پرده‌كه‌وه، قەیماز عەلی، وتی "دەتوانن سود لە رێگا لاوەکییەکانی وەک دوبز – هەولێر، یان تەق تەق- هەولێر وەربگرن تا ته‌واوی کارەکان لە ماوەی سێ رۆژدا تەواودەبن".
"شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بچوک دەتوانن سود له رێگای ناو ناحیەی پردێ ببینن"، قه‌یماز وایوت.
تیمێكی فه‌رمانگه‌ی پرد و رێگاوبانی كه‌ركوك، له ئێستادا سه‌رقاڵی به دواداچونن، بۆ پشکنینی پردە کۆنکرێتییەکە كه لە روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبه‌ردا تەقێنرایەوە. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له ماوەیەکی نزیکدا زیانەکانی بخەمڵێنین و لە بودجەی ساڵی 2019ی کەرکوک به ته‌واوی نۆژەنیبکەنەوە.